تۆ بڵێی خودا لەوشوێنەدا بێت، کە هاواری (الله اکبر)ی تێدا بەرزدەبێتەوە؟
17/01/2026, 22:10 (GMT+1)

- تۆبڵێی جینۆساید بەناوی خوداوە، کورد بکاتە قوربانی ئەبەدی دەسەڵاتی پیرۆز؟
- ئاخۆ لای خوا لە چوار ووڵات و چوار سیستەمدا یەک ڕێژەی نەگۆڕ هەیە بۆ لەناوبردنی کورد؟
- ئایا کەی ئایین، شەرعیەت بە کوشتار و جینۆساید دەدات؟
- تۆ بڵێی خودا وەک بیانوویەک بۆ تاوان بەکاربهێنرێت؟
- ئاخۆ بێدەنگی نێودەوڵەتی چەند بەئازار بێت؟
- ئایا نەبونی خودا، لە مێشک و دەرونی کام کەسانەدایە؟
-----------------
- تۆبڵێی جینۆساید بەناوی خوداوە، کورد بکاتە قوربانی ئەبەدی دەسەڵاتی پیرۆز؟
لە ڕۆژئاڤاوە تا مەهاباد لە کەرکوکەوە تا دیاربەکر و لە شەنگالەوە تا سنە، زیاتر لە سەدەیەکە کە کورد بووەتە ئامانجی توندوتیژی سیستماتیک.
نەک تەنها لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەرانەوە، بەڵکو تادێت لەژێر ئاڵای ئاییندا لەلایەن گروپە توندڕەوەکایشەوە. هەتا دێت زیاتر (الله اکبر) لەسەر گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەنگ دەداتەوە، بەڵام خوداش زیاتر بێدەنگ دەبێت!
لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە:
ئایا ئەمە ئاینی میهرەبان و دادپەروەریە؟ یان ئارەزوو حەز و خەڵەتاندنە، لەبەرگێکی پیرۆزدا بۆ دەسەڵاتە؟
- ئاخۆ لە چوار ووڵات و چوار سیستەمدا، یەک ڕێژەی نەگۆڕ هەیە بۆ لەناوبردنی کورد؟
کوردستان بەسەر چوار ووڵاتدا دابەشکراوە ( تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا) لە هەموو بەشەکاندا، کورد چەوساوەتەوە و گۆشەگیری کراوە و یان بەردەوام هێرش کراوەتە سەریان. پاساوەکانیش لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازن، بەڵام ئەنجامەکەی هەمیشە وەک یەکە، ئەویش ئینکاری لە بوون و ناسنامە و ژیانی کوردە.
- لە تورکیا، خەباتی کورد بە تیرۆر لە قەڵەم دەدرێت، لە کاتێکدا بە بیانووی ڕەگەزپەرەستی نەتەوەیی و ئیسلامی، شەرعیەت دەدرێت بە توندوتیژی دژی شار و شارۆچکە و گوندە کوردنشینەکان!
- لە ئێراندا، کورد جارێک بە سوننە و جارێکیش بە ترس لەسەر ئاسایشی ئێران، لە دەوڵەتێکی شیعەدا بەشێوەیەکی دڕندەیی و بەردەوام لە سێدارە دەدرێن و پەراوێز دەخرێن و تۆمەتبار دەکرێن بەکافر ( بەناوی کوردەکان شەڕ دەکەن، دژی خودا و وویستی خودا)

- لە عێراقدا، کورد لە جینۆسایدی ئەنفال ڕزگاری بوو بەڵام جارێکی تر لەلایەن داعشەوە کورد کرایە ئامانج هەر لەژێر ئاڵای ڕەشی ئیسلامدا، کوردە ئێزیدیەکان بە کۆمەڵ کوژران و کرانە کۆیلە و دەستدرێژی سێکسیان کردە سەر کچ و ژنانیان!
- لە سوریاش، لەم هەفتەیەدا گەڕەکە کوردنشینەکانی ڕۆژاڤا لەلایەن میلیشیا توندڕەوەکانەوە هێرش دەکرێتە سەریان، میلیشیا توندڕەوەکانە خۆیان بە ئیسلام ناو دەبەن و هاواری اللە اکبر دەکەن، هەرچەندە کوردەکان خۆشیان موسڵمانن! هاواری خوداش دەکەن کە خودا لەو نامرۆڤانە بیان پارێزێت! تۆ بڵێی خودا گوێ لە کامتان بگرێت؟
کەواتە چوار ووڵات و چوار سیستەم و یەک ڕێژەی نەگۆڕ بۆ کورد، کە ئەویش ئایینە وەک چەکێک دژی بوونی کورد!
- ئایا کەی ئایین، شەرعیەت بە کوشتار و جینۆساید دەدات؟
ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات بە ڕێکەوت نییە! ئایین هەموو کات بەم شێوەیە بەکاردەهێنرێت:
- ئایین وەک مۆڵەتێکی (ڕوخسەتێکی) ئەخلاقی بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی!
- ئایین وەک چەکی ناسنامە، لە دژی ئەوانەی کە وەک ئەوان و گروپەکەیان یان وەک دەستەڵاتی ئەوانی ئیسلام بیرناکەنەوە!
- ئایین وەک ئامرازێک بۆ بەربەرەکانی و بێدەنگ کردنی ڕەخنە گرتن لە دەستەڵاتیان!
- ئایین بۆ دژایەتی وویستی کۆمەڵگە، واتە هەرکەسێک دژی بیروبۆچونی ئەوان بێت، ئەوا تەنها دژی دەوڵەت و دەستەڵات نییە، بەڵکو دژی (خودا)شە. بەم شێوەیە ستەم و داپڵۆسێن و چەوسانەوەی سیاسی، دەکرێن بە ئەرکێکی پیرۆزی ئاینی!
لەم بارەدا تەرازووی پێوانەکەیان زۆر لاسەنگ و تاڵە، چونکە زۆربەی کوردەکان موسڵمانن و ژمارەیەکی بەرچاویش عەلمانین و هەندێکی تریان ئێزیدی و هەندێکیشیان مەسیحی و هەندێکیش شیعەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کوردەکان بەکۆمەڵ وەک دوژمنی خودا دەبینرێن، ئەوەش نەک لەبەر ئاینەکانیان، بەڵکو لەبەر ڕەتکردنەوەی مل کەچبوونیانە بە دەستەڵاتێکی بێ هەست و نامرۆڤایەتی!

- تۆ بڵێی خودا وەک بیانوویەک بۆ تاوان بەکاربهێنرێت؟
لەو شوێنەی کە توندڕەوەکان دەست بەسەر دەسەڵاتدا دەگرن، ئەوا خودا بۆ ئامانج و ئارەزووەکانیان بەکاردەهێنن، چونکە ئەوان خودا لە قیبلەنمایەکی ئەخلاقیەوە دەگۆڕن بۆ مۆرێک لەسەر فیشەکەکانیان یان وێنەیەک لەسەر شمشێرەکانیان! ئەوەش کەی و چۆن؟
- کاتێک کە منداڵان دەکوژرێن وکیژان و ژنان دەکەنە کەنیزەی شەڕ و تەواوی شار و گوند و ناوچەکان ووێران و خاپور دەکەن لە ژێر دروشمی ئایینیدا وەک لە تورکیا و سوریا و ئێران و عێراقدا!
- دوا جاریش ئەوان بەدەستەڵاتەکانیان کۆمەڵە تاوانێک دەکەن، بەوەش پیرۆزی لەناوی خودا دادەماڵن! ئەوەش نەک لەبەر ئەوەی کە خودا لاوازە! بەڵکو لەبەر ئەوەی مرۆڤەکان پلە و پایەی خودا دادەبەزێنن بۆ ئامرازێک و کورسی بۆ خۆیان!
- ئەگەر خودا لەوکاتەدا بوونی هەبێت یان نەبێت، ئەوا خودا بێدەنگە و وەڵامی دۆعا و پاڕانەوەکانی لێقەوماوانیش ناداتەوە! کەچی لە کاتی لەسێدارەدانەکاندا ناوی بەهاوارەوە دەبیسترێت دژی ئەوەی لەسێدارە دەدرێت!
- کەواتە کورد هیچ کاتێک خودایەکی دادپەروەری نەدیوە کە لە ڕێگای لە جینۆسایدکردنی نەتەوەکەی بگرێت و قسە لەگەڵ توندڕەو و دەستەڵاتداران بکات و ڕێگەی تاوانیان لێ بگرێت!
- ئاخۆ بێدەنگی نێودەوڵەتی چەند بەئازار بێت؟
ڕەنگە بێدەنگی نێودەوڵەتی لە توندوتیژی توندڕەوەکان بە ئازارتر بێت! چونکە جینۆسایدی کورد بە باشی لەگەڵ بەرژەوەندی جیۆپۆلەتیکیدا ناگونجێت! لەلایەک تورکیا ئەندامی ناتۆیە و ووڵاتانی ناتۆش ڕێز لە مافی مرۆڤ دەگرێت، بەڵام بێدەنگن بەرامبەر بە تورکیا! وە ئێران باری ناخۆی تەواو نییە و لەقە! وە باری سوریا زۆر ئاڵۆزە و ناجێگیرە و باری عێراقیش زۆر ناسک بۆتەوە! کەچی زل هێزەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان و مافی مرۆڤیش، بێدەنگن لەئاست ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە کورد دەکرێت! تۆ بڵێی ئەوانیش لاسایی بێدەنگی خودا بکەنەوە؟
خۆ مافی مرۆڤ شتێکی لوکسی دیپلۆماسی نییە؟
جینۆساید هەرگیز ناوی خۆی لەدەست نادات و چونکە لە هەر شوێنێک بێت، هەر جینۆسایدە، ئەمەی دژی کورد دەکرێت، بە شێوەیەکی بەربڵاو و بە هێواشی و زۆرجاریش لە ژێر ئاڵای ئایین و اللە اکبردا ڕوودەدات!

- ئایا نەبونی خودا، لە مێشک و دەرونی کام کەسانەدایە؟
- نەبوونی خودای ڕاستەقینە لە مێشک و دەرونی ئەو کەسانەدا نادۆزرێتەوە کە گومانیان لە بوونی خودا هەیە! وە لەدەرونی ئەو کوردانەشدا نادرۆزرێتەوە کە عەلمانیەتیان لە باوەش گرتووە، بۆ مانەوەی خۆیان! بەڵکو نەبوونی ڕاستی خودا لەمێشک و دەرونی ئەو کەسانەدایە لەکاتێکدا کە مرۆڤەکان کوشتار دەکەن، دەڵێن (ئەم کوشتارە وویستی خودایە و خودا ئەمەی دەوێت)
لەوانەیە ئەمەش ڕاستییەکی تاڵ دەبێت، کە (لەو شوێنەی کە جینۆساید بەناوی خوداوە ڕوودەدات، خودا لە مێژە لەو شوێنە نەماوە، نەک لەلایەن بە ئیلحادەوە بەڵکو لەلایەن دەسەڵاتی ئایین و توندڕەوەکان خۆیانەوە).
بەبۆچونی من، پرسی کورد ململانێی نەتەوەیی نەتەوەکانی دراوسێ و ئەمنی و ململانێی مەزهەبیش نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی ئەخلاقییە بۆ مرۆڤایەتی.
ئەوانەی ئەمڕۆ بێدەنگن، سبەی دەڵێن (ئێمە نەماندەزانی کە بەو جۆرەیە، بەڵام گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەجیاتی خودا، خۆیان دێنە قسە و هاوار دەکەن)
- کەواتە، یان خودا بوونی هەیە بەڵام دەستێوەردان ناکات!
- یان خودا بوونی هەیە، بەڵام لەمێشکی توندڕەوەکاندا تەنها وەک مرۆڤێک سەیر دەکرێت بۆ ئەنجامدانی پلانەکانیان!
- یان خودا بوونی هەیە، بەڵام ڕەتیدەکاتەوە وەک چەک بەکاربهێنرێت بۆ بەرژەوەندی و ئارەزووی توندڕەوەکان!
- لە هەر سێ حاڵەتەکەدا ئەمانەی خوارەوە جێبەجێ دەکرێن:
یەکەم: هەرکەسێک بەناوی خوداوە بکوژێت، ئەوا خۆی خودای لەدەستداوە و خودای وون کردووە لە ناو حەز و لێکدانەوەی بۆ کوشتارەکانی!
دووەم: هەرکەسێک پێویستی بە خودا بێت بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات، ئەوا خۆی مرۆڤێکی بێ هێز و مێشک بەتاڵە!
سێهەم: ڕەنگە پرسیاری ڕاستەقینەکەش ئەوە نەبێت کە (ئایا خودا لە کوێیە؟) بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە بێت( کە ئایا مرۆڤایەتی لە کوێیە؟)
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









