<

ئاخۆ ژینگەی کوردستان بەبێ دروستکردنی دیوار دەپارێزیت؟

02/06/2026, 13:58 (GMT+1)
ئاخۆ چی ڕودەدات، کاتێک میوانداری گەشتیاران لەگەڵ ڕێزدا بەریەک دەکەون؟
لەم ساڵانەی دواییدا گەشتوگوزار بۆ هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
بەتایبەت لە ڕۆژانی جەژندا هەزاران گەشتیار لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە ڕوویسن لە شاخ و سروشت و شارە فێنکەکانی کوردستان کرد، ئەمە بۆ گەشانەوەی ئابووری زۆرجار هەواڵێکی خۆشە، واتە هۆتێلەکان پڕ دەبنەوە، چێشتخانەکان باشتر کاردەکەن و بازرگانییە ناوخۆییەکانیش سوودمەند دەبن.
بەڵام شانبەشانی سوودەکان، باس و ناڕەزایی و دیاردەیەکی تر و سەنج ڕاکێشەری نەگەتیڤ گەشە دەکات, باسێک کە تادێت لەسەر شەقام و سۆشیال میدیا و لەناو خێزانەکانشدا بەرزدەبێتەوە، لەسەر هاتنی بەلێشا و بێ بەرنامەی ئەم لێشاوە گەشتیارانە!
ئاخۆ کەمی پەروەردەی گەشتیارانە، بۆ نەبوونی ڕێزگرتن لە سروشت و کولتوور و ژینگە و باری کۆمەڵایەتی؟
بۆ زۆربەی کورد ئەم باسە تەنها لەسەر زبڵ و خاشاکی سەر شەقامەکان نییە! بەڵکو دەبێتە هۆی بێزاری کاتێک شوێنە گەشتیارییەکان پڕ دەبن لە پلاستیک و پاکەتەکانی خۆراک و شووشەی بەتاڵی بەجێماو و زیانگەیاندن بە ناوچەی سروشتیەکان و تێکدانی بەرد و ئەشکەوتەکان بە ناوی گەشتیاران یان گرافیتی و مامەڵەکردنی بێ ڕەوشتانە و بێباکانە لەگەڵ شوێنە گشتییەکاندا! ئەوەش توڕەیی  و وروژاندنی هەست و سۆزی کۆمەڵگە بۆ کوردستان و نەتەوە دروست دەکات.
بەڵام زۆرجار لە ژێر ئەو بێزارییەدا هەستێکی قووڵتر هەیە، ئەویش ئەو هەستەیە کە گەشتیاران نەک تەنها ژینگە، بەڵکو بەها ناوخۆییەکانی هەرێمیش پشتگوێ دەخرێن.
بۆ زۆربەی کورد، شاخ و ژینگە پارێزی و شوێنە مێژووییەکان، تەنها شوێنێک نین بۆ کات بەسەربردن!
بەڵکو بەشێکن لە یادەوەری و ناسنامە و شانازی کۆمەڵگە، وە کاتێک کە کەسێک بە بێ ڕێزی مامەڵە لەگەڵ ئەو بەهایانە دەکات، خەڵکی ناوچەکە هەست دەکەن هەر وەک ئەوەی کە کولتوور و شێوازی ژیانی بەهاکانیان دەشێوێنێ یان لەدەست دەدەن!
بەڵام دەبێت ووریاش بین لە کاردانەوەی خێرا بۆ ئەو بێزاریان کە سەرهەڵدەدات،  ئەویش ئەو  بیرۆکەیەی کە زۆربەی کۆمەڵگەی کورد،  تەواوی گەشتیارانی عەرەب  بەرپرسیار بکەن لەو ڕەفتارە نەخوازراوانەی کۆمەڵە گەنجێک!
بێ گومان هەموو گەشتیارێک بە یەک شێوە مامەڵە ناکات. گەشتیاران هەیە زبڵ و خاشاکەکانیان پاک دەکەنەوە و یارمەتی گەشانەوەی ئابووری ناوخۆی هەرێمش دەکەن،  وە بە سەرسامییەکی ڕاستەقینە چێژ لە جوانییەکانی کوردستان وەردەگرن و لەوانەیە لۆمەی دەستەڵاتدارانی عێراقیش بکەن، کاتێک پێشکەوتن جوانی کوردستان بەراوورد دەکەن لەگەڵ وێرانەی ناوەڕاست و باشوری عێراق کە لەژێر سایەی عەمامە بەسەرەکاندا بەڕێوە دەچێت و پەروەردەی سەردەمیانە و مرۆڤ و ژینگە دۆستانەشیان تێک داوە یان فەرامۆش کردووە!
بەڵام ئەوەش بەو مانایە نییە کە کێشەکانی پەروەردەی گەشتیاران چاوپۆش بکرێت و بشاردرێنەوە!
بە پێچەوانەوە، لەبەر ڕێزگرتن لە کوردستان، دەبێت سنووری ڕوون بۆ ئەو کارانە دابنرێت، چونکە میوانداری بە مانای لێبوردەیی بێ سنوور نییە!
بەبۆچونی من، کۆمەڵگا مافی ئەوەی هەیە و تەنانەت بەرپرسیارێتیشی هەیە کە سروشت و کولتوور و بواری گشتی خۆی بپارێزێت.
تۆ بڵێی گەشتیارانی عەرەب، کاتێک وانەی کۆمەڵاتی لە کورد فێر دەبن، کە ئازاری گیرفانیان بدرێن؟
ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت کە هەرێم سیاسەتێکی ڕوونتری هەبێت. هەرکەسێک زبڵ و خاشاک لە سروشتیدا بەجێبهێڵێت و زیان بە شوێنە مێژووییەکان بگەیەنێت یان شوێنە گشتیەکان پیس بکات، ئەوا پێویستە ڕووبەڕووی غەرامە ببێتەوە! ئەوەش نەک وەک گرتن و زەلیلکردن، بەڵکو وەک پەروەردە کردن! لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا، غەرامەکردنی قورس بۆ پیسبوونی ژینگە، بووەتە ڕێگەیەکی ئاسایی بۆ گۆڕینی ڕەفتاری مرۆڤەکان.
وەک پەندێکی هۆڵەندیش دەڵێت(  هەندێک لە مرۆڤەکان تەنها کاتێک وانە فێر دەبن، کە ئازاری گیرفانیان بدەیت)
بەڵام بە بۆچونی من تەنها یاساکان بەس نین! بەڵکو پەروەردەی گەشتیاریش ڕۆڵێکی گرنگی هەیە.
تۆ بڵێی کاتی ئەوە هاتبێت کە ناوچە گەشتیارییەکان زانیاری بە چەند زمانێک ( کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی) بنوسن؟
بە بۆچونی من، پێویستە زانیاری تایبەت بۆ هەڵسوکەوتی گەشتیاران هەبێت، ئەوەش لەکاتی هاتنە ناوەوەیان بۆ هەرێم، پێویستە رێکلام دابەشی بکەن و بە سادەیی ڕوونی بکەنەوە، کە چۆن دەبێت گەشتیاران بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ سروشت و شوێنە کولتوورییەکان بکات و پاشماوەکانیان بەجێ نەهێڵن هەتا تووشی وەرگرتنی غەرامە نەبن! چونکە هەندێک جار گۆڕانکاری لە سزادانەوە دەست پێناکات، بەڵکو وە هەنگاوی یەکەم، بە هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگە یان گەشتیاران دەست پێدەکات. جگە لەوەش کۆمەڵگاش خۆشی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆدایە.
پەندێکی کوردی دەڵێت (ئەگەر بچیتە شاری کوێران، دەبێت تۆش دەست بگریت بە چاوەکانتەوە) ئەوەش ماناکەی ڕوونە، چونکە زۆرجار مرۆڤەکان خۆیان لەگەڵ ژینگەی دەوروبەردا دەگونجێنن!
ئەگەر ڕێکوپێکی و ڕێزگرتن و بەرپرسیارێتی بە شێوەیەکی دیار، جۆرێک بێت لە نۆرم بۆ هەرێم، ئەوا بە بڕوای من، ئەو نۆرمەش دەبێتە خوو بۆ هەموان (عادەت). بەڵام بەداخەوە، پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە! ئەگەر کۆمەڵگە یان زۆربەی گەشتیاران ژینگە پیس بکەن، ئەوا بەداخەوە  ئەو پیسکردنەش دەبێتە خوو بۆ هەموان!
بۆیە ڕەنگە تەحەدای ڕاستەقینە بۆ کوردستان ئەوە نەبێت کە ئایا گەشتیاران پێشوازیان لێ بکرێن یان نا؟ بەڵکو دەبێت بزانرێت چۆن دەتوانرێت میوانداری گەشتیاران لەگەڵ سنوورێکی ڕوون و ئاشکرا بۆ ژینگە و کۆمەڵگە و کەلتور تێکەڵ بکات.
ئاخۆ چۆن سروشت و کولتوور دەپارێزیت، بەبێ ئەوەی دوژمنایەتی دروست بکرێت؟
چۆن دەستەڵات و کۆمەڵگە دەتوانن بە شێوەیەکی دادپەروەرانە کێشەکان چارەسەر بکەن، بەبێ ئەوەی تەواوی گەشتیاران ئیدانە بکەیت؟
بە بۆچونی من، کۆمەڵگایەکی بەهێز مەرج نییە لە نێوان کراوەیی و ڕێزگرتن لە خۆی و ژینگە، یەکێکیان هەڵبژێرێت، بەڵکو دەتوانێت هەرسێکیان بپارێزێت، پێشوازیکردن لە گەشتیاران و لە هەمان کاتدا ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە هەرکەسێک بێتە کوردستان بەرپرسیارێتی شاخ و شەقام و مێژوو و کەلتور و بەهاکانی کۆمەڵگە دەبێت لە ئەستۆ بگرێت!
چونکە گەشتیاری و میوان بوون تەنها بە واتای چێژوەرگرتن لە سروشتی جوانی کوردستان نییە،  بەڵکو ڕێزگرتنە لە کەلتوری کوردی و یاساکانی هەرێمە کە پێشوازیان لێدەکات!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست