رۆژئاوا، لە داهاتووەوە بۆ چارەنوس
14/02/2026, 14:16 (GMT+1)

(دەربارەی قسەکانی موراد قەرەیڵان)
جارێک بیرم نایەت کەی بوو، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیرێکی رۆژئاوا کۆ بوینەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا من پێم وت: سوید و ئەڵمانیا یارمەتیدان دەدەن. وڵاتانی ئەوروپیی و ئەمریکاش پەکەکەیان لە لیستی تیڕۆڕدا دا ناوە. تورکیا فشار دەخاتە سەر سوید و ئەڵمانیا و پێیان دەڵێت رۆژئاواش پەکەکەن. کەواتە بە قسەی تورکیا سوید و ئەڵمانیا یارمەتیی تیڕۆڕیست دەدەن.
ئێستا لێرەدا دو ستراتیج هەیە. یەکەم، ئەگەر ئێوە پیشانی بدەن پەکەکە نین، ئەوا بۆ ئەو وڵاتانەی ئاسان دەکەن بەردەوام یارمەتیدان بدەن. ئەگەر هەر وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلان هەڵ بواسن، ئەوا ئیشەکە بۆ سوید و ئەڵمانیا گران دەکەن یارمەتیدان بدەن. چونکە تورکیا بەهانەی بە دەستەوە دەبێت. ئایا ئێوە لەم دو ستراتیجە کامیان هەڵ دەبژێرن و بۆچی؟
وەزیر وەڵامی دایەوە کە ئەم پرسیارە گەلێک گرنگە:
یەکەم، تورکیا، نەک پەکەکە، دژی هەموو کوردە. پەکەکەش نەبن تورکیا هەر دژیان دەبێت.
یەکەم، تورکیا، نەک پەکەکە، دژی هەموو کوردە. پەکەکەش نەبن تورکیا هەر دژیان دەبێت.
دوهەم: راستییەکیش هەیە کە بە کورتییەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان ئەو بزووتنەوەیەی دروست کردووە و ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.
وەزیر ستراتیجی دوهەمی هەڵ بژارد نەک یەکەم کە پیشانی بدەن پەکەکە نین. من خۆشم دەمزانی کە ئەوە دەستی لێ نادرێت. بەڵام بە واتایەک پێم وت کە کێشەکەیان نەکەن بە قوربانیی کەسپەرستییەک. ئەمەش سیاسەت و دبلۆماسیی کورد. دیارە بۆچی کورد نابێت بە هیچ.
بۆ ئەڵتەرناتیڤی دوهەمی هەڵ بژارد؟
وەڵامەکەی لە تەیارەیەکی هەولێردا دەدۆزینەوە.وەڵامی ناو تەیارە
ئەم وەڵامەی وەزیری رۆژئاوا سەفەرێکمی بیر خستمەوە لە هەولێرەوە بۆ سوید. لە فڕۆکەخانە بینیم وێنەیەکی زۆر گەورەی مەسعود بارزانی بە پشت جانتاتەسلیمکردنەکەوە هەڵ واسرابوو. منیش لە دڵی خۆمدا وتم چ پێویست بەو وێنە زلە دەکات. کاک مەسعود نە ئەندازیاری تەیارەیە نە زانای فیزیایە، بە تەنها چی دەکات بەو دیوارەوە؟
کە سواری تەیارەکە بوین کوڕێکی هەولێریی لە تەکمەوە دانیشتبوو. هێشتا فڕۆکە هەڵ نە ستابوو خۆم نەگرت لە هەولێرییەکەم پرسی: "ئەرێ کاکە ئەو وێنەیەی کاک مەسعود تۆزێک گەورە نەبوو؟"
کوڕە لێم وەر چەرخا و وەڵامی دایەوە:
"ئەرێ کاکە ئەوە تۆ دەڵێی چی؟ ئەوان مەتارەکەیان لە بەر خاتری وێنەکە دروست کردووە."
ئێستاش کاتێک کە کاک موراد قەرەیڵان بەم درەنگانە داوا دەکات چی تر ئاڵا و رەمزەکانی قەندیل بە کار نەهێنن، لەوەوە نە هاتووە کە ئێستا ئەڵتەرناتیڤی یەکەمی پرسیارەکەی منیان هەڵ بژاردووە.
کاک موراد قەرەیڵان دەڵێت:
"ڕاستە ئێمە هاوکاری ڕۆژئاوای کوردستانمان کردوە و ئەوانیش هاوکاری ئێمەیان کردوە، بەڵام داواکارم گەلمان لە ڕۆژئاوای کوردستان چیتر ئاڵا و ڕەمزەکانی قەندیل بەکار نەهێنن، هەروەها ئەم داوایەم بۆ ئەو کەسانەشە کە لە ئەوروپا چالاکی و خۆپیشاندان بۆ ڕۆژئاوا ئەنجام ئەدەن."
کاک موراد قەرەیڵان دەربارەی هۆکاری ئەم ئامۆژگارییە دەڵێت: "هەر یەکەمان و بە ئاڵا و ڕەمزەکانی خۆمانەوە جوانترین،" بەڵام من وای دەبینم کە ئەم هەڵوێستە یەکێکە لە دەرکەوتەکانی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە. کە تۆ هەڵ وەشایت ئیرادە و توانا لە دەست دەدەیت. بە گشتیی کورد داهاتووی نیە، بەڵکو چارەنوسی هەیە. ئایا ئەم دوانە چین؟
چارەنوس و داهاتوو
بە گوێرەی لێکۆڵینەوەم لە زاراوەی "داهاتوو" هەرەوەها "چارەنوس" بۆ تێگەشتن و راڤەکردنی دیاردەکان:
داهاتوو ئەوەیە کە گەلێک یان مرۆڤێک بە ئیرادە و توانای خۆی دیاری دەکات. بەڵام چارەنوس ئەوەیە کە گەلێک یان مرۆڤێک ئیرادە و توانا لە دەست دەدات و ئیتر چارەنوسی بەند دەبێت بە داهاتووی کەسێکی تر یان گەلێکی ترەوە.
نەمانی ئیدارەی رۆژئاوا داهاتووی کردن بە چارەنوس بە داهاتووی دەستەڵاتی دیمشقەوە. ئەگینا ئەوەی کاک قەرەیڵان کە "هەر یەکەمان و بە ئاڵا و ڕەمزەکانی خۆمانەوە جوانترین،" دورە لە سروشتی پەکەکەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان





















