<

شۆڕشی کەزی و ئازادی کوردان

28/01/2026, 21:30 (GMT+1)

قژی (ژینا)ی ڕۆژهەڵاتی لە ئاوێنەی پرچی شەڕڤانی ڕۆژئاڤادا

بەر لەهەر شت ئەم ئەڵقەیەیە بکەنە گوێی ئەگەر فریاکەووتن خۆتان دەنا منداڵەکانتان، تا ئەو ڕۆژەی نیشتمانی کوردان ئازاد دەبێت، دەبێت ئێوە ئەم ڕستەیە بکەنە ئەو ئەڵقەیە، بیرمەندی کوردەواری مامۆستا مەسعوود محەمەد دەفەرمووێت:" کورد وەک کاروانێکە ڕێگر دەستی بەسەردا گرتبێت، بۆ دەربازبوون، وادەی خۆ بە خۆڕایی فەوتاندن، هەرچی بیڵێ و بیکا لە چاک و بەد و ڕەوا و ناڕەوا، نەک هەر دروستە بەڵکو واجیبە و نەکردنی دەبێتە ڕووڕەشی". 
ئێمەی کوردان، هەموو هەڵوێست و تیاوەستاوەکان و بزووتنەکانیشمان، جودایە لە گەلێ نەتەوەی دی، دەتوانم بڵێم لە بارودۆخماندا تاقانەین.
دەوڵەتێکمان نییە و دکتاتۆرێک لەسەر کورسی بێت و بمانەوێ ئەو دیکتاتۆرە بڕوخێنین، یا دەسەڵات لەو وەربگرینەوە و بیدەین بە کەسێکی دی. بەڵکو گیرۆدەی چەندین دیکتاتۆرین کە ستەم لەگەلانی خۆیان دەکەن، بەڵام زۆرینەی ئەم گەلانە، کاتێک بارودۆخەکە دەگاتە جێگایەک کە بۆنی ئەوەی لێدێت، کە گەلانی تری چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەو دکتاتۆرە، لە چارەنووسی خۆیاندا بگەنە ئاکامێک، زۆرینەیەک لەو گەلە ستەملێکراوانەی ژێر چنگی ئەم دکتاتۆرانە، هەڵدەگەڕێنەوە و هەمان ئەو قسانە دەکەن و ئەو ڕەفتارانە دەنوێنن، کە دکتاتۆرەکان دەیڵێن و دەیکەن، ئەم جۆرە هەڵویستانە، ڕیشەی دەروونی قوڵی هەیە لەوانە: خواستی ئەو گەلانە خواستێکی نەتەوەیی نییە، واتە ئەوان گرفتی نەتەوەییان نییە، بەڵکو لەسەر کورسی دەسەڵات دەکەوونە دڕدۆنگی و دژایەتی دەسەڵاتەکەی خۆیان دەکەن، بەو دەڵێن ئیتر کاتت بەسەرچووە و دەبێت بۆ ئێمەی چۆڵ بکەیت. ئەمە قسەی سۆزداریی و خواستی دەروونی و داهێنانی خەیاڵی نووسەرێکی کورد نییە، بەڵکو ئەزموونێکی مێژوویی نەتەوەکەی منە، لەگەڵ ئەو نەتەوانەی کە دیکتاتۆرەکان لە جنسی ئەو گەلانە بوون/ هەن/ دەبن. هۆیەکی دی ئەوەیە: کە زۆرینەی ئەو گەلانەی ڕۆژهەڵاتی ناوین، پەروەردەیەکی سەقەتکراوی ئاینیان تێکەڵ بە شوڤێنیستییەکی کوێرانەی نەتەوەی پفتێکراو کردووە، کە هەموو ڕێگا ڕووناکەکانی بیرکردنەوە و مرۆدۆستانەی لێ کوێر کردوونەتەوە، کە هیچ بۆچوون، هزر، کلتوور و ڕوانینێکی دی قبوڵ ناکات، بە خۆیان سەلماندووە کە ئەوان لە کردوە نامرۆییەکانیاندا لەسەر حەق و مافدارن، کە ئەمەش کلتووری (سەرۆکی تاقانە، پاشای خاوەن شکۆ، سەرداری سەرکەوتوو، شمشێری خودای، بەرهەمهێناوە، واتە هەمیشە دەبێت سەرۆکێک هەبێت بیریان بۆ بکاتەوە، پاشایەک لێیان بخوڕێ و سەردارێک تێیان خوڕێ و ترس لە شمشێرێک سێبەریان بۆ بکات و ئاڕاستەیان بکات)، جا نەگبەتی ئەو گەلانە لەوەدا خەست دەبێتەوە، کە زۆرینەی سەرە زلەکانی کلتووریی ئەو گەلانە واتە ڕۆشنبیرەکانیان، تووشی ئەو نەخۆشییە دەربارییە دەبن و دەبنە ئەکتەری ئەو سەمای مەرگەی کە دیکتاتۆر بۆیان دەخوڵقێنێ، ئەمە ئەوە پیشاندەدات، کە سەریان بۆش و دڵیان ڕقهەڵگرتوو و هونەریان دووڕووییە.

• ڕۆژئاڤا

ڕۆژئاڤا، (دیاردەیەکی شارستانەتی کوردییە)، کە ئەم شارستانەتە سیاسییە دژە مرۆڤەی ئێستای گێتی قبووڵی ناکات. پلانە داڕێژراوەکە جگە لە ئیسلامی سیاسی لە ناوچەی عەرەبیدا، بازرگانانی کارتێلەکانی جیهان  هاوبەشی ئاڕاستەکردنی پرۆسەکەن، لەگەڵ ئەمەدا، سەرمایەیەکی بێ سنوور(پترۆدۆلار) لەلایەن سعوودییە و قەتەرەوە ڕژێنراوەتە بەردەم یاریکەرەکانی ئەم پرۆسەیەوە. دەنا بەپێی هەموو ئەو پێوەرانە بێت کە باس لە ئازادی و مافی مرۆڤ و کەرامەتی مرۆیی ئینسان دەکات(درووشمە سواوەکانی ڕۆشنبیرانی عەرەبی، فارسی و توورکی)، دەبوو زۆر زووتر بەر لەوبەشە لەنەتەوەی کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان، گەلی عەرەبی سووریا(خودی عەرەبەکانی سووریا)، لەم ئاڵۆگۆڕەی دەسەڵاتی دیمشقدا، گۆڕینی دکتاتۆرێکی قەومی شۆڤێنی، بە دکتاتۆڕێکی ئیسلامی- قەومی شۆڤێنی، خاوەنی خۆیان بانایە و محەمەد جۆلانیان رەتکردایەتەوە، ئەمە دەری دەخات، کە تاکە نەتەوەی ئازادیخواز لەم ناوچەیەدا، کوردە، کە سەد ساڵ لەمەوبەر، نیشتمانەکەیان کردە پینەوپەڕۆی چەند دەوڵەتی مۆنتاجکراوی نەتەوەیی وەک توورک، فارس و عەرەب، دەشیانزانی کە ئەم نەتەوەیە(کورد)، خاوەن ڕابووردوویەکی شارستانەتە، کلتوورێکی زۆر بەهێزی یاخیبوونی (نا وتن) ی لە دەروونی خۆیدا حەشارداوە، ئەم پێوانەیەم لە چاولێکردنی، ئەو گەلانەوە هێناوە کە زۆر بەر لە داگیرکارییەکانی موسڵمانەتی، لە ناوچەکەدا بوون، خاوەنی کلتووری بەهێز و خوێندنەوە و نووسین و داهێنانیش بوون، بەڵام نەمانەوە یا نزیکەی توانەوە و بوون بە بەشێک لە دەسەڵاتی داگیرکەری موسڵمانەتی و سەری خۆیان کزکرد و هەندێکیان زمان و دابوونەرێتی خۆیشیان دۆڕاند، بەڵام هیچ کاتێک یاخیبوونی کورد لە دەسەڵاتە سەپێنراوەکان، کۆتایی نەهاتووە، ئەگەر کەسێک یا دەستەیەکی یاخیبووی بچووکیش بووبێت، باوەڕناکەم (ماینکێو لە کرماشان و بەرەوخوار) هیچ کاتێک (ئازایەکی کوردی یاخیبووی) لێبڕابێت، هەروەها لە دەڤەرە جۆراوجۆرەکانی تری ئەم نیشتمانەدا مەزنەدا. 
جا وشەی یاخی، بە زۆر جۆر لێک دراوەتەوە، من بەڕۆحێکی کوردییەوە شیکاری دەکەم، هەرواشە، گەر دەتەوێت لە دیاردەیەک تێبگەیت، دەبێت لە خالقی دیاردەکە خۆی ببیەت و ببینیت. یاخی مانای کەسێکە کە بە کردەوەیەکی ئەنجامدراو یا بەرنامە بۆ داڕیژراو بۆ ئەنجامدانی دەڵیت(نا)، ئەگەر لەگەڵی سازان، ئەوە سازان ئەگەر لەگەڵی دڕدۆنگ بوون، ئەوا (ناوتن) ەکەی دەبێتە کردار، کە کرداری یاخیبوون و بەرگریی و خۆپاراستن و هەڵمەتبردن دەبێت.
لە ڕۆژئاڤا و لە جەستەی سڕکراوی نەتەوەکەدا شتێک بزوا، دەنگێک هاواری کرد، بیرێک پژا، ئەویش هەستێک بوو کە ساڵانێکی درێژ درێژ بوو، هەم بە هۆی حیزب و تاقمی کوردییەوە، هەم بە هۆی ئاین و لە کۆتایشدا ئەو پیلانانەوە کە سەبارەت بە کورد و نیشتمانەکەی دەهۆنرانەوە، ئەم هەستکردنە سڕکرابوو، مێشکی کورد بە کارگەلێکی لابەلای نامۆ بە ڕاستەقینەکانی کورد خەریک کرابوو، بۆیە خۆی لە بیرچووبۆوە و خەریکیان کردبوو بە گفتوگۆی لابەلای حیزبی و ئاینی و ئەو جۆرە چەلەحانێ سیاسیانەوە کە پێکهەڵپژان و شەڕی کورد بەکوردیشی لێدەکەوتنەوە. ئیسلامی سیاسی(کە برایانی ئەهریمەن، ڕەنگڕێژ و چاودێری بزووتن و بیرکردنەوەیانن) لەم دواییانەدا ڕۆڵی سەرەکیان گێڕا لەگەڵ سەرکردەیەتی حیزبە داڕزاوەکانی ناو کۆمەڵگای کورددا لە باشوور، بۆ ناشرین کردن و سووکایەتیکردن بە هەر شتێک کە سەر بە کلتووری هەزاران ساڵەی نەتەوەکە بوون، ئەوان لە ڕیشەکەیان دەدا، هەروەک باوەگەورەکەیان سیاسەتی (پەرتکە و زاڵبە) یان بەئامانج دەگرت و منداڵیان لە باوان دەکردە دوژمن، کوڕێک لە مزگەوتەوە بچێتە ماڵەوە و ڕشتنی خوێنی باوانی خۆی ئەگەر زارەکیش بێت، حەڵال بکات، لەکاتی زاڵ بووندا زۆر بە ئاسانی دەتوانێت ئەنجامی بدات، چوونکە لە مزگەوت وا تێگەێنراوە کە ئەم کردارە و ئەم نەفرەتە، خواستی خودایە و لە پێناوی جێبەجێکردنی شەریعەتی ئەودایە، وەک ئەوەی کە خودا تەنیا ١٤٠٠ ساڵ بێت بووبێتە خودا و بەر لەم مێژووە ئێدی نە دنیایەک بووە و نە ژیانێک و نە مرۆڤێک، لە حاڵێکدا کە هەر لەو پەیامەدا، نزیکەی سەر لە بەری باسی داستان و چیرۆک و یاساگەلی مرۆڤەکانی ئەو سەردەمە و سەردەمە پێشترەکانی دی دەکات، کە ئەگەر ژیرانە لەو کتێبە بڕوانی، بە دەگمەن وتراوێکی نوێ دێتە بەر چاوت، هەر بۆیە ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر، بەپێی کتێبەکە خۆی ئەو خەڵکانەی کە ئەو وتارانەیان دەبیست، دەیانگوت: ئەمانەمان بیستووە، قسەیەکی نوێمان بۆ بکە!!!.
دیسان وەک هەموو سەرەتاکانی تری ئەم نەتەوە زیندووە، هەموو ئەم هەوڵ و بزووتن و پلان و پیلان و وتراوانە، لەناو کلتووری کوردیدا، لە بێژنگ دەدران و خەڵکەکە کە لەناو ئەو کلتوورەدا سات بە سات ژیاوون/ دەژین، چاوەڕوانی لە دایکبوونێکی نوێیان دەکرد، کە کەسێک بێت و بڵێ (نا)، ئەو(نا)یەی کە بەدرێژایی هەزاران ساڵ کوردی پاراستووە، هێشتۆتەوە و بزواندوویەتی. ڕەنگە دەزگاکانی کە لەسەر کورد کاریان کردووە، جا لە ڕووی مەعنەوییە بێت، وەک برەودان بە ئاینێکی سیاسی دەسکرد، یا لە ڕووە ماددێکەوە وەک بەکارهێنانی هێزی لەشکری و تفاقی جەنگی بۆ ترساندنی نەتەوەکە، لەم خاڵە تێگەشتبن بۆیە بەو جۆرە فراوانە هەوڵیان داوە کە لەو ئاینە دەستکردە سیاسییە سوود وەربگرن بۆ خاپاندن و گومڕا کردنی بەشێک لە کۆمەڵگای کوردی، هەر بۆیەش دەبینین کە مەردان و ژنانی بەباوەڕی بەر لە ئێستامان، بەو ڕەنگە کوردستانپەروەر و داهێنەر بوون چوونکە لە پەیوەندی مرۆڤ بە یەزدانەوە تێگەیشتبوون، کە ئەوە کارێکی زۆر تایبەتی کەسێکە و سەفەرێکی ڕۆحی تەنیایە، کە هەر ئەو کەسە خۆی دەبێت بەتەنیا ئەم سەفەرە بکات، بەڵام ئەرکی ژیان و خۆشەویستی خاک و تێکۆشان بۆ ئازادبوونی ئەوە ئەرکی هەموو کوردێکە و ئەوان وەک کەسانی دیار لە کۆمەڵگادا، بەو ڕەنگە ئەو خەرمانە مەزنەیان لە بیروباوەڕی کوردبوون، خۆشەویستی نیشتمان و هەوڵدان بۆ وشیارکردنەوەی نەتەوەکەیان بۆ ئێمە جێهێشتووە، کە بە پێوانەی بەرهەمهێنانی کلتووری مرۆڤایەتی، بەرهەمەکانیان وان لە لووتکەدا.  بڕوانە بە دەگمەن نەبێت، مەلایەکی ئێستای سەر بەو ئاینە سیاسییە دەسکردە نا دۆزییەوە، کە لەو هەموو بەرهەمە نازدارەی مەلاکانی پێشخۆیان سوود وەربگرن، لە حاڵێکدا کە ئەو مەلا کوردە داهێنەرانە، هەڵکەوتەی سەردەمی خۆیان بوون هەم لە کوردستانپەروەری و هەم لە باوەڕداریدا، کە هیچ مەلایەکی سەلەفی نە لە سعوودییە و نە لە ئێران و تووران، بە تۆزی پای بیرکردنەوەی ئەوان نەگەیشتووە، چوونکە ئەوان زانا و هونەرمەندبوون، بڕوانە فەتواکانی مەلای گەورەی کۆیە، کاتێک ئەو دەفەرموێت: ئەمڕۆ نەورۆزە، ڕۆژێکی موبارەکە، ڕۆژی شادی کوردە...مەلا سیاسییە سەر بە قوتابخانەکەی(برایانی ئەهریمەن و شەیتان) دێن گاڵتە بەو ڕۆژە شکۆدارە دەکەن و لە بەها و شکۆدارییەکەی کەم دەکەنەوە و سەربووردەیەکی ئەفسانەیی لە کەسێک کە ٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر مردووە، دەکەنە سەروتاری کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینیان!!! مزگەوتی کۆیە و گەورەی سلێمانی ئەو دەم حاجی قادر و مەحوی بەرهەمهێنا و مزگەوتی ئێستاش، ژیریی لاوای کورد، پڕ دەکات لە قین و نەفرەت بەرانبەر بە باوانی ئەو لاوە گومڕاکراوە، چوونکە قوتابخانە ئەهریمەنییە سیاسییەکەی ئەو پێشنوێژە، ئاوا باوەرداریی لێکداوەتەوە. بەڵام هێشتا تاکوتەرا ماون مەلای کوردستانپەروەری ئازادیخواز و ویژدان زیندووی کورد، کە ڕێبازی حاجی و مەحوی چرای ڕۆژانی کوردبوون و تێکۆشانی کوردستانیانە.

• ڕۆژئاڤا و ڕۆشنبیرانی عەرەبی

لەم پەلامارە جیهانی و ناوچەییەی کە دەکرێتە سەر ڕۆژئاڤای ئازیزی نیشتمان، جگە لە خەڵکە دەم هەراشە پەروەردەکراوەکە، کە لە سەر کلتووری(نعم سید الرئیس) پەروەردەبوون، خاڵێکی کە خۆی بە ڕوونی پیشاندا، هەڵوێستی ناجوامێرانەی ئەو کەسانە بوون کە نازناوی ڕۆشنبیری عەرەبیان بە گەردنی خۆیاندا هەڵواسیبوو، من سەبارەت بە ڕۆشنبیرانی توورک، فارس و عەرەب، لە زۆر وتارەکانمدا لە کوردستانپۆستی هێژادا گەڕاومەتەوە سەریان و نووسیومە، بەڵام هێشتا هەر دەبێت بنووسم و بنووسین و بەرمەڵایان بکەین. زۆرینە لەوان وەک چەکهەڵگر و چەتەیەکی محەمەد جۆلانی، هەڵوێستیان نواند، بە تایبەت ئەوانەی کە لە دیمەشقەوە دەردەکەوتن و لەسەر کوشتنی کوردان فتوایان دەدا، هیچ جیاوازییەک نییە لە قسە و دەمودووی ئەم کەسانە لەگەڵ ئەو چەتانەی کە جوێنیان بە کورد دەدا و کەزی شەڕڤانی شەهیدبووی کوردیان دەبڕی و گاڵتە و جەفەنگیان بە پرچەپیرۆزەکانی دەکرد، زۆر نزم بوون لە ئاستی ژیریی و قەڵەمدا، من هەمیشە گەڕانەوەی ئەو کلتوورەی بیابانم لە وتەکانیاندا دەهاتە بەرچاو کە باپیرانیان، ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر هێرشیان کردۆتە سەر نیشتمانی ئێمە، بۆیە بەلامەوە سەیر و جێگای ڕامان نەبوو، ئەم ڕەفتارەیان هەموو ئەو وشانەی سەبارەت بە ئازادی، یەکسانی، دیمۆکراتی و ماف و یاسا و ئەو جۆرە شتانە نووسیویانە، هەڵدەوشێنیتەوە و کتێبەکانیان تەنیا یەک شایانانبوونیان پێ ڕەوایە، کە ئەگەر بتوانرێ بنێردرێن بۆ (کۆبانێ) تا منداڵانی کورد خۆیان لەبەر تینی ئاگرەکەیدا گەرم بکەنەوە، هیچ نەبێت سوودێکی هەبێت، چوونکە هیچ نووسینێک ئەگەر نەبووە هۆی پاراستنی گیانی مرۆڤێک و ئازادی بەرهەم نەهێنا و مرۆڤبوونی نەپاراست، ئەوە ژەهرێکی کوشندەیە، دەنا جگە لە تەنەکەی خاشاکی بەرماڵان، جێگایەکی شایانتر نادۆزمەوە. قسەی بەتاڵ و هەڵوێسی پێچەوانەی قسە، هیچ بایەخێکی مرۆیی نییە کە جێگایەک لەسەر ڕەفەیەک پڕ بکاتەوە، یا دارێکی بۆ لەناوببرێت تا بکرێتە کاغەز بۆ چاپکردنی نووسینی ئاوا پووچ!!!!!. 
لە ئیمەڵێکمدا بۆ د. یوسف زیدان: ئایا سەلاحەدین ئەحقەرە لە مێژوودا، یا محەمەد جولانی، ئێوە ڕۆشنبیرانی عەرەب، لە دوای سەڵاحەدین (جۆلانی) ییەکانتان بەرهەمهێنایەوە، کەواتە ستەمگەلێکی نوێتان بەرهەم هێنایەوە، کە ئەحقەرترینە؟!
بۆ ئیبراهیم عیسا: بێدەنگییەکەت، نیشانەی لێدانی مۆری لەگەڵدا بوونە بە کردەوەکانی، محەمەد جولانی، دژ بە نەتەوەی کورد؟!
بۆ د. حامد عەبدول سەمەد: تۆ دەنگێکی دلێر بووی، بەرانبەر بە ستەمی ئیسلامییە ئیخوانییەکان، بەڵام بێدەنگی بەرانبەر بە ستەمی جۆلانی دژ بە نەتەوەی کورد لە ڕۆژئاڤا، ئایا دوو تەرازووت هەیە بۆ پێوانەی ستەم؟! 

• کوشتنی منداڵانی کورد و کەناڵەکانی عەرەبی زمان

ئاگاداری کەناڵەکانی (العربیە، جزیرە، الحدث) بن، کە بە ڕوونی و ئاشکرا، لایەنگریی سەرسەخت لە هێرشەکانی تیرۆریستی نێونەتەوەیی محەمەد جۆلانی، دەکەن، دیارە ئەم کەناڵانە، کە بە پارەی پیترۆدۆلار خراونەتە ڕێ، بەردەوام لە شەڕی دەروونی دژ بەکورددا، بە نوێترین شێوە و دروستکردنی هەواڵی درۆ و دووڕوویی، دەیانەوێ ورەی چەتەکانی محەمەد جۆلانی بەرزبکەنەوە و هانی کوشتنی نەتەوەکەمان دەدەن لە ڕۆژئاڤادا، بۆیە گرنگە بە شێوەیەکی بنجبڕ بایکۆتی ئەم کەناڵە دووڕ و چەواشەکارانە بکەن، هەروەها ئەوەش دەهێنمەوە بیرتان کە پێویستە بایکۆتی خۆراکی هاوردەکراوی دەوڵەتە ئیستعمارییەکانی ئێران، توورکیا و سعوودییە بکەن، ئەم خۆراکانە بە چاودێری دەزگا سیخوڕییەکانی ئەو دەوڵەتە ئیستعماریانە، ژاراوی کراون، بە ژەهرگەلێک کە لە سەرخۆ کاریگەریی خراپکردنی لە سەر تەندروستیتان دەبێت، بۆیە دەبێت خۆتان زەوی خۆتان بەکاربێنن بۆ بەرهەمهێنانی خۆراکی خۆتان، منداڵەکانتان لە قووتابخانە تایبەتییە توورکییەکان بێننە دەرەوە، شەرمە منداڵی کورد لە قووتابخانە و پەیمانگا و زانکۆی توورکدا، کە ناوەندی سیخوڕین لەسەر نەتەوەکەمان، مێژووی عوسمانلی بخوێنێت.  

• چەند وەبیرهێناوە، ڕێنمایی و پێشنیاز بۆ نەتەوەکەم بەتایبەت لاوەکان

١- با ژیریت سۆزت ئاڕاستە بکات، تا پارێزراوبیت.
٢- هەوڵ بدە شێوازەکانی ڕێکخستن فێر بیت، تا ڕێکخراوتربیت، پارێزراوتریت.
٣- تۆ ئازادیخوازی، دەبێت هەموو یا زۆرینەی ڕێگاکانی ئازادبوونی خۆت فێر بیت و فێربکەیت، لەهەموو جوگرافیای کوردستانی مەزندا.
٤- زۆر زۆر گرنگە کە ئاگاداری جەنگی دەروونی دوژمن بیت، هیچ ڕێگایەک بە کراوەی مەهێڵەوە کە دوژمن لێوەی دزە بکات بۆ ناو بەرخۆدانە نەتەوەییەکەت.
٥- ئەمڕۆ ئەو ساتەیە کە سەدانساڵە چاوەڕێی دەکەین، کە لەیەک دەم و لەیەک ڕابووندا، هەر چوار دەڤەری کوردستان، ڕاپەڕێ، ئێستا سەرەتایەکی بەهێزی ئەو دەمەیە، زۆر وشیاربە بۆ بەهیزکردنی ئەو تەوژمە.
٦- بینیت هیچ بەربەستێکی زاراوە و سنووری دەسکرد، نەیتوانی پێش بە ڕابوونە کوردەوارییەکەت بگرێت، بەردەوامیت مایەی تێکەڵاوبوونەوە کوردستانییەکەیە. ئیتر دەبێت دۆخەکەمان بگۆڕین، نەتەوەکە بڕیاری داوە، هەر ئەوەش دێتە دی کە یەکێتی نەتەوەکە دەیەوێ، ئێمە دوژمن دەناسین و ئەزموونی زۆرمان لەگەڵیاندا هەیە، ئەوان لەهەموو چەکە مۆدێرنەکان دژ بە ئێمە سوودیان وەرگرت، بەڵام سوودێکیان دەست نەکەوت، ئێستا بە یەکبوونی نەتەوەکە، ئێدی ئەو چەکانەشیان، وەک ئاسنی ژەنگرتووی لێهاتووە، چوونکە ئەمە، هەم شەڕی مەیدانییە، هەم شەڕی دەروونییە، بەرخۆدانی بەردەوامی ئێمە، دەروونی ئەوان وێران دەکات، ئێمە بۆ ئازادی دەجەنگین، ئەوان بۆ کوێلەکردن و خوێنخواردن و داگیرکاری، خواستەکانی ئێمە لەوان شایانتر و واڵاترە، مەرجی سەرەکی، بەردەوام بوونی فراوانی یەکێتی نەتەوەییمانە. پەیامی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتەوە بوویە (شۆڕشی کەزی) لە ڕۆژئاڤای نیشتمان تاڵە مووکەی قژی ژیناگیان، بوویە پرچی هۆنراوەی هەموو دایک و خوشک و کچێکی کورد، نەتەوەکە سەرکەوتووە بە بەهێزکردنی یەکێتی نەتەوەیی خۆی.
٧- هەموو هەوڵێک، گرنگە، بەهەر شێوەیەک بێت و بەهەر دەربڕینێک، بچووک یا مەزن، لە ماڵەوە یا لەسەر شەقام، هەوڵەکانت بۆ نزیکتربوونەوە لە کوردانی دی، ببەرە بەرزترین پلە و بێ ئەوان ژیان نابێت، بکەرە ڕەفتاری ڕۆژانەت.
٨- وڵاتان و سنوورەکان لە ڕووداوی وا گەورەدا، نەخشینراوون، دروستبوون و دروستکراون، ئێدی بۆ تۆش کاتی سەربەخۆیی و ئازادیی نیشتمانەکەتە، ئەوە درۆیەکی گەورەیە کە پێت دەڵین: سنووری چوار دەوڵەت بۆ دروستبوونی دەوڵەت بۆ تۆ لە ئێستادا ناگونجێت، سووربوونی تۆ لەسەر داواکارییە گەورەکە، هەموو ئەو دەوڵەتانەی شیواندووە، ئەوان وایان بیردەکردەوە، کە هەموو ڕاپەڕینێکی کوردان، بە پارچەکردنیان لەناو دەبەن، بەڵام کە نەتەوەیەک، دوور لەهەموو بیرکردنەوەیەکی حیزبی، ڕاپەڕی، هیچ هێزێک بەرگەی ناگرێت، پاراستنی یەکێتی نەتەوەیی خۆت، گەرەنتی سەربەخۆییتە، وشیار و بەردەوام بە.
٩- ئەم هەستی نەتەوەییە، ئەو ڕایەڵە هەزاران ساڵەییەیە، کە کوردی پاراستووە، ئەم ڕایەڵە ژیان و ئازادی بەخشە بکە بە گرنگترین ڕایەڵەی پەیوەندیت لەگەڵ هەموو، شەرافەتمەندانی ئازادیخوازانی کوردستانیی تری وەک خۆت.  
١٠- دەبێت لەسەر هەست و هوشیار بیت، دوو هەرێمی نیشتمان لەژێر مەترسی گەورەدان، هەرێمەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، دەبێت ئێمە ئامادەبین بۆ بەرگری بەتایبەتی لەو دوو هەرێمە، کە خۆشبەختانە، گەلەکەمان و لاوانمان لەهەر دوو هەرێمەکەدا ئامادەن، بەڵام دەبێت، ئێمەش ئاگاداری هەردوو هەرێمەکە بین، کە دوو ڕژێمی ئیسلامی سیاسی شۆڤێنی هەردوو ئیستعماری عەرەبی و فارسی نکوڵی لە بوونی کورد دەکەن لەو دوو هەرێمە داگیرکراوەی نیشتمانی ئێمەدا.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست