خواستی دەوڵەت نەخۆشییەکی سایکۆلۆژیی کوردی باشوورە!
21/09/2026, 18:51 (GMT+1)

لەو ڕۆژانەدا، کوردێکی باکووری سەر بە بزووتنەوەی ئاپۆیی چەند جار بە نامە بۆی دەنووسیم کە ئەوەی کوردی باشوور دەیکات نەخۆشییەکی سایکۆلۆژییە و کوردی باشوور خەریکی ژەهراوییکردنی مێشکی کوردانی بەشەکانی دیکەشن بە ژەهری دەوڵەت و ناسیۆنالیزم. بەردەوام نامەکانیم پشتگوێ دەخست و وەڵامم نەدەدایەوە، تەنانەت بە کۆمێنتیش دەینووسین، و کرۆکی قسەکانیشی ئەوەیە: ناسیۆنالیزم ئەتنۆ-ناسیۆنالیزمە و قڕکردنی گەلانە و ئەمەش نەخۆشییەکی سایکۆلۆژیی کوردی باشوورییە، دیاردەیەکی نەخۆشیی باشوورییەکانە.
پرسیارەکە و کێشەکەی من لەگەڵ تەڤگەری ئاپۆیی و ڕەوتی چەپ و ئیسلامیی بەڕاستیی ئەوە نییە ئایا دۆخی جیۆپۆلەتیکیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕێگە بە کورد دەدەن دەوڵەت دروست بکات یان نا. لە ڕیفراندۆمەکەی ٢٠١٧ بینیمان هەموو دونیا بەیەک دەنگ ڕەتیدەکردەوە. خاڵە هەرە بنچینەییەکە ئەوەیە: ئایا تۆ لە وشیاریی خۆتدا باوەڕت بە دەوڵەت هەیە وەک ئایدیا و بیرۆکە، بەڵام لە واقیعی سیاسییدا وەک دەروازە و ئامادەکاریی هەوڵ بۆ شتێکی دیکە دەدەیت، یاخود لەڕووی ڕۆحیی و دەروونییەوە ڕەتیدەکەیتەوە و دەڵێیت نابێت هەتبێت.
ئەم دوو شتە لەیەکتر جیاوازن. هەبوونی ئایدیای دەوڵەت و هەبوونی پێکهاتەی دەوڵەت دوو شتی جیاوازن. پێش پێکهاتە تۆ دەبێت بیرۆکە و ئایدیات هەبێت. دەوڵەت کۆنترین مۆدێلی ڕێکخستنی مرۆڤایەتیی بووە. ئێمە پێش دەوڵەت کۆمەڵگەی وەحشیگەریی و بەربەریی و سەرەتاییمان هەبووە، ئیمپراتۆرییمان هەبووە، پاشان دەوڵەت هاتووە و دوای دەوڵەتیش جاروبار ئیمپراتۆریی گەڕاوەتەوە. بەڵام وەک هێگل دەڵێت دەوڵەت باڵاترین فۆرمی ژیانی ئەخلاقیی نەتەوەیەکە و ئەو کۆمەڵگەیە بۆ باڵاترین فۆرمەکانی پێشکەوتنی شارستانیی، کولتووریی و مەدەنیی ئامادە دەکات.
تۆ لەژێر داگیرکارییدا هەرگیز بەپێشکەوتن ناگەیت. ئابوورییت نابێت، ژیانی ئەخلاقییت نابێت، پەروەردەت نابێت، فەلسەفە و زمانی فەلسەفیی و زانستییت نابێت. سەروەرییت نابێت، هەمیشە ژێردەستیت. فێری یارییکردن نابیت، یارییت پێدەکرێت. سەیر ئەوەیە ئەحمەدی خانی نزیکەی چوارسەد ساڵ پێش ئێستا لەمە تێگەیشتبوو، تازە بە تازە کوردی ئاپۆیی بەخۆی بزانێت یان نا، خەریکی دووبارەکردنەوەی ئایدیۆلۆژیای دەوڵەتی تورکییە.
بەدڵنیاییەوە تورک و عەرەب و ئێرانیی هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ تۆ نییە ئەگەر تۆ وەک کورد دژی دەوڵەتی کوردیی و ناسیۆنالیزمی کوردیی بیت. تۆ دەبیتە کوردێکی باش. تۆ بەدڵنیاییەوە لە ئەنقەرە و دیمەشق و بەغدا و تاران جوێن بە ناسیۆنالیزمی کوردیی بدەیت، کەس بێڕێزیت پێناکات، بڕۆ بە فارسیی و تورکیی و عەرەبیی لەو شارانە بڵێ دەوڵەتی کوردیی نەخۆشییەکی سایکۆلۆژیی کوردی باشوورە، یەک ئێرانیی و عەرەب و تورک هێرشت ناکەنە سەر. نازانم ئایا ئەم لۆژیکە هێندە قورسە جەماعەتی ئاپۆیی لێی تێناگەن؟
ئەمە وەک ئەو نوکتە ئێرانییە وایە دەڵێن ئۆباما و ئەحمەدی نەژاد یەکتریان بینیوە، ئۆباما گوتوویەتی لە ئەمریکا دیموکراسیی هەیە و خەڵک لە نیویۆرک هاوار دەکات دەڵێت بڕوخێ ئەمریکا، کەسیش ناگیرێت. ئەحمەدی نەژادیش دەڵێت لای ئێمەش هەروایە، هەموو ڕۆژێک خەڵک لە تاران هاوار دەکات بڕوخێت ئەمریکا و کەسیش ناگیرێت.
وێنەکە: ئەو کوردە باشوورییە نەخۆشانەی ئالودە بە ڤایرۆسی دەوڵەت، کە بۆ ڕۆژاڤا لەسەر شەقام بوون لە کاتێکدا برا تورک، عەرەب و ئێرانییەکانیان هەم هێرشیان دەکردنە سەر و هەم پێیان پێدەکەنین.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









