کوردبوون
25/07/2019, 12:13 (GMT+1)

کوردبوون ئاسان نییە، تەنیا بۆ ئەوانە نەبێت کە ئەرکی قورسی کوردبوونیان لە کۆڵ خۆیان کردووەتەوە؛ ئەو ڕێگایەیان هەڵبژاردووە، کە وەک کاڵایەک بازرگانی بە ناسنامەکەیانەوە دەکەن، ئەمەش خۆی لە خۆیدا داهێنانێکی خۆفرۆشییە، لە نمونەی سەرانی هەموو پارتەکان.
کاتێک کەسێکی دۆڕاو نەفەرەت لە ناسنامەی خۆی دەکات، چیتر بەلایەوە گرنگ نابێت لە کوێوە پێ هەڵبهێنێتەوە و بەرەو کوێ بڕوات، گربگ ئەوەی پشتی لە نیشتیمان و گەلەکەی بێت و رووی لە داگیرکەر. وازهێنانیش لای دوو جۆر کەسایەتی، بە دوو جۆر ڕێگای جیاوازدا گوزەر دەکات:
یەکەمیان، جێهێشتنی نیشتمان؛
دووەمیشیان، مانەوەی لە نیشتماندا، بەڵام ئەمەیان بۆ بازرگانیکردن و فرۆشتنی جەستەی خۆی و جەستەی نیشتمان. ئەمەیان کە زۆر ناشرین و قێزەوندە، بەوە پێناسە دەکرێت کە مرۆڤ واز لە ڕەسەنایەتیی خۆی دەهێنێت و ددان بە زۆڵبوون و بیژیی خۆیدا دەنێت. ناڕەسەنی یان (بیژی) ئەوەیە دایک و باوکی خۆی ناناسێت، نازانێت لەکوێوە هاتووە؛ کەسی خۆفرۆشیش ڕێک کەسێکی ناڕەسەن و بێناسنامەیە.
خۆفرۆشەکان نموونەیان زۆرە. ئەگەر کورد داهێنانی نەکردبێت، بەڵام لە خۆفرۆشیدا داهێنانی زۆری کردووە، جڵەوی ئەمەشی داوەتە دەست سەرکردەکانی خۆی. ئەم تایبەتمەندییە لادانە لەو سروشتەی کە لە مێژوودا هەموو مرۆڤەکان بە دوای لانەیەکدا گەڕاون تا بیکەنە نیشتمانی خۆیان بۆ ئەوەی بە ئارامی تێیدا بژین. بەڵام مێژووی کورد وای تۆمار کردووە لەگەڵ خۆیدا حەزی بە ئارامی نەکردووە لەناو باوەشی نیشتیمانێکی سەربەخۆدا، مێژووەکەی هەمیشە لێسەندنەوەی ئەو شوێنە بووە کە لێی نیشتەجێ بووە، بێگانەیەک کە هێناویەتە سەر خۆی (وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا دەیبینین) تەنها بەوە شکاوەتەوە، کە کەسە دڵسۆز و ڕەسەنەکان لە نیشتیمان دەرپەڕێنن. بۆیە کاتێک دەستی لەگەڵ بێگانەدا تێکەڵ کردووە، لێرەوە هەستی بە ئارامیی خۆی کردووە. مێژوو ئەمەشمان بۆ دەگێڕێتەوە، ئەگەر کورد مەڕ بووبێت، حەزی کردووە گورگ بێنێتە نێو ماڵەکەی، ئەگەر کۆتریش بووبێت، حەزی کردووە داڵێک بەسەر سەرییەوە بێت.
مێژووەکەمان پڕکراوە لە خیانەت، لە جاشایەتی و خۆفرۆشی؛ لە ڕێگەی ئەو سەرکردانەوە کە متمانەیان پێدراوە، نەک خۆیان و بنەماڵەکانیان بەڵکو خەڵکیشیان فێری جاشایەتی و خۆفرۆشی کردووە، تا نیشتمان بچووک ببێتەوە چیتر نەتوانن تێیدا بژین و هەناسەی تێدا بدەن. ئەمەشیان ناوناوە «شۆڕش»!. جێهێشتنیش لێرەدا بەوە کورت دەبێتەوە، کە وەک وازهێنان و فرۆشتن! فرۆشتنی ئەو شوێنەی پێی دەڵێن نیشتمان، و بازرگانیکردن بە خوێنی ئەوانەی کە بەرگری لە مانەوەی خۆیان دەکەن؛ ئەمەش ڕێک دژایەتیکردنی ئەوانە بووە، کە بە پێچەوانەی خۆیانەوە، خاکی خۆیان خۆش ویستووە و بەرگرییان لێ کردووە.
هەرێمی کوردستان نموونەی ئەو نیشتمانە بچووککراوەیەیە، کە نیشتمانە گەورەکەی تێدا فرۆشراوە، گورگ و داڵەکانیان هێناوەتە نێوی، چونکە هەمیشە لەگەڵ دوژمنەکاندا زیاتر هەستیان بە ئارامی کردووە، وەک لە خەڵکەکەی. کورد بە پێچەوانەی هەموو گەل و نەتەوەیەکی تر، جاشایەتی و خۆفرۆشی تێیدا بووەتە باو، تەنانەت چێژیش لە کۆیلەبوونی خۆی وەردەگرێت. تەنها کڕیارەکان (دوژمنەکان)، زۆر جار لە سەرانی کورد باشتربوون، هۆشیارییان بە جاش وخائینەکانی کورد داوە و ریسوایان کردوون و پێیان وتوون: «ئێوەی خۆفرۆش! ئێوەی سووک و ڕیسوا، هەرچەندە جاشایەتی بۆ ئێمە بکەن، بەڵام شایستەی ئەوەن لەقە بکێشین بە کەللەتاندا!» (وەک بەڵگە، ئەم ڕووداوەی خوارەوە بخوێنەرەوە):
جەوهەر جەباری، یەکێک دەبێت لە جاشەکانی سەید تاهیر جەباری لە کەرکوک، کە پێش ئاشبەتاڵی ساڵی ١٩٧٥ لەگەڵ سوپای بەعسدا دژی پێشمەرگە چەندین شەڕ دەکات. (جەوهەر جەباری) هەر خۆی دەگێڕێتەوە کە چەند مانگێک بەر لە ئاشبەتاڵەکە، لە شەڕێکی گەورەدا سوپای عێراق تێکدەشکێت و ژمارەیەکی زۆر لە (جاش) لەو شەڕەدا دەکوژرێن. دواتر سەرکردەی فەیلەقەکە لەگەڵ سەید تاهیر جەباری دەچنە شوێنی رووداوەکە کە بە سەدان تەرمی لێ کەوتووە. لەناکاو گوێیان لە دەنگی نوزەیەک دەبێت، ئاوڕ دەدەنەوە، دەبینن جاشێک بە برینداری کەوتووە و هاوار دەکات. سەرکردەی فەیلەقەکە لە سەرۆکی جاشەکان دەپرسێت: «ئەو چی دەڵێت؟» لە وەڵامدا دەڵێت: «قوربان، داوای ئاو دەکات!» ئەفسەرەکە دەچێتە لایەوە، دەست دەکات بە گیرفانی خۆیدا و پێنج دینارییەکی سوور دەردەهێنێت، دادەنەوێتەوە و دەیئاخنێتە دەمی جاشە بریندارەکە، پێی دەڵێت: «تۆ بۆ پارە ئەمەت کردووە، چۆن داوای ئاو دەکەیت؟!» ئیتر بە لەقە دەکێشێت بە سەریدا و وازی لێ ناهێنێت تا گیانی دەردەچێت. جەوهەر جەباری دەگێڕێتەوە: «کاتێک چاوم بەمە کەوت بەرچاوم تاریک بوو، پاش ماوەیەک گەڕامەوە بۆ کەرکوک و وازم لە جاشایەتی هێنا.»
دەیان ڕووداوی هاوشێوەی جاشایەتی و ڕووی ناشرینی خیانەت دەبیستین، کە تێیدا دوژمن زیاتر لە خۆمان خیانەتکارانی سووک و ڕیسوا کردووە. لە ڕووداوێکی تردا، کاتێک سوپای عێراق لە گوندێکی گەرمیان خەریکی ڕووخاندنی ماڵێک دەبێت، سەگی ماڵەکە پەلاماری دەمی شۆفڵەکە دەدات و دەست دەکات بە وەڕین بۆ ئەوەی ڕێگرییان لێ بکات. جاشێک بە نیازی کوشتنی سەگەکە کڵاشینکۆفەکەی ئامادە دەکات، بەڵام ئەفسەرە عەرەبەکە بەسەریدا هاوار دەکات و دەڵێت: «ئەو سەگە لە تۆ زۆر شەریفترە! نابینیت بۆچی دەوڕێت؟ ئەوە پارێزگاری لە ماڵی خاوەنەکەی دەکات و نایەوێت بیڕوخێنین.»
منیش لەو ڕۆژەوەی، کە ئەمەم خوێندەوە، بڕیارم دا سەگم زیاتر خۆشبوێت؛ زیاتر ڕقیشم لە سەرانی کورد، جاش و پارتەکان ببێتەوە، چونکە زانیم هیچ کام لەوانە هێندەی سەگێک وەفایان بۆ خاک و خەڵکی نیشتمانەکەیان نییە، سەگ بەوەفاترە لەو دەسەڵاتدارانەی، کە بوونەتە وەزیر، ئەندام پەرلەمان و بەرپرسی باڵا. لە نیشتمانێکی ئاوادا، هەرچەندە سەگ و خۆفرۆشێک جیاوازییان زۆرە، سەگ بەوەفایە، سەرانی کوردیش خائین و خۆفرۆش، سپڵە و بێوەفان. هەر بۆیە کاتێک ئەم خۆفرۆشانە دەنگێکی ناڕازی دەبیستن، دەڵێن: «با وەکو سەگ بوەڕێت!» بەڵام لای من، وەڕینی سەگ لە هەزاران وشە و وتاری سەرکردە و بەرپرسەکانی کورد دەنگی خۆشتر و پڕماناترە، چونکە هیوا و ڕاستگۆییمان پێ دەبەخشێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان














