نەخش و لۆگۆ فەلسەفە نین، بیرۆکەن
12/03/2026, 13:41 (GMT+1)

وەک لە پۆستەکی پێشومدا باسم کرد ڕۆژهەڵاتیەکان لە ئێمە ژیرترن، بەئاگاترن، بێگومان ئەمەش بە ڕێکەوت نیە و دەرئەنجامی مێژووی ناوچەکەیە کە ڕەنگ دەداتەوە لە وێژە و مۆسیقا و هەلسوکەوتیاندا.
دواهەمین بەرهەمیان لۆگۆیەکە بۆ هاوپەیمانیی پارتە سیاسیەکان، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن چەندە ژیرن؛ چۆن شکڵێکی مێژوویی و لە هەمان کاتا مانادار پڕ بە پێستی چەمکی هاوپەیمانییمان بۆ بەرجەستە دەکەن، لە کاتێکدا لە چل ساڵی ڕابوردودا لە باشوور نەمانتوانی لۆگۆیەکی ڕەسەن بۆ ڕێکخراوێک یان پارتێکی سیاسی بەرجەسەتە بکەین، یان ئەوەیە کۆپی لۆگۆی ئاکەپەیە یان لۆگۆیەکی بێ مانا و بۆش.
نەخشە کۆنەکە لە ئەشکەوتی قزقایان لە ناوچەی ڕێزان دۆزراوەتەوە و گوایە بۆ ئاشتی نێوان دوو پاشای لیدیا و مێد بەرجەستە کراوە، بەڵام گۆڕانکاریەکەیان تێدا کردوە بەوەی کە ژمارەی تیشکی ڕۆژەکەیان یەکسان کردوە بە ژمارەی تیشکی ڕۆژی سەر ئاڵای کوردستان.
لەسەر سایتە کۆمەڵایەتیەکان هەنێ کەس بە بینینی ئەو لۆگۆیە باسی فەلسەفە دەکەن، بەڵام نەخش فەلسەفە نییە چونکا فەلسەفە بیرۆکەیەکی ئاڵۆزە و بریتییە لە وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەی کە مرۆڤ لەسەر ژیان دەیکات لە ڕووی کۆمەڵایەتیی و مۆراڵ و میتافیزیکی و ...تاد، واتە سیستەمێکی هزرییە بەندە لەسەر زانستی لێکۆڵینەوە لە ژیان لە چەند ڕوویەکەوە.
بەڵام نەخش و لۆگۆ فەلسەفە نین، دەتواننن ببنە پەندێک، بیرۆکەیەک، ڕونکردنەوەیەک، هێمایەک.
لێکدانەوەی نەخشەکە؛
یەکەم شت کە باز دەداتە نێو نیگامان شکڵی بازنەییە، واتە کۆبونەوە. بازنە سێهەم شکڵی هەندەسییە لە دوای سێگۆشە و چوارگۆشەوە، بازنە پێنچ خاڵ دەگرێتە خۆی و زیاتر، بە واتای کۆمەڵگە و کۆبونەوە دێت. ئەگەر ڕەنگێک بدەین بە بازنە ئەوا دەبێتە شین و چوارگۆشە سور و سێگۆشە زەرد.
بازنە شکڵێکی بێخەوشە، سەرەتا و کۆتایی نیە. هەموو خاڵەکانی سەر بازنە بەهەمان دووریەوەن لە سەنتەر، سایکلی وەرزەکانە، شەو و ڕۆژ....تاد، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە لێرەدا گوزارشت لە کۆبونەوە و یەک بوون دەکات کە تەواو گونجاوە لەگەڵ بابەتەکەدا کە بریتییە لە هاوپەیمانیی.
کە سەیری نەخشە کۆنەکە دەکەین کە وا دیارە هونەرمەند لەو سەردەمەدا تەواو بەئاگا بووە لەوەی چی کردوە؛ شکڵێی هەڕەمەکی نیە و پڕمانایە؛
شکڵی ڕۆژێکە لە یازدە تیشک پێکهاتوە، بەڵام تیشکەکان سەربەست نین واتە لە دەرئەنجامی یازدە سەهم کە ڕوو لەسەنتەری بازنەکە دەکەن دروستبووون. واتە ئەو دوو شکڵە؛ یازدە تیشک و سەهمەکان پێکەوە گرە دراون. کە تەواو لە گەڵ چەمکی هاوپەیمانیدا دەگونجێت؛ سەهمەکان وەک هێمای پارتەکان بەرەو سەنتەر و کۆبونەوە پاشان ڕەنگدانەوەی ئەو کۆبونەوەیە لە سەنتەرەوە بە بازنەیەکی تر کۆتایی دێت و پاشان دەبنەوە بە تیشکی خۆرێک وەک هێمای ڕووناکی و بەختەوەریی.
بێ گومان لە مێژووی کۆن و ژیانی کۆمەڵایەتیدا ژمارە هێما و گرنگییەکی هەبووە بەتایبەتیی ژمارە تاکەکان وەک ؛ (3.7.9.11.13.) هەوەها ژمارە چل لای کوردان . بەڵام نازانین بە چ مەبەسێک تیشکی نەخشە کۆنەکە یازدەن! ئایا لەو سەردەمەدا یازدە گوزارشی لەچی کردووە؟ بەڵام لە نەخشە نوێکەدا بووە بە بە بیست و یەک، جگە لەوەی بیست و یەک ژمارەی تیشکی ڕۆژی ئالای کوردستانە لەهەمان کاتا ژمارەیەکە پەیوەسەتە بە دینی زەردەشتییەوە کە بەشێکە لە مێژووی کوردان.
پڕ بەدڵ دەستخۆشی لە کاکی هونەرمەند دەکەین بۆ ئەو لۆگۆ پڕمانایە کە تەواو دەگونجێت لەگەڵ هاوپەیمانی پارتەکاندا.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









