<

قەیرانی مۆڕاڵی نووسین و خۆفرۆشتنی نووسەری سیاسی لە کوردستاندا

10/05/2026, 15:51 (GMT+1)
شیکارییەک بۆ دیاردەی گۆڕینی هەڵوێست و دروستکردنی پاڵەوانی ساختە
پێشەکی
لە مێژووی هزری کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا، ڕۆشنبیر و نووسەر نوێنەرایەتیی ویژدانی زیندوی کۆمەڵگە دەکەن و ئەرکیان چاودێریکردنی دەسەڵات و بەرگریکردنە لە بەها باڵاکان، بەڵام لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی باڵادەستیی حیزب و تێکەڵبوونی کایەی ڕۆشنبیریی بە بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکان، جۆرێک لە "نووسەری سێبەر" یان "خۆفرۆش" دروست بووە، کە لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی چەند کەیسێکی دیاریکراوەوە، تیشک بخەینە سەر قەیرانی مۆڕاڵی نووسین، لەگەڵ بەکارهێنانی نازناوی ئەکادیمیی ساختە و ئەو دووڕووییەی، کە میدیای کوردی لە ئاست مەرگی نووسەراندا پیادەی دەکات.
یەکەم: ناجێگیریی ئایدۆلۆژی و وێڵبوون بەدوای بەرژەوەندیدا
یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانی بەشێک لەو کەسانەی خۆیان وەک "بیرمەند" دەناسێنن، نەبوونی جێگیریی هزریی سیاسی و فیکرییە. وەک نموونەیەکی دیار لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان (کەیسی فارووق ڕەفیق و هاوشێوەکانێتی)، کە دەبینین نووسەر هەیە لە ماوەی تەمەنی کارکردنیدا تەواوی ئایدۆلۆژیا دژبەیەکەکانی تاقیکردووەتەوە ... لە ڕەوتی ئیسلامییەوە بۆ ناسیۆنالیزمی پارتی، پاشان بۆ سۆسیال دیموکراتیی یەکێتی، دواتر بۆ ڕەوتی عەلمانی و ئۆپۆزیسیۆنی وەک گۆڕان و نەوەی نوێ، کۆتاجار گەڕانەوە بۆ نێو باوەشی هەمان ئەو دەسەڵاتەی کە پێشتر توندترین ڕەخنەی لێ دەگرت. ئەم بازدانە بەردەوامە، نیشانەی گەشەکردنی فیکری نییە، بەڵکوو ستراتیژییەکە بۆ "بەرزکردنەوەی نرخی کڕین"...
نووسەر ڕەخنە دەگرێت و هێرش دەکات تەنیا بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەکان ناچار بکات گرێبەستێکی باشتر و ئیمتیازاتی دارایی گەورەتری پێ بدەن (وەک ئەو زانیارییانەی باس لە وەرگرتنی بڕی 4000 دۆلاری مانگانە دەکەن لە لایەن فارووق ڕەفیق لە بەرامبەر بێدەنگبوون یان گۆڕینی سەنگەر).
دووەم: دانانی پێشگری نازناوەکان و ساختەکردنی پێگەی ئەکادیمی
لە کۆمەڵگەیەکی ناوشیاردا، نازناوەکان بە ئاسانی دەکرێنە ئامرازێک بۆ دروستکردنی کەسایەتیی کاریزمیی ساختە. زۆرجار دەبینین کەسانێک نازناوی "دکتۆر یاخوود مامۆستا " بەکاردەهێنن بەبێ ئەوەی هیچ بڕوانامەیەکی باڵای فەرمییان لەو بوارەدا بەدەستهێنابێت. میدیای کوردی، بەهۆی نەبوونی فلتەری زانستیی و پیشەییەوە، نەک تەنیا ئەم ساختەکارییە ڕەت ناکاتەوە، بەڵکو ڕۆڵی هەیە لە چەسپاندنیدا. هاوکات، چەمکە قورسەکانی وەک "فەیلەسووف" و "بیرمەند" "زانا" بە تاڵان دەبرێن و دەبەخشرێنە کەسانێک کە گوتارەکانیان لە جنێوی بازاڕیانە و تۆماری دەنگیی نەشیاو تێپەڕ ناکات، ئەمیش کاتێک ڕووبەڕووی بچووکترین ڕەخنە دەبنەوە.
سێیەم: دوڕوویی میدیایی و مەرگی نووسەران
مەرگ لە کوردستاندا بووەتە شانۆیەکی سیاسی. کاتێک نووسەرێکی سەر بە دەسەڵات، یان کەسێک، کە جێگەی ململانێی دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەیە کۆچی دوایی دەکات، هەموو دەزگا ڕاگەیاندنەکان (تەنانەت ئەوانەشی پێشتر دوژمنی بوون) دەکەونە پێداهەڵدانێکی بێسنوور و ستایشکردنی، وەک کۆستێکی گەورەی نەتەوەیی و پاڵەوانێکی نیشتیمانیی پێناسەی دەکەن و پیایدا هەڵدەدەن. ئەمە لە کاتێکدایە، کە نووسەرە ڕاستەقینە و سەربەخۆکان لەوپەڕی بێدەنگیدا پەراوێز دەخرێن. بۆ نموونە، کاتێک سمکۆ ناکام (نووسەر و شانۆکار و چیرۆکنووسی دیاری کورد) کۆچی دوایی کرد، بەهۆی ئەوەی سەر بە هیچ کام لە ڕەوتەکانی دەسەڵات نەبوو، کڕنۆشی بۆ سەرمایەی سیاسی نەبردبوو، بە بێدەنگی تێپەڕی و میدیاکان ئاوڕیان لێ نەدایەوە. ئەمەش هەمان ئەو مامەڵە نادادپەروەرانەیە، کە لە ڕابردوودا بەرامبەر بە چەندین کەس لە نموونەی شاعیری کورد '' جەلالی مەلاکشا '' کراوە کاتێک لە دەرەوەی بازنەی حەزەکانی دەسەڵاتدا بووە، وەک شاعیرێکی بێکەس و بێ ناز کۆچی دوایی کرد .
چوارەم: شێوانی بەها کۆمەڵایەتییەکان لە ئەنفالەوە تا ئەمڕۆ:
ئەم قەیرانە تەنیا لە کایەی ڕۆشنبیریدا کورت نابێتەوە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی تێکشکانی بەها گشتییەکانی کۆمەڵگەیە. ئێمە تا بە قووڵی لە ڕەهەندەکانی خیانەت، ئەنفال و ئاشبەتاڵ تێنەگەین، ناتوانین تێبگەین بۆچی کۆمەڵگەی ئێمە پاداشتی جەلاد دەکات و سزای قوربانی دەدات. لە سیستەمێکدا.، کە پێشمەرگەیەکی دێرین لە دوای ئەنفالچییەکەوە سەرە دەگرێت بۆ وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی، لە کۆمەڵگەیەکدا کە هەزاران کەس دەچنە پرسەی سەرۆک جاشێک، بەڵام دە کەس ئامادە نین بەشداری لە پرسەی نیشتمانپەروەرێکدا بکەن.
بۆیە چاوەڕوانکراوە، کە پێوەرەکانی جیاکردنەوەی "نووسەری بەکرێگیراو" لە "نووسەری خاوەن هەڵوێست" لە دەست بدرێن.
لە کۆتاییدا ئەرکی ڕاگەیاندنی ئازاد و ڕۆشنبیری ڕاستەقینە، شکاندنی ئەو ڕێچکە باوەیە، کە خیانەت و هەڵگەڕانەوە پیرۆز دەکات. پێویستە مێژوو بەوپەڕی بوێرییەوە بنووسرێتەوە، ئەو نووسەرانەی بازرگانییان بە وشە و هەڵوێستەکانیانەوە کردووە، فەرامۆش بکرێن، نەک بە باڵایاندا هەڵبدرێت. تەنیا لە ڕێگەی بایکۆتکردنی درۆی میدیایی و وەستانەوە لەدژی قەڵەمفرۆشی سیاسی، ئێمە دەتوانین هۆشیارییەک دروست بکەین، کە تیایدا ڕەش لە سپی ... خائین لە دڵسۆز جیا بکرێنەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست