<

پەیکەرەکەی سەلاحەدین

18/10/2026, 14:01 (GMT+1)
بە پێی بەڵگە مێژووییەکان لەو ناوچەیەی ئەوڕۆ پێی ئەوترێ دەوڵەتی ئیسرائیل و دەوڵەتی شام و لوبنان، چەندین گەل و نەتەوە لێی ژیاون وەك فینیقی و بیزەنتینی و ئارامی و هیبرۆ. ئەم گەلانە پێش زایین لێرە ژیاون و خاوەنی شارستانی خۆیان بوون.
کاتێك ئیسلام پەیدا ئەبێ و سەرهەڵ ئەدا ، بەماوەیەکی کورت گەشە ئەکا و پەلو پۆ ئەهاوێژێ بەرەو سنوورەکانی باکوور،ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا. لەم هەڵمەتانەدا چەندین ناوچە و شوێنێ نوێ ئەخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە ؛ لێرە بە دواوە ئیسلام ئەچێتە قۆناغی داگیرکەر وەیان کۆلۆنیالیزم. ئیسلام پاش ئەوەی وەك ئایینێك سەری هەڵدا ، توانی ببیتە خاوەنی سوپا،هێزی سەربازی و ئایدۆلۆژیایەکی بەهێز کە لە توانای دابوو بەرەنگاری و بەگژداچوونەوەی چەندین هێزی گەورەو دەوڵەتانی ناوچەکەی هەبوو. ئەم فراوانخوازیەش ڕۆژ دوای ڕۆژ فراوانتر و جوگرافیای تری ئەخستە سەر نەخشەی ئیسلام و ئیمپراتۆریەتی ئیسلامی. لە ڕۆژهەڵاتەوە توانیان ساسانیەکان ببەزێنن و لە ڕۆژئاواش گشت ناوچەکانی تریان داگیرکرد. ئەوەی پێوستە ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە کە نە (عەرەب) وە نەك (ئیسلام) بوونی نەبوو لە ناوچەکانی شام و لوبنان و ئیسرائیل تا ساڵی 634  بۆ 638 زایینی . واتە لەکاتی سەرهەڵدانی ئیسلام لە 571 زایینیەوە تا 634 کە ئەکاتە 64  ساڵ بە هیچ شێوەك عەرەب لەو ناوچانە بوونی نەبوە. ئەمەش ئەمان گەیەنێتە ئەو دەرئەنجامەی کە عەرەب و ئیسلام ناوچەکانیان داگیرکردوە، بە واتایەکی تر(داگیرکار)بوون.
ناوچەکە وەك هەر ناوچەکەی تر بەچەندین شەڕ و جەنگ و ئارامی و سەقامگیری و بارو دۆخی جیاواز تێپەڕیوە تا ئەو کاتەی سەڵاحەداین جارێکی تر دێتەوە بۆ ناوچەکە. ئەم جارەیان بە خۆی و هێزێکی سەربازیی گەورەوە لە ساڵی 1187 زایینی و قودس داگیر ئەکا. واتە دوای 549  ساڵ ئینجا ئیسلام جارێکی تر ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچەیە و داگیری ئەکاتەوە.
پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە؛ ئایا سەلاحەدین (داگیرکارە وەیان ڕزگارکەر)؟ ئیسلام و ئەوانەی دژی دەوڵەتی ئیسرائیلن پێیان وایە سەڵاحەدین (ڕزگارکەرە) . بەڵام لە ڕاستیدا سەڵاحەدین داگیرکەر بوە هەروەك چۆن کاتی خۆی (خالیدی بن وەلید) بۆ یەکەمین جار لەساڵی 634 ئەو ناوچەیەی داگیرکرد.
بۆ ئێمەی کورد زۆر گرنگە بزانین کەوا ناسنامەی تەواوی سەلاحەدین تەواوکەری ناسنامەی (خالیدی کوڕی بن وەلید)ی داگیرکەرە ، نەوەك ڕزگارکەر. وەك ئاشکرایە خالیدی کوڕی وەلید یەکێك بوە لەوانەی کوردستانیشی داگیرکرد و شمشێرەکەی سەری کوردی پەڕاند.
کەوابوو ئەبێ ددان بەو ڕاستیەدا بنێین کە سەلاحەدین کەسێك بوە لەلایەن دەسەڵاتی ئیسلامی ساز ئەدرێ بۆ ئەوەی قودس داگیربکەن..بەڵام سەلاحەدین بەمەشەوە ناوەستێ و دەوڵەتی ئیسلامی شیعە مەزهەب(فاتمیەکان) لە میسر لەناو ئەبات.کە ئەمەش پێچەوانەی ئەو ئارگیومێنتان کە گوایە سەلاحەدین نێردراوە بۆ ڕزگارکردنی قودس؟؟! گەر وابوە و کەسێکی قۆنتەراتچی و بە کرێگرتە نەبوە کاری بەسەر دەوڵەتی فاتمیەکانەوە چی بوە؟؟
سەلاحەدین وەك کوردێکی بە کرێگرتە کە تەواوی سوپاکەی لە تورك و کورد پێك هاتبوو لەلایەن سوڵتانەکانی ئەو سەردەمەوە کە نزیکیان لەگەڵ سەلجوق و تورکدا هەبوە ئەم کارەی کردوە، بۆیە بۆ ئێمەی کورد زۆر پێوستە خۆمان لەو ڕوانگەیەوە هەڵسەنگێنین کە کورد و نەتەوەی زاگرۆس هەرگیز شەڕانگێز و هێرشبەر و داگیرکار نەبوون. تەواو پێچەوانەکەی ڕاستە..ئێمەی کورد لەسەر خاکی خۆمان و زاگرۆس تەنها پارێزگاریمان لەخۆمان کردوە و سروشتی ئێمەش تەنها پارێزگاری زاگرۆس بووین و خاکی کەسمان داگیر نەکردوە.. وە ئەمەش سروشتی هەموو کورد و زاگرۆس نشینە و ڕاستیەکە میژووی نوێی و کۆن پاراستوونی.
ئەمڕۆ سەلاحەدین و داگیرکاریەکانی وەك کارتێك لەلایەن دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستانەوە دژمان بە کارئەهێنرێ..هەر کات بیانەوێ لامان خۆشەویست ئەکەن و هەر کات نەشیان نەوێ ئەنفال و جینوسایدمان ئەکەن لەژێر هەمان ئەو ئاڵا و پەرتووکەی کە سەلاحەدین ، هەڵی گرتبوو.بۆیە کاتی ئەوە هاتوە کورد خۆی لە سەلاحەدین بەدوور بگرێ و وەك خائین و خاکفرۆش و دژە کوردیکی وەك (حەسەن خەیری،بارزانی،مەلای خەتێ،تاڵەبانی و ئاپۆ) بیان ناسێ.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست