<

سیاسەت وەک یارییکردنی هەرزەکارێک: چەمکی "خیانەت" بۆ سەرکردە کوردەکان

18/04/2026, 20:57 (GMT+1)

بۆچی چەمکی "خیانەت" بۆ سەرکردە کوردەکان لێرەدا کورت دەهێنێت؟

هەرزەکارێک بهێننە بەرچاوی خۆتان، کە هێشتا نەگەیشتۆتە تەمەنی لێخوڕین و مۆڵەتی شۆفێریی نییە. کاتێک بە دزییەوە یان بە ڕێکەوت سویچی ئۆتۆمبێلێک دەکەوێتە دەستی و بزوێنەرەکەی دەخاتە کار، ئەو تەنها مەستی دەنگە گەورەکەی بزوێنەرەکە و جووڵە خێراکانی سەیارەکەیە. بۆ ئەو، کلاچ، ستۆپ و بەنزین تەنها ئامرازێکن بۆ تاقیکردنەوەی چێژ و زەوقێکی کاتی. ئەو نازانێت کەی پێویستە خێرایی کەم بکاتەوە و کەی ستۆپ بگرێت، چونکە نە یاساکانی هاتوچۆ دەزانێت و نە هەست بەو مەترسییە گەورەیە دەکات، کە لەسەر ژیانی خۆی و کەسانی دەوروبەری دروستی دەکات. ئەو تەنها دەیەوێت "ئۆتۆمبێلەکە لێبخوڕێت" و چێژ لەو دەسەڵاتە وەهمییە ببینێت کە سوکانی ئۆتۆمبێلەکە پێی دەبەخشێت.
ئەم وێنەیە، ڕێک گوزارشتە لە دۆخی دەسەڵاتداری و بەڕێوەبردنی سیاسی لە باشووری کوردستان. کاتێک سەیری بەشێک لە سەرکردە و بڕیاردەرەکانی ئەمڕۆ دەکەن، هەمان ئەو هەرزەکارەمان دێتە بەرچاو کە بەبێ هیچ ئەزموون و پێشینەیەک، سویچی وڵاتێکیان کەوتووەتە دەست.
نموونەی زەق و ڕوونی ئەم دۆخە، هاتنەپێشەوەی کەسایەتییەکانی وەک پاڤێڵ تاڵەبانییە پاش گەڕانەوەی لە ئینگلتەرا بۆ ناو جەرگەی دەسەڵات. ئەو، ڕێک وەک ئەو کوڕە هەرزەکارە، بەبێ ئەوەی بە قۆناغەکانی پێگەیشتنی سیاسی، خەبات، یان تەنانەت شارەزابوون لە ئازار و کێشە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگەکەیدا تێپەڕیبێت، لەپڕ خۆی لەسەر کورسیی شۆفێریی دەسەڵاتدا بینییەوە. ئەو هات و قاچی خستە سەر بەنزینی بڕیارە سیاسییەکان، بەبێ ئەوەی بزانێت لێکەوتەکانی چین و لە کوێدا پێویستە ستۆپ بکات یان ئاراستەکە بگۆڕێت.
لێرەدایە کە زۆرجار ئێمە لە خوێندنەوەی ڕووداوەکاندا، بەتایبەتی کاتێک ڕەفتار و بڕیارەکانیان بە "خیانەت" ناودەهێنین، لەوەدا هەڵە دەکەین. بەڵام بۆچی ئەمە هەڵەیە؟
چونکە "خیانەت" لە بنەڕەتدا پێویستی بە تێگەیشتن، هۆشیاری و بەهایەکی پێشوەخت هەیە. خیانەت لێزانینە و پێچەوانەی خۆشەویستییە بۆ گەل و نیشتیمان، ئەمەش کاتێک ڕوودەدات، کە تۆ بەهای شتێک بزانیت، باوەڕت پێی هەبێت، بەڵام دواتر لە پێناو بەرژەوەندییەکدا بە ئاگا و مەبەستەوە پشتی تێبکەیت و بیفرۆشیت. کەسێک، کە هەرگیز لە مانای "خۆشەویستیی نیشتمان" نەگەیشتبێت، چۆن دەتوانێت لە مانای "خیانەت"یش تێبگات؟ ئەو هەر نازانێت سنوورەکانی بەرژەوەندیی گشتی و ئاسایشی نەتەوەیی لە کوێدان تا بیانبەزێنێت!
ئەوەی ئەم سەرکردە تازەپێگەیشتووانە دەیکەن، خیانەتێکی پلان بۆ داڕێژراو نییە لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیایەکدا، بەڵکوو "نەزانییەکی کوشندە" و یاریپێکردنە بە چارەنووسی گەلێک. ئەوان تەنها زەوقیان لەسەر "لێخوڕینەکەیە"، چێژ لە دەسەڵات، سامان و فەرمان و بڕیاردەرکردن دەبینن، بەبێ ئەوەی بزانن ئەم ئۆتۆمبێلە بێ ستۆپەی لێی دەخوڕن، بەرەو کام هەڵدێر دەڕوات.
بۆیە، کێشەی سەرەکی ئێمە تەنها ئەوە نییە، کە سەرکردە و بەرپرسەکانمان "خیانەتکارن"، بەڵکوو تراژیدیا گەورەکە ڕادەستکردنی چارەنووسی وڵاتە بە هەرزەکارانێک، کە نە مۆڵەتی متمانەی گەلیان هەیە، نە شارەزان، و نە تەنانەت هەست بە قورسایی بەرپرسیارێتیی ئەو سوکانە ناکەن کە بە دەستیانەوەیە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست