دیسان پەکەکە
14/05/2025, 13:05 (GMT+1)

هەی هات هەی هات پەکەکەی ئازیز
چ کۆچێ بوو وا کش و مات !
زانیاریەکان بێ شومارن و هیچ شتێکیش ڕوون نییە؛ ڕۆژنامەوانێکی هۆڵەندی دەڵێت ئەو قسەی لەگەڵ پەکەکە کردوە و چەک دانانێن و زۆرترین فشار دەخەنە سەر تورکیا، لەولاشەوە کۆنگرە دەڵێت چەک دادەنێن. نا، چاک دانانێن بەڵکو چەک بەکارناهێنن. یان گوایە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکا و ئەوروپا بەشدارن! ئاپۆ بەشداری کۆنگرەی کردووە!… لە کاتێکدا ئۆردوگان هەڕەشە و گوڕەشە دەکات و بە تۆپ و فرۆکە لە هێرشکردن نەوەستاوە. باخچەلی پیرۆزبایی ئاشتیی لە ئەحمەد تورک دەکات!
ئەم چ جۆرە ئاشتیەکە ؟ چونکا ئەگەر بەڕاستیی پرۆژەی ئاشتیمان دەوێت ئەوا دەبێت بە ڕوون و بە ئاشکرا باس بکرێت. ئۆردوگان وەک براوەیەک تورکەکان وەها تێ دەگەیەنێت کە ئەو بە شەق چەکی بە پەکەکە داناوە. لەولاشەوە دەڵێت ئامادەیە دەستور بگۆڕێت لە پەرلەمان!!! قەرەیلانیش دوای کۆنگرە دەڵێت تورکیا لە هەڵوەشاندنەوەدایە و هیوادرین پەکەکە نەبێتە فریادڕەسی. دەبێت ئازادیی بێ مەرجی زیندانە سیاسیەکان و ئازادی بدرێ….
ئەوەی دەیخوێنینەوە ئەوەیە کە تورکیا پێویستی بە (ئاشتی) یە بۆ خۆ پاراستن لە گۆڕانکاری ناوچەکە و لەهەمان کاتدا دەیەوێت وەک براوەیەک پێمان بڵێت کە بە داخوازی ئەو پەکەکە چەکی داناوە و گوایە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە.
ئەو پیاوەی گووتی کوردستانی گەورە خەونی شاعیرانە لە هەمان کاتدا گوتبووی دەستتيکەڵکردن لەگەڵ ئیسرائیل بۆ کورد باش نییە. چونکا هەنێ کەس وەها تێگەیشتبوون کە نەخشەکە هەروا بە ئاسانی جێ بەچێ دەکرێت؛ ئیسرائیل و کورد دەبن بە یەک و ناوچەکە دابەش دەکەن بە ئارەزووی خۆیان و تورک دەسڕنەوە.
خەونی شاعیران! ….
تورکیا بە پێی ژیۆپۆلیتیکەکەیەوە هەڵبژاردەی زۆرە، بەڵام کورد کێیە و خاوەنی چییە هەتاوەکو ئیسرائیل پەیوەندی سەربازیی و دیبلۆماسیان لە گەڵدا ببەستێت ؟ کوردانی ڕۆژاڤا هەتا ئاستێک دەتوانن دەوریان هەبێت بەو سوپا زەبەلاحەیانەوە بەڵام بە پشتیوانیی ئەمەریکا نەبێت هیچی وایان پێ ناکرێت. بۆیەکا کورد وەک دەسکەلایەک لەلایەن هەموو هێزەکانی ناوچەکەوە بەکار دەهێنرێن بە ویستی خۆیان بێت یان بە بێ ویستی خۆیان، ئەوەتا وەک سەرنج دەدەین هەر شتێکی نەخوازارو ڕوو دەدات مەسعود و تورکیا و ئێراق پەکەکە خەتابار دەکەن.
کاتێک سەیری دوو پۆرترێکەی ئاپۆ دەکەین، یەکەمیان بەخەندەوە، وادیارە هی ئەو سەردەمەیە کە کتێبی مانیفێستۆی دەنووسی، ئیدی دوای ئەوە بە هزر و بە تەمەن گەیشتە کۆتایی، گەیشتە بنبەست، وەک چۆن لە پۆرترێی دووهەمدا دەیبینین تێکەڵاوێک لە حەزەر و ترس دەموچاوی داپۆشیوە. دوو مرۆڤی تەواو جیاوازن. ئاپۆ بەتەمەنە و لە مردن نزیک دەبێتەوە، زۆر لە سەرکردەکانی پەکەکە حەفتایان تێ پەڕاندوە، هەرچەندە بزنە کێوی بەرگەی ژیان زیاتر دەگرێت، بەڵام ئیدی لەو تەمەنەدا دەبێت هاوکێشەکە بخەین بەلایەکدا؛ دواهەمین هەوڵدانی ئاشتیی وەک چارەسەر بەهەر نرخێک بێت لەم ساتەدا ئێجگار سەمەرەی ناوچەکە و جیهان کە لە هەموو ڕوویەکەوە پێێدا تێپەڕ دەبێت؛ باشتر وایە یاری حەماس و فەلەستینەکان نەکەین هەرچەندە هەرگیز نەمان کردووە بەڵام بەگژداچوونەوەی ئەو سیاسەتەیە؛ سیاسەتی چەک و کەللەڕەقیی کە لە تەمەنی لاویدا جەستە و هزر یارمەتیدەرن و پێوسیستیش بوو.
دەبێت کوردبوونمان قبوڵ بکەین، ڕاکردن لێی نامەردیە!
مەبەست لە کورد بوون کۆمەڵە چەمکێکە و تایبەتە بە خودی کورد، ئەی چۆن بیسەلمێنێت کە ئێمە بەڕاستیی گەلێکی دێریننن و بەو پێیەش خاوەنی خەسڵەتێکی شازین. خۆ کوردبوون ئەوە نییە بچین لاقەی کچان و ژنانی دوژمن بکەین وەک زۆر لە خەباتگێڕەکانی جیهان، یان سەری لاوێک بپەڕێنین لەبەر ئەوەی ڕێنماییەکانی ئیسلامی جێبەجێ نەکردووە. خۆ ئەگەر لەژێر کاریگەریی وڵاتانی دراوسێدا تاک و تەرا هەندێک کولتوریان بۆ گواستوینەتەوە وەک بورقە و هەندێک شتی تر ئەوا هەرچۆنێک بێت کارەکتەر و کولتورمان وەک گەلێکی دێرین تەواو شازە، من بە هیچ جۆرێک بڕیارەکەی ئاپۆ بە بێ هێزیی نابینم بەڵکو کوردبوونە بە هەموو مانایەکەوە.
ڕاکردن لێی نامەردیە.
نامەردیی دەبوو ئەگەرهەر لەسەرەتای حوکمدانەکەیدا ئەم پێشنیارەی بکردایە. ئەوسا دەمان گووت ئاپۆ مەبەستیەتی خەباتی کوردان بکات بە قوربانیی ژیانی ئازادیی خۆی.
تێبینی:
پۆرترێکەی تەنیشت ئاپۆ، دواهەمین پۆرترێێ پیکاسۆیە لە تەمەنی پیریدا و دەبینین چۆن بە ترس و سەرسوڕمانەوە سەیری مردن دەکەت، کاتێک دواهەمین پۆرترێی ئاپۆم بینی بیرم بۆ ئەوەی پیکاسۆ چوو.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان











