<

من ئاشتیم ناوێ ئەگەر لە ئیمرالیشەوە بێت

01/03/2025, 21:14 (GMT+1)
ماوەیەکە باسی ئاشتی گەورەترین باسی رۆژەڤە ، لە کوردستان وتورکیا وناوچەکەش بەگشتی .لەگەڵ ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان پێش سێ دەیە و بۆچەند جارێكیش داوای ئاشتی کردووە ، دەسەڵاتدارانی تورکیا ، یان راستتر لایەنی شەرخواز لەناو حوکمرانی دەوڵەتی تورکیا هەمیشە رۆڵی تێکدەرو رەتکەرەوەی ئاشتیان بینیوە . بەڵام وەك ئەوەی دونیا هەڵگەرابێتەوە  لەم دواییەدا ، دەست پێشخەری ئاشتی لە لایەن دوو حیزبی دەسەڵاتداری تورکیاوە بانگەشەی بۆ دەکرێ . هۆکاری تەواوی ئەم بانگەشەیە ، هێشتا بەووردی رووننەبۆتەوە . هەندێ دەڵێن بۆ هۆکاری ناوخۆیەو ئەردۆغان بۆمەبەستی شەرعیەت دان بە یاسایەكی نوێ و مسۆگەر کردنی سەرۆکایەتیخۆی،  ملی بە بانگەشەی ئاشتی داوە وداخوازە ، دەستورێکی نوێ بنوسێتەوە یان هیچ نەبێ وەك چوار جارەکەی تر تەنها دەستکاری بکات. هەندێكیش زۆر بە گومانەوە لە بانگەشەی ئاشتی دەسەڵاتدارانی تورکیا دەروانن ، بە تایبەتی دوای تێكشکاندنی هێزی حەماس و حزب الله و باڵەکانی ئێران لە تەواوی ناوچەکەدا ودروست بوونی هەرەشەی شەرێکی ماڵوێرانکەر لە لایەن ئیسرائیلەوە بەرامبەر بەرەی مقاوەمەت یان بەرامبەربە ئیسلامی سیاسی .لە هەمان کاتدا ،کە دەنگۆی گۆرانکاری سنوری ووڵاتان و جوغرافیای ناوچەکە لە ئارادایە. ئەم گریمانەیە بەهێزتر بوو کاتێ رژێمی بەشار ئەدسەد بە شێوەیەك لە شێوەکان لە دەرئەنجامی گۆرانکاریەکان ،دەسەڵاتی  بۆ هەتەشە بەجێ هێشت و سوریای لەسەر سینیەکی زێرین، پێشکەش بە ئەبو محمد الجولانی کرد. هەر لە روانگەی ئەوەی تورکیا پاڵپشتی ئەو هێزانە دەکات و ئاراستەیان دەکات( کە ئێستا بونەتە دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا )، وا دەخوێندرێتەوە ئیسرائیل بەرامبەر تورکیا وەستاوبێتەوە و بە ناراستەوخۆ بەریەککەوتنیان لەگەڵ یەك هەبێت . ئێستا کە داواکاری هەیە سەرۆکی پەکەکە ، لەم زەمەنی زیرەکی دەستکرد وتەکنەلۆجیایەدا بانگهێشتی ئاشتی وچەك دانان بکات ، دەبێ هەڵوەستەیەك بکەین و پرسیارێکی جەوهەری لە خۆمان بکەین  . ئاخۆ لە تورکیا دەکرێ ئاشتی بەرپابێت؟. ئاخۆ تاکو گۆرانکاری لە دەستوری ووڵاتەکە نەکرێ، بە تایبەتی لە مادەی دوو وسێی و چواردا ،( بەندی چوار لە دەستوری تورکیا دەڵێت ، بەهیچ شێوەیەك بەندی دوو لە گەڵ سێ گۆرانکاری بەسەر نایەت )  داواکردنی ئاشتی ، نابێتە داوایەکی نا لۆژیکی  ؟. لەم پرسیارەوە دەتوانین پرسیارێکی زۆر جدی بکەین وبچینە ناوکرۆکی ئەم باسەوە . ئەگەر دەستوری ووڵات نەگۆردرێ ئاخۆ کورد دەتوانێ بەئاشتی بژێت ؟. لە ووڵامدا من دەڵێم ، بێگومان بەڵێ ئەتوانێ بە ئاشتی بژێیت . نەك هەرکورد بەڵکو تەنانەت کۆیلەکانیش ئەتوانن لەلای سەردارەکانیان بە ئاشتی بژێن . گەلێکی بەش مەینەت و زوڵم لێکراویش ئەتوانێ بەئاشتی لە ژێر سایەی دیکتاتۆرێك و خوێن رێژێك ، بەئاشتی بژێت . ئاشتی ژیان زۆر ئاسانە ئەگەر دەنگ هەڵنەبری وهاواری نەخێر نەکەی . نەخێر ئیتر بەسە ، ئەو چەخماخەیە کە ئاشتی نێوان کۆیلە ، ژێردەسەتە ، زوڵم لێکراوو ... هتد و نیوان سەردەست وئاغاو دەسەڵاتدار وستەمکار لەت دەکات . کەواتە کورد راستە داوای ئاشتی دەکات بەڵام پێش ئاشتی داوای ئازادی وسەربەستی دەکات . ژیانی ئاشتی ئەگەر بە زەلیلی بێت ،نە ژیانە ونە داواکارییەکی شەرەفمەندانەیە . بە زەلیلی ژیان مردنێکە لە جۆرێکی تر . دەسەڵاتدارانی تورکیا دەیانەوێ لە رێی بەرێز عەبدولله ئۆجەلانەوە ، پەیامی چەكدانانی پەکەکە بدەن وبەشێوەیەكی لە شێوەکان ،خەباتێکی سیاسی دەستپێبکەن . وەك ئەوەی لەیادمان چووبێت سەرکردەی پارتە سیاسیە کوردەکان ئێستا لە کوێن . دەبێ سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگان یوکسەکداخ لە کوێ بن  ؟ . دەبێ سەدان ئەندام پەرلەمانی کورد ، دوای هەڵگرتنی پارێزبەندی ئێستا لە کوێ بن ؟، دەبێ هەزاران لایەنگر و ئەندامانی پارتە سیاسیەکان، کە چەكدار نەبوونە ،بۆ لە زیندانەکانی تورکیا ژیان بەسەردەبەن ؟  .ئەوەی من دەیبینم ئەنجامی کاری سیاسی ئەو هەموو قەیومەیە کە لەسەر گەورە شار و شاروچکەکانی باکوری کوردستان دانراوە .لە تێرانینی تورك، سیستەمی قەیوم ئەو ئاسانکاری یە سیاسی یە  ،کە بانگەشەی چەك دانانی بۆ دەکەن. راستە پرۆسەی ئاشتی پێشینی خۆی هەیە ، رەنگە ئەگەر لەسەر ئەو بەیەكگەیشتنانەی نێوان ئەكەپە وپەکەکە لە ئۆسڵۆ بەردەوام بن کە لە ساڵی ٢٠٠٨ وە تا ساڵەکانی ٢٠١٦ درێژەی بوو هەنگاوی گەورە بنێن  . بە مەرجێ وورتر لە سەر ئازادی نەتەوەیی ومافە نەتەواییەتیەکان هەڵوەستەبکەن ، فراوانتر چەمکی ئاشتی ببینن و پراکتیکی کەن . بەڵام ئەو ئاشتی یەی ئەکەپە ، داخوازێتی دورە لەو ئاشتی یەی کە کورد هەوڵی بۆ ئەدات .ئەوە راستی یە . چونکە ئاشتی هیچ مانایەكی نابێت ئەگەر بێ ئازادی بێت . ئاشتی کاتێ دێتە بەرهەم کە لانی کەم ستەمی نەتەوەیی هەڵگیرا بێت ، کە زمانی نەتەوەیی تابۆی لەسەر نەبێ ، کاتێ مرۆڤێکی کورد و تورك لەبەردەم یاسا یەك مافیان هەبێت ، کاتێ دانبنرێت بە بوونی نەتەوەیەکی تر بێجگە لە تورك لە تورکیا .ئەو کاتەش ئاشتی بۆ خۆیی دێتە دی . چونکە هۆکاری چەك هەڵگرتن بۆ هیچ لایەك نەماوە . ئاشتی بێ بەدەست هێنانی لانی کەمی ئازادی ، نامروەتییە بەرامبەر بە خوێنی هەزارن گەنج ولاوی خوێن گەرمی کورد کە خوێنی خۆیان بۆ بەدەست هێنانی ئەو ئازادییە کردە قوربانی کە لە ساڵانی حەفتاکانەوە پەکەکە بانگەشەی بۆ دەکات .چۆن دەکرێ و بە چ بیانویەك خوێنی هەزاران گەریلا بە فیرۆ بچێت و ئێستا چاوپۆشی لە ئازادی بکرێت لە پێناو ئاشتیدا . بۆیە هەر کوردێکی دڵسۆز بە نەتەوەو زمانەکەی ، بە کەلتور و فەرهەنگەکەی ، دەبێ بڵێ نەخێر بۆ چەكدانان بەبێ ئازادی ، تەنانەت ئەگەر بانگەوازی چەكدانان لە ئیمرالیشەوە بێت. . 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست