<

وا نۆزده‌ ساڵ به‌سه‌ر کۆمەڵکوژییە مه‌زنه‌کەی هەولێر تێپه‌ڕی ..!

17/05/2016, 0:09 (GMT+1)
له‌ساڵی 2010 دا حکومەتی ئێراق بەبڕیارێک رۆژی "16"ی گوڵان (ئایار)ی کرۆدتە رۆژی "گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەئێراقدا". ئەمەش لەوەوە هاتووە کە لەساڵی (2003)دا لەناوچەی "محاویل"ی رێگەى نێوان بەغدا و بابل گەورەترین گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە کە تەرمى هەزاران کورد و شیعەی راپەڕیوی (1991) لەلایەن رژێمی دیکتاتۆری بەکۆمەڵ لەگۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژراون. رێک لەرۆژێکی وەکو ئەو رۆژەدا و لە"16"ی گوڵانی (1997)دا هێزە چەکدارەکانی (پ د ک) لەشاری هەولێر به‌سه‌رپه‌رشتی جه‌مال مورتکه‌ فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی پارتی لەیەککاتدا پەلاماری سەرجەم بارەگا و دامودەزگاکانی (یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستانYNDKــ رۆژنامەی "وڵات"، مەڵبەندی رۆشنبیری میزۆپۆتامیا، یەکێتی ئازادی ژنانی کوردستانYAJK و خستەخانەى گەریلا بریندارەکانی دا و لەئاکامی شەڕ و پێکدادان و بەرخۆدانێکی مەزنەوە بەدەیان شۆڕشگێر و گەریلای بریندارو چالاكوانی سیاسی و رۆژنامەوان و هونەرمەند شەهید و بێ سەروشوێن دەستگیرکران. 
بێگومان ئەو پەلامار و شاڵاوەی (پ د ک) بەهاوکاری و رێککەوتن لەگەڵ رژێمی تورکیا ئەنجامدرا هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ رۆژی رێككه‌وتنه‌ شومه‌كه‌ی سایكس بیكۆ!!. تا ئێستاش نازانرێت چارەنووسی ئەو دەیان کەسە چییان بەسەر هات، لەنێوان شەهید و بریندار و بێسەروشوێنکردندا تا ئێستا چارەنووسیان ونە و دیارنییە، ئەگەر شەهیدکراون لەکوێ و چۆن نێژراون؟ ئەگەر گیراون لەچ زیندانییەکی نهێنیدا گیریانخواردووە؟ چۆن شوێن بزرکراون کەس نایزانێت، مەگەر تەنیا ئەو چەکدار و بەرپرسە باڵایانەى (پ د ک) کە لەهێرشەکە بەشداربوون بزانن چیان لەو دەیان کەسە کردووە، کەژمارەیان نزیکەی سەد کەسێک دەبێت.

تێبینی: کلیکی وێنەکە بکە بۆ بینینی بە گەورەیی
من نازانم داخوا ئەمە تەنیا رێکەوتێکە و بەس کە "رۆژی گۆڕەبەکۆمەڵەکان لەئێراقدا" و رۆژی رێككه‌وتنی سایكس بیكۆ، رێککەوتی هەمان رۆژی کۆمەڵکوژییەکەی هەولێرە، کە لەساڵی (1997) بەدەستی هێزە چەکدارەکانی (پ د ک) ئەنجامدرا، یاخود ئەو رێکەوتەى نێوان ئەو سێ رووداوە مەغزایەکی شارەوەی خۆی هەیە و گوزارشت لەوە دەکات کە سایكس بیكۆ بۆخۆی رێكه‌وتنه‌ بۆ كۆمه‌ڵكوژكردنی گه‌لانی ژێرده‌سته‌ی وه‌ك گه‌لی كورد، یان ئەوانەى ئەمڕۆ لە ئێراق و باشووری کوردستاندا دەسەڵاتدارن ئەوانیش به‌رهه‌می سایكس بیكۆن و به‌شی خۆیان کۆمەڵکوژیان ئەنجامداوە و لەمەودواش ئەگەر پێویست بێت دیسان ئەنجامی دەدەنەوە، ئەمەش پێویستە وەک "رۆژێکی یادکردنەوە" لەزاکیرە و یادەوەری گەلانی ئێراقدا بچەسپێ و بمێنێتەوە؟!.
هەرچۆنێک بێت؛ هەم رۆژی رێككه‌وتنی سایكس بیكۆ و هه‌م "رۆژی گۆڕەبەکۆمەڵەکان لەئێراقدا" و هەمیش "رۆژی کۆمەڵکوژییەکەی (1997)ی هەولێر؛ کە هەرسێكیان  لە(16)ی گوڵان (ئایار)دا بەیاد دەهێنرێنەوە، لەناوەڕۆکدا یەک واتاو یەک مەغزایان هەیە، سایكس بیكۆ بۆخۆی  رێككه‌وتنی داگیركارانی كوردستان و رۆژهه‌ڵاتی ناوینه‌. هه‌روه‌ها ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەى کەوا رژێمی بەعس لەدژی گەلانی ئازادیخوازی ئێراق بەبێ جیاوازی ئەنجامیدا و لەئاکامدا لە(16)ی گوڵانی (2003)دا گەورەترین گۆڕی بەکۆمەڵ لەناوچەی "مەحاویل" دۆزرایەوە، هەروەها ئەو کۆمەڵکوژییەی کەوا چەکدارەکانی (پ د ک)ش بەهاوکاری هێزە سەربازییەکان و دەزگا ئیستیخباراتی و بەکرێگیراوەکانی تورکیا لەدژی شۆڕشگێران و برینداران و هەوادارانی پەکەکە و هونەرمەند و رۆژنامەوانان و چالاکڤانانی ژنان و لاوان و چالاكوانانی سیاسی هەر چوار پارچەی کوردستان ئەنجامدرا، لەبنەڕەتدا هەرسێ رووداوەکە بۆ یەک ئامانج ئەنجامدراون ئەویش دژایەتیکردنى ئازادیخوازانە. ئەو زیهنییەتەی هەموو خاکی ئێراقی کردە مەنزڵگای گۆڕە بەکۆمەڵەکان، هەر هەمان ئەو زیهنییەتەیە کە لەهەولێریشدا و لە(16)ی گوڵانی (1997)دا کۆمەڵکوژییەکی مەزنی ئەنجامدا، سه‌رچاوه‌ی هه‌ردووكیشیان زیهنییه‌تی سایك بیكۆیه‌. ئەو زیهنییەتەش زیهنییەتێکە بەشێوەیەکی رەها دژ بەئازادی و دیموکراسی و هەر گۆڕان وەرچەرخانێکە، جا چ چەکدارەکانی رژێمی بەعس بێت یان چەکدارەکانی (پارتی دیموکراتی کوردستان) ئەو تاوانەیان ئەنجامدابێت، ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و گۆڕی بەکۆمەڵ سیفەتی هێزە دیکتاتۆر و هەمەجییەکانە و به‌داخه‌وه‌ نموونەى ئەمە لەمێژوودا زۆرە.
 ئەوەى جێی سەرنج بێت ئەوەیە؛ دوای رووخانی رژێمی بەعس شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دۆزرانەوە، کەچی دوای تێپەڕبوونی سێزده‌ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکه‌ی (16)ی گوڵانی (1997)ی هەولێر تاکو ئێستاش نازانرێت قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژییە لەکوێ نێژراون؟ ئەگەر شوێبزریش کراون داخوا لەکوێ شوێنبزرکراون؟! ئەمە سەرەڕاى ئەوەى بنەماڵە و کەسوکاری ئەو کەسانەى لەو کۆمەڵکوژییەى هەولێر چەندین جار بەکۆمەڵ یاداشتنامەیان داوەتە پەرلەمانى هەرێمى کوردستان و بەرپرسە باڵاکانى (پ د ک) بۆئەوەى چارەنووسی کچ  و کوڕەکانیان پێبڵێن. کەچی  هەر وەڵامیشیان نەداونەتەوە و خۆیان لێبێدەنگ کردووە..
  تۆ بڵێی کەی چارەنووسی قوربانیانی هێرش و پەلامارەکەی (16)ی گوڵانی (1997)ی هەولێر ئاشکرا ببێت؟ تۆ بڵێی کەسێک هەبێت ویژدانی بجوڵێت و دلێرانە چارەنووسی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکەى (16)ی گوڵانی (1997)ی هەولێر ئاشکرا بکات؟ تۆ بڵێی کەسانی بەویژدان لەنێو (پ د ک)دا هەبن و سەرەداوێکی چارەنووسی دەیان کەسی قوربانی کۆمەڵکوژییەکه‌ی هەولێر بدرکێنێ؟ تۆ بڵێی...؟
من بەم بۆنەیەوە بانگەوازی لەسەرجەم رۆشنبیران و رۆژنامەوانان و رێکخراوە مەدەنییەکانى مافی مرۆڤ لەکوردستان و جیهان دەکەم کە هەوڵێک لەپێناو ئاشکراکردنى چارەنووسی ئەو کەسانە بدەن کە لەکۆمەڵکوژییەکەى هەولێردا بێسەرو شوێن بوونە،  تاکو دڵی دایک و باوک و کەسوکارەکانیان کەمێک، تەنیا کەمێک ئارام ببێتەوە....
تێبینی: من هه‌موو ساڵێک و له‌ 16ی گوڵاندا  ئه‌م بابه‌ته‌ به‌که‌مێک ده‌ستکارییه‌وه‌ بڵاوی ده‌که‌مه‌وه‌... تا ئه‌و رۆژه‌ی ویژدانه‌ خه‌وتووه‌کان به‌ئاگادێنه‌وه‌، رێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ و رۆشنبیران له‌سه‌ر ئه‌م کۆمه‌ڵکوژییه‌ به‌ده‌نگ دێن و تاوانباران دادگایی ده‌کرێن... تا ئه‌و رۆژه‌ی چاره‌نووسی قوربانیانی ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییه‌ مه‌زنه‌ ئاشکرا ده‌بێت، من هه‌موو ساڵیک و له‌هه‌مان رۆژدا ئه‌م بابه‌ته‌ بڵاو ده‌که‌مه‌وه‌...
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست