<

خۆپیشاندەران دەستیان لە پشتە؟

18/02/2025, 11:59 (GMT+1)
تێبینی:
 بەڕێزێک ئاگاداری کردنەوە کە تەواوی ئەم نووسینە، نووسینی عەبدوڵڵا پەشێوە، کە پێش چوار ساڵ لەمەوپێش لە فەیسبوکدا بڵاوی کردبووەوە، ئەم بەڕێزەش بەناوی خۆیەوە بۆی ناردبووین و بڵاومان کردەوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە نووسەرە ئەسڵییەکە بدات و بڵێت ئەمە نووسینی خۆی نییە، بۆیە بڕیارمان دا کە چیدی نووسینی ئەو بەڕیزە بڵاونەکەینەوە، نووسینەکانی دیکەشی سانسۆر دەکەین و  ناوەکەی لە ئەرشیفدا دەسڕینەوە.
بۆ بینینی تەواوی نووسینەکەی عەبدوڵڵا پەشێو لە فەیسبوک کلیکی ئەم لینکەی خوارەوە بکە:
https://www.facebook.com/abdullapashew

***
دەستیان لە پشتە؟ دەستی کێ؟ چما ئێوە خۆتان هیچ دەستێکتان هێشتووە ماچی نەکەن؟ ئەوە چ دەستێکە کاری بەو ڕەشوڕووتە برسییانەیە؟ تورکیا؟ ئێران؟ عیراق؟ کێ؟ جا ئێوە چیتان کردووە تا ئاغاکانتان نیگەران بن و بیانەوێ تڕۆتان بکەن؟ ئێوە چیتان بەسەر چییەوە هێشتووە؟ چی ماوە ڕادەستی نەکەن؟! یەک شتم پێ بڵێن، یەک شت! 
نەک هەر داگیرکەران، ئەگەر هەموو دنیا دژی گەلی نەفسبڵندی کوردستان بایە نەیدەتوانی ئاوا، وەک ئێوە، هیوا و کەسایەتی و پیرۆزییەکانی ڕیشەکێش کا.
***
لە دنیا حوکومەت، پەرلەمان، سیستەمی دادوەری و میدیا هەن خەڵک پەنایان بۆ دەبا، داوای لابردن، دانان، یان ڕاستکردنەوەی خشتێک، یان چەند خشتێک دەکا لە تەلاری دەوڵەت و حوکمڕانی: کەمکردنەوەی سەعاتی کار، زیدەکردنی مووچە، کەمکردنەوەی باج، داشکاندنی نرخی وزە، پاراستنی ژینگە، مافی ژنان... هتد. گەلی باشوور نە ئەو تەلارەی هەیە باسی ئەم خشت و ئەو خشتی بکا، نە حوکوومەتێکی هەیە داوای تڕۆکردنی بکا، نە پەرلەمانێکی هەیە بچیتە بەر دەرگەی، نە دادگەیەکی هەیە بە هاوارییەوە بێ، نە میدیایەکی کاریگەریشی هەیە بڵندگۆیەکی بۆ دانێ. چی بکا؟ 
ئێوە، کە کوردستانتان کردووە بە شارێکی پڕ شەقامی تێکئاڵاوی بێ ترافیکی هاتوچۆ، هەر بابایە خۆی بەویتردا دەکێشێ.  چما شتێک ماوە، تا داوای پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەی بکرێ؟! 
ئێوە، کە دەستوپێسپین، لەسەر مووچە ناژین و تەماشای ڕۆژژمێر ناکەن و ناپرسن چەندی مانگە، قەت لەو زگە بەتاڵانەی سەر شەقام ناگەن. 
ئێوە، هەی ئەحمەقینە، وڵاتی نەوت و گاز و خۆر و ئاوتان لەبن دەستە، کەچی مووچەی مووچەبابیشتان پی نادرێ، کە لە سۆماڵیش ڕۆتینێکی مانگانەیە! 
ئەمجارەش نا، جارێکی تر ، لەسەر مووچە نا، لەسەر دەیان ساڵی تاوانەکانی شاخ و شارتان... کۆتاییتان هەر دێ. 
گەلی کوردستان زۆر لەوە گەورەترە وەحشی حوکمی بکەن.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست