جێژنی خاوەنکار
23/11/2019, 22:03 (GMT+1)

ڕونکردنەوەیەک لەسەر جێژنی " خاوەنکار"
جێژنی خاوەنکار: باوەرداران و پەیڕەوانی ئاینی (یاری) کە لە روژهەڵاتی کوردستان بە (یارسان) و لە باشوری کوردستانیش بە( کاکەیی )ناسراون ڕێز لەم جێژنە دەگرن، ئەم جێژنە یەکێکە لەجێژنە کۆن و میژوویەکانی نەتەوەی کورد، ئەم جــێژنە ماوەی سێ ڕۆژ دەخاێنێت، یارسانەکان بە ڕێوڕەسمی تایبەت و بەجل و بەرگی جوانەوە جـەژنە پیروزە لە یەکتر دەکەن، کوردە یارسانەکان لە ماوەی ئەم سێ ڕۆژەدا بۆ ڕێزگرتن لە ڕێبەر و پێشەوای یارسان "سوڵتان سەهاک" دڵیان لە یەکتر پاک دەکەنەوە، ئەگەر ناکۆکیەک یا ناخۆشیەک یا کێشەیەکیشیان هەبوبێت لە نێوانیاندا ئەوا لەڕێگای پیرەکان و گەورەکانی یارسانەوە لە ماوەی ئەم سێ ڕۆژەدا کۆتایی بە ناکۆکیەکانیان دەهێنن و خێر و خێرات پێشکەش بە خەڵکانی دەست کورت و کەم دەرامەت دەکەن، بە پێی دەفتەرەکانی یاری "سولتان سەهاک" و یارانی، بۆ بانگەواز و بەرگری لە ئایین و فەرهنگی کوردان ڕوو لە شارەزوور و ناوچەی هەورامان دەکەن کە لەشکری دوژمن لە ژێر ناوی لەشکری (چیچەک) بۆ کوتایی هێنان بە ئایینی یـاری پەلاماریان دەدەن و لە گەڵیان توشی شەڕ دەبن، (سوڵتان سەهاک و داود کەوسوار و بنیامین و پیرموسا) و هێندێکی تر لە یارانیان بۆ بەرپەرچدانەوەی دوژمن و بـەرگـری لە ڕێبازی یاران، ڕوو دەکەنە شاخە سەختەکانی هەورامان و لە ئەشکەوتێک لەشاخەکانی شاهۆ به ناوی (مەڕنوو) جێگیر دەبن، دوای سێ شەوسێ ڕۆژ بەرگری بەرامبەر هەزاران کەس دەتوانن دوژمن بشکێنن، به باوەڕی یارسانەکان، یەکێک له یارەکانی سوڵتان به ناوی (داود) بستێک خاک له ژێر فەرشەکەی سوڵتان هەڵدەگرێت و دەیهاوێتە سەر سوپای (چیچەک) ئەو بستە خاکە دەبێتە هۆی تەپوتۆز و ئاسمان تاریک دەکات و کەس لەو سوپایە نامێنێت، بەپێی سەرچاوەکانی یارسان، دوای سێ شەو وسێ ڕۆژ لەبرسێتی سوڵتان و یارانی، ژنێک به ناوی (دادە ڕەمزبار) کەڵەشێرێک و یەک( مەن )کە دەکاتە سێ کیلۆ برنج خواردنێک دورست دەکات و ئەهێنێتە خزمەت سوڵتان سەهاک و یارانی ((سەرنج: کەڵەشێر نیشانەی ڕەمزی سەرکەوتنە.ک.ک.) بۆیە یارسانەکان هەموو ساڵێک و لە هەمان ڕۆژدا بۆ ڕێزلێنان لە ڕێبەران و پێشەوایانی یارسان لە ١٢ی مانگی سفیدی چلەی زستانی کوردی سێ ڕۆژ (ڕۆژوی مەڕنوو) دەگرن و ڕۆژی ١٥ ڕۆژی جەژنه و جێژنە پیرۆزە لە یەکتر دەکەن، هەنار لە لای کوردانی یاری بایەخ و ڕێزێکی زۆری هەێە و لە سەرو بەندی جێژنی خاونکاردا وەرزی بەروبوومی هەنارە، لەبەرئەوە دەبینین یارسانەکان لە سێ ڕۆژەی خاونکاردا هەنار بە کار دەهێنن بۆ نەزر و نیاز، زۆربەی ماڵە یارسانەکان لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا ئێواران سفرەکانیان بە میوەی هەنار دەڕازێننەوە، دوا ڕۆژی جەژنی خاونکار یارسانەکان بە قوربانی کردنی کەڵەشێریک و دوعا کردن لە لاێەن پیرێکەوە(سەید )لە گەڵ سێ کیلۆ برنج، بە سرودی ئایینی و ژەندنی تەنبوور کۆتایی بە ڕێوڕەسمی سێ رۆژەی خاونکار دێنن، زۆربەی یارسانەکان لە وجێژنەدا بە کۆمەڵ لەگەڵ گروپی تەنبور بەسروود خوێندنەوە سەردانی شوێنە پیروزەکانی یارسان لە دیاری شاهۆ و داڵاهۆ دەکەن، وەک بارەگای پیروزی (سوڵتان سەهاک") وەک تەکیەی (حەیدەری توتشامی گۆران) و تەکیەی (پیر بنیامین) لە شاری کرند و بارەگای پیروزی (باوەیادگار) لە داوێنی چیای سەربەرزی داڵاهۆ، پیری یارسان لەم جەژنەدا دوعا لەسەر خواردنی تایبەتی ئەم ڕۆژە کەپێی دەوترێت( نەواڵە) دەخوێنێت و دواتر بەسەر ئامادەبواندا بەش دەکرێت.
جێژنی خاونکار جێژنی سەرکەوتنی پێشەوایانی یارسانە بە سەر نەیاراندا، پشت بەستوو بەبەڵگە مێژوویەکان، ئەو ئایینە درێژە پێدەری ئایینی یەزدانی کۆنی کوردانە، کەزۆر پێش هاتنی ئایینی ئیسلام بوونی هەبووە، مێژوو نووسەکان و کتێبی پیرۆزی(سەرە نزام) و (وشا خۆشین) و (سوڵتان سەهاک) و (بابە یادگار) شاهێدی بوونی ئایینی یارسانن، یارسان تەنها ئایین و بیرو باوەڕ نیە، بەڵکو فەرهەنگی نەتەوەیی و بیرکردنەوە و بەرخودانی مێژووی گەلەکەشمانە، لەهەر شوێنێک یارسان هەبووبێت تەمبور و میوزیک گەشەی کردووە، پیرۆز بێت جێژنی خاوەنکار لەهەموو کورد و دۆستان و یارسانەکان.
لە کۆتایدا بەپێویستی دەزانم سوپاسی هاوڕێی بەڕێزم کاکە (شێخ جەمالی موزیع) بکەم چوونکە گەر پەیوەندیە پتەو کۆمەڵایەتیەکانی بەڕێزی نەبوایە نەم دەتوانی لەو بۆنەیەدا، گەورە ڕێبەری ئایینی یارسان (سەید نەسرەدین حەیدەری) و کوڕەکانی و خزمانی نزدیکی ببینم .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان













