دوو پەتای جیاواز: لە تاعونی جەستەوە بۆ شێرپەنجەی عەقڵ
13/02/2026, 23:13 (GMT+1)

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، هەمیشە ململانێیەکی سەخت لە نێوان مانەوە و لەناوچووندا هەبووە. ئەگەر بە وردی لە دیمەنی ئێستای کۆمەڵگەی خۆمان و جیهانیش بڕوانین، دەتوانین وێنەی دوو جۆر "ڤایرۆس" بەدی بکەین کە هەریەکەیان بە شێوازێک هەڕەشەیان لە بوونی مرۆڤ کردووە. هەرچەندە هەردووکیان کوشندەن، بەڵام جیاوازیی نێوانیان ئاسمان و ڕێسمانە. بە وردی لەو وێنەیە بروانە ئەوسا مەترسییەکان دەبینیت:
پەتای یەکەم:
میوانێکی نەخوازراوی بایۆلۆژی، کە بریتییە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا (Covid-19) . ئەم مۆتەکەیەی لە ساڵانی 2020 و 2021دا جیهانی خستە دۆخێکی نائاساییەوە.
ئەم ڤایرۆسە نادیارە کە تەنها لە ژێر مایکرۆسکۆپدا دەبینرا، لە ڕێگەی هەناسە و بەرکەوتنەوە دەگوازرایەوە. هەموومان ئەو ترسە دڵتەزێنەمان لەبیرە، کە چۆن دامێنی هەموومانی گرتبوو؛ بەتایبەتی ترسی لەدەستدانی خۆمان و ئازیزانمان. بەپێی ئامارەکان نزیکەی دوو ملیۆن کەس بوونە قوربانیی ئەم پەتایە، بەڵام مەترسییەکە کۆتایی هات، چونکە مرۆڤایەتی بە چەکی زانست و پزیشکی ڕووبەڕووی بووەوە، ڤاکسینی بۆ دۆزییەوە، توانی مەترسییەکەی کۆنتڕۆڵ بکات. ئێستا کۆرۆنا بۆتە بەشێک لە مێژوو، بوو بە وانەیەک و تێپەڕی.
پەتای دووەم:
مەترسیی ئەمەیان لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا کۆنتر و گەورەترە، ئەم پەتایەیە ڤایرۆسی عەقڵ و ڕۆحە، پێویستی بە مایکرۆسکۆپ نییە بۆ بینینی، بەڵکو بە چاو لەناو جەنجاڵی کۆمەڵگا و ئاپورەی خەڵکدا دەبینرێت. ئەم ڤایرۆسە بریتییە لەو شەپۆلە مەترسیدارەی، کە لە ژێر عەبا و ناوی "پیاوانی ئاینی" و بانگخوازە توندڕەوەکانی ئیسلامدا خۆی حەشار داوە. ئەمە هەرچەندە میکرۆبێکی کۆمەڵایەتییە، بەڵام مێژووەکەی لە کۆرۆنا کۆنترە، چونکە توانای خۆگونجاندن و مانەوەی زۆرترە.
جیاوازیی کوشندەی ئەم ڤایرۆسە لە شێوازی گواستنەوەکەیدایە؛ ئەم پەتایە لە ڕێگەی دەم و لووتەوە جەستە نەخۆش ناخات، بەڵکو لە ڕێگەی "چاو و گوێ"ـەوە دزە دەکاتە ناو نێوەندی بڕیاردانی مرۆڤ. کاری ئەم ڤایرۆسە ئەرکی لەکارخستنی مێشک و سڕکردنی بیرکردنەوەیە. کاتێک مرۆڤێک تووشی ئەم پەتایە دەبێت، بەتایبەتی پیاوان، یەکەم نیشانەکانی بریتییە لە دابەزینی ئاستی هۆشیاری بۆ نزمترین ئاستی غەریزەی سێکسی.
نیشانەکانی تووشبوون:
ئەو کەسەی تووشی ئەم پەتایە دەبێت، یەکەم مێشکی لەکار دەکەوێت، دووەم ناوگەڵی دەبێتە سەنتەری بڕیاردان. هاوکێشەی ژیان لای ئەمانە تەنها لە چوارچێوەی جەستە و حەزەکاندا دەخولێتەوە؛ زۆربەیان بە یەک ژن تێر ناخۆن و چاویان لە چوارە، ئەگەر دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت، دەستدرێژیش دەکەنە سەر پیرۆزیی منداڵ و غوڵام، لەگەڵ هەر شتێکی دیکە کە بەلایانەوە جوان بێت، چونکە لای ئەوان "مرۆڤبوون" واتایەکی نییە تەنها "ڕەگەز" بوونی هەیە.ئەم ڤایرۆسە مرۆڤ دەکات بە بوونەوەرێکی هاوشێوەی "زۆمبی"؛ بێ هەست، بێ سۆز و پڕ لە رق. ئەوانەی هەڵگری ئەم ڤایرۆسەن، تەنها ئامانجیان ئەوەیە هەموو کۆمەڵگا وەک خۆیان لێ بکەن، هەر کەسێکیش بەرگری لە عەقڵ و ئازادیی خۆی بکات و تووش نەبێت، بە دوژمنی دەزانن و فتوای کوشتن و لەناوبردنی دەدەن.
دەرەنجام:
کێشەی هەرە گەورە لەوەدایە، کە کۆرۆنا بە دەرزییەک و چەند حەبێک چارەسەری بۆ دۆزرایەوە، بەڵام بۆ ئەم "ڤایرۆسە فکرییە" تا ئێستا چارەسەرێکی ڕیشەیی نەدۆزراوەتەوە. ئەمە پەتایەکە، نەک جەستە، بەڵکو شارستانیەت و مرۆڤایەتی دەخاتە مەترسییەوە، بەرەنگاربوونەوەی پێویستی بە شۆڕشێکی هزریی هەیە، نەک تەنها بە دەمامکێکی پزیشکی.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









