خۆپیشاندانی شیلی و هەنگاوێکی نوێ دژی نیولیبرالیزم..!
01/11/2019, 14:51 (GMT+1)

نیو لیبڕاڵەکان لەزۆرینەی کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی دەسەڵاتیان گرتە دەست و دەستیان واڵاکرد بۆ تاڵانکردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگاو دەوڵەمەندکردنی کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان و فراوان بوونی هەژاری ،جگە لەهەڵگیرسانی چەندین جەنگ بۆداگیرکردنی ووڵاتان و بەتاڵانبردنی سامانی ووڵاتان .
هەڵگیرسانی جەنگەکان لەژێرناوی دیموکراسی و پێشێلی مافی مروڤ دا،جگە لە درۆیەکی وەهمی نیزامی ئیمپریالستی هیچی تر نەبوو،چونکە ئیمریالیزمی نوێ ،کەهەموو بانگەشەکانی ،لەژێر ناوی نیولیبرالیزمدا بەڕێوە دەبردو سنورەکانی دەبڕێ ،لەڕێگەی کۆمپانیا فرەڕەگەزەکانەوە داگیرکاری نوێ بوون بۆ هەژارکردنی جیهان .
تێپەڕبوونی زیاتر لەچارەکە سەدەیەک بەسەر سەردەمی نیولیبرالیزم دا ،ناڕەزایەتیەکان دژی ئەو سیستمە سەرتاپای جیهانی گرتوەتەوە ،ئەوەتا لەئەمریکای لاتین و لەووڵاتی شیلی وئیکوادۆرەوە بۆ بۆلیڤیاو تادەگات بە هۆنگ و لوبنان و ءێراق هەنگاوی کاریگەریان دژی سیستمی نیولیبڕالیزم گرتوەتەبەر.خۆپیشاندەرانی شیلی گەراونەتەوە سەر سرودەکانی ڤیکتۆرخارا سوسیالست و دەیانەوێت ،لەڕێگەی ئیدەی سوسیالستی یەوە کۆتایی بەسیستمی نیولیبڕالیزم بهێنن ،کەوەک خۆپیشاندەران دەڵێن نیولیبڕالیزم لەلای ئـێمەوە دەستی پێکردوو ئێمەش کۆتایی پێدەهێنین .
بینۆشە دیکتاتۆری چیلی ئەوکات دژی سیستمی سەرمایەداری دەوڵەتی ژێر ناوی سوسیالیزم کودەتای کردوو سەرکەوتنی نیولیبرالیزمی ڕاگەیاند و زۆرینەی شۆڕشگێڕە چەپەکانی کوشتوبڕکرد ،لەناو یاریگایەک دا ،کەدیارتیرین شۆڕشگێڕو هونەرمەندی ئەوکاتی چەوساوەکان ڤیکتۆر خارابوو بەدڕندانەترین شێوە کوشتیان ،سەرەتا بەبڕێنەوەی دەستەکانی بۆئەوەی نەتوانێت گیتار بژەنێ و سرودە بەناوبانگەکەی بلێت، بەڵام ئەو بەقاچەکانی گیتارەکەی لێدەدات و سرودەکەی دەلێت ،کاتێک ناتوانن بێدەنگی بکەن ئینجا فیشەک بارانی دەکەن و دواترش جەستەکەی لەشەقامەکانی سانتیاگۆی پایتەخت فڕی دەدەن چەنددێڕێک لەسرودەکەی خارا (
خەڵکی یەکگرتوو، هیچکات شکست نادرێت
خەڵکی یەکگرتوو، هیچکات شکست نادرێت
هەستەوە، بخوێنە
کە ئێمە سەرکەوتوو دەبین)
دوای زیاتر لەچارەکە سەدەیەک خۆپیشاندەرانی شیلی هاتونەتەوە مەیدان و دەیانەوێت کۆتایی بەسیستمی نیولیبرالیزم بهێنن و بەسرودەکانی ڤیکتۆر خارا وە سەدان هەزار هاتوون و دەیانەوێت کۆتایی بە و نیزامە گەندەڵ و نامرۆڤانەیە بهێنن .
هاتنەوە مەیدانی خەڵکی ئەمریکای لاتین ،کەبەردەوام لانکەی خەباتی ئازادی خوازی و سوسیالستی بوون ،ڕەنگە لەئێستای جیهانی ئیمپریالستی و سیستمی نیولیبرالیزم دا گەورەترین تروسکایی بێت بۆ ڕێگا ڕۆشنکردنەوەی هەژاران و زیندوو کردنەوەی هاوپشتی نێونەتەوەی چەوساوەکان .هاتنە پاڵی ئیکوادۆر هیوابەخشە بۆ سەرخستنی شۆڕشی هەژاران دژی سیستمی دڕندانەی نیولیبرالیزم .
زیندووکردنەوەی گیانی خەباتی نێونەتەوەی هەژاران و هاوپشتی و پێکەوەخەباتکردن ئاسۆکانی نزیک بوونەوە لەکۆتایی سیستمی ئیمپریالستی و نیولیبرازم خێرا تردەکات و کۆتایی بە نادادپەروەری و داگیرکاری ئابوری و سیاسی چەندین ساڵەی ئەو نیزامە دەهێنێت ،کەپێی خستبێتە سەر هەرپارچەزەویەک وێرانی کردووە .
ئەوە تە نیزامی ئەردوغانی ئیسلام فاشی و یەکێک لەپایەکانی ئەو سیستمە دڕندەیەی سەرمایە بەوپەڕی دڕندا ڕووبەڕووی خۆرئاوای کوردستان بووتەوەو دەیەوێت ،لەپێناوی دەست بەسەراگرتنی ئابوری خۆرئاوای کوردستان گەلێک خەڵتانی خوێن بکات و هاوبەشەکانی و دنیای نیولیبرالیزم ،ئەو کارە هۆڤیانەیە وەک ئەوە یەسەیری یاریەک بکەن و جارجار بۆڵەبۆڵێک دەکەن توویتک دەکەن و لەژێرلێوەوە ئیدانەی دەکەن ،وەک ئەوەی بڕیاری ناوبژیوانەکەیان بەدڵ نەبێت ،نەک سەیری لەناوچوونی هەزارەها ئینسان بکەن و گەلێک لەبەرچاویان بەرەو جینۆساید دەبرێت .
نیزامی سەرمایەداری هەرگیز مرۆڤ و مافەکانیان لەلای بوونی نیە و تەنها داگیرکاری و دەسکەوتی ئابووری و مانەوەی خۆی پیرۆزدەکات .گەلانی چەوساوەی دنیا دەبێت هەرگیز خۆشخەیال نەبن و فریو بەبەڵێنەکانی ئیمپریالیزم نەخۆن و خەباتی هاوپشتی و نێونەتەوەی هەژاران ببوژێننەوەو ڕووبەڕووی نیزامی دڕندانەی سەرمایەداری بووستنەوە،وەک سرودەکەی ڤیکتۆرخارا یەکگرتووی هەژاران سەرکەوتن بەدەست دەهێنیت.
هۆڵەندا'
٣١/١٠/٢٠١٩
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان














