بەڵێ سلێمانی ئەتککرا
16/05/2026, 21:47 (GMT+1)

عهزیز رەئوف
بەڵێ سلێمانی ئەتککرا. من لە نوسینێکدا وام نوسی. ئەم گوزارشتە بۆ خەڵکی سلێمانی نییە، بەڵکو بۆ ئەو دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و چالاکوان و پاتاڵانەیە کە بە دەنگی سلێمانی بوون بە خاوەنی سەروەت و سامان و ئیستاش ڕەخنە لە من دەگرن کە گوایە من هێرش دەکەمە سەر سلێمانی.
من لە ناو دڵی سلێمانیدام و ئەم شارەم جێ نەهێشتووە و بەتەماش نیم جییبهێڵم و بەردەوام بەرگری لە سلێمانی و کۆی شارەکانی تری کوردستان دەکەم. بەڵام با قسەیەک بکەین و بزانین کێ شاری ئەتککرد.
ئەوانەی سلێمانییان ئەتککرد ئەمانەبوون:
* یەکێتی نوێ و کوڕانی بنەماڵە، کە سەرخان و ژێرخانی ئەم شارەیان داگیرکردووە و شار دەکەنە سەربازگە و سزای زیندانییەکان دەدەن
* پارتی، کە بە بوغرایی و لوتبەرزییەوە سلێمانی پەراوێز خستووە و لە بۆسەدایە بۆ شکاندنی سلێمانی
* گۆڕان و نەوشیروان مستەفا، کە دوای خۆی سەدان دۆنم زەوی و کارگەی بۆ منداڵەکانی جێهێشت و هیچی لە دنیای ئێمە نەگۆڕی
* نەوەی نوێ و شاسوار عەبدولواحید کە فێڵیان لە خەڵک کرد و خۆیان کردەوە بە ماڵە نوێیەکەی یەکێتیدا
* ئەو ئۆپۆزسیۆنە ساختەیەی بە ئاشکرا جاشی شیعەکانە و لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەرهەرێم ورتەیان لێوە نەهات
* ئەو حزبە ئیسلامییانەی کە شار وەک یەک پارچە لە ژن و پارە دەبینن و هەر یەکەیان ئەجێندای وڵاتێکن
* پارێزگاری سلێمانی کە ٢٥٠ هەزار دەنگی خەڵکی سلێمانی برد و ئیستاش ستایشی یەکێتی دەکات
* دەریایەک لە ڕۆژنامەنوسی دەربار و چاودێری ساختە و ڕۆشنبیری قەڵەمفرۆش کە ئەوەی بە تەنگیەوە نایەن سلێمانی و ناوبانگ و سومعەکەیەتی.
* ئەو قومارچی و موزیعانەی کە بە نەڕەنەڕ، دەیانوت دەیگۆڕین و بوونە پارلەمانتار و لە قومارخانەکاندا کەرامەت و ژنی خۆیان لە قوماردا دەدۆڕان ئیستا لە دەرەوەی وڵات پارەی خانەنشینی پارلەمان دەخۆن و دەیانەوێت لەسەر سلێمانی مافی پەنابەری وەربگرن. (دەبوو قەت بەم حەدە نەبوایە بۆ دنیا پەلەی مەخلوق).
من لەناو خەڵکی سلێمانیدام و ئەوە خەڵکی ئەم شارەیە پێم دەڵێن لە چەندین ئیحراجی و لە زیاد لە ویستگەیەکدا لەجیاتی هەمووان فریای ئەم شارە کەوتی. بۆیە من پرسیار لە خەڵکی سلێمانی دەکەم: ئەمانە بوون شاریان ئەتککرد یان ڕەخنەیەکی من لەم شارە؟
بەڵێ ئەم شارە بێدەنگە و دۆش داماوە بەدەست ئەم هەموو ساختەچییەوە. ئەم شارە دەبێت بەخۆیدا بچێتەوە و چیتر نەبێتە زیندەوەری تاقیگە و هەرکەسێک بێت و بەناوی ئۆپۆزسیۆن و چاودیر و ڕۆشنبیر و تەماحی پارلەمانتارییەوە فێڵی لێ بکات.
بە هیوای خاڵیبوونەوەی شار لە ساختەچییەکان
-----------------ئەو نووسینەی پێشوو سەبارەت بە شاری سلێمانی-------------------------
عەجاج وا لە سلێمانییە
کاتێ شار لە پیاوەتی دەخرێت
عەزیز ڕەئووف :
هەبوو نەبوو سەردەمێک لەو گەرمیانە حەمەڕەشێک هەبوو، پێشمەرگەیەکی ئازا و جەربەزە، پڵنگێکی ڕەش و چاونەترس، شێرکۆ بێکەس سوێندی بەسەری دەخوارد. حەمە ڕەشێک بەگژ جەلادەکاندا چووەوە، بەڵام ئیستا حزبەکەی شەهید حەمەڕەش، دەبێتە جەللاد و گەنجێکی دوای ڕاپەڕین لە زینداندا فەلاقە دەکات و لەپیاوەتی دەخات. سەردەمێک حەمەڕەشەکەی گەرمیان شەڕی جەللادەکانی دەکرد، بەڵام دواجار هاوڕێیانی حەمەڕەش لە حزبەکەی، یان بەشێکیان دەبنە جەللادێکی بێوێنە و هەموو کەرەستەیەکی مۆدێرن لە زینداندا دژ بە گەنجانی هاوخوێن و هاوشاری خۆیان بەکاردەهێنن و گەنجێک بەناوی حەمەڕەش فەلاقە دەکەن، بەشەکەی تری لە هاوڕێیانی حەمەڕەش لەم تاوانە بێدەنگن.
لە باشووری عیراق بەدوای عەجاجدا مەگەڕێن، حەجاج زۆر نزیکە، ئەوەتا لە زیندانەکاندا، ئەوەتا مۆڵەتی وەرگرتووە و لە چایخانەیەکە، ڕەنگە لە سەیران بێت و لە گەڵ خزمەکانی هەڵپەڕێت و گوێ لە گۆرانی ڕۆمانسی بگرێت. ڕەنگە برا و خزم و ئامۆزات بیت و پێی نەزانی. حەجاج بە خۆی و قامچی و دڵرەقی و بێبەزەییەوە لێرەیە.
ئەوەی لە زیندان بەرامبەر حەمەڕەش کرا، بێ ئەوەی هەست بە خۆمان بکەین بەرامبەر هەموومان کراوە. ئەوە حەمەڕەش نییە لە پیاوەتی دەخرێت، ئەوە کۆی مەملەکەتێکە لەپیاوەتی و مەردایەتی دەخرێت. ئیستا کارخانەیەک هەیە بۆ بێدەگکردن و سەرکزکردن و لە پیاوەتیخستن و لە مرۆڤخستنی مرۆڤی کورد هەر بەدەست دەسەڵات و حزب و مەخلوقی کورد.
ئەوە تەنها حەمەڕەش نییە لە نێرایەتی دەخرێت، ئەوە هەموومانین لە پیاوەتی دەخرێین. بۆ بێدەنگی لەپیاوەتیخستن نییە؟ بۆ سەرکزکردن لە مەردایەتیخستن و لە مرۆڤخستن نییە؟
ئەوە حەمەڕەش نەبوو لە زیندان لە پیاوەتی خرا، ئەوە کۆی شارێک بوو لە مەردایەتی خرا. ئەوە کۆی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی ساختە بوو، لە ئازایەتی خران. ئەوە شارێک بوو لە شاری هەڵمەت و قوربانی خرا. خودایان لە مەلاکان دابڕی و قەڵەمیان لە ڕۆشنبیر سەندەوە. ئەوە کردەیەک بوو شاری سلێمانی لە شاری ڕۆشنبیرییەوە گۆڕی بۆ شاری بێدەنگی و سەرکزکردن و ڕازیبوون لە پیاوەتیخستن.
ئەوە حەمەڕەش نەبوو لە زیندان لە پیاوەتی خرا، ئەوە کۆی شارێک بوو لە مەردایەتی خرا
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









