<

تۆم بارەک و تارمایی کیسنجر

07/06/2026, 14:48 (GMT+1)
بەگوێرەی خوێندنەوەی ڕووداوەکانی ئەو دوایەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، تێبینی ئەوە دەکرێت، کە سیاسەتی وڵاتانی زلهێز بەتایبەتی ئەمریکا لەو ناوچەیەدا گۆڕانی بەسەردا هاتبێت، واتە ئەو سیاسەتەی کە دوو تا سێ دەیەی ڕابردوو ئەمریکا لەو ناوچەیەدا هەیبووە و پەیڕەوی کردووە .
------------------------------------------------------
وا پێ دەچێت، کە ئیستا ئەمەریکا لێی پەشیمان بووبێتەوە و گۆڕانی بنەڕەتی بەسەردا بهێنێت، بەڵام هەمیشە ئەمریکا دوای دوو تا سێ دەیە، هەڵسەنگاندن دەکات بۆ ئەو ئەزموونە سیاسەی کە لەهەر ناوچەیەک  بەکاریهێناوە، کە تا چی ڕادەیەک ئەنجامە سیاسی و ئابووریی و سەربازیەکانی و بەرژەوەندیەکانی پێکاوە لەو ناوچە دیاری کراوەدا بۆ نمونە، لە ئەفغانستان، کاتێک کە ئەمریکا بڕیاری گۆڕانی هەڵویستی دا بەرامبەر بەو وڵاتە، بەبێ سڵمینەوە و بەبێ هەژمارکردن بۆ ڕای هیچ وڵات و نەتەوەیەک، ئەو وڵاتەی بەجێهێشت و تاڵەبانی لەسەر کورسی دەسەڵاتدا دانا، ئێستا وا خەریکە هەڵوێستەکانی بەرامبەر جۆر و ستراکتەری حوکمڕانی لە عیراقدا دەستکاری بکات.  
ئەمڕۆ دوای سێ دەیەو خوردەیەک، تۆم بارەک کە زمانی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لێپرسراوی مەلەفی لبنان، عیراق، سوریا و کوردستانە، بەوشێوەیە هەڵسەنگاند دەکات بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و عیراق. ئەو ئەزموون و دۆخی هەنووکەی عیراق بە کارەساتێکی مەزن وەسف دەکات. ئەو پەنجە بۆ ئەوە درێژ دەکات و ڕەخنە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا دەگرێت، لە ڕووخانی سەدامەوە تا ئەمڕۆ،  پێ وایە کە ئەمریکا بەپەیڕەو کردنی سیاسەتی هەڵە نەیتوانیوە بەرژەوەندیەکانی خۆی لە عیراقدا بپێکێت، بۆیە پێشنیاری مودێلی" ١٩٧٣ی کیسینجر" دەکات و لە میدیاکاندا بە ڕاشکاوانە باسی دەکات "لینکەکەی لە خوارەوەیە". بێ گومان و سەداسەد ئەو بۆچوونەش پێش ئەوەی بگات بە میدیاکان، لەگەڵ سەڕۆکی ئەمریکا باس کراوە، بۆیە ئەگەر سەرنج بدەین، لە میدیاکاندا ترامپ چەند جارێک دژی حزبە کوردیەکان لێدوانی دا. تۆم بارەک بۆ چارەسەری دۆخەکە دەڵێت:
"ئەوەی ئەمریکا لە عیراقدا کردی نمونەیەکی خراپە و نابێت دووبارە بێتەوە. سێ ترلیۆن دۆلار بۆ بەرهەم هێنان لە عیراق خەرج کرا، ٢٠ساڵ کارەسات و مردنی سەدان هەزار کەس، ئینجا  ئێمە بەبێ هیچ دەستکەوتێک جێمانهێشت. خۆدزینەوە لە ئاساری ڕووداوەکان، سیاسەتەکانی ئەمریکا کە قوڵبوونەوەی ناتەبەیاکان و دابەش بوونی کۆمەڵگەی عیراقی لەنێوان سونی و شیعە و کورددا لێکەوتەوە، سەرئێشەیەکە کە چارەسەری بەدەست ئێمە نییە و ڕووبەڕووی ئێمە بۆیەوە، بۆیە هەوڵمان دا ئەمانە لەنێو چوارچێوەی کۆماری عیراقی فیدراڵدا کۆ بکەینەوە. لەلایەکی دی کوردستان کە کێڵگەی نەوتی زۆری لێیە، نایانەوێت ببن بەشێک لەو فیدرالیزمە، بۆیە ئەمریکا ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی بۆ دامەزراندن، هەمان ئەزموونمان لە سوریا دووبارە کردەوە، ڕێگەمان دا کە پەکەکە و یەپەگە کاروباری خۆیان لە سوریا بڕوێنن، ئەمە بۆ ئەمریکا ئاسانتر بوو بۆیە ئەو هەنگاوەی نا، ئەوان یەک زمان و کلتوور  کۆیانی دەکردەوە، توانیان قوتابخانەی خۆیان هەبێت و سوپایەکی لۆکەلی سەربەخۆ دابمەزرێنن. بەو سیاسەتانە ئێمە ناوچەکەمان دابەش کرد، وەک ئەوەی کاتی خۆی لە یۆغوسلافیا ڕوویدا، ئێمە نەمان توانی لایەنەکان بگەینینە ڕێککەوتن، هەموو بەرامبەر بەیەکە کەوتنە دژە سەنگەرەوە، وەک ئەوەی لە عیراقدا ڕوویدا. ئەو کارەساتەی کە لە عیراقدا هەیە، بووە هۆی ئەوەی میلشیاکانی سەر بە ئیران بتوانن لەنێو پەرلەمانی عیراقدا دەسەڵاتیان هەبێت، سودانی کە سەڕۆک وەزیرانە و بەهەڵبژاردن هاتووە بەڵام دەسەڵاتی نییە. مودیلی هینری کیسنجر کە لە ساڵی ١٩٧٣دا پەیڕەوی کرد، مودێلێکی سەرکەوتوو بوو، کە ئەو پێداگری کرد و بڕیاری دا، ئیتر سوپای ئەمریکا بۆ پشتیوانی سەربازی نەنێرێت و یارمەتی ماڵیشی ڕاگرت، کیسنجر گوتی، ناوچەکە بەخۆیان کێشەکانیان چارەسەر بکەن. هەنووکە  ئێمە سەفارەمان لە بەغداد هەیە، کە دوو بیلیۆن دۆلار خەرجیتی، کونسڵخان لە هەولێر کە هەشسەد میلیون دولار خەرجیتی، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، کە بۆ چی و ئەوانە چی دەکەن؟ لە وەڵامدا دەڵێت هیچ".

کاتێک کە ئەمریکا ئەجێندایەکی تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێت، بەگوێرەی ئەوە لە ناوچەکەدا زەمینەسازی بۆ دەکات، بۆ هاوپەیمانیەتی دەگەڕێت، هەل دەرەخسێنێت بۆ پارتی سیاسی و سەرکردە لۆکەڵیەکان کە لەو قۆناغە دیاری کراوەدا پێویستی پێیانە. ئەزموونی عیراقی دوای شەڕی کوێت و ڕاپەڕینی سەرتانسەری جەماوەری ساڵی ١٩٩١ لە عیراقدا، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت، کە دوای ئەوە ئەمریکا پەیوەندیی بە سەڕۆک حزبە کوردیەکان، شیعەکان و سونەکان کرد. لە ڕاستییدا ئەمریکا لە دوو تا سێ دەیە هەلی زێرینی بۆ هەموو لایەنەکان ڕەخساند و لە ڕووی ماڵی و سەربازی هاوکاریان بوو، هەروها پشتیوانی لە کەسایەتی کوردی و شیعی و سونی کرد، کە خۆی لەسەر کورسی دەسەڵاتی دانان، بەتایبەتی دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام لە ٢٠٠٣دا.
لەژێر سایەی ئەمریکادا بوو کە ئیران توانی دەسەڵاتی بەسەر حکومەتی عیراقدا بسەپێنێت، دەیان میلیشیای سەر بە ئیران لە عیراقدا دەسەڵات دروست بکەن و خەرجی تایبەتیان لە بودجەی عیراقدا هەبێت، ڕۆژ لەدوای ڕۆژدا قەوارەو ئەندازەیان زەبەلاح بێت، دەستیان بگات بە جومگە سەرەکیەکانی دەسەڵات، ئەمریکا سیاسەتێکی نەرمی بەرامبەر بە ئیران و شیعە مەزەهەب لەو وڵاتە و لە عیراق و سوریا و لبناندا هەبوو، خۆی مات دەکرد کاتێک کە باسی "هیلالی شیعی" دەکرا لەو ناوچەیەدا. لە ئەنجامدا حکومەتی عیراق بوو بە پەیکەرێکی بێدەسەڵات و دیکۆرێک بۆ شاردنەوەی هەڵاو دزین و گەندەڵی، ئەو دۆخە ناهەموارە، گەلانی عیراق بە هەموو پێکهاتەکانی باجیان دا. تازە ئەمریکا هاتووە پەنجە بۆ گەندەڵیەکان درێژ دەکات، لە کاتێکدا هەر لە سەرەتادا دەیتوانی ڕێگر بێت لە دروست بوونی ئەو دۆخە ناهەموارە، بۆیە پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، کە بۆ لەو کاتەدا ئەمریکا دەستی بە پرتەوبۆڵە کردووە؟
هەڵوێستەکانی ئەمڕۆی ئەمریکا، کردنەوەی دەرگەیەکە بۆ قۆناغێکی تازە، کە ئەمریکا لەگەڵ ئەردوغان و ئەحمەد ئەلشەرع و ئیسرائیل  و حکومەتی مەرکەزی بەغداد پێکهاتووە، هەموویان کۆکن لەسەر ئەجێندایەک کە بتوانن کۆنتڕۆڵی وڵاتەکانیان بکەن، دژی بەرژەوەندیی یەکدی کار نەکەن. بەڵێنیان لە ئەحمەد شەرع وەرگرتووە، کە لەگەڵ ئیسرائیل هاوسێیەکی باش بێت مەترسی بۆ سنووری ئیسرائیل دروست نەکات. هەموو ئەو لایەنانە کۆکن لەسەر ئەوەی حکومەتی ناوەند لە بەغداد پتەو بێت، ببێت بە خاوەن یەک سوپا، کار بۆئەوە بکەن میلیشیاکانی نێو عیراق چەک دابنێن، لەبری ئەوە بەهەزاران پۆزشنی کار بۆیان ئامادە کراوە، بۆ دابین کردنی سەرچاوەی بژێوی ژیان، بێ گومان هێزی میلیشیا هەیە ژمارەی ٥٠ هەزار زێترە، لێرەدا مەترسی بۆ هێزی پێشمەرگە دروست بووە، کە چارەنووسی بەرەو کێ دەچێت و چی جۆر ئەجیندایەکی بۆ ئامادە کراوە؟
سێ دەیە ئەمریکا باشترین هەلی بۆ کورد لە باشووری عیراقدا ڕەخساند، بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی لە باشووری کوردستان کرد، یارمەتی ماڵی و سەربازی دا، ئاسمانی دژەفرینی بۆ ڕەخساندن، کردیانی بە شەریک لە دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریی عیراق، دەسەڵاتی گرێبەستی ئابووریان هەبوو، پێکهێنانی هێزی پێشمەرگەیانی بۆ ئاسان کرد و بودجەی بۆ تەرخان کردن، زەمینەی دەسەڵاتی خۆبەرێوەبردنی لۆکەڵیانی بۆ ڕەخساند، پشتیوانی لە سەرۆک و حزبە کوردییەکان کرد، واتە لە چارەکە سەدەیەکدا باشوور فرسەتی ئەوەی هەبوو، کە خۆی قایم بکات، ئابووریەکیی نیشتمانیی نەتەوەیی تۆکمە بەرهەم بهێنێت، سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانی نەتەوەیی دابمەزرێنێت، بە ڕۆحی بەرەنگاری بوونەوە پەروەردەی بکات، هەوڵبدات پێگەی بەهێز بێت لەنێو کۆمەڵگەی نیونەتەوەیی و ناوچەکە، تا بتوانێت بۆ ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ، کە مەترسی تارمایی کیسینجر  یەخەوبەڕۆکی کوردستانی گرتووە و هەوڵدەدات  هەمان هەڵوێستی ئەمریکای ساڵی  ١٩٧٥ لە ساڵی ٢٠٢٦دا پەیڕەو بکات!
بمانەوێت یان نا، هەنووکە کوردستان ڕووبەڕووی ئەجێندایەکی تازەی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە دەبێتەوە. بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی جیهان و ناوچەیەکان بێت، سەرۆکە کوردەکان لەو ئەجێندایە گوتەیان نییە، بەڵکو ئەوەی پێشنیار دەکرێت دەبێت پەیڕەوی بکەن، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، کە ئایا میللەتی کورد ئامادەباشی هەیە، بۆ ئەگەری ڕوودانی بارودۆخێکی نەخوازیار لە ناوچەکەدا کە ڕەنگە بە گەلەکۆمەکێ بیانەوێت کورد گورگان خوارد بکەن!
سەرچاوە:
Tom Barrack on Iraq, Iran and what's next for the Middle East
For Kurds, Kissinger’s cynical realpolitik capped a century of US betrayal (Matt Broomfield)
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست