دەربڕین لەسەردەمی گەڕەلاوژە!
10/10/2020, 2:26 (GMT+1)

بۆیە كەسی زانا لەم كۆمەڵگایانە بەتێپەڕبوونی كات بواری كاری خۆیان لە بنیادنان و داهینان لە پسپۆڕییەكەیان لەدەست دەدەن و دەچنە نێو بازنەی دەربڕینی دۆخی كاتی ئێستایان، لەبەرئەوەی كەسێك نادۆزنەوە بۆ یارمەتی و هاوكاریكردنیانى پڕۆژەكانیان. بەهۆی بێ ئومێدبوون زۆرێك ڕەودەكەن و زۆرێكی دیكەش پسپۆڕی كارەكەیان جێ دەهیڵن و بەشیكی زۆریشیان بەهۆی دۆخی گەڕەلاوژەوە تووشی خەمۆكی و بێ ئومێدی دەبن، تەنیا بەشێكی مشەخۆر دەمێننەوە كە عەوداڵی پەیكەرە بەتاڵەكانی دامەزراوە نەزۆكەكانن! كە ئەمەیان بۆ جوانكردنی ڕووی ناشیرنی ئەم سیستەمە لەخۆبایی و بێباكەیە كە كۆمەڵگای نووقمی گەرەڵاوژە و سەرلێشوان كردییە. بۆیە بەهۆی ئەم دۆخە گەڕەلاوژەییە كۆمەڵگای كوردستانی، تاك وایلێهاتووە لەهەموو شتێك دەزانێ و لەهیچیش نازانێ! چونكە زۆرینەی تاكی نێو كۆمەڵگای كوردستانی شارەزای بواری مێژوو و بواری پەروەردەی كلاسیك و مۆدێرن و بواری ئایینەكان و زانستی پزیشكی و مێژوو و جوگرافیا و كارەبا و هونەرەكان و.. .
دەكرێت بڵێم ئاستی دەربڕین لە شارەكانی باشووری كوردستان ڕێژەییە، واتە لە شوێنك بۆ شوێنێكی دیكە جیاوازە، لە شارێك لە ئاستیكی بەرزدایە، لەشارێكی دیكەش لە ئاستێكی نزمترە! ئەمەش بەهۆی كۆمەڵێك فاكتەرەوەیە، بەڵام سەرجەمیان بەهۆی بێباكی سیستەمی بەڕێوەبردن سەركەوتوو نەبوونە، لەبەرئەوەی خوودی جۆری سیستەمی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە ڕێگای جیاجیا دەدۆزیتەوە بۆ سەرقاڵكردنی كۆمەڵگا بەشتی پڕوپووچ، بۆ بەلاڕێدابردنی كۆمەڵگا و لەبیركردنی دۆخی توورەییان و درێژكردنەوەی ئەم دۆخە بەم شێوەیەی كە هەیە.. پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئایینی و بیروباوەڕ و خزمەتگوزاری و ئاستی خراپی ئاساییش لەسەرجەم بوارەكانی وەكو خۆراك و ژێرخانی ئابووری و تەندروستی و هونەر و.. بۆ هەموو ئەمانە و شتی دیكەش خاڵێكی تیدا دەدۆزیتەوە تاوەكو بەهۆیەوە پرسە سەرەكییەكەیان پی لەبیرببات. بەتێپەربوونی كات تاك لە كۆمەڵگای كوردستانی واخەریكە (خۆدانەپاڵ ـ ئینتما) لەدەست دەدات تاوای لێدێت هەروەكو شاعیری گەورەی عەرەب و سوری (محەمەد ماغوت) دڵێت: جگە لە پێڵاو هیچ شتێك بەم خاكەوەم نابەستێتەوە!. ئەمە نموونەی یەك لە هزرمەندە گەورەكانی عەرەبە كە بەدرێژایی ژیانی خوودان هەڵوێست بووە لە دژی هەموو ڕەفتارە نابەجێكانی ڕژێمی فەرمانڕەوای سووری، كە زۆر لەمێژە دركی بەوەكردبوو پێویستە فەرمانڕەواییكردن لە وڵاتەكەی شێوەی فەرمانڕەواییكردنی خۆی بگۆڕێت و لەئاست داخوازییەكانی تیكڕای تاكی وڵات بێت، ئەگەرنا بەهۆیەوە ژێرخانی وڵات هەمووی دەبێتە وێرانە!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان











