گەردەلوولی تۆڕە
24/07/2020, 0:50 (GMT+1)

بەچاوخشاندنێکی خێرا بە ڕوداوەکانی ١٩٧٨ ئێراندا دەبینین بەر لە خۆپیشاندانە سەرتاسەریەکە هەموو ئێران بە گلەیی و گازندە دژ بەڕیژێم، نووسینی ووتار و مانگرتن لێرەو لەوێ دەستیپێکرد.
هەمان پڕۆسەیش بەرلە ڕوخاندنی زین العابدین بن علی لە تونس ٢٠١٠، دوای ئەو موبارەک لە میسر ٢٠١١. پاشان بەر لە ڕوخاندن ، سوککردن و کوشتنی قەزافی لە لیبیا ڕویدا. دواتریش هەمان دیاردە بەر ڕاونانی عەلی عەبدوڵا ساڵح و عمر البشیر لە یەمەن و سودان بەئاسانی بەدی دەکرا.
ڕاستە سوتاندنی سینەما ڕۆکسی عەبادانی ئێران ،خۆسوتاندنی محەمەد البوعەزیزی لە تونس و ڕوداوەکانی گۆڕەپانی ئازادی لە قاهیرە تەوژمی توڕەیی و قێنی خەڵکی ئەو ولاتانەی بەرامبەر بە دەستەڵاتداران زیاترکردو چیتر کۆنترؤڵی دۆخەکە لە ژێر ڕکێفی دەستگا ئەمنیەکانیان دەرچوبوو. بەڵام بەر لەگەورەبوونی ناڕەزاییەکان لەو ووڵاتانەیش بە سوکە خۆپیشاندان و ناڕەزایی وەک ئێستای مەڵبەندەکەی خۆمان دەستیان پێکرد.
پاش روخاندن و هەڵهاتنی یا کوژرانی هەریەک لە و دیکتاتۆرە ناوبراوانە لە زۆر شت کە دەکرا بیکەن بەڵام تازە کار لەکارترازبوو پەشیمانبوون.
ئەمانە بەسود وەرگرتن لە شکستی دەستەڵاتە گەندەڵەکانی پێش خۆیان دەرفەتیان هەبوو، لەبری گویگرتن لە مشەخۆرەکانی وەک سەعید صەحافەکە لای صەدام کەمێک گوێیان لە داوا ڕەواکانی هاوڵاتییان بگرتایە ئەوا هەرگیز قوربانی بۆ مافی ڕەوا نەدەدرا ،چیتر ملهوڕی یا درۆی صەحافەکان بڕیاردەرنەدەبوون، چارەنووسی خۆیان و خێزانیشیان بەوشێوە تراژیدیایە نەدەگەیشت و سامانێکی زۆری نیشتیمانیش بەفیڕۆنەدەچو.
لەبیرم دێت منداڵبووم دایکم و ژنانی گەڕەک هەندێک منداڵی هاری گەڕەکیان بە عیفریت ناوزەند ئەکرد، گەورەکانیش لە وەڵامی پرسیاری عیفریت چیەی ئێمە دەیان ووت : دەعبایەکە گەمژە، کوێرە و گوێ بەهیچ نادا هەر مل دەنێت.
دڵنیام ئەگەر دایکم و دراوسێکانمان بمابان بێ دوودڵی دەیان ووت دەستەڵاتی ئێستای کوردیش عیفریتە. دەنا تەنها بۆ ڕزگاری ژیانی خۆیان و خێزانیان دەبوا گوێڕایەڵی بیر و هۆشبن و بوار بدەن بە چارەسەری دڵسۆزانە ،و چیتر بوار بە صەحافەکان نەدەن بە زانیاری درۆ مەست و بێئاگایان بکەن، بەم کارە ڕێگری لە چارەنوسی تراژیدیایی بۆ خۆیان و خێزانەکانیان دەگرن، چیتر تاکی کوردستان ناشکێنرێت و سامانی وڵات بەفێڕۆناچێت. تاکە ڕێگایش بۆیان ئەمڕۆ نەک سبەی بەجێهێشتنی دەستەڵاتە .
صەحافەکانیش دڵنیا دەکەم کە هەمان چارەنووسی تراژیدیایی ڕابەرەکانیان چاوەڕوانیانە، ئەگەر واز لە فرریودانی هاوڵاتیان لە لایەک ومەست کردنی ڕابەرە سیاسیەکانیش لەولاوە بە هەواڵی درۆو هەڵبەستراو نەهێنن . بۆیە ئەوانیش تا زوە دەبێت فریای خۆیان بکەون.
ئەو توێژە لە پلە باڵاکانی ئیداری، سەربازی و دادوەری دڵنیا ئەکەمەوە کە وەڵامی تەنها فەرمانی ئیداریان جێبەجی کردوەبەرمبەر بە هاوکارییان لە تاوانەکاندا دادیان نادات. بەڵکو ئەمانیش دەکەونە ژێر پرسیاری دادگای هاوڵاتیان کە گران ئەکەوێت لە سەر خۆیان و خێزانەکانیشیان. بۆیە تا زووە دەبێت پشت لە دەستەڵات و ڕوو لە گەل ببنەوە بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و خۆیشیان.
ئیتر هەرکەس خۆی سەرپشکی هەڵبژاردنە لە چاوەڕوانی نزیکی گەردەلوولەکەدا.
قادر حەمەکەریم
سوید ٢٢ /٦/٢٠٢٠
-سینەما ڕۆکس ١٩٧٨ لە عەبادان سوتا خەڵکێکی زۆر بونە قوربانی.
-محمد البوعزیزی لاوێکی دەسفرۆشی هەژار بوو لە گەرمەی خۆپیشاندانەکانی تونسدا لە ١٧ /١٢/٢٠١٠ خۆی سوتان.
-گۆڕەپانی ئازادی لە قاهیرە شوێنی گردبوونەوەی خۆپیشاندەران دژ بە موبارک.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان













