برایەتی گەلان یان خوشکایەتی؟
22/03/2026, 12:29 (GMT+1)

دەبێت ئەو ڕاستیە بڵێین کە ئۆجەلان گەورەترین خزمەتی کردوە بە مافی ژنان، قەڵەمبازێکی گەورەی داوە بە دیاردەی ئازادی ژنان لە ناوچەیەکدا کە لەگەڵ زەمەندا قانونەکان بە زیانی ئەوان دەشکێنەوە، هیچ سەرکردەیەک هێندەی ئاپۆ خزمەتی بە چەمکی ئازادی ژنان نەکردووە. بۆیەکا ژنان هێندە ڕێزی لێ دەگرن. شایەنی ئەو ڕێزەشە.
بەڵام برایەتی گەلان ناگونجێت لەگەڵ چەمکی فەمینیستی و ناکۆکە. باشترە بڵێین؛ دەستەواژەی برایەتی ناگونجێت لەگەڵ ئایدیۆلۆژی ئاپۆ. فەمینیستە فەرەنسیەکان یەکەم کەس بوون کە باسی ئەو کێشەیەیان کرد و دروشمێکیان بۆ دروشمی فەرەنسی؛
(ئازادی، یاکسانی، برایەتی)
زێدە کرد بە خوشکایەتیی (Sororité)، ئێدی هەرگیز فەرەنسیەکان تەنها برایەتیی بەکار ناهێنن بە بێ خوشکایەتی، بەڵام ئاپۆ پێ دەچێت لە ئیمراڵی ئاگاداری خوشکایەتی نەبێت.
دەربارەی کتێبەکەی ئاپۆ؛ مانیفيست بۆ کۆمەڵگەی دیموکراسی… فەیلەسوفێکی ئەمریکی دەیگووت کە ئاپۆ لەگەڵ ئەوەشدا کە کتێبخانەکەی سنوردارە بەڵام بەرهەمێکی گرنگی نوسیوە. بەڵام من دەڵێم نەک کتێبخانەکەی سنوردارە بەڵکو پشتی بە هەندێک سەرچاوەی بەستووە، کە دەمێکە زانست بە درۆی خستۆتەوە، یەکێک لەو سەرچاوانە ئەوەیە کە ئاپۆ دەڵێت گوایە ڕۆح کێشی هەیە، بە پشتبەستن بە کەسێک لە خەستەخانەیەکدا نەخۆشێکی لەسەر جێگایەک داناوە و جێگاکەش لەسەر تەرازویەکی کێشان، گوایە سەرنجی داوە کاتێک کابرا مردووە کێشی کەم بۆتەوە.
ئەم تاقیکردنەوەیە بە درۆ خراوەتەوە بەڵام ئاپۆ ئاگاداری نییە بەهۆی کتێبخانەیەکی سنوردارەوە. هەر بۆیەش ئاگاداری دەستەواژەی خوشکایەتیی نییە. هەربۆیەش بۆچوونەکانی لەسەر ڕەوشی سیاسی کورد و ناوچەکە تەواو لە دەرەوەی واقیعە.
خوشکایەتی یان برایەتی گەلان، ئەگەر لە ڕۆژهەڵات لەلایەن ئیخوان موسلسلیمونەوە باسی لێوە کروە بەڵام ئەو برایەتیە تەنها لە نێوان ئیسلامیەکاندا بووە، هەمیشە ناوچەگەرایی یان ئیسلامگەرایی بووە. برایەتیی گەلان یەکێکە لە دروشمەکانی فەرەنساش بەڵام لە هیچ سەردەمێکدا و کەس وەک ئاپۆ نەیکردوە بە دروشمێکی سەرەکی ئایدیۆژیاکەی.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەگە ڕۆژێک کوردستانێکی گەورە دروست ببێت هەگیز نابێتە وڵاتێکی ناسیۆنالیستیی نەتەوەیی (دەوڵەتی نەتەوەیی). جگە لەوەی کە تاکی کورد خاوەنی کەمترین هەستی ناسیۆنالیستییە لە چاو فارس و تورک و عارەب لەهەمان کاتدا لە دێر زەمانەوە لەسەر خاکەکەی چەندەها گروپی ئێتنی و دینی دەژیێن، بەڵام ئاپۆ باسی دەوڵەتێکی کۆنفیدرالیسمی نەتەوەیی لە ژێر ئاڵای کوردستاندا ناکات، کەچی قبوڵی دەکات کە کورد لەژێر دەوڵەتی ناسیۆنالیستی فارس و عەرەب و تورک، لەژێر ئاڵای ناسیۆنالیستی ئەواندا بژیێێت؟ لە کاتێکدا سورین لەوەی کە هیچ کام لەو نەتەوەوانە ئامەدەنین کورد قبوڵ بکەن بە کولتوور و زمانەکەیەوە.
....................................
ڕێکلامەکەی پشتی ئاپۆ، ڕێکلامی پاریسە بۆ هەشتی مارس، دروشمی خوشکایەتیان زێدە کردوە بۆ سێ دروشمەکەی فەرەنسا؛
ئازادی، یەکسانیی، خوشکایەتیی.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









