ئاخۆ شیکار و ڕۆڵ و پلانی ستراتیژی سەرکردەکانی کورد بۆ شەڕی ئێران، دەبێت چی بێت؟
13/03/2026, 14:35 (GMT+1)

- ئاخۆ واقیعی سیاسەتی نێودەوڵەتی چی بێت، بە شێوەیەکی گشتی؟
- ئاخۆ سیاسەتمەداران لە ئەزموونە مێژووییەکانەوە، فێری ئەوە بوون کە ڕوونتر و فراوانتر، بیربکەنەوە؟
- ئاخۆ گرنگی گەرەنتی نێودەوڵەتی سیاسی بۆ پێکەوەکارکردن کورد، دژی ئێران دەبێت چی بێت؟
- ئایا چۆن سەرکردەکان هەڵەکانی مێژووی خۆیان ئەتوانن ببینن و چارەسەری بکەن؟
- ئاخۆ دوور کەوتنەوەی کورد لە پەیوەندی ڕاستەوخۆی ناوچەییەکان کارێکی پۆزەتیڤە یان نەگەتیڤ؟
-----------
- ئاخۆ واقیعی سیاسەتی نێودەوڵەتی چی بێت، بە شێوەیەکی گشتی؟
لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، لەزۆربەی کاتدا یەک یاسای سەخت جێبەجێ دەکرێت، ئەویش (ووڵاتان هیچ کاتێک دۆستێکی هەمیشەیییان نییە، بەڵکو تەنیا بەرژەوەندی هەمیشەیییان هەیە!)
ئەوەی بۆ ئەمریکا گرنگە، سەقامگیری و کاریگەری و بەرژەوەندی ستراتیژییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە وە ئەوەی بۆ ئیسرائیلیش گرنگە، ئاسایشی ئیسرائیلە لە هێزە و بەکرێ گیراو و کلکەکانی ئێران و توندڕەوەکان!
ئەگەر ئەمەریکا و ئیسرائیل، بیانەوێت کورد ڕابکێشرێتە ناو ئەو ململانێیەوە کە دژ بە ئێران دەکرێت، ئەوا لە ڕووی تاکتیکییەوە سوودی بۆ ئەمەریکا و ئیسرائیل دەبێت و لەوانەشە لەم کاتەدا هەلێکی زێڕینیش بێت بۆ کورد! چونکە کورد زیاتر لە ١٤٠٠ ساڵە دەیەوێت بڕوا بە برایەتی عەرەب و تورک و فارس بکات، بەڵام هەر چارەنوسی کوژران و بەکەنیزەکردن و ووێرانی کوردستان بووە! لەهەمان کاتدا ئەو پرسیارەش کە هەمیشە لە مێشکی هەموو کوردێکدا دروست دەبێت و دەمێنێتەوە، ئەوەیە: (ئایا دوای ئەو شەڕەکە چارەنوسی کورد چی دەبێت و چی ڕوودەدات؟ وە ئاخۆ بەرژەوەندی ئەو شەڕە بۆ کورد و کوردستان چی دەبێت؟)
- ئاخۆ لە ئەزموونە مێژووییەکانەوە، سیاسەتمەداران فێری ئەوە بوون کە ڕوونتر و فراوانتر، بیربکەنەوە؟
لەگەڵ پەرەسەندنی گرژیەکانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەوان داوای پشتیوانی لە هێزە کوردییەکان دەکەن! بەڵام پێویستە سەرکردەکانی کورد زۆر بەووریاییەوە هەنگاو بنێن و بڕیار لەسەر ستراتیژی نەتەوەیی دوور مەودا بدەن!
ڕووداوەکانی ساڵانی١٩٤٦ و ١٩٧٥ و ١٩٩١ و ٢٠١٧ وێنەیەکی ڕوون پیشان دەدەن، کە ئەویش پشتیوانی زلهێزەکان هەر بە بەڵێن و خۆش باوەڕی سەرکردەکانی کورد بووە، نەک بە نوسراوی پەیمانی مۆرکراو! کەواتە ئەگەر هەر بە بەڵێن بێت، لەوانەیە هاوپەیمانیەکە بەردەوام نەبێت و زۆرجار لەناکاو یارمەتیەکان بوەستێنرێت و نەمێنێت، کاتێک کە ئەوان، ئامانج و بەرژەوەندیەکانیان بەدەست دەهێنن!
بەبۆچونی من پێویستە سیاسەتمەداران لەم کاتەدا هاوکاری لەگەڵ زلهێزە نێودەوڵەتییەکان بکەن، بەڵام بەم مەرجانە:
- ئاخۆ گرنگی گەرەنتی نێودەوڵەتی سیاسی بۆ پێکەوەکارکردن کورد، دژی ئێران، دەبێت چی بێت؟
کورد بە درێژایی مێژوو زۆرجار لە پێناو بەرژەوەندیی ئەوانی تردا خەباتی کردووە، بەڵام دواجار بە تەنیا ماوەتەوە و بەجێیان هێشتووە!، بۆیە هەر هاوپەیمانی و هاوکارییەکی داهاتوو دەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی واقیعی و گەرەنتی نێودەوڵەتی ڕوون و وریایی ستراتیژی کورد بێت.
کەواتە، نابێت ئایندەی کورد و کوردستان دیسان پشت بە گەمە جیۆپۆلەتیکییە کاتییەکان ببەستێت!
بە بۆچونی من، پێویستە هەنگاوەکانی سەرەکی بۆ سیاسەتی کوردی لەم خاڵانەدا خۆیان ببیننەوە:
- گرنتی نێودەوڵەتی پاراستنی ناوچە کوردنشینەکان لە ووڵاتانی داگیرکەر و گروپەتوندڕەوەکان.
- دانپێدانانی سیاسی نێودەوڵەتی بۆ کوردستان دوای جەنگ، فیدراڵی یان کۆنفدراڵی یان چارەی خۆنووسین!
- پاڵپشتی ئابووری و گەشەپێدانی ژێرخانی کوردستان لە دوای جەنگ.
- پاراستنی دیپلۆماسی و ئاشتی، دوای شەڕ و ململانێی ناوچەکە.
- گرنتی هاوبەشی ڕاستەقینەی کورد لە بەبازاڕکردنی ووزە و سامانەسروشتیەکاندا بەتایبەتی نەوت و غاز!
- ئایا چۆن سەرکردەکان هەڵەکانی مێژووی خۆیان ئەتوانن ببینن و چارەسەری بکەن؟
دابەشبوونە ناوخۆییەکانی نێوان حزبە کوردییەکان لە مێژوودا بە یەکێک لەهەرە لاوازترین خاڵە لاوازەکانی کورد دەژمێردرێت! چونکە بەبێ یەکگرتوویی و پلانێکی ستراتیژی نەتەوەیی ڕوون و یەک دەنگی و یەک هەڵوێستی، ووڵاتانی داگیرکەر و زلهێزە دەرەکییەکانیش دەتوانن گرووپە کوردیە جیاوازەکان لەدژی یەکتر بەکاربهێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان و ئەوهەلە زێڕینەی کە ئێستا دروست بووە لەدەست بچێت!
بۆیە بە بۆچونی من دەبێت بۆ کوردستانی گەورە ئەنجومەنێکی باڵای نەتەوەیی هەبێت کە پلان بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی هەر چوارپارچەی کوردستان دابنێت، وە بۆ هەر پارچەیەکی کوردستانیش ئەنجومەنێکی تایبەت بەو بەشەی کوردستان هەبێت.
ئەو ئەنجومەنانە دەتوانن مانگانە یان وەرزانە کۆببنەوە و گفتوگۆ لەسەر بابەتەکانی ڕۆژ و داهاتووی کوردستانی گەورە و داهاتووی هەر پارچەیەکیش بە جیا و پلانی کورتخایەن و درێژخایەن، تاوتوێ بکەن!
- ئاخۆ دوور کەوتنەوەی کورد لە پەیوەندی ڕاستەوخۆی ناوچەییەکان کارێکی پۆزەتیڤە یان نەگەتیڤ؟
ململانێی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا، بەدڵنیاییەوە کاردانەوەی وڵاتانی دراوسێ و داگیرکەری کوردستانیان لێدەکەوێتەوە وە زۆبەی کات ئەو کاردانەوانەس نەگەتیڤە، وەک کاردانەوەی تورکیا و عێراق(حەشدی شەعبی) و سوریا!
بەبۆچونی من پێویستە سەرکردەکانی کورد هەمیشە دەرئەنجام و کاردانەوانەی ئەو ووڵاتانەش زۆر باش شیکار بکەن و بە ڕوونی لەبەرچاوی بگرن، هەتا بتوانن پلانێکی ستراتیژی دیارو ڕوونیان هەبێت بۆ ئەو پەیوەندیانە، وە پێویستە ئەو کاردانەوە نەگەتیڤانەی ئەوان، بە شێوەی دانوستاندن و لێک تێگەیشتن بگونجێنن لەگەڵ بەرژەوەندی هەرێم و کوردستاندا بە گشتی، هەتا توڕەیی و کاردانەوەی دڕندەی ئەوان نەبێتە هۆی ووێران بونی هەرێم بەتایبەتی و کوردستانیش بە گشتی!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









