<

بەسەربردنی ژیان لەژێر چادرێکی دڕاودا

28/01/2026, 20:27 (GMT+1)
تورکیا و قەتەر و سعودیە بەئۆکەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەفقەیەکی تەواو نهێنی و هەواڵگریدا، محەمەد جۆلانی سەرۆکی هەیئەی تەحریری شامیان هێنا و پرچ و ڕیشیان پێ کورت کردەوە، بۆینباخ و چاکەت و پانتۆڵیان لەبەر کرد و بەسەرۆکی کاتی سوریایان ناساند.
 دیارە جۆلانی سەرۆکی گروپی هەیئەی تەحریری شام بوو، گروپێکی چەکداری یاخیبووی دینی سەلەفی جیهادییە، کە لەساڵی ٢٠١٧  دا، چەند گروپێکی یاخیبووی ئیسلامی یەکیان گرت و ئەم گروپەیان پێکهێنا.
جۆلانی پیاوێکی ناسیۆنالیستی سەلەفی جیهادییە، کەسایەتییەکی ئاڵۆز و ترسناکە، ڕابردووی پڕە لە ململانێ و زەبر و زەنگ و خوێن ڕشتن، سەرکوتکردنی نەیارەکانی و دەستەمۆکردنیان. لەوەتەی بووەتە سەرۆکی کاتی کۆمار، بێ دەنگ و هێمن خۆی دەنوێنێت، بەردەوام بزەیەکی نەرم لەسەر ڕووخسارێتی، بەوتار و قسەی جوان و بریق و باقەوە دەردەکەوێت. ئاشکرایە ئەم پیاوە لەوەتەی بووەتە سەرۆک کۆمار بەچڕی و بەپلان کاری کردووە و کاردەکات بۆ زاڵکردنی هەیئەی تەحریری شام و ئایدۆلۆجیەتەکەی بەسەر تەواوی سوریادا. دیارە ئایدۆلۆجییەتی هەیئەی تەحریری شام بەپلەی یەکەم عەرەبی، بەپلەی دووەم سوننی، بەپلەی سێیەم سەلەفی جیهادییە. بۆیە گروپ و پێکهاتەکانی دەرەوەی (عەرەبی، سوننی، سەلەفی جیهادی) بەنامۆ و دوژمن دەزانن. دەیانەوێت تەواوی نەتەوە و تایفە و مەزهەبە جیاوازەکانی تری وەک عەلەوی، درووز، کورد ملکەچ بەئایدۆلۆژیەتەکەیان بکەن، کە عەرەبی، سوننی، سەلەفی جیهادییە.
 هەر لەسەرەتای دەسەڵاتیانەوە کاریان کرد بۆ پەراوێزخستن و کەنارگیرکردنی کورد و عەلەوی و درووزەکان، ئەمە وەک قۆناغی یەکەم. ئەوە بوو لەپێکهێنان حکومەتی کاتی و نوسینەوەی دەستووردا، خرانە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی و هیچ پۆستێکی حکومی، وە هیچ مافێکی دەستوورییان پێ نەدرا.
 دواتر لەقۆناغی دووەم کە قۆناغی لاوازکردن و بێ کاریگەرکردنە. دەستیان کرد بە بەشەیتانی کردن و بەدێوەزمەکردنی ئەو گروپە نەتەوەی و ئاینیانەی کە لەخۆیان ناچن. ئەوە بوو حەملەیەکی میدیای ئاراستەکراو و فراوانیان بە بەشداری دەیان کەناڵی خەلیجی وەک جەزیرە و ئەلعەرەبییە و حەدەس بەڕێوەبرد، پاشان پەلاماری دڕندانەیان دەست پێ کرد بۆ قڕکردن  و لەناوبردن و جینۆسایدکردنی عەلەوییەکان بەکافر و ڕافیزە و پیاوی ئێرانیان دانە قەڵەم، سەروو هەزار کەسیان لێ کوشتن. (دیارە عەلەوییەکان بەهەمان شێوەی ئەوان عەرەبن، موسڵمانن، بەڵام تەنها تاوانی ئەمانە ئەوەیە شیعەن، بەهۆی جیاوازی مەزهەبەوە قەتڵوعام کران). 
دوای چەند مانگێکی کەم، حەملەیەکی میدیای و ئیعلامی تری چڕ و فراوانیان بەڕێوەبرد دژی درووزەکان، بەدەرچوو لەدینی ئیسلام و بەکرێ گیراوی ئیسرائیل لەقەڵەمیاندان. پاشان هێرشی دڕندانەیان کردنەسەر بۆ قڕکردن و لەناوبردن و جینۆسایدکردنیان، بەداخەوە هەزارانیان لێ کوشتن ( دیارە درووزەکان خۆیان بەعەرەب دەزانن، یەکتاپەرستن، بەڵام تاوانی ئەمانە ئەوەیە ئیسماعیلین. بیروباوەڕیان لە بیروباوەڕی دەسەڵاتدارانی دیمەشق جیاوازە، بەهۆی جیاوازی بیروباوەڕەوە قەتڵوعام کران).  
هەمان سیناریۆ بۆ پەلاماردانی کورد بەکارهێنرا. بە حەملەیەکی ئیعلامی چڕ و فراوانی جەزیرە و ئەلعەرەبییە دەستیان پێ کرد. کوردیان بەکافر و بەکرێ گیراوی ئەمریکا دایە قەڵەم. لەدیمەشقەوە کوشتن و سەربڕینی کورد حەڵاڵ کرا. پاشان پەلاماری گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەبیاندا. دواتر هێرشی دڕندانەیان کردەسەر ئەو شارو شارۆچکەکانەی کەلەژێر دەسەڵاتی کوردی ڕۆژئاودان، کوشت و بڕێکی گەورە و دڕندانەیان دژ بەکورد کرد، دەستیان لەمنداڵ و کچ و ژنیش نەپاراست. لە پەیج و میدیاکانی خۆیانەوە دەیان ڤیدیۆی کوشتن و سەربڕینی ئەو شەڕڤانانەمان بینی کە بە دیلی کەوتوونەتە دەستیان. تەنانەت ڤیدیۆی سوکایەتی کردن بەلاشەی کچە شەرڤانێکمان بینی کە چۆن دڕندەکان لەباڵەخانەیەکی بەرزەوە فڕێی دەدەنە خوارەوە (دیارە کورد وەک ئەوان موسڵمانن، وەک ئەوان سوننەن، وەک ئەوان نوێژ دەکەن، ڕۆژوو دەگرن، تەنها تاوانی ئەمانە ئەوەیە کە نەتەوەیەکی جیاوازن و کوردن).
دیارە قۆناغی کۆتای، قۆناغی ملکەچ پێکردنە بەتێکەڵبوون و  تواندنەوە. ئەگەر بەووردی سەرنجی ڕێکەوتنی هەژدەی یەکی نێوان محەمەد جۆلانی و مەزڵوم کۆبانی بدەین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە خاڵ و بەندەکانی ڕێکەوتنەکە هیچی بۆ کورد تێدا نییە لەلامەرکەزی و فیدراڵی، بەڵکو ڕێکەوتنەکە تەنها ملکەچ پێکردنی کوردە بەتێکەڵبوون و ڕازیبوونێتی بەتواندنەوە.
لەکۆتایدا دەگەینە ئەوەی کە کورد هیچ چارەیەکی لەبەردەستدا نییە، جگە لەوەی کە بەڕۆڵ و پێگەی خۆیدا بچێتەوە. دەبێ ڕۆشنبیران و عاقڵمەندان گەورەتر و فراونتر بیربکەنەوە ستراتیژی باڵا دابڕێژن کەوا لەتاکی کورد بکات، خۆی بەبرابچووکی نەتەوەی سەردەستە نەزانێت، بەژێردەستەیی و بێ مافی، بەپارچە نانێک و ژیان لەژێر چادری دڕاودا ڕازی نەبێت، کەمتر لەسەروەری سیاسی کورد بەسەر ئەو جوگرافیایەی کەتێیدا دەژی قبوڵ نەکات.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست