<

من لەگەڵ ئاشتیی دام، بەڵام...

13/05/2025, 20:37 (GMT+1)
من زۆر زۆر لە گەڵ ئاشتی دام بەڵام خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانانی بە بێ چاودێریی لایەنێکی ڕەسمیی وە نەتەوەیەکگرتوەکان یا ئەمریکا یا یەکێتیی ئەوروپا، ئاشتتییەکی بێ مەرج و بێ بەرامبەر و بێ دەسکەوتی کۆنکرێتیی دەسبەجێ و بێ مسۆگەرکردنی گۆڕینی بنەڕەتی لە دەستوری تورکیا بە داننانی سیاسی و قانونیی فەرمی بە مافی کورد وەک گەلێکی جیا لە تورک لە تورکیا، ئاشتیەکی ئاوا
زۆر زۆر جێی گومان و نیگەرانیمە و هیچ دڵم خۆش نیە پێی، بنواڕە! تا ئێستا دەوڵەتی تورکیا نەک هەر یەک هەنگاوی پراکتیکیی باش و نیازپاکی بەرامبەر کوردی باکور و ڕۆژاوا و باشور نەناوە بەڵکو ڕێک بە پێچەوانەوە هێرشە دوژمنکاریە بێبەزەییەکانی لەسەر سێ پارچەی کوردستان توندتر و ملهوڕانەتر کردۆتەوە.
ئۆجەلانێکی داماو و دابڕاو لە ژیان و زەلیلی نێوان کەڵبە بێبەزەییەکانی تیمساحی دەوڵەتی تورک کەوتۆتە ناو گەمەیەکی ترسناکی موخابەراتی و سەربازی و دیبلۆماسی و دەرونیی هەزار سەرەوە، زۆر ئەستەمە ئەو و هەر کەسێکی تر لەدۆخێکی ئاوادا لەسەر کێشەی ڕەوای گەلێکی چل ملیۆنیی نکولی لێکراو بتوانێ بڕیاری ڕاست و هاوسەنگ بدات! دەبوایە ئۆجەلان هەرچی زوتربو لەم قوڕاو و پیساوەی تورکیا و دۆستەکانی خستویانەتە ناوی بە هەنگاوێکی جوامێرانە و خۆنەویستانە بهاتایەتەدەرەوە و پرۆسەکەی جێبهێڵایە بۆ حیزبەکەی و لە تۆڵەی تورکیا نەترسایە و ئەوپەڕەکەی ئەوە بو بیکوژن ئێ خۆ ژیانی ئەو هیچی لە ژیانی هەزاران گەریلای پەکەکە زیاتر نیە کە لە ژێر ئاڵا و فەرمانی ئەودا شەهیدکران و لە زیندانەکانی تورکیادا دڕندانە ئەشکەنجە دراون و بە دەیان ساڵ زیندانی حوکمدراون
کەسێتیی کوردی ناوداری وەک لەیلا زانا و گوڵتان کشاناک و عوسمان ئۆزدەمیر و زۆری تر هێشتا پشتگیریی خۆیان لە بڕیاری کۆنگرەی پەکەکە ڕانەگەیاندوە. بەهەر حاڵ لە ڕۆژی ۱۲ ی٥ی وە کە پەکەکە خۆی هەڵوەشاندەوە و بڕیاری دا چەک دابنێ واقیعێکی نوێی سەرنجڕاکێش دروستبوە و دەبێت کورد هەوڵ بدات زۆرترین سودی لێوەربگرێ.
ئێستا پێویستە دەم پارتی کە بەشێکی گرنگە لەم پرۆسەیە بە فەرمی داوای کۆنکرێتی لە ئۆردوگان بکات ،بۆ پیشاندانی نیازپاکی و بۆ بەرەو پێش بردنی پرۆسەی چارەسەری دیموکراتی و ئاشتیخوازیی کێشەی کورد ، هەمو گیراوانی سیاسیی کورد لە زیندانەکان ئازادبکات و بڕیاری لێبوردنی گشتیی بێ مەرج بۆ هەمو گەریلاکانی پەکەکە دەربکات و پەرلەمان کە هەر سێ حیزبەکەی ئەم پرۆسەیە زۆرایەتیی موتڵەقیان هەیە تێیدا دەستوری تورکیا بگۆڕێ بە جۆرێک کە دان بە بونی کورد دا بنێت وەک گەلێکی جیاواز لە تورک و مافی خۆبەڕێوەبردن بۆ کورد پەسەند بکات.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست