کێشەی دیموکراسی و سەروەری یاسا
08/06/2025, 20:59 (GMT+1)

ڕووبەڕووبونەوەی کێشەکانی دیموکراسی و سەروەری یاسا لە هەرێمی کوردستان، کە بە درێژایی مێژوو شەڕی خۆی بۆ ئازادی و یەکسانی کردووە، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە بەشێوەیەکی فەرمی بووەتە ناوچەیەکی سەربەخۆ لە ناو سیستەمی فیدراڵی عێراق.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو سەربەخۆیی و دیموکراسییەی کە بە ڕەسمی ناسێنراوە، کێشە بنەڕەتییەکانی وەک نەبوونی سەروەری یاسا، گەندەڵیو دەسەڵاتی حیزبە چەکدارەکان وایکردووە خەونەکانی خەڵک بۆ ئازادی و دادپەروەری بە تەواوی جێبەجێ نەبێت، ئەو کێشە بنەڕەتییانەش بریتین لە :-
١- نەبوونی سەروەری یاسا و کاریگەری حیزبە چەکدارەکان: یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان نەبوونی سیستەمێکی دادپەروەرانەیە کە یاسا لەسەر هەمووان جێبەجێ بکات،لە کاتێکدا کە دەبێت دەسەڵات لە دەستی یەک حیزب یان کەسەوە بۆ دەسەڵاتی دادوەری و دیموکراسی بگوازرێتەوە، بەڵام لە هەرێمەکەدا حیزبە گەورەکانی وەک (پارتی و یەکێتی) هێزێکی چەکداری خۆیان هەیە و زۆرجار یاسا بە پێی ئارەزووی خۆیان جێبەجێ دەکەنئەمەش بووەتە هۆیدەستدرێژی لەسەر مافی مرۆڤ، دەبینین کە زۆر ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مافی مرۆڤ تووشی کوشتن یان زیندانیکردنی ناحەق بوونەتەوە، هەروەها، نەهێشتنی دادگای سەربەست؛ دەسەڵاتداران زۆرجار یاساکان بە پێی حیزب و خزمەتی خۆیان دەگۆڕن، دواتر، قەیرانە سیاسییەکان؛ کاتێک ناکۆکی لە نێوان حیزبەکاندا دروست دەبێت، زۆرجار هاوڵاتیان بوونەتە قوربانی شەڕ و ناڕەزایی.
٢- گەندەڵی و تێکدانی سیستەمی دارایی؛ گەندەڵی بووەتە نەخۆشییەکی کوشندە لە هەرێمی کوردستان، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، هەرێمی کوردستان لە پلەی زۆر خوارەوەی لیستی گەندەڵی جیهانیدایە، ئەم گەندەڵییە کاریگەری خراپی هەیە لەسەر بودجەی هەرێم؛ ئاشکرایە پارەیەکی زۆر بە شێوەی نایاسایی دەچێتە گیرفانی کەسە دەسەڵاتدارەکانەوە، هەروەها خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، دەبینین کە نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان بە بێ سامان ماونەتەوە، دواتر دروستبوونی کۆمەڵگایەکی نایەکسان؛ خەڵکی هەژار بەرەو زیاتر هەژاربون دەچن، لە کاتێکدا هەندێک لە دەسەڵاتداران پارەی گەورە کۆدەکەنەوە.
٣- کۆنتڕۆڵکردنی میدیا و کوشتنی ئازادی ڕاگەیاندن؛ ئازادی ڕاگەیاندن یەکێکە لە بنەماکانی دیموکراسی، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا زۆر رۆژنامەنووس و راگەیاندنکار تووشی کوشتن، زیندانیکردن، یان هەڕەشە دەبنەوە ئەگەر بەرامبەر حیزبە دەسەڵاتدارەکان ڕاپۆرت بکەن، کە ئەمە بووەتە هۆی توندکردنەوەی سانسۆر لەسەر میدیاکان، کە وادەکات میدیای سەربەست دانپێدانراو نەمێنن و ناچار بکرێن خزمەتی حیزبەکان بکەن، هەروەها بێدەنگی خەڵک؛ بێگومان لەم بارودۆخەدا مرۆڤ ترسێکی زۆری هەیە لە قسەکردن دژی دەسەڵاتداران.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە:
١- جیاکردنەوەی هێزە چەکدارەکان لە حیزبەکان؛ دەبێت هێزە چەکدارەکان تەنیا لە ژێر فەرمانی حکومەت بن، نەک حیزبەکان.
٢-دروستکردنی دادگای سەربەست؛ دەبێت سیستمێکی دادوەری دروست بکرێت کە لە کارکردنی حیزبەکان دوور بێت.
٣- چاکسازی دارایی و شەفافیەت؛ دەبێت هەموو بودجەی هەرێم بە شێوەیەکی ڕوون بڵاوبکرێتەوە و لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەوە چاودێری بکرێت.
٤- دەبێت پەرلەمان ببێتە جێگای خزمەتکردن بۆ هاوڵاتیان و چیتر لە پێناو پۆست و مەرامی حیزبیدا پەک نەخرێت.
٥- پشتگیریکردن لە میدیای سەربەست؛ دەبێت میدیاکان ئازاد بن و نەترسن لە راگەیاندنی ڕاستی، هەرێمی کوردستان پێویستی بە گۆڕانکارییەکی ڕیشەکی هەیە و ئەگەر دەسەڵاتداران بەڕاستی ویستی گۆڕانکارییان هەبێت، ئەوا دەبێت یەکەم هەنگاو لە ناوخۆی خۆیانەوە دەستپێبکەن. خەڵکی کوردستان شەڕی خۆی بۆ ئازادی کردووە، بەڵام ئازادی تەنیا لە ڕێگەی دیموکراسی و سەروەری یاسا دەبێتە ڕاستی. وە دەبێت ئازادی بە بەرژەوەندی کەسێک یان حیزبێک نەگۆڕدرێت، چونکە ئازادی مافی هەموو کۆمەڵگایەکە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان











