<

نامەیەکی کراوە بۆ وەزیری پەروەردەی دەربارەی گۆڕینی وانەی مێژوویی

08/02/2026, 21:10 (GMT+1)
- ئاخۆ کام وانە لەلایەن وەزیری پەروەردەی بگۆڕێت باشە؟
- ئایا پەروەردە هیچ کات بێلایەن بووە؟
- ئاخۆ ئەو ڕاستییە حاشا هەڵنەگرنانە کامانەن کە دەبێت ببینرێت؟
- ئایا دەبێت هەستی نەتەوایەتی و نەتەوە لەسەرو هەستی ئایینەوەیە بێت؟
- ئاخۆ ناوەرکی وانەی مێژوو کام بابەتانە لە ئامێز بگرێت؟
--------------

- ئاخۆ کام وانە لەلایەن وەزیری پەروەردەی بگۆڕێت باشە؟

نامەیەکی کراوە بۆ وەزیری پەروەردەی بەڕێز،
لەخۆپیشاندانەکای دوو هەفتەیەی ڕابردوودا بۆ پاڵپشتی لە ڕۆژئاڤا، بینیمان کە چۆن سنوورە دەستکردەکان کوردستان بەهۆی وورە و هێز و یارمەتی و بەخشینی خۆپیشاندانەکاوە،  نزیک بووەوە لە هەڵتەکاندن!

- ئایا پەروەردە هیچ کات بێلایەن نەبووە؟

- پەروەردە هیچ کات بێلایەن نەبووە و نییە! ئەوەی کە منداڵان لە قوتابخانە فێری دەبن، ئەوا دەبێتە ڕێڕەوێکی ڕوون کە منداڵان فێر دەبن، چۆن لە دواڕۆژدا خۆیان و دەوروپشت و کۆمەڵگە و کەلتور ببینن! وە فێریش دەبێت کە بە چییەوە شانازی بکەن و چی بە (نۆرماڵ) بزانن و کام بیروبۆچونێکیش بە نەبینراو و خەیاڵی بزانن! بەوەش ئەوان کە دەبنە پیاوی دواڕۆژ، بتوانن ڕاستیەکان جیابکەنەوە لە وەهم و درۆی مێژوو و کاری قێزنەون و خۆ بەکەم زانین!
- من ئەم نامەیە دەنووسم چونکە بەرنامەکانی ئێستای مێژووی قوتابخانەکان لە ڕووی ناوەڕۆک و پێکهاتەوە نادادپەروەرن بەرامبەر بە کورد و مێژووی کورد و کەلتور و هەستی نەتەوایەتی کورد!
- سەدان ساڵە و لە دەیان ساڵی حکومەتی هەریمیشدا، مێژووی عەرەبی و ئاینی ئیسلام زاڵە بەسەر پەرتوکی مێژووی قوتابخانەکاندا و تا دێت ئەو مێژووە پرشنگدارتر دەکرێت، لە کاتێکدا مێژووی کورد کە یەکێکە لە گەورەترین گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاڵە و کەم کراوەتەوە بۆ چەند لاپەڕەیەک و بە ئەنقەست شێواوە یان بە تەواوی پشتگوێ خراوە!
ئەوەش هەڵەیەکی ئەکادیمی نییە!  بەڵکو ئەوە پەروەردەی سیاسی و تاڕادەیەک ئاینیشە کە بۆ نایەکسانییەکی بنەڕەتی دژی مێژووی کورد و سوک کردنی نەتەوەیی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ!

- ئاخۆ ئەو ڕاستییەکان حاشا هەڵنەگرن کامانەن کە دەبێت ببینرێت؟

ئەو ڕاستییەکان حاشا هەڵنەگرانە کەدەبێت ببینرێت:
- جیهانی عەرەبی خاوەنی ٢٢ دەوڵەتی سەربەخۆیە. وە بەهەمووشیان هەوڵ دەدەن دەوڵەی فەلەستینیش دابمەزرێنن و بیکەن بە ٢٣ دەوڵەت!
- دانیشتوانی هەندێک لە وڵاتانی کەنداو کەمتر لە یەک ملیۆن کەس، سەربەخۆن و سەروەری تەواویان هەیە!
- کەچی ژمارەی کوردەکان زیاتر لە ٤٠ بۆ ٧٠ ملیۆن کەس دەبن، لە تورکیا و ئێران و عێراق و سوریادا و هیچ دەوڵەتێکی سەربەخۆیان نییە! و بگرە لەڕێگەی پەروەردە و مێژوو و کەناڵەکانیشیانەوە دەیانەوێت بیرۆکەی سەربەخۆیی کوردستان بکەنە قوربانی برایەتی ئاینی (کە ئەوان لەڕاستدا بڕوایان بەو برایەتیەش نییە!)
- کەچی منداڵانی کورد بە پلەی یەکەم لەوانەی مێژوودا فێری ئیمپراتۆریەتی عەرەبی ئیسلامی و ناسیۆنالیزمی عەرەبی و پاڵەوانەکانی عەرەب و شۆڕشەکانی عەرەب دژی داگیرکاری بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتالیا و خەونیش بە یەکگرتنی نیشتمانی عەرەبی وەک ( أمة عربية واحدة ذات رسالة خالدة)
- با ئەوە ڕاستیەش بڵێم کە لەم ساڵانەی دواییشدا بەزەحمەت یان زۆر بەکورتی لەبارەی مێژووی کورد لە وانەکانی مێژوودا هەیە، وەک باسێکی چڕ و پڕ لەسەر ڕاپەڕینەکانی کورد و وانەکانی ئەو ڕاپەڕینانە و بۆ سەرکردەکانی داهاتووی تێدا نییە، وە باسێکی چۆن و بۆچی چەوساندنەوەی کورد هەیە، تێدانییە! وە نابینیت کە باسێکی تێدابێت دەربارەی بەشداریی کورد لە ناوچەکەدا و مافە سیاسیەکانی کورد، کامانەن بەبەراورد بە نەتەوەکانی دراوسێ و بۆچی؟
بەبۆچونی من، ئەمەش بەڕێکەوت نییە! چونکە ئەوە دەرئەنجامی سیستەمێکە کە گرنگی بەو لایەنانە نادات و لە تورکیا و سوریا ئینکاری بوونی کوردش کراوە و دەکرێت، بەڵام پیاهەڵدانی مێژووی عەرەب بە شتێکی ئاسایی دەزانرێت!

- ئایا دەبێت هەستی نەتەوایەتی و نەتەوە لەسەرو هەستی ئایینەوەیە بێت؟

دەبێت هەستی نەتەوایەتی و نەتەوە لەسەرو ئایینەوە بێت، چونکە نەتەوە پێش ئایینەکان هەر هەبووە،  ئەوەش وانەیەکی پێویستە چونکە هەرێمەکەمان زیاد لە پێویست بەهۆی خراپی بەکارهێنانی ئایینەوە زیانی پێگەیشتووە! بۆ نمونە لە چل سالی ڕابردودا شاڵاوی سورەتی ئەنفالی سەدام و شاڵاوی سورەتی فەتحی ئەردۆغان لە ڕۆژئاڤا و شاڵاوی لەسێدارەدانی ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵات لە لایەن عەمامەبەسەرەکانی ئێرانمان بینی کە چۆن کوردیان بە ناوی خوداوە لەناو بردووە! ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەمان ئەو ئاینە لە وانەی مێژوودا دەخوێنرێت و بانگەشەی ئازادی و دادپەروەری دەکات و بکوژەکانی بە پاڵەوانی مێژوو دادەنێت!
دەبێت نەوەی نوێ فێری ئەوە بکرێت کە:
- مافی نەتەوەیی گوناه نییە!
-چارەی خۆنووسین توندڕەوی نییە!
- دڵسۆزی بۆ کورد و کوردستان، دەبێت جێگا بە ملکەچی ئایدۆلۆژیای ئایینی یان ئیمپراتۆریەت لێژ بکات و بیسڕێتەوە، ڕەنگە ئایین بەهای کەسی یان کولتووری هەبێت، بەڵام هەرگیز نابێت هەستی ئاینی لە سەرووی هەستی ئازادی نەتەوەییەوە بێت! ئەمە وانەیەکی مێژوویی گرنگە کە پشتگوێ خراوە یان هەرنەبووە یان دواکەوتووە، بەڵام ئەم وانەیە زۆر پێویستە و دەبێت پەلەشی لێ بکرێت بۆ فێربوون!

- ئاخۆ ناوەرکی وانەی مێژوو کام بابەتانە لە ئامێز بگرێت؟

ئەوەی من یان ئێمەی ڕۆشنبیر داوای دەکەین لە وەزارەتی پەروەردە ئەوەیە کە هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت بە
لابردنی مێژووی ناسیۆنالیستی عەرەبی لە کتێبی خوێندن و سنووردارکردنی پڕوپاگەندەی ئایینی لە وانەکانی مێژوودا.
- با وانەی مێژووی کورد جێگایان مێژووی ئەوان بگرێتەوە، لەوانەش دابەشبوونی کوردستان لە دوای سایکس-پیکۆ
- پەیمانی لۆزان و هۆکارەکانی و کاردانەوەکانی و کاریگەریەکانی.
- شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کورد لە ساڵی ١٩٢٠ەوە تا ئەمڕۆ، هۆکارەکان و ئەنجامەکەی و خاڵە پۆزەتیڤ و نەگەتیڤەکانی و وانەکانی بۆ سیاسەتمەدارانی ئەمڕۆ، هەتا سیاسەتمەدارەکان فێربن لە هەموو کۆبونەوەیەکدا پێشەکی چەند دێڕێکی سەرنج ڕاکێشی مێژوویی بخوێنرێتەوە پاشان دەست بکەن بە کۆبونەوە ستراتیژیە نەتەوەییەکان!
- ڕۆڵی زلهێزەکان و هێزە ناوخۆییەکان لە یارمەتی و خیانەت و چەوساندنەوەکاندا!
- نموونە مۆدێرنە تازەکانی وەک ڕۆژئاڤا!
- پێویستە قوتابیان فێری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بکرێت نەک بە کوێرانە بڕوا بە هەموو مێژوویەک و پیاوانی ئاینی بکەن!
- با وانەی مێژوو وەک شیکار و لێدانەوە فێری قوتابیان بکرێت، نەک وەک ئەفسانە، چونکە منداڵێک کە فێری ئەوە بێت کە گەلەکەی هیچ مێژوویەکی نییە و هاووڵاتی پلە دووە لە سەر خاکی خۆیدا،  ئەوا کە گەورە دەبن،  لەوانەیە وەک پێویست هەستیان نەبێت دواڕۆژێکی گەش بۆ خۆیان و گەلەکەتان!
- نابێت بەهۆی وانەی مێژووی ووڵاتانی داگیرکەرەوە قوتابییەکان فێری ئەوە بن و ببینن کە ستەمکردن ئاساییە! چونکە ئەوکاتە  نادادپەروەریش وەک چارەنووسی خۆیان قبوڵ دەکەن!
کورد نەهامەتی و ئینکاری و بێدەنگی زۆر دیووە،
سەدان ساڵە تورکیا و ئێران و دەوڵەتە عەرەبییەکان سەیری کورد دەکەن وەک هاووڵانی پلە دوو لەسەر خاکی خۆیان و ڕێگە نادەن کە مافیان هەبێت! هەر بۆیە دەبێت قوتابخانە و پەروەردەش ئەو شوێنە بێت کە ڕاستی واقعی تێیدا پارێزراو بێت و پیشان بدرێت،  نەک سەرکوتکردن و چەوساندنەوە و شێواندنی مێژوو!

- لەکۆتاییدا

پەروەردە پێویستە پرد دروست بکات نەک درۆی بەردەوام دروست بکات و مکیاجی مێژووی ووڵاتانی داگیرکەر بکەن!
- مێژوو پێویستە وانەی هەڵەکانی ڕابردوو فێری نەوەی نوێ بکات بۆ دواڕۆژێکی ئازاد و سەرفرازی، نەک بۆ بە کۆیلە کردن!
- من یان ئێمەی ڕۆشنبیران داوای هیچ ئیمتیازێک ناکەین، بەڵکو ئێمە داوای دان پێدانان و دادپەروەری و یەکسانی دەکەین. بۆ کەرامەتی لاوانی کورد و بۆ داهاتوویەک کە چیتر لەسەر بنەمای سڕینەوەی کورد نەبێت!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست