<

مشکی تاقیگە

10/05/2026, 2:05 (GMT+1)
یەکێ لە پەسنەکانی مرۆڤی مۆدرێن و سەردەمی زانستی ئەوەیە کە مرۆڤ بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لەوەی ئەو کارەی ئەیکات وەیان ئەو ئەزموونەی ئەیەوێ بزانێ کە سەرکەوتوە وەیان نا، ئەوا پەنای بۆ تاقیگە و شوێنی فێرکاری بردوە و هەستاوە بە هەڵسەنگاندن و دەرئەنجامەکان تا بزانێ چەندە لەو بوارەدا پێشکەوتنی بەدەست هێناوە وەیان چەندەی تری پێوستە بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجی کۆتایی. بۆ نمونە بۆ ئەوەی جۆرێ لە چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشی سەرئێشە وەیان سك چوون وەیان شێرپەنجە وەیان هەر دەردێکی تر، ئەو کات مرۆڤە پسپۆڕەکە لەجیاتی تاقی کردنەوەی ئەو دەرمانە لەسەر مرۆڤی نەخۆش هاتوە لەسەر (مشك وەیان مەیمون)تاقی کردونەتەوە و گەر سەرکەوتوو نەبوبێ و دواجار مشکەکە وەیان مەیمونەکە بمردنایە ئەوا نەئەبوە کێشەیەکی گەورە. هەر بۆیە گیانی زیندەوەرێکی وەك مشك کراوە بە قوربانی زۆربەی زۆری پێشکەوتنەکان و ئاستی گەشەکردنی زانست.
ئەمڕۆ لەجیهانی سیاسەتدا و بەتایبەتی لای ئۆچ ئالان و میتی تورك بۆ ئەوەی چارەسەری کێشەی نەتەوەیەکی بندەستی وەك کورد کە خاکەکەی لەلایەن تورك و عەرەب و فارسەوە داگیرکراوە ، هەوڵ ئەدەن کورد وەك ئەو مشکە تاقی کردنەوەی هەموو ئەو چەمك و فەلسەفانەی لەسەر بکەن کە ئاپۆ لە زیندان پێشنیاری بۆ کردوون، لەوانە کورد ڕازی بکەن بە سیستمی (کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی، نەتەوەی دیموکراتی،ئینتیگراسیۆنی نەتەوەیی دیموکراتی و چەندین جۆری تر )گشت ئەم چەمك و فەلسەفە سیاسی وکۆمەڵایەتیانە لەسەر کاغەز و خەون و خەیاڵ زۆر خۆش و باشن، لێ لە ڕاستیدا هیچ لەمانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین مەحاڵە و ملیۆنێ ساڵی تریش ناتوانین دروستی  بکەین. لێرەدا میلەتی کورد وەك مشکەکەی لێهاتوە بە هەموو شێوەیەك تاقی کردنەوەی لەسەر ئەکرێ و لە هیچ کاتیشدا جگە لە لەناوچوون و شکست هیچی بۆ کورد نابێتە مایەی سەرکەوتن و دروست کردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ.
کاتی خۆی مەلا مستەفا سیستمی عەشەیاری هێنایە کایەوە و خێڵ و هۆزی زیندوو کردەوە و بەرگی نەتەوەیی لە کورد داکەند و وویستی لەو ڕێگایەوە کورد لاواز و بەرەو نەمانی ببات. دوای ئەو جەلال تاڵەبانی لە ڕێگای سیستمی (سۆشیال دیموکرات)ەوە هەمان کۆت و بەندیان کردە هەردوو دەستی کورد و ئەنفال و کیمیایی باران و کۆڕەوی بەدوای خۆیدا هێنا. هەموو ئەمانە ئەو ڕاستیەمان پێ ئەڵێ کە نەتەوەی کورد بۆ ئەوەی بمێنیتەوەو نەفەوتێ تاکە چارەسەر دروست کردنی قەوارەیەکە کە ناوی دەوڵەتی کوردستانە.
وە هەر کوردێك وەیان سەرکردەیەك جگە لەم دروشمە هەرچیەکی تری ناوبرد،ئەوا خزمەت تەنها بۆ خۆیی و بنەماڵەکەیی و دوژمنی داگیرکەری کوردە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست