سڕی سورەییا دۆستی کورد نەبوو!
06/03/2026, 22:28 (GMT+1)

ڕوانگەی ئیسماعیل بێشکچی لەسەر دۆخی کورد و کۆچی دوایی سڕی سورەییا ئۆندەر
من خۆم هیچ ناڵێم، تەنیا وتارێکی سۆسیۆلۆژیست و بیرمەندی گەورە، ئیسماعیل بێشکچیـم بۆ کردوون بە کوردی:
تێڕوانینی بێشکچی بۆ سڕی سورەییا ئۆندەر:
١. سڕی سورەییا ئۆندەر لای من هەرگیز کەسایەتییەکی ئەرێنی نەبووە.
٢. جێگەی سەرنج و سەرسوڕمانە کە دەبینم کورد بۆ کۆچی دوایی ئەو دەگرین و شیوەن دەگێڕن.
٣. پەکەکە لە پرۆسەی ئاسیمیلیەکردنی کورد لە ناو تورکایەتیدا، هاوکاری دەوڵەت دەکات.
بێشکچی ئاماژە بەوە دەکات کە ئۆندەر لە وتارێکیدا کاتێک باسی لە "ناسیۆنالیزمی سەرەتایی" کردووە، وتوویەتی:
"ئێمە هەدەپەمان بۆ ئەوە دامەزراند تا ڕێگری لە ناسیۆنالیزمی کوردی بکەین."
بێشکچی دەڵێت: "سڕی سورەییا ئۆندەر لەو ڕۆژەوە کە مێشکی کوردی تێکداوە، لای من هەرگیز کەسایەتییەکی ئەرێنی نەبووە."
جیاوازیی ناسیۆنالیزمی کوردی و ناسیۆنالیزمی داگیرکەران:
ناوەڕۆکی ناسیۆنالیزمی تورکی، عەرەبی و فارسی لەگەڵ ناسیۆنالیزمی کوردی زۆر جیاوازە. هەر سێ ناسیۆنالیزمە باڵادەستەکە دەیانەوێت کورد ئاسیمیلە بکەن و بە زمان و کەلتوورەوە لەسەر زەوی بیسڕنەوە.
ئەنفال و هەڵەبجە چی بوون؟
دۆڵی زیلان، ساسۆن، دێرسیم و مەهاباد چیمان بیر دەخەنەوە؟
چۆن بوو کە لە ١٣ی تشرینی دووەمی ١٩٦٠دا، لە سینەمای عامودێ لە ڕۆژاوا، ٥٠٠ منداڵی کورد کە زۆربەیان خوێندکاری سەرەتایی بوون لە ناو سینەمادا سووتێنران؟ نزیکەی ٣٠٠یان گیانیان لەدەستدا و ٢٠٠ەکەی تریش بە سەختی کەمئەندام بوون. ئەو سێ ناسیۆنالیزمە هێرشبەر و داگیرکەرن و ئەمەش هەڵوێستێکی ڕەگەزپەرستانەیە.
بە پێچەوانەوە، ناسیۆنالیزمی کوردی ئامانجی ئەوە نییە هێرش بکاتە سەر کەس یان خاکی کەس داگیر بکات؛ ناسیۆنالیزمی کوردی ئامانجی ئاسیمیلیەکردنی هیچ نەتەوەیەکی نییە، بەڵکو تەنیا دەوێت ئەو زمانەی لەژێر فشار و زوڵمدایە ببووژێنێتەوە و بە ناسنامەی خۆیەوە بژی.
خەیاڵی دیموکراسیخوازیی داگیرکەر:
لەبری خەبات بۆ ماف و ئازادییەکانی کورد، هەوڵدان بۆ "دیموکراسیخوازکردنی داگیرکەر" تەنیا خەیاڵێکی پووچە. فشار و قەدەغەکارییەکان بۆ ئەوەن کورد لەژێر دەستدا بهێڵرێنەوە. بۆ دیموکراسیخوازکردنی تورکیا، پێویست بە خەباتی چەکداری ناکات.
سڕی سورەییا ئۆندەر لە ٣ی ئایاری ٢٠٢٥دا کۆچی دوایی کرد؛ لەو ڕۆژەوە بەشێکی زۆری کورد خەریکی شیوەن و گریانێکی زۆرن. بە لامەوە سەیرە کوردێک کە بۆ بابەتە بنەڕەتییەکانی وەک "زمانی دایک" هەوڵێکی جدی نادات، بەم شێوەیە بکەوێتە ناو شیوەن و گریان بۆ کەسێکی وا.
دوا وتە: نابێت ئەوەش لەبیر بکرێت کە سیاسەتی ئاسیمیلیەکردنی کورد لە ناو تورکایەتیدا، سیاسەتێکە بە هاوکاری و هاندانی پەکەکە بۆ دەوڵەت ئەنجام دەدرێت.
ئاوا وایە، با ئەوەندەی لەسەر بڵێم.. بێشکچی لەخۆوە قسە ناکات.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









