کۆمەڵگای مێگەڵی و ڕۆشنبیریی هزر کڵۆڵ
12/06/2026, 20:19 (GMT+1)

زۆر دەمێکە من زووخاوی کاڵفامی، کورتبیری و کورتبینیی ئەم میللەتە داماوەی کورد وەکوو ژەهر دەنووشم. مەخابن، ئێمە لەناو میللەتێکداین، هەر کەسێ دوو قسەی حەلەقومەلەقی لەبەر کرد و کەوتە وتنەوەی چەند پەرەگرافێک لە نووسین و وتەی زانا و نووسەرانی جیهان، ئیتر بە موناسەبە و بێ موناسەبە، لەژێر سێبەری داڵانەکانی کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی پیرەحزبە خیانەتکارەکانی کوردستاندا، وەک گۆرانیی داواکراو بەردەوام دەبێت لە کاوێژکردنی ئەو وشە و پەرەگرافە سواوانە. ئەمەش تەنیا بە مەبەستی سەرمەستکردنی بیسەر و بینەرە داماوەکانی کەناڵە حزبییەکانە.
ئیتر لێرەوە، کاکی زۆڵەنووسەر و نارۆشنبیر لە شەقەی باڵ دەدات و دەبێتە ئەستێرەی پرشنگداری ناو کەناڵە ئاسمانی و ساید و میدیا گەلحۆخانەکانی حزبییەکان. لەو سەکۆ حزبییانەوە، دەکرێنە نووسەر، ڕۆشنبیر، شیکەرەوە و پرۆفیسۆری پایەداری ناو کایەی هزری و ڕۆشنبیریی کوردی! زۆرێک لەو قەڵەم و ویژدانفرۆشانە لە ئێستادا وەک قارچکی بن ئەرز لەپڕێکدا هەڵدەتووقێن. لەناوخنی کۆمەڵگای مێگەلخانەی کوردیدا، هەر کە زانیت، دەبنە نووسەر و ڕێنیشاندەری کۆمەڵگا، فەیلەسووف، دانا و زانا، ڕۆشنبیر، ئەدیب، هونەرمەند، سیاسەتمەدار، ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی، ئابووریناس و هتد.
لەپڕێکدا دەبینیت "جەنابی دکتۆر و پرۆفیسۆر فڵان"، بووەتە سەردێڕی ڕیکلامی شاشەی تەلەفزیۆنەکانی وڵاتی واقواق: "ڕۆشنبیر و فەیلەسووفی بلیمەتی کورد (!) ڕۆژی هەینیی داهاتوو میوانی کەناڵەکەمان دەبێت، تا باسی دونیای فەلسەفە، ڕۆشنبیری، پیسبوونی ژینگە و ئاووهەوای ئەمڕۆکەی جیهانمان بۆ بکات!". ئا لێرەوە کارەساتەکە دەقەومێت؛ نارۆشنبیر و فەیلەسووفی نابلیمەتی کوردی، خۆی لێ دەبێتە (نیچە، شۆپنهاوەر، شێکسپیر و ژان ژاک ڕۆسۆ) و کۆمەڵگاش دەبێتە ئەو مێگەلە خەسێنراوە لە هۆشیاری و بیرکردنەوەدا.
کاتێک کۆمەڵگا لەو ئاستە نزمەی هۆشیاری و بیرکردنەوەدا بێت، ئیتر چۆن هەموو سمێڵفشێک خۆی لێ ناکاتە هەمزە ئاغا؟ ئاخەر هەر لەم کۆمەڵگا مێگەلییەی کوردستاندایە، کە مەسعوود بارزانییەکان دەتوانن خۆیان بکەن بە مەرجەع و سەرۆک، فاروق ڕەفیقەکانیش بە فەیلەسووف و موفەککیر، و تەحسین شاوێسەکانیش بە گیڤارا.
لە کوردستاندا، فاروق ڕەفیق بە زیندوویی کرا بە سەرقافڵەی ڕۆشنگەریی کوردی، بە مردووییش دەیانەوێت بیکەنە باوکی ڕووحیی دونیای فەلسەفە و ڕۆشنگەریی کوردی! با بزانین فاروق کێ بوو؟ چۆن ناوی چووە ناو ناوانەوە لە کوردستان؟
فاروق ڕەفیق لە کەنەدا، لە شاری ئۆتاوای پایتەخت ژیانی دەگوزەراند و لە زانکۆی ئۆتاوا دەیخوێند. بۆ جارێکیش نەمدی و نەمدیست لە کەناڵە لۆکاڵییەکانی ئۆتاوادا میوان بێت، یان لە گۆڤارە ناوخۆییەکانی ئۆتاوا و گۆڤارە سەرتاسەرییەکانی کەنەدادا، نووسین یان ئارتیکڵێکی سیاسی، فەلسەفی یان ڕەخنەیی هەبێت لە هەمبەر ئەو گشت گۆڕانکارییە سیاسی، ڕۆشنبیری و فەلسەفییانەی ئەو سەردەمە. ئەوەی بەلای منەوە جێگەی تێڕامان بوو، ئەوەبوو کە فاروق ڕەفیق چۆن لەپڕێکدا لە کوردستان بوو بە خاوەنی دەزگای حیکمە، فەیلەسووف، مامۆستا و خاوەن هزری دانسقە.
کاتێک فاروق لە ئۆتاوا بوو، بەندە سێ جار لە سێ شوێنی جیاواز و لە سێ هەڵوێستی جوودادا بینیومە، و هێندێ دەمەتەقێ و وردە گفتوگۆم لەگەڵدا کردووە. چەند کەسێکیش لە هاوڕێ کۆنەکانی «فاروق ڕەفیق»م لە نزیکەوە ناسیوە. ئەگەر خوێندنەوەیەکی خێرا بۆ کەسایەتیی فاروق ڕەفیق بکەیت، هەر زوو لات ڕوون دەبێتەوە کە ئەم مرۆڤە چەندە شەیدای ئەوە بووە، وەک شێخ و ئاغا کۆنەکانی کوردستان، دەوروبەرەکەی پڕ بێت لە دەروێش و مورید.
فاروق ڕەفیق بە شێوەیەکی زۆر ترسناک تووشی نەخۆشیی خۆبەگەورەزانین (جنون العظمة) ببوو. وای دەزانی کە زاناترین و ڕاستگۆترین مرۆڤە، نەک هەر لە کوردستان، بەڵکوو لە هەموو دونیادا! کاک فاروقی ڕەحمەتی، بە جۆرێک سەنتەری سەقامگیریی فکریی تێکچووبوو، هەر لەپڕێکدا خۆی بە چەمکێک و ڕەهەندێکی فکرییەوە هەڵدەواسی بۆ نمایشکردنی کەسایەتیی خۆی. ئەو هەمیشە خۆی وا نیشان دەدا کە کەسایەتییەکی شاز و جیاوازە و دونیاکەی، لە ڕووی فکری و ڕۆشنبیرییەوە، بەتەواوی جیایە لە زۆربەی ڕۆشنبیر و نووسەرانی کورد.
لەناکاو هەستت پێ دەکرد کە فاروق لەپڕێکدا ١٨٠ پلە سوکانی فکریی خۆی وەرچەرخاندووە بە ئاراستەیەکی پێچەوانەتر لەوەی پێشتر گەنگەشەی لەسەر دەکرد. ماوەیەک کاک فاروق ڕەخنەی لە خوێنەران و نووسەرانی کورد دەگرت کە گوایە کتێبە فەلسەفییەکانی وەک ئیبن ڕوشد، غەزالی و ئیبن خەلدوون و هتد ناخوێننەوە، و ئەسەفی بۆ ئەوە دەردەبڕی کە خوێندەوارانی کورد هێشتا لە ئیبن ڕوشد و ئیبن خەلدوونەکانی ئیسلام تێنەگەیشتوون! هانی دەدان بچن کتێبە فەلسەفییەکانی زانا ئیسلامییەکان بخوێننەوە. لە کۆتاییدا دەرکەوت کە هەموو ئەو وەرچەرخان و فەرمانبادانەی کایە فکری و ڕۆشنبیرییەکانی «کاک فاروق ڕەفیقی ڕەحمەتی»، ئاراستەکراو بوون بەرەو گەیشتن بە بەرژەوەندییە خودییەکانی خۆی، نەک خزمەتکردن بە فەزای ڕۆشنبیری و فکریی گشتیی کۆمەڵگای کوردی و خوێنەرانی کورد.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان










