دکتاتۆرەکان خەڵک ترسنۆک دەکەن ؟!
23/05/2016, 19:36 (GMT+1)

لە زەمانی هتلەر و ستالینیش چەندین چیرۆکی خەڵکی ئەو زەمانەمان لایە، کە چۆن لە ئازایەتی و بوێری کەس نەیتوانیوە رێگەیان لێ بگرێت، کەچی لە رۆژگارێکدا دکتاتۆر زاڵ بووە تەنها لە هەوڵی مانەوەدا بوون و لە پێناو خۆپاراستن کونە مشکیان لێ بووە بە قەیسەری، ئەمەش هەر وەک رۆژانی شەر وایە کە چۆن مرۆڤ هەموو شتێکی لەبیر دەچێت جگە لە هەوڵی مانەوە و هەر پەناگەیەکی ئارام دەبێتە جوانترین کۆشک لەسەر زەوی بۆ ئەو .
ئەمەش لەدەرئەنجامی وەزع و بیرکردنەوەی خودی کەسەکەیە لەو کاتەدا، شەر وا لەخەڵکی ئاسایی دەکات کە هەموو شتێکی لەبیر بچێتەوە و تەنها پەیداکردنی ئامرازی مانەوە نەبێت .
هیچ گومانی تێدا نیە کە دکتاتۆرەکانیش ئەگەر بە خۆیان بێت یان راویژکارەکانیان ئەم وەزعەی خەڵکیان خوێندۆتەوە، بۆیە لە رێرەوی ژیانی سیاسی خۆیاندا پەیرەوی ئەم بۆچونە دەکەن و وەزع و باروگوزەرانی ژیانی خەڵک بەرەو ئەم ئاراستەیە دەبەن، یان بە بڵاوکردنەوە و فەرزکردنی باری نائارامی و سڵکردنەوەی خەڵک لەهەر چالاکیەکی سیاسی چاندنی ترس لەگیانی هاوڵاتی لە سزای دەزگا دەم کوتکەرەکانیان، یان بە برسی کردن و ئیستغلال کردنی بژێوی ماڵ و منداڵیان .
ئەوەتا تەماشا کەن کەس هەیە نکوڵی لە بوێری و ئازایەتی و چاونەترسی خەڵکی کوردستان بکات، چونکە دکتاتۆرەکەی بەغدا هێزی خۆی بەسەریدا نەشکا و ئامرازگەلێک هەبوون بۆ بەرەنگاربونەوەی و، شۆرشێک هەبوو خەڵک بە ورە و باری بەرزی مەعنەویەوە پشتی پێ دەبەست، هەمیشە گورزی کوشندەی لێ دەوەشاند و نەیتوانی ترس لە دەرونی خەڵک جێگیر بکات و دەستی نەگەیشتە ئەوەی باری ئازایەتی خەڵک بگۆرێت . بەڵام ئێوە تەماشای واقعی ئەم رۆژەی خەڵکی کوردستان بکەن کە بەرەو دکتاتۆریەت هەنگاو دەنێت ئەگەر لە ناوەراستیدا نەبێت، لە هەر هەنگاوێکدا خەڵک هەزار و یەک حیساب دەکات و چاوەرێی دەستی حزبە رێگەی پیشان بدات و گەیشتۆتە رادەی ترس و رارایی و نیگەرانی بەدەوام و، دەسەڵاتیش ئەمەی ئیستیغلال کردووە هیچ کارێک نیە سڵی لێبکاتەوە و یاری بە چارەنوس و نانو بژێوی خەڵک دەکات و خەڵکەکە وەک خۆکوشتنێکی لەسەرخۆ بەرگەی ئەم نەهامتیە دەگرن، کە قەت لە زەمانی بەعسدا ئەمەیان قبوڵ نەدەکرد . بۆیە دکتاتۆرەکان ترس دروست دەکەن و خەڵک ترسنۆک دەکەن پێش ئەوەی هەر مامەڵەیەک لەگەڵ واقعی وڵاتەکەیاندا بکەن، ئەوەتا بە تاکە کەسێک ژیانی ئەم خەڵکەی خستۆتە گەورەترین مەترسیەوە و، هیچ چالاکیەک نابینیت وەک کاردانەوەیەکی گونجاو بۆ ئەم بارە نالەبارەی ئێستای کوردستان، کە لە هیچ شوێنێکدا نیە و نەبووە تەنانەت کوردستانیش پێستر بە خۆیەوە نەیبینیوە، بۆیە ترسنۆک کردنی خەڵک ئامانجێکی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانە بۆ زامنکردنی بەردەوامی دەسەڵاتدارێتی خۆیان.
دەسەڵاتی کوردستان لەم کارەی بەردەوام دەبێت و تا مابێت کار لەسەر بێ غیرەت کردنی خەڵک دەکات و کورد دەگەیەنێتە رادەی ترسنۆکی بەردەوام، وەک چۆن سەرجەم دکتاتۆرەکانی جیهان ئەم ئامانجەیان پێکاوە، دەتوانن بەردەوام بن ؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان











