شێروان شێروانی
03/05/2026, 21:45 (GMT+1)

لە زینداندا بە هەستێکی بەرز و بڕیارێکی توند، مانگرتنی لە خواردن دەستپێکردووە. ئەم هەنگاوە نیشانەی ئەوەیە کە مرۆڤ دەتوانێت بە تەنهاش بێت لە سەر باوەڕی بەردەوام بێت. دەنگی ڕاستی لە ناو دڵیدا بێدەنگ نابێت. مانگرتن لە خواردن نەک تەنها جەستەی مرۆڤ لە بەردەم تاقیکردنەوە دادەنێت بەڵکو وێنەیەکی بەهێز لە خۆڕاگری و خەبات بۆ ماف و ئازادی بەگەڕ دەخات .لە ژێر سێبەری دیوارە ساردەکانی زیندان، کاتێک دەنگەکان کپدەکرێن و ڕۆژ لە پشت پەنجەرەیەکی تەنگەوە دەبینرێت، جەستە ی مرۆڤی باڵا بە هێواشی دەست لە خواردن هەڵدەگرێت… بەڵام لە هەمان کاتدا، ڕۆح دەست دەکات بە گۆرانییەکی بێدەنگ. ئەم مانگرتنە، نە تەنها وازهێنانە لەژیان ، بەڵکو نووسینەوەی چیرۆکی خۆڕاگرییە بە حەرفی ئازار.
مرۆڤ لە کاتێکی وەهادا، کە هەموو دەرگاکان دادەخرێن، دەگەڕێتەوە بۆ ناو خۆی، بۆ ئەو شوێنەی کە ئازادی وەک چرایەکی بچووک، بەڵام نەمر، دەدرەوشێتەوە. مانگرتن لە خواردن وەک نەغمەیەکی ئارامە بۆ مرۆڤی باڵا ، بەڵام پڕ لە واتایە کە دەڵێت: “ئێمە دەتوانین بێدەنگ بین، بەڵام شکست نا نوسینەوە" .
ئەم هەنگاوە وەک شێعرێکی نەنووسراوە، لەسەر پەڕەی جەستە دەنوسرێتەوە، هەر ڕۆژێک بە هێواشتر، بەڵام قووڵتر خۆی نمایش دەکات . هەربۆیە تێیدا، ئازار دەبێتە وشە و بڕیار دەبێتە مانا بۆ ژیانی ئازاد . وەک ئەوەی مرۆڤ بە هەموو لاوازییەکانی خۆی بڵێت: “هێشتا دڵێکم هەیە کە بۆ ڕاستی لێ دەدات.
لە کۆتایی دا، ئەم مانگرتنە ناگاتە سنووری جەستە ، بەڵکو دەچێتە ناو مێژووی ویژدانی تاک بەتاکمان . لەوێدا، هەر هەناسەیەک دەبێتە شایەتییەک بۆ ئەوەی کە ئازادی، هەرچەندە لە زنجیرەکاندا بێت، هێشتا دەتوانێت مانایەکی هەبێت بۆ داهاتوو .
لە کاتێکدا کە دیوارە ساردەکانی زیندان هەوڵ دەدەن دەنگەکە کپ بکەن بڕیارێکی وەک ئەمە دەبێتە چرایەک بۆ ئەو کەسانەی کە هێشتا باوەڕیان بە داد و ڕاستی هەیە. شێروان بە ئەم کردارەی خۆی دەڵێت کە جەستە دەتوانرێت سنووردار بکرێت، بەڵام ویژدان و ئیرادە نا.
مانگرتن لە خواردن نامەیەکی بێدەنگە، بەڵام پڕە لە مانا، بانگەوازیەکە بۆ هەموو کەس کە گوێ بگرێت، بۆ ئەوەی نەهێڵن ماف و ئازادی بە ئاسانی لەدەست بچێت. ئەم هەنگاوە وەک یادەوەرییەک دەبێت کە خەباتی ڕاستەقینە. هەمیشە لە دڵی مرۆڤەوە دەستپێدەکات.لە ناو تاریکییەکانی زیندان، کاتێک جەستە دەست لە خواردن هەڵدەگرێت، ڕۆح دەست دەکات بە قسەکردن. مانگرتن لە خواردن تەنها وازهێنان نییە لە خواردن، بەڵکو گفتوگۆیەکی قووڵە لەگەڵ بووندا ، پرسیارێکە لەسەر سنووری ئازادی و مانای ماف لە ژیانی مرۆڤدا سەرچاوەدەگرێت .
مرۆڤ کاتێک هەموو شتێکی لێدەسەندرێتەوە، تەنها شتێک بەجێدەهێڵێت بڕیار کە و ئەو بڕیارە دەتوانێت ببێتە شۆڕشێکی بێدەنگ، هێزێکی نەبینراو کە لە ژێر هەموو فشارێکدا خۆی دەپارێزێت. مانگرتن لە خواردن، ئەو کاتەیە کە مرۆڤ بە جەستەی خۆی دەڵێت، من هێشتا هەم و ویژدانم هێشتا زیندووە.
فەلسەفەی ئەم کردارە لەوەدایە کە ئازادی هەرگیز تەنها بە دەرەوەی مرۆڤ نابەسترێتەوە ئەوە لە ناوەوەیە، لە شوێنێک کە هیچ دیوارێک ناتوانێت بگاتێ. کاتێک مرۆڤ بڕیار دەدات بەرامبەر زۆرداری بوەستێت، ئەگەرچی بە بێدەنگیش بێت، ئەوە دەبێتە بەڵگەی ئەوەی کە ڕاستی هەمیشە ڕێگای خۆی دەدۆزێتەوە. لە کۆتایی دا، مانگرتن لە خواردن پەیامێکە بۆ جیهان: کە جەستە دەتوانێت لاواز بێت ، بەڵام ویژدان نا .
بابیسان بەر لەمردنی لەزیندان ووتی : تۆڵەی ئێمە پێکەنینی منداڵەکانمانە
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









