<

کۆماری سێیەم؛ پڕۆژەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەر و تێپەڕاندنی فاشیزم

10/03/2026, 9:09 (GMT+1)
- ئەم راپۆرتە شرۆڤەی بەشێکی دیکەی پەیامی رێبەر ئۆجەلانە کە دوێنێ بڵاوبۆوە.
لە پەیامێکی گرنگدا بۆ چارەسەری پرسی کورد و پرۆسەی ئاشتی، ڕێبەر ئۆجەلان چەمکی "ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک"ی وەک ڕێگاچارەیەک خستەڕوو، کە جەوهەرەکەی بریتییە لە دامەزراندنی "کۆماری سێیەم". ئەم کۆمارە نوێیە، جیاواز لە دوو کۆمارەکەی پێش خۆی، لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی ئازاد و دەستووریی دادەمەزرێت، نەک لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستی و سەپاندنی تاکە ناسنامەیەک.

- تێپەڕاندنی میراتی نکۆڵیکردن:

کۆماری یەکەم، کە دوای ڕووخانی خەلافەتی عوسمانی دروست بوو، سەرەڕای پەیمانە سەرەتاییەکان، زوو کەوتە داوی نکۆڵیکردن لە بوونی کورد، کە بووە هۆی هەڵگیرسانی دەیان شۆڕش و سەرئەنجام دامەزراندنی پەکەکە. کۆماری دووەمیش، کە بە دەسەڵاتگرتنی ئیسلامی سیاسی دەستی پێکرد، هەمان ڕێچکەی "یەک ئاڵا، یەک زمان، یەک نەتەوە"ی گرتەبەر و درێژەی بە سیاسەتی ئینکار دا. خاڵی هاوبەشی هەردوو کۆمارەکە، نەبوونی دیموکراسی و هەوڵدان بوو بۆ توانەوەی گەلی کورد.

- هێزی گۆڕانکاری و ناچاریی دەوڵەت:

ئەمڕۆ، هاوکێشەکان گۆڕاون. هێزی تەڤگەری ئازادی و کاریگەریی فکریی ڕێبەر ئاپۆ گەیشتووەتە ئاستێک کە دەوڵەتی تورکیا ناچار بە دانوستان بکات. قەیرانی ئابووریی قووڵ، هەژاریی گەل، و گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە، تورکیایان خستووەتە بەردەم هەڕەشەی مان و نەمان. دەوڵەت درکی بەوە کردووە کە بەبێ چارەسەری پرسی کورد، توانای خۆراگرتنی نییە، بۆیە هانای بۆ ئیمراڵی بردووە.

- پێناسەی هاووڵاتیبوونی ئازاد:

لە دیدگای ئۆجەلاندا، هاووڵاتیبوون نابێت لەسەر بنەمای خوێن و نەتەوە بێت، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای پەیوەندیی یاسایی بێت بە دەوڵەتەوە. "هاووڵاتیی ئازاد" مافی ئەوەی هەیە بە ئازادی گوزارشت لە ناسنامە، ئایین و ئایدۆلۆژیای خۆی بکات. وەک چۆن ناکرێت ئایین و زمان بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنرێت، نەتەوەش نابێت بسەپێنرێت. ئەمە کلیلی چارەسەرە لە چوارچێوەی "کۆماری دیموکراتیک"دا کە دەوڵەت هی هەمووان دەبێت و فرەیی قبوڵ دەکات.

- دووڕێیانی بەردەم تورکیا

پێشنیاری ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی زهنییەتی کۆماری یەکەم و دووەم و دامەزراندنی کۆماری سێیەم (کۆماری دیموکراتیک)، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ تورکیا. بەڵام دەوڵەت هێشتا دوودڵە، چونکە ئەم هەنگاوە بە واتای دەستبەرداربوون دێت لە فاشیزم و ئەو زهنییەتەی سەدەیەکە دەوڵەتی لەسەر بەڕێوەدەچێت. ئێستا دەسەڵات لە بەردەم دوو بژاردەی چارەنووسسازدایە: یان قبوڵکردنی کۆماری دیموکراتیک و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێی ئاشتی و پێکەوەژیان، یان ڕەتکردنەوەی و هەنگاونان بەرەو چارەنووسێکی نادیار و ئەگەری هەڵوەشانەوە لەژێر فشاری گۆڕانکارییەکاندا.
وێنەکە: وێنەیەکە دەربڕی ئامانجەکانی رێبەر ئاپۆیە لە تێکشکاندنی بتەکانی یەک ئالا، یەک زمان، و یەک نەتەوە، ی فاشیزمی تورکیا. 

تێبینی:

ئەم نووسینە لە واڵی نووسەرەوە لە فەیسبوک وەرگیراوە
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان