<

چارەنووسی ئۆجەلان و پارتی کرێکاران بەرەو کوێ؟

01/10/2026, 22:15 (GMT+1)

هەڵبەتە ئەگەر باسی پارتی کرێکاران بکرێت و شڕۆڤەی ڕەهەندەکانی فکری، پەروەردەیی، و ڕێکخراوەیی بۆ بکرێت، بە دڵنیاییەوە هەم کاتی زۆرتری پێویستە و هەم لە وتارێکدا جێگەی نابێتەوە. بۆیە لێرەدا زیاتر باسی بڕیاری خۆهەڵوەشانەوە و چەکدانانی پارتی کرێکاران دەکەین لەسەر ڕاسپاردەی ئۆجەلانی بەندکراو، کە هەموو کوردێکی بەم بڕیارە تووشی شۆک و تێڕامان کرد.

پێش بڕیاری خۆهەڵوەشانەوەی پارتی کرێکاران، زۆرینەی کورد پارتی کرێکارانی کوردستانی وەک هێزێکی فریادرەس دەبینی بۆ هەموو بەشەکانی تری کوردستان، بە مەبەستی بنیاتنانەوەی کۆمەڵگای کوردی لەسەر بنەمای داد و ئازادی و دابینکردنی ماف و ئەرک بۆ هەر تاکێکی کورد. هێزێک کە هەرگیز سازش لەسەر مافەکانی کورد ناکات و خیانەتکردن بە خاک و گەل لای هێڵی سوورە؛ ئەمەش لەبەر ئەوەی لە زۆر ڕووەوە پارتی کرێکاران ئەزموونێکی تازەی سیستەم و ڕێکخراوەییە، کە دەستاودەستکردنی دەسەڵات و بەرپرسیارێتی تێیدا لەسەر بنەمای پەیوەندیی خێڵ و خێزان نییە، بەڵکوو لەسەر بنەمای توانا و دڵسۆزییە، کە ئەمەش بۆ هەموو کورد جێگەی قبووڵ و ستایش بوو.

لەگەڵ زیندانیکردنی ئۆجەلان و هاتنەدەرەوەی هەندێ نووسراو و کتێب بە ناوی ئۆجەلانەوە لە ئیمڕاڵییەوە، هەست بە گۆڕانکاریی فکری لەناو ئەدەبیاتی پارتەکەدا کرا، کە لە پارتێکی سیاسییەوە بەرەو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی (Grassroots movement) گۆڕاوە. هەروەها بە باوکردنی هەندێک دروشمی وەک ئیکۆلۆژی (زانستی ژینگەپارێزی)، برایەتیی گەلان، و کۆمەڵگای دیموکراسی، کە هیچ پەیوەندییەکیان بە کێشە و ئازاری سەرەکیی کوردەوە نییە. کێشەی سەرەکیی کورد بریتییە لە نەبوونی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی؛ چونکە بێ بوونی ناسنامەیەکی بەهێزی نەتەوەیی و نیشتمانی، کەس ناتوانێت نە برایەتی بکات و نە پارێزگاری لە ئیکۆلۆژی بکات. ئاخر کوردێکی لاوازی هەژار کە بە ئازادی ناتوانێت ناسنامەی خۆی ئاشکرا بکات، یان لەسەر کوردبوون کۆمەڵکوژ دەکرێت، دەبێت باسی برایەتی یان خواردنی گژوگیا لەبری گۆشت بکات تەنها بۆ ئەوەی ژینگە بپارێزرێت؟! یان باس و خواسی بەدیموکراتیزەکردنی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان داگیرکردووە چ خێر و بەهایەکی دەبێت؟

ئەوەی کە پەیوەندیی بە دیموکراتیزەکردنی تورکیاوە هەبێت، بە دڵنیاییەوە تورکیا پێویستی بە ئۆجەلان نییە فێری دیموکراسیی بکات، چونکە تورکیا بە شێوەیەکی ڕێژەیی بۆ خەڵکی تورک وڵاتێکی دیموکراسییە لەچاو وڵاتانی دەوروبەردا. لانی کەم پاکیی هەڵبژاردن بێ ساختەکاری، دەستاودەستکردنی دەسەڵات، و ئازادیی دروستکردنی پارت و ڕێکخراوی سیاسی تێیدا هەیە وەک پێوەر بۆ دیموکراسی. جگە لەمەش، مەرج نییە هەر وڵاتێک دیموکراسی بوو، مافی نەتەوەیی گەلانی ژێردەستە بە ئاسانی بدات؛ نموونەش بۆ ئەمە بەریتانیا، ئیسپانیا، ڕووسیا، هەتا هیندستان و زۆر شوێنی ترن، کە چەندەها نەتەوە لەژێر ئاڵای ئەواندا بوونیان هەیە بەڵام ڕێگەی سەربەخۆییان پێ نادەن.

لەبەر ئەوە، لای زۆربەی خەڵکی کورد و دنیا، ئەم لادانەی ئۆجەلان لە بزاڤێکی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازانەی سیاسیی نەتەوەییەوە بۆ بزاڤێکی کۆمەڵایەتی، بە دەستی تورکیای دەزانن. واتە لەژێر بڕیاری لەسێدارەداندا، یان ڕوونتر بڵێین لەژێر هەڕەشەی چەقۆدا ئەم شتانەی پێ دەڵێن؛ تاوەکوو بە عەقڵی خۆیان کورد خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی لەبیر بچێتەوە و لێی دوور بکەوێتەوە، بە واتایەکی تر، دەیانەوێت کورد بە لاڕێدا بەرن لە ئامانجە سەرەکییەکەی کە ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەیی و نیشتمانییە.

هیچ گەلێک وەک کورد کە هەوڵی ئازادی و ڕزگاری دابێت، بیری لەوە نەکردووەتەوە کە خەبات بکات بۆ باشترکردنی سیستەمی سیاسی و ئیکۆلۆژیی ئەو وڵاتەی کە داگیری کردووە؛ وەک دروشمەکانی "دیموکراسی بۆ فڵان و فڵان وڵات و ئەمجارە حوکمی زاتی بۆ کورد". بۆ نموونە گەلانی بەڵکان و بەڵتیک، کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا لە یوگۆسلاڤیا و ڕووسیا (یەکێتیی سۆڤیەت) جیا بوونەوە، هەل و وزە و توانای خۆیان نەکردە قوربانیی سڕب و ڕووس، نەیانگوت "نامانەوێت جیا ببینەوە و دەبینە هاووڵاتیی ئێوە تا وڵات جوان بکەین لە ڕووی سیستەمی سیاسی و ئیکۆلۆژییەوە"، نەخێر! بەڵکوو کەڵکیان لە وەرچەرخانە مێژووییەکە وەرگرت و سەروەری و سەربەخۆیی خۆیان بەدەست هێنا.

لە بەراوردێکی تری ڕەوشی بەڕێز ئۆجەلان و پارتی کرێکاران لە مامەڵەیان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا، نموونەی مەروان بەرغوسیمان هەیە لە فەڵەستین. کە ئەمیش وەک ئۆجەلان ساڵانێکی زۆرە زیندانییە و بە دروستی (٢٤) ساڵە لە زینداندایە، بەڵام بەرغوسی نەهات بەرنامەی دیموکراسی و ژینگەپارێزی بۆ ئیسرائیل بنووسێتەوە و بە ناوی ئاشتییەوە داوای خۆهەڵوەشانەوە و چەکدانان بکات. وە ڕێکخراوی ڕزگاریی فەڵەستینیش ئەمە بە هەند وەرناگرن تەنانەت ئەگەر بەرغوسیش داوای هەڵوەشانەوە و چەکدانان بکات.

نموونەیەکی تر لەسەر ئاستی جیهانی، ماندێلا و ڕێکخراوەکەی (کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا) بوو، کە ماندێلا وەک ئۆجەلان ٢٧ ساڵ زیندانی کرا و تۆمەتی تیرۆری درابووە پاڵ، بەڵام هەرگیز لە ئامانجەکانی پاشگەز نەبووەوە. بە کورتی، سووربوون لەسەر داوا ڕەواکانی گەلەکەی و پاڵپشتیی کۆنگرە لە داواکانی ماندێلا بووە هۆی ئازادبوونی و ڕزگارکردنی وڵاتەکەی لە دەستی ڕژێمی ڕەگەزپەرستی ئاپارتاید، نەک وازهێنان لە خەبات و خۆهەڵوەشانەوە. بە هەمان جۆر، ڕێگەی مەرجی ئازادبوونی ئۆجەلان و چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە باکوور، سووربوونی زیاترە لەسەر تێکۆشان لە هەموو بوارەکاندا، نەک خۆهەڵوەشانەوە و خۆچەککردن پاش نزیکەی ٥٠ ساڵ خەبات و قوربانیدان لەبەرامبەر هیچدا؛ چونکە گوتاری ئاشکرای تورکیا ئەوەیە کە تورکیا بێ تیرۆر بێت، وە هیچ پەیمانێکی نەداوە بۆ چارەسەری بچووکترین پرسی کورد، وەک خوێندن بە زمانی کوردی.

یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ئاشتی لە نێوان دوو لایەنی ناکۆک، دەبێت بریتی بێت لە ڕێزگرتنی یەکتر و یەکسانبوون لە پێشکەشکردن و داشکاندن (تەنازولکردن) بۆ یەکتر. لەم ڕووەوە تا ئێستا هەر پارتی کرێکاران داشکاندنی بۆ تورکیا کردووە، لە بەرامبەریشدا تورکیا نەک هەر هیچی پێشکەش نەکردووە، بەڵکوو بەوپەڕی سووکایەتیپێکردن و بێڕێزییەوە داوای زوو ڕادەستکردنی چەک دەکات، و ئەمجارە دادگاییکردنی ئەوانەی کە بە وتەی تورکیا تاوانیان کردووە؛ واتە دوای خۆڕادەستکردن و چۆڵکردنی هەموو سەنگەر و مۆڵگەکانی خۆیان دەبێت مەمنوون بن کە وەک هاووڵاتی وەریانبگرن و لەسێدارەیان نەدات! ئەمە هیچ مەرجێکی ئاشتییەکی پایەداری تێدانییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا. بەڵام بە وتەی هەندێ لە برادەرانی پارتی کرێکاران، ئەوان دژی هەر قەوارەیەکی سیاسیی کوردین و تەنها خەبات بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا دەکەن نەک بۆ کورد! جا بۆیە دەشێت دەستی تورکیا زیاتر واڵا بێت بۆ سزادانیان وەک هاووڵاتییەکی تورکیی لەیاسادەرچوو، ئەوکات نە تورک هیچ سۆزێکی بۆیان دەبێت، وە نە کوردیش وەک کورد هەژماریان بۆ دەکات. بە جۆرێک لە جۆرەکان، دوای ١٠٠ ساڵ ئەزموونی (حەسەن خەیری) دووبارە دەبێتەوە، بەڵام ئەم جارە بە هەزاران حەسەن خەیری نەک هەر یەک.

وەک باس دەکەن، پارتی کرێکاران زۆرێک لە سەنگەر و مەڵبەندەکانی خۆی—کە بە خوێن و ئارەقەی گەنجانی خێر لەخۆنەدیو و ستەمدیدەی کورد پارێزرابوون—چۆڵ کردووە و ڕادەستی سوپای تورکیای کردوون. ئەمە جگە لە هەواڵی سەردانی بەرپرسانی قەندیل بۆ لای ئۆجەلان و سەردانی میت بۆ قەندیل. دیسان بۆ ئەم خۆڕادەستکردنەش، چەمکێکی تازەیان داتاشیوە بۆ پاکانەی کارەکەیان بە ناوی "ئینتیگراسیۆن"، کە لە ڕاستیدا ئەم چەمکە چەمکێکی کۆمەڵایەتییە و بەکاردێت بۆ خۆگونجاندنی گرووپێکی بچووکی کۆمەڵایەتی لەناو کۆمەڵگایەکی گەورەتردا، وەک بۆ نموونە ئینتیگراسیۆنی پەناهەندە لە وڵاتی سوید. پارتی کرێکاران بە هەڵە چەمکی ئینتیگراسیۆن بەکاردەهێنێت، چونکە کورد لە تورکیا نەک هەر بە زۆر خۆی پێ گونجاندوون، بەڵکوو زۆربەی کورد لە ناچاریدا تواونەتەوە لەناو کۆمەڵگای تورکیدا. ئەم خۆڕادەستکردنەی پارتی کرێکاران بە بێ مەرج و بێ دەستکەوتی نەتەوەیی، وای کردووە کە هەموو کورد بە گومانەوە بڕوانێتە سەرکردە و هەنگاوەکانی پارتی کرێکاران.

نەک هەر ئێستا، بەڵکوو ساڵانێکی زۆرە زۆرێک لە خەڵکی کوردستان گومانیان لەسەر سەرانی پارتی کرێکاران پەیدا ببوو، بەتایبەت ڕۆڵی نەرێنیی سەرانی پارتی کرێکاران لە کوردستانی سووریا، تا ڕەوشەکە گەیشت بە ئاشبەتاڵ و ڕمانی دەسەڵاتی کوردی بە هۆی سیاسەتی پارتی کرێکاران بۆ پاراستنی سووریا. وە بۆ ئەمەش، سەرانی پارتی کرێکاران بە دەمی خۆیان دەڵێن ئەوان دژی قەوارەی سیاسیی کوردستانین. یەکێک لەوانەی کە ساڵانێکی زۆر پێش بڕیاری پارتی کرێکاران بۆ خۆچەککردن و خۆڕادەستکردن بە ئاشکرا و بە بەڵگەوە باسی ڕۆڵی نەرێنیی پارتی کرێکاران و ئۆجەلانی دەکرد لە کوردستانی سووریا (پەیمان حەیدەری) بوو، کە من ئەوکات هاوڕای نەبووم، بەڵام کات نیشانی دا کە خوێندنەوەکانی ئەو ڕاست بوون. چونکە کاتێک کورد بۆ خۆی بڵێت دژی قەوارەی سیاسیی کورد و کوردستانین، بۆ گلەیی لە وڵاتان بکرێت کە کورد ڕادەستی سووریای شەرعی دەکەن؟ وە بە کورد بڵێن مادام ئێوە قەوارەی سیاسی، نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردستانتان ناوێت و بۆ گەلانی تر خەبات دەکەن، فەرموو بڕۆن لەگەڵ سووریا ئینتیگراسیۆن بکەن! ئیتر ئەرکی وڵاتان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نییە هاوکار و یارمەتیتان بدات.

لەناو هەر وڵاتێکدا، پارتی سیاسی یان هەر بزووتنەوەیەکی تری جەماوەری، خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم حیزبە یان ئەم ڕێکخراوە، خەڵکە؛ واتە هەموو ئەو کەسانەن کە لەناو حیزب و بزاڤی حیزبیدا ڕۆڵیان هەبووە، قوربانییان داوە و ماندوو بوون، نەک کەسانێکی بێ ماندووبوون بێن و خۆیان بکەنە خاوەنی ئەم حیزبە. لەم ڕووەوە، یەکێک لە شانازییەکانی پارتی کرێکاران کە تا ئێستا هەیبووە، هەر ئەمە بووە کە تا پێش بڕیاری خۆهەڵوەشانەوە، قوتابخانەیەک بوو بۆ پەروەردەکردنی بەئاگاترین، بەئەمەکترین، فیداکارترین، بەئاکارترین و دڵسۆزترین کەسی کورد، لەسەر بنەمای توانا و دڵسۆزی نەک خێڵ و خێزان و خزمخزمێنە. بۆیە بە دڵنیاییەوە ناکرێت هەموو ئەو کەسە دڵسۆزانە هاوڕا بن لەسەر خۆهەڵوەشانەوە و خۆڕادەستکردنەوە. جێگای حەیف و داخە ئەم ڕێکخراوە پتەو، پڕ دیسپلین، بە ئاکار و باوەڕە، پاش ٥٠ ساڵ خۆی لەناو ببات لە کاتێکدا خۆی لە بەهێزترین ڕەوشدایە و بەرامبەرەکەشی لە لاوازترین ڕەوشدایە لە هەموو ڕوویەکەوە.

بەرپرسانی پارتی کرێکاران دەبێت بزانن کە لایەنگران و ئەندامانی ناو پارتی کرێکاران، بە پاڵنەری نەتەوەیی و نیشتمانی و پاراستنی ناسنامە و شکۆی کوردبوون چەکیان هەڵگرتووە، نەک بۆ ئەوەی جارێکی تر لەژێر دروشمی نالۆژیکی و ساویکانە بگەڕێنەوە تورکیا بۆ ژێردەستەیی و سەرشۆڕکردن لەژێر ناوی خۆگونجاندندا. نموونەش زۆرن کە هەتا دامەزرێنەرانی پارتی سیاسی لەناو گەلانی پێشکەوتوودا، لە کۆتاییدا لەلایەن ئەندامانی حیزبەوە سزادراون چونکە پێیان وابووە کە دامەزرێنەر سیاسەتی هەڵە پەیڕەو دەکات. وەک لابردنی دامەزرێنەری پارتی پێشکەوتنی دانیمارکی، کە لە ساڵی ١٩٧٢ـەوە دامەزرێنەر و سەرۆکی پارتەکە بوو، بەڵام لە ١٩٩٥ زۆرینەی ئەندامانی پارتەکە بەجێیان هێشت و "پارتی گەلی دانیمارکی"ـیان دامەزراند کە تا ئێستاش بەردەوامە.

ئێستا ڕای گشتیی کوردی دابەش بووە بەسەر دوو ڕادا لە هەمبەر پاشەکشە و خۆهەڵوەشانەوەی پارتی کرێکاراندا. ڕای گشتیی ئازاد لەگەڵ پرۆسەی ئاشتییە، بەڵام ڕەخنەیان هەیە کە نابێت هەرگیز بەم جۆرەی پارتی کرێکاران پەیڕەوی بکات، وە ئەمەی پارتی کرێکاران دەستی داوەتێ بە خیانەت و ئاشبەتاڵی دەزانن. وە ڕای دووەمیش زیاتر لایەنگر و ئەندامانی پارتی کرێکارانن، کە جا لە ترسا بێت یان لە نائاگایی دەروێشییەوە بێت، تا ئێستا بێدەنگن. گەل پرسیاری جددی هەیە لەسەر ئارگومێنتی پارتی کرێکاران بۆ چەکدانان، وەک "قبووڵنەکردنی دەوڵەت-نەتەوە بۆ کورد" لە هەموو پارچەکانی کوردستان، بەڵام لەبیریان دەچێت ئەم دەوڵەتەی چەکی ڕادەست دەکەن دەوڵەتێکی نەتەوەییە بە ئیمتیاز! ئیتر وادیارە ئەمانە هەر دژی دەوڵەت-نەتەوەن بۆ کورد. لەبەر ئەوە، گومان لەسەر سەرانی پارتی کرێکاران زیاتر دەبێت کە بۆ دژایەتیی کورد کار دەکەن، بەتایبەت ئەگەر بەردەوام بن لەم گاڵتەجاڕییە کە ڕۆژ بە ڕۆژ متمانە و هەیبەتی پێ لەدەست دەدەن و لە ڕووی جەماوەرییەوە تەواو تووشی ئاشبەتاڵ دەبن.

هەڵەی گوتاری برادەرانی قەندیل لە یەکەم ڕۆژی دەستبەسەرکردنی ئۆجەلانەوە دەستی پێکرد، کە دەبوو ڕایبگەیەنن کە ئۆجەلان دوای کردەیەکی ڕفاندن—کە بۆ خۆی ڕفاندن کارێکی تیرۆریستییە—دیلە لای دەوڵەتی تورکیا و هیچ گوتارێکی ئۆجەلان تا ئازاد نەکرێت لای ئەوان بە هەند وەرناگیرێت، وە سەلامەتیی ئۆجەلانیش لە ئەستۆی دەوڵەتی تورکیایە. بەداخەوە کە ئەمەیان نەکرد، ئیتر ڕەوشی ئۆجەلان لە دیلێکی ڕفێنراوەوە بوو بە بارمتە، وە هەرچی دەوڵەتی تورکیا بیەوێت لەگەڵ کورد بیکات، لە دەمی ئۆجەلانەوە ئەنجامی دەدات. وە چەندە برادەرانی قەندیل گوێڕایەڵی ڕاسپاردەکانی ئۆجەلان بن، با لە ئاگاییەوە بێت یان لە نەبوونی شارەزایی سیاسی، ئەوە فەرمانەکانی دەوڵەتی تورکیا جێبەجێ دەکەن. ئەم ڕەوشەی کە دروست بووە بە دڵنیاییەوە خزمەتی نە کورد نە تورک و نە ئاشتییەکی پایەدار ناکات؛ چونکە بە هەڵوەشانەوە و چەکدانانی پارتی کرێکاران، خەباتی نەتەوەیی کورد نەک هەر ناوەستێت، بەڵکوو بە گوڕێکی بەهێزتر و بە ئاراستەیەکی ڕاستترەوە دەست پێدەکات.

ڕەوشی خۆڕادەستکردنەوەی پارتی کرێکاران لەسەر داوای تورکیا لە دەمی ئۆجەلانەوە لەژێر دروشمی ناڕاست و قبووڵنەکراو لەلایەن کوردەوە، پاکانە و پاساو دەدات بە هەموو جاش و سیخوڕەکان لەسەر خیانەت و تاوانەکانیان کە بەرامبەر کورد ئەنجامیان داوە و ئەنجامی دەدەن. لەبەر ئەوە، ئەو پارتەی کە تا دوێنێ سەرمەشقی هەموو خەڵکانی دڵسۆز و ماندوونەناس بوو، و جێگای هیوا و شانازیی کورد بوو، ئێستا وردە وردە خەریکە دەبێتە هاوشانی خیانەتکاران و جاش-پاسەوانانی گوندەکان، کە هەموو کوردێکی باش هیوایەتی نەگاتە ئەم ئاستە.

لە پرۆسەی چەکدانان و خۆهەڵوەشانەوەی پارتی کرێکاران بە ناوی ئاشتیی یەکلایەنەی پارتی کرێکارانەوە، بەڵام لە دیدی تورکیاوە تەنها "نەمانی تیرۆرە"، سودمەند تەنها دەوڵەتی تورکیایە کە بێ پێدانی کەمترین ئیمتیاز (وەک بۆ نموونە لانی کەم ئازادکردنی ئۆجەلان نەک هێشتنەوە و بە بارمتە گرتنی، وە ڕێگادان بە خوێندنی زمانی کوردی) ئەم کارە دەکات. وە جگە لەمەش، تورکیا بەناوی ئەم پرۆسەی چەک داماڵینە توانی پارتی کرێکاران بەدناو و گوماناوی بکات، وە توانی جەماوەرێکی زۆری کوردی—کە تا دوێنێ لایەنگر و هاوسۆزی پارتی کرێکاران بوو—ئەمڕۆ پەشیمان بکات و خۆی دووربخاتەوە لێیان. واتە پارتی کرێکاران تەواو بچووک، سووک و گۆشەگیر بکات لە گۆشەیەکی تەنگدا، کە لە دواییدا دەبێتە نێچیرێکی ئاسان و یەک بە یەک سزایان بدات لە پێشەوەیان ئۆجەلان؛ ئەمجا نەهێشتنی پارتی کرێکاران بێ تەقە. وە هەتا لە گریمانەی ئەوەشدا کە بەشێک لە گەریلا ئامادە نەبێت چەک دابنێت و ئەگەری ناکۆکی لە نێوان هێزەکانی پارتی کرێکاران دروست بێت، ئەمەش دووبارە لە زیانی کوردە، کە کاتێکی زۆری پێویستە بۆ چاککردنەوەی زیانەکانی "خۆگونجاندن" و دروشمە خەیاڵییەکانی تر کە گومڕاکەرن بۆ کورد.

هەموو ڕووداوەکان ئاماژەی ڕوونن بۆ ئەوەی کە ئەوەی لە ئارادایە، نە ئاشتییە نە چارەسەری کێشەی کوردە، بەڵکوو ئاشبەتاڵ و خۆبەدەستەوەدانە بێ هیچ بەرامبەرێک، جگە لەوەی کە ناویان ناوە "ئینتیگراسیۆن" لەسەر هەمان ڕیتمی ڕۆژئاوا کە بە چەند ڕۆژێک ئاشبەتاڵیان پێکرا. بۆیە، نە چارەنووسی ئۆجەلان و نە چارەنووسی پارتی کرێکاران ڕووناک نییە. چونکە وڵاتێک تەحەمولی گۆرانیی منداڵێکی کوردی وەکوو ڕۆهانی ١١ ساڵان نەکات، دەبێت چ چارەنووسێکی بۆ ئۆجەلان و پارتی کرێکاران دانابێت؟! تەنانەت ئەگەر هەزار سوێندیش بخۆن و بڵێن دژی دەوڵەت-نەتەوەی کوردین و جگە لە هاووڵاتییەکی گوێڕایەڵی دەوڵەت هیچی تر نین، ئەمجارەش لێخۆشبوونیان نییە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە. وە سەرنەوشتی حەسەن خەیری نموونەیە بۆ هەمووان کە تێبگەن، بەڵام جارێ بەکاریان دەهێنێت تا زیندوون و بەکەڵک دێن.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست