دوای ١٦ ساڵ کوردستانپۆست پەردە لەسەر پلان و ناو و وێنەی تاوانباران و بکوژانی سەردەشت عوسمان لادەبات

بۆ یەکەمینجار کوردستان پۆست بە ڤیدیۆ ساتی ڕفاندن و هۆکاری ڕفاندن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان دەخاتە ڕوو
ڕاپۆرتی بنکۆڵکاری و شیکاریی گشتگیر و ورد لەسەر دۆسیەی ڕفاندن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان
لە ڕێکەوتی 4ی /5/ 2010، کارەساتێکی گەورە
لە مێژووی ڕۆژنامەگەری و ئازادی ڕادەربڕین لە باشووری کوردستان ڕوویدا، کاتێک ڕۆژنامەنووس
و خوێندکاری زانکۆ، سەردەشت عوسمان، کە لەهامنکاتدا پەیامنێری نهێنی کوردستانپۆست بوو،
لە بەردەم زانکۆی سەلاحەدین لە شاری هەولێر ڕفێنرا. تەنها دوای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ
بەسەر فڕاندنەکەیدا واتە لە رۆژی 6/ 5/ 2010 تەرمەکەی لە شاری موسڵ دۆزرایەوە. ئەم
تاوانە قێزەونە و تیرۆریستییە بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایی و پەرۆشی
لای هاونیشتمانیان و خەڵکی کوردستان. لەم ڕاپۆرتە دوور و درێژەدا، بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک
زانیاریی کە پێشتر لە کوردستانپۆستدا بڵاومان کردۆتەوە، هەروەها لێدوانی کەسانی ناوخۆیی
و بنەماڵەی شەهید، تەواوی قۆناغەکانی پلاندانان، چاودێریکردن، ڕفاندن، تیرۆرکردن، و
دواتریش هەوڵەکانی چەواشەکاری و پاکتاوکردنی ناوخۆیی دەخەینە ڕوو.
بەشی یەکەم:
ناسنامەی قوربانییەکە و هۆکارەکانی کرانە
ئامانجی لەلایەن پارتیەوە سەردەشت عوسمان گەنجێکی ڕۆشنبیر، ئازا و بوێر بوو کە قەڵەمەکەی
بۆ دەربڕینی ڕاستییەکان تەرخان کردبوو. ئەو لە سەرەتا کاری وەرگێڕانی دەکرد و وەک وەرگێڕێک
لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ زمانی کوردی لە هەفتەنامەی "ئاشتینامە" کاری دەکرد.
لە پاڵ ئەمەدا، بە نهێنی وەکو پەیامنێر لە کوردستانپۆستدا و لە رێگای مستەفای حەسەنە گەورەوە،
هەواڵ و زانیاری دەنارد، هەر لەو سەردەمەدا سەردەشت کۆمەڵێک وتاری لە سایتی "کوردستانپۆست"
بڵاوی کردەوە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی تووڕەکردنی دەسەڵات، نووسینی وتارێک بوو
لەسەر کچەکەی مەسعود بارزانی. بەناونیشانی (من عاشقی کچەکەی بارزانیم)، هەروەها ( نە سەرۆک خوایە
و نە کچەکەی) پاش بڵاوبوونەوەی ئەم وتارانە، پارتیی و دەزگای پاراستن، هەموو هێز و
توانای خۆیان خستە کار بۆ ئەوەی ناسنامەی ئەم گەنجە بدۆزنەوە. لەرێگەی بەڕێوەبەری سایتی
کوردستان نێت، ئیمەیڵ، وێنە و دواجار ناونیشانی کۆلێژەکەی سەردەشتی ئاشکرا کرا. سەردەشت
پێشتر هەستی بە مەترسییەکان کردبوو؛ لە وتارێکیدا بە ناونیشانی "دوایین زەنگی
مردنم لێدرا" باسی لەوە کردبوو، کە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە. لەگەڵ ئەوەی زانکۆ
و بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەولێر و خودی عەبدولخالق تەڵعەت لەم هەڕەشانە ئاگادار کرابوونەوە،
بەڵام هیچ لایەنێک هەوڵی پاراستنیان نەدا.
بەشی دووەم:
چۆنیەتی ئاشکراکردنی ناسنامەی سەردەشت لەلایەن
پاراستنەوە لەناو دەزگای پاراستنی پارتیدا بەشێکیان بە ناوی "بەشی دراسات و پێگەیاندن"،
هەبوو، کە ئەرکی سەرەکییان چاودێریکردن و لێکۆڵینەوە بوو لە سایت و ڕۆژنامەکان و دەستنیشانکردنی
ئەو کەسانە بوو، کە دژی بنەماڵەی بارزانیی و پارتییان دەنووسی. بەتایبەتی ئەو کەسانەی بە
ناوی خوازراوەوە لە سایتی کوردستانپۆست بابەتیان بڵاودەکردەوە. ئەرکی کارمەندانی ئەم
بەشە ئەوەبوو، کە بابەتەکانیان بەراورد دەکرد لەگەڵ نووسینی ئەو کەسانەی، کە گومانیان
لێی هەبوو. لە ڕێگەی ئەم بەشەوە هێمن هەورامی سەرپەرشتی دەکرد و محەمەد شوکری ئەندامی
بوو، هەروەها بە هاریکاری سایتی کوردستان نێت، ناسنامەی سەردەشت عوسمانیان ئاشکرا کرد.
پاشان وەک ڕاپۆرتێک خرایە بەردەم مەسرور بارزانی، بەرپرسی دەزگای پاراستن. مەسرور بارزانی
پرسی بە مەسعود بارزانی باوکی کرد بۆ بڕیاردان لەسەر بابەتەکە و لە سەرەتای مانگی دوودا بە
تەواویی بڕیاری کوشتنی ئەم گەنجە درا.
بەشی سێیەم:
قۆناغی یەکەم و دووەمی تاوانەکە (پلاندانان
و چاودێریکردن)
تاوانی تیرۆرکردنەکە ڕاستەوخۆ نەبوو، بەڵکو
بە چەندین قۆناغی وردی چاودێریدا تێپەڕی:
* زانیارییەکان لە ڕێگەی یەکێک لە پاسەوانەکانی
کۆلێژی ئادابەوە دزەیان کرد کە ساڵح موسا گەردی چاودێری سەردەشتی کردووە.
* ساڵح موسا گەردی خوێندکارێکی بارزانی بوو، لە هەمان کاتدا بەرپرسیارێتییەکی گەورەی ئەمنی لە پاراستن هەبوو.
* ساڵح گەردی بەردەوام پاسەوانەکانی ئاگادار
دەکردەوە، کە زیاتر چاودێری سەردەشت عوسمان بکەن.
* ساڵح خۆی چەندین جار بە ئۆتۆمبێلەکەی چاودێری
چوون و هاتنی سەردەشتی دەکرد لە ماڵەوە بۆ کۆلێژ و بە پێچەوانەشەوە.
* دوای ئەوەی سەردەشت هەستی بە هەڕەشەکان
کرد، دەزگای بەناو دژە تیرۆری پاراستنیش خرایە ناو پرۆسەکەوە.
* دڵشاد یوسف گەرمیانی، بەرپرسی دژە تیرۆر لە هەولێر، بۆ ماوەی هەفتەیەک بە ئۆتۆمبێلێکی مۆنیکای تورکمانەکان چاودێری ماڵی سەردەشتی کرد.
* پۆلیس ئاگادار کرایەوە، کە بۆ ماوەی دوو
هەفتە بە هیچ شێوەیەک نەچنە سنووری ئەو گەڕەکە و بەردەم کۆلێژی ئاداب.
* هێرشە ڕەش و دڵشاد یوسف، کە دوو بەرپرسی گەورەی ئاسایشی پاراستن بوون، چاودێری ئەو دوو شوێنەیان دەکرد.
* دوو ڕۆژ پێش ڕفاندنەکە، دوو ئۆتۆمبێلی وەنەوشەی
جام ڕەش چوونە نزیک ماڵی سەردەشت و بۆ ماوەی 10 خولەک لەوێ مانەوە.
* لەناو ئەو ئۆتۆمبێلانەدا یەکێک لە کوڕەکانی
مەسعود بارزانی تێدابوو، لەگەڵ نەزهەت حالی، عیسمەت ئەرگوشی، قاسم مزوری و چیا بارزانی.
بەشی چوارەم:
قۆناغی سێیەم (ڕۆژی ڕفاندنەکە) ڕۆژی 4ی ئایاری
2010 وەک کاتی دیاریکراو بۆ ڕفاندنی سەردەشت دیاری کرا.
* لەو ڕۆژەدا چوار ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر ، کە
پێکهاتبوون لە دوو مۆنیکای تورکمان و دوو وەنەوشەی جام ڕەش بە دوای یەکدا چاوەڕوانی
سەردەشتیان دەکرد.
* هەر کە سەردەشت گەیشتە کۆلێژ، پەلاماریان
داو ڕفاندیان.
* ئەوەی کە زۆر جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیس، زانیاری هەبووە کە مەترسی لەسەر ژیانی سەردەشت هەیە.
* کاتژمێرێک پێش ڕووداوەکە، عەبدولخالق تەڵعەت
ئاگادار کرایەوە، کە ئەگەر هەر ڕووداوێک ڕوویدا خاوەخاوی تێدا بکەن و بۆ دوو کاتژمێر
بێدەنگ بن.
* نەقیب سەرهەنگ لە پۆلیسی فریاکەوتن ڕایگەیاندبوو،
کە پێشوەخت هەستیان کردووە پاراستن تاوانێک لەو سنوورە ئەنجام دەدات.
* هەروەها، موقەدەمی پۆلیسی ئامادەی هەولێر، عەبدولستار زێباری، ئاگادار کرابووەوە، کە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر ئامێرەکانی بێتەل کارپێ نەکەن.
* ئەوەی جێگەی سەرنج بوو کە بەڕێوەبەرایەتی
پۆلیسی ئامادە و فریاکەوتن تەنها 100 مەتر لە کۆلێژەکەوە دوور بوون، بەڵام هیچ کاردانەوەیەکیان
نەبوو.
بەشی پێنجەم:
ئەشکەنجەدان، تیرۆرکردن و فڕێدانی تەرمە،کە
دوای فڕاندنی سەردەشت لە بەردەم پەیمانگای هونەرە جوانەکان لەلایەن چوار پێشمەرگەی
هێزەکانی بەرگری پاراستنەوە، بەرەو سەری ڕەش برا.
* بە پێی سەرچاوەکانی ناو پاراستن، مەسرور
بارزانی و وەیسی بارزانی کە سەرپەرشتیاری پاراستن دەکەن، بۆ ماوەی کاتژمێرێک سوکایەتییان
بە سەردەشت کردووە، تا ئاستی لێدان، ئەشکەنجە و جنێودان.
* دواتر، سەردەشت بە زیندوویی هێنرایەوە بۆ
ناو هەولێر و بە سێ ئۆتۆمبێلی جام ڕەشی ڕەنگ ڕەش بەرەو موسڵ برا.
* لە بارەگای بەشی چالاکییەکانی پاراستن تەسلیمی
کەسێک کرا و لە ژوورێکدا کە بۆ ئەو کارانە تەرخانکرابوو، بە دەمانچەی بێدەنگ (کاتم)
کوژرا.
* تەرمەکەی تەسلیمی کەسێک کرا بە ناوی ئەحمەد
کۆیی، کە بەرپرسی فەوجی سوپای عێراق بوو و شارەزای موسڵ بوو، بۆ ئەوەی تەرمەکە فڕێ
بدات.
* پێش گەیشتنیان بۆ موسڵ، لە نێوان بەرتەڵە
و موسڵ تەرمەکەیان فڕێدا.
* بەیانی ڕۆژی دواتر، نوێنەری پاراستن لە
لقی 14ی پارتی لە موسڵ پۆلیسی ناوچەکەی ئاگادار کردەوە و هەواڵەکەشیان بە کەناڵی کوردستان
تیڤی دا تا ببنە یەکەم کەناڵ کە هەواڵەکە بڵاو دەکاتەوە.
بەشی شەشەم:
لیستی ئەو تاوانبارانەی ڕاستەوخۆ دەستیان
لە ڕفاندن و تیرۆرکردنەکەدا هەبوو ئەو کەسانەی خوارەوە بوون، کە پلە و پۆستەکانیان
بەکارهێنا بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە، بە پێی سەرچاوەکان بریتین لە:
* مەسرور بارزانی: بەرپرسی ئاژانسی پاراستن.
* نەزهەت حالی: پاراستنی پیرمام.
* قاسم مزوری: پاراستنی بەرگری.
* عیسمەت ئەرگوشی: ئاسایشی گشتی.
* دڵشاد یوسف گەرمیانی: دژە تیرۆر.
* ساڵح موسا گەردی: پاراستنی پیرمام.
* بارزان قەساب: ئاسایشی هەولێر.
* هێرشە ڕەش: ئاسایشی هەولێر.
* محەمەد سەلیم مزوری: ئاسایشی گشتی.
هێرشە ڕەش
* دەزگای پاراستنی موسڵ
بەشی حەوتەم:
قۆناغی چوارەم (سیناریۆسازی و چەواشەکاری):
لەگەڵ دروستبوونی ناڕەزایەتییەکی گەورەی جەماوەری،
دەسەڵات هەوڵیدا بە دروستکردنی سیناریۆی جیاواز ڕاستییەکان پەردەپۆش بکات.
* مەسعود بارزانی فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی
دا بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە.
* دوای چوار مانگ و پازدە ڕۆژ، لیژنەکە سینارۆیەکی
دروستکرد ، ئەنجامێکی بەدواداچوونی کەیسی تیرۆرکردنی سەردەشتی ڕاگەیاند، کە بووە مایەی
گاڵتەجاڕی راگەیاندنەکان.
* لیژنەکە، لە ڕێگەی سیناریۆیەکەوە، کە دەزگا
حزبییەکانی پارتی ڕایانگەیاند، بانگەشەی ئەوەی کرد، کە سەردەشت عوسمان پەیوەندی بە
گرووپی تیرۆریستی ئەنسارولئیسلامەوە هەبووە و بەهۆی ڕانەپەڕاندنی کارەکانیان کوشتوویانە.
* ئەمە لە کاتێکدا بوو، کە پێشتر سایتی کوردستان
تیڤی وتبووی ئەنسارولئیسلام سەردەشتیان کوشتووە، چونکە کۆمۆنیست بووە، ئەمەش پێچەوانەی
قسەکانی پێشوویان بوو بە ڕوونی .
* کاتێک ڕۆژنامەنووسێکی ئیتاڵی پرسیار لە
مەسعود بارزانی دەکات، سەبارەت بەم تاوانە و بێئاکامیی لیژنەکە، بارزانی تووڕە دەبێت
و بە یەک دێڕ وەڵام دەداتەوە، کە سەردەشت ڕۆژنامەنووس نەبووە، تەنها قوتابی بووە و
دەستی لەگەڵ تیرۆریستاندا هەبووە.
* پاراستن لە ڕێگەی سیخوڕەکانییەوە لەناو
کەناڵەکان هەوڵی دەدا، کە ئەوان دژی ئازادی نین و کەسیان نەکوشتووە، بەڵام لەم هەوڵ
و سیناریۆیاندا شکستیان هێنا.
* هەروەها هەوڵێکی زۆریان دا ئەم تاوانە بخەنە
ئەستۆی کۆسرەت ڕەسوڵ. هێمن هەورامی پێشنیاری کردبوو لەبەر ئەوەی سەردەشت بەمدواییە
وتارێکی لەسەر کۆسرەت ڕەسوڵ نووسیوە، ئەگەر بیکوژن هەموو خەڵک گومان لە کۆسرەت دەکات.
ئەم پێشنیارەش لەلایەن مەسرور و مەسعود بارزانییەوە پەسەند کرابوو، بەڵام کوردستانپۆست
هەر زوو ئەم سیناریۆیەی ئاشکرا کرد.
بەشی هەشتەم:
پاکتاوکردنی ناوخۆیی و سیناریۆی کوشتنی لیوا
بەختیار حەسەن نەجەفی بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە گەورەیە و چەندین تاوانی تر، دەزگای
پاراستن دەستی کرد بە پاکتاوکردنی ئەو ئەندامانەی خۆی کە نهێنییەکانیان دەزانی.
* لیوا بەختیار حەسەن نەجەفی، ئەندامی دەزگای
پاراستنی گشتی و جێگری دەزگای بەرگری (کە قاسم مزوری بەرپرسی بوو)، یەکێک بوو لە قوربانییەکان.
* دەنگۆیەک بڵاوکرایەوە کە گوایە لیوا بەختیار
لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە موسڵ دەستگیرکراوە، پاسەوانەکانی کوژراون و داوای 40 دەفتەر
دۆلاریان کردووە بۆ دانەوەی تەرمەکانیان.
* بەڵام ئەم سیناریۆیە نەچووە عەقڵی هیچ کەسێکەوە،
تەنانەت ئەندامانی پاراستنیش لەناو خۆیاندا ئەمەیان بە هۆکاری سیناریۆی تیرۆرکردنی
سەردەشت عوسمان چواند، کە بەختیار حەسەن نەجەفی، یەکێک بوو لە بکوژەکان.
* هۆکارێکی دیکەش ئەوەبوو، کە مەسعود بارزانی
و مەسرور بارزانی زۆر لە لیوا بەختیار تووڕە بوون چونکە چەند جارێک سوکایەتی بە فەرمانەکانیان
کردبوو.
* بەختیار هەڕەشەی درکاندنی چەندین زانیاری
دا بوو، لەوانە کوشتنی 23 گەریلای پەکەکە لە هەولێر، کوشتنی هاشم جیهادی یەکێتی، و
40 ئیسلامی.
* لە بەغدا چوار جار هەوڵی تیرۆرکردنی بەختیار
لەلایەن پیاوەکانی مەسرور بارزانییەوە درابوو، بەڵام لە هیچ کامیان سەرکەوتوو نەبوون.
* چوار شەو پێش کوژرانی، لیوا بەختیار لە
یانەیەک لە عەینکاوە زۆری خواردبووەوە و وردەکارییەکانی ڕفاندن، بردن بۆ سەری ڕەش و
موسڵ، و چۆنیەتی کوشتنی سەردەشتی بۆ کوڕەکەی قاسم مزوری گێڕابووەوە.
* دوای ئەمە، قاسم مزوری ئاگاداری کردەوە،
کە چیتر زۆر نەخواتەوە با تیرۆر نەکرێت.
* هەر لەو شەوەدا، کاتژمێر دووی شەو قاسم
مزوری دەچێتە ماڵی بەختیار و پێی دەڵێت، کە مەسرور بارزانی ئیشی پێیەتی.
* کاتژمێر 8ی بەیانی هەواڵی کوژرانی لیوا
بەختیار و دوو پاسەوانەکەی بڵاوکرایەوە.
* هاوسەری لیوا بەختیار زانیبووی، کە پاسەوانەکان
تەنها هەر یەکەیان یەک گولەیان بەسەرەوەیە و لەتلەت نەکراون، وەک ئەوەی وا بڵاوکرابووەوە،
کە گوایە لاشەکانیان لەتلەت کراوە. ئەمەش دەریخست، کە خودی پاراستن تاوانەکەی ئەنجامداوە.
* دواتر مەسرور بارزانی چاوی بە هاوسەری بەختیار
کەوتووە و پێی وتووە خەمت نەبێت تۆڵەی دەکەینەوە، کە ئەمەش بەڵگەیە بۆ بێدەنگکردنی.
* ئەم نهێنییانە لەلایەن فەریق شیروان، محەمەد
ئەمین بارزانی و هێمن هەورامییەوە لە کاتی سەرخۆشیدا لە ڕێستورانتی مارینا لە عەینکاوە
درکاندبوویان.
بەشی نۆیەم:
بێدەنگی و ترسی پارتە سیاسییەکانی کوردستان
لە کاتی دروستبوونی ئەم کارەساتەدا، لە کۆی 39 حزبی سیاسی مۆڵەتپێدراو لە هەرێمی کوردستان،
جا ئۆپۆزیسیۆن بن یان دەسەڵاتدار، تەنها یەک حزب ئەنجامی لیژنەکەی سەردەشت عوسمانی
ڕەتکردەوە، تەنانەت نەیانویست لێدوانێکیش لەسەر ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە بدەن.
* بەرپرسانی یەکگرتووی ئیسلامی وەک ئەبوبەکر
عەلی، مەولود باوەموراد و محەمەد ئەحمەد ئامادە نەبوون لێدوان بدەن.
* لە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، فەرید ئەسەسەرد
وتی هیچ قسەیەکمان نییە، و ئازاد جندیانیش بە پاساوی شوێنەکەی قسەی نەکرد.
* عەبدوڵای حاجی مەحمود لە حزبی سۆسیالیست
وتی بە هیچ شێوەیەک قسەی لەسەر ناکەین.
* محەمەدی مەلا قادر لە پارتی دیموکراتی کوردستان
وتی هیچ ڕا و بۆچوونێکمان نییە.
* هەروەها بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیش
بێدەنگییان هەڵبژارد.
بەشی دەیەم:
هەڵوێستی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و بنەماڵەی
قوربانییەکە سەرەڕای بێدەنگی حزبەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و خەڵکی ئازادیخواز
ناڕەزایی گەورەیان دەربڕی.
* برایانی سەردەشت عوسمان (بەکر و بەشدار)
لە کاتی پرسەکەیدا ڕایانگەیاند کە تیرۆرکردنی سەردەشت ڕێکەوت نەبووە و ئەگەر بێ ئاکام
تێپەڕێت دەبێت چاوەڕوانی قوربانی زیاتر بین.
* بەکری برای ئاماژەی بەوەش کرد کە تەرمەکە
لەلایەن پیاوێکی موسڵییەوە دۆزراوەتەوە، کە بەیانی زوو چووە بۆ کڕینی سەموون.
* بەشدار عوسمانیش وتی کە مامۆستا و خوێندکارەکان
فڕاندنەکەیان بینیبوو، بەڵام تا ئەوان نەچوونەتە شوێنەکە هیچ دەزگایەکی ئەمنی ئاگادار
نەبووە.
کۆتایی و دەرەنجامەکان:
دۆسیەی سەردەشت عوسمان وەک یەکێک لە تاریکترین
لاپەڕەکانی مێژووی دەسەڵاتداری لە هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە. ئەم تاوانە لەلایەن
بەرزترین دەسەڵاتدارانی دەزگای پاراستنەوە نەخشەی بۆ کێشرا و جێبەجێ کرا، نەک تەنها
کۆتایی بە ژیانی گەنجێکی خوێندکار و رۆژنامەەنووسێک هێنا، بەڵکو بووە هۆی کوشتنی کەسانی
تریش وەک لیوا بەختیار بۆ شاردنەوەی شوێنەوارەکانی تاوانەکە. بێدەنگی حزبە سیاسییەکان
و دروستکردنی لیژنەی درۆینە سەلمێنەری ئەوەن کە کێشەی ئازادی و مافی مرۆڤ تا ئەمڕۆش
بگرە خراپتر لە ژێر هەڕەشەدایە. هەرچەندە لە ئەمڕۆدا زۆربەی میدیاکار و رۆژەنامە وسایت
و نووسەران، لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە کڕدراون، هەروەها سەرەڕای هەموو هەوڵەکان
بۆ پەردەپۆشکردنی زۆربەی ئەو تاوانانەی ئەنجام دەدرێن، بەڵام خوێنی سەردەشت بۆتە سیمبولی
قەڵەمی ئازاد و ترسی دەسەڵات.

.png)

4.png)
.png)
.png)
.png)
.png)
.png)
0.png)
.png)
.png)
.png)
.png)


