<

رەخنە لە ئەزموونی رۆژئاوا مەگرن، دنیا دنیای هێزو بەرژەوەندیە !

19/01/2026, 22:21 (GMT+1)
 لەگەڵ راپەرێنی خەڵكی سوریا ساڵی 2011، برایانمان لەرۆژئاوا توانیان هێزو توانایان یەك بخەن و ئیدارەیەكی سەربەخۆ لەباكوری رۆژئاوای سوریا  بەخوێن وفرمێسك دابمەزرێنن، بەراستی بەهۆی زیرەكی و نەبەردی ودلسۆزیان ئەو ئەزمونەیان جێگەی هیوای هەموو كوردێك بوون، زۆرینەی  كوردیش لەپارچەكانی تر پشتیوانیان لێدەكرد، وە لەهەمان كاتیشدا بە ئەزموونەكەیان سەرسام بوون وبەشان وباڵیان هەڵدەدان. بەداخەوە لەئەنجامی پیلانگێریەكی نێو دەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكاو بەشداری توركیاو ئیسرائیل و سعودیە و قەتەر و سوریا، ئەو ئەزموونە رووبەرووی درندەترین وبەهیزترین هێرش وپەلامار بۆتەوە لەسەرەتای كانونی دووەمی 2026 ەوە تا ئێستا، كەتیایدا تازەترین چەكی ئاسمانی وزەمینیان بەسەردا تاقیكراوەتەوە، واتە ئەو هێرش و پەلامارانەی لەسەر رۆژئاوایە، لەتوانای دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریش نیە رووبەرووی ببێتەوە، نەوەك لەتوانای بزووتنەوەیەك یا هێزێكی رزگاریخوازی بێ‌ پشت وپەنا. ئەوجارەش ئەمریكا خەنجەری ژەهراوی لەپشتمان چەقاند وئەزموونی برایانی رۆژئاوامان ئێستا لەمەترسی دایە بەڵام هێشتا نەكەوتووە وخۆراگرە. بێگومان ئەو دۆخەی رۆژئاوا هەموو نەهامەتی وشكستەكانی تری مێژووی تاڵمان بیر دینێتەوە. 
    دوای 14 ساڵ ئەزموونی بەرێوەبەرێتی خۆسەری رۆژئاوا، ئێستاكە رووبەرووی ئەو پیلانە گەورە نێودەوڵەتیە بۆتەوە، بەداخەوە زۆرێك  لەخاوەن قەڵەم و خوێندەواران، بێ‌ هیچ بنەمایەكی زانستی وبابەتی ئەزموونەكە رەخنەباران دەكەن، هەندێ‌ هۆكاری لاوەكی دێننەوە بۆ ئەو شكست وچارەنووسەی ئەمرۆ رۆژئاوای تێكەوتووە، وەك ئەوەی ئەو پیلانە گەورەیە هۆكاری سەرەكی خولقاندنی ئەو دۆخە نەبێ‌، چونكە مرۆڤ دەبێ‌ وورد بیربكاتەوە نەوەك بەدوای سۆزو عاتیفە بكەوێ‌ ،هیچ بزووتنەوەیەك یاهێزێكی جەماوەری یا دەسەڵاتێكی حوكمرانی هاوشێوەی بارودۆخی خۆسەرێتی رۆژئاوا، مومكین نیە  لەرێرەوی  حوكمرانیدا كەموكوری نەبێ‌، بەڵام هەرگیز ئەو كەموكوریانە نابنە هۆی ئەوەی ئەزموونەكەی بخاتە دۆخێكی وا سەختەوە، بۆیە هێنانەوەی هەندێ‌ بابەت وبارودۆخی لاوەكی ئەزموونەكە وەك هۆكاری شكستی، وە چاوداخستنمان لەو پیلانگێریە نێودەوڵەتیە گەورەیە وەك هۆكاری سەرەكی ، كارێكی تا ئەو پەری نالۆجیكی وهەڵەو بێ‌ ویژدانیە، چونكە برایانمان لە رۆژئاوا ئەزموونێكی پر نەبەردی و پاك ودڵسۆزانەیان پێشكەشكرد لەپێناو خزمەتكردنی خەڵكەكەیان، بەپێچەوانەی ئەزموونی باشوور كە خەڵك كراوەتە قوربانی حوكمرانەكان. 
    ئەو نوسینەشم وەڵامێكە بۆ هەموو ئەوانەی ئەو پیلانگێریە وەك هۆكاری سەرەكی ئەو دۆخە نابینن كە رۆژئاوای تێكەوتووە، بەراست وچەپدا شرۆژەی بێ‌ سەروبەر دەخەنەروو، وەك ئەوەی ئێمەی خەڵكی باشوور خەبات وتێكۆشانی سەدەیەكمان بێ‌ كەموكوری بووبێ‌، بەڵام بەداخەوە دنیا دنیای هێزە وئێمەش پارچە پارچەكراوین وتا ئێستا خاوەن هێزی خۆمان نین، كەی دەوڵەتێكی زلهێز یا زیاتر پشتیوانمان بووبێ‌، لەسەر پێی خۆمان وەستاوین، پێچەوانەكەشی راستە، وەك ئەو دۆخەی ئێستای  رۆژئاوا !
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست