ڕێسا و یاسای داتەپیو لە نێوان چەواشەکاریی میدیای کۆیلە و تاڵانیی کۆمپانیای کار و لاناز دا
31/07/2026, 19:34 (GMT+1)
دۆخی سیاسی و ئابووریی باشووری کوردستان تەنها بە قەیرانێکی کاتی یان گۆڕانکاریی ئاسایی نرخەکان پێناسە ناکرێت، بەڵکو ئێمە لەبەردەم پرۆسەیەکی سیستەماتیکی ڕووتکردنەوە و چەوساندنەوەی مرۆڤی کوردداین. لە کاتێکدا کۆمەڵگە لەژێر باری بێمووچەیی و گرانیی بژێویدا دەناڵێنێت، قۆرغ کاری دەسەڵاتی بنەماڵەیی لە ڕێگەی دێوەزمە ئابوورییەکانی خۆیەوە، دواین سەرچاوەکانی ژیانی ئەم خەڵکە قۆرغ دەکات
ئامرازی چەواشەکاری و بەکۆیلەکردنی هۆشیاری
پارتی و یەکێتی لە ڕێگەی دروستکردنی سوپایەک لە میدیای سێبەر، شاشەی بریقەدار و نووسەری بەکرێ گیرا، هێرشێکی توندیان کردووەتە سەر هۆشیاریی گشتی. ئەرکی ئەم دهزگا و مرۆڤە بەکۆیلەکراوانە تەنها یەک شتە: شاردنەوەی راستی و پاساودانان بۆ بنەماڵە و سیستەمە شکستخواردووەکەیان، کاتێک نرخی سووتەمەنی و پێداویستییەکانی ژیان بەرز دەبێتەوە، میدیای دەسەلات هۆکارەکەی دەخاتە ئەستۆی هاوکێشە جیهانییەکان و بەغدا، بەڵام بە دەستی ئەنقەست بێدەنگ دەبن لەو دزینی فکر و قوتی خەڵکەی کە لە ناوخۆدا دەگوزەرێت. ئەمە تەنها چەواشەکاری نییە، بەڵکو خیانەتێکی هیزری و بێ مۆڕالییە دژ بە تەواوی کۆمەڵگەی کوردی.
چەتەگەری حیزبی و بنەماڵەیی پارتی و یەکێتی چۆن بە هۆی سووتەمەنی؟ کۆمپانیاکانی کار و لاناز ژیانی خەڵک قۆرخ دەکەن؟
نەوتی ئەم وڵاتە لەسەر پشتی تانکەرەکانی دەسەڵات بار دەکرێت و ڕەوانەی پاڵاوگەکانی کار و لاناز دەکرێت. ئەم دوو کۆمپانیایە کە ڕاستەوخۆ لەژێر ڕکێف و بەرژەوەندیی مەسرور بارزانی و بازنەی ئابووریی بنەماڵەدان، بوونەتە هۆکاری سەرەکیی گرانبوونی بەنزین و تێکدانی هاوسەنگیی بازاڕ.
ئەوان بەنزینی پاڵاوتەی ناوخۆیی، بە نرخی بازاڕی جیهانی و بە گرانترین شێوە دەفرۆشنەوە بەو شۆفێر و کاسبکارە داماوەی کە خۆی لەسەر دەریاچەیەک لە نەوت دەژی. شانۆگەریەکە لێرە دایە! نەوتەکە هی خەڵکە، خاکەکە هی گشتتییە، بەڵام قازانج و داهاتەکەی تەنها بۆ پڕکردنی گیرفانی چەند کەسێکی دیاریکراوی ناو بازنەی دەسەڵاتە. ئەمە مۆدێلێکی نوێی چەتەگەریی فەرمییە کە هەموو جومگەکانی ژیانی ئیفلیج کردووە.
دەنگی ڕاستەقینەی ڕووبەڕووبوونەوە و فیکری ئازاد
وەک چۆن دڵسۆزان، ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ و کەسایەتییەکانی ئۆپۆزسیۆن وەک عەلی حەمەساڵح و ئەوانی تر هەمیشە بە بەڵگە و دۆسیەی وردەوە حەقیقەتی ئەم قۆرخکارییانەیان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کردووە، ئەرکی فیکری و نیشتمانیی ئێمەشە بێدەنگ نەبین. کاتێک دەنگە ئازادەکان ژمارە و دۆسیەی گەندەڵییەکانی ئەم پاڵاوگانە دەخەنە ڕوو، دەسەڵات لەبری گرتنەبەری چاکسازی, میدیاکانی دەخاتە گەڕ بۆ لێدان و ناشرینکردنیان. ئەوان دەیانەوێت هەموو دەنگێکی ناڕازی و ڕەخنەیی کپ بکەن تا کەس نەپرسێت: داهاتی ملیۆنان لێتر بەنزینی ڕۆژانەی ئەم وڵاتە بۆ کام حیسابی بانکی لە دەرەوە دەچێت؟
بەرپرسیارێتیی مێژوویی
ئەم دۆخە نالۆژیکییە بە ڕاپۆرتە ساختەکانی میدیای حیزبی و کۆیلەکانی دەربار پینە ناکرێت. هاوڵاتییەک یان شۆفێرێک کە ڕۆژانە ناچارە نیوەی داهاتی کاسبییەکەی بداتە سووتەمەنی، باش دەزانێت کێ لێپرسراوی ڕاستەقینەی ئەم دۆخەیە. بازرگانیکردن بە قوتی خەڵکەوە لە ڕێگەی قۆرخکاریی پاڵاوگەکانی کار و ل لانا ەوە، تاوانێکی پێکهاتەییە. ئێمە وەک چالاکوان و ڕۆژنەمانووسان لە تاراوگە بەردەوام دەبین لە ڕوونکردنەوەی ئەم راستیانە و ناساندنی ڕووی ڕاستەقینەی ئەم سیستەمە، چونکە بێدەنگبوون لە کاتی تاڵانکاریدا، خۆی دەبێتە بەشێک لە هێشتنەوەی نادادی.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









