ئەوانەی مریشک بە نەرێنیی و هێمای بێ هێزیی دەبینن ناتوانن لە بڕیارەکەی ئاپۆ تێبگەن
08/06/2025, 21:06 (GMT+1)

ئەم وێنەیە کارێکی هونەریی نیزامەدین ئارچییە دژی بڕیاردانی ئاپۆیە بۆ ئاشتیی.
ئەگەر هیچ زانیاریەکمان لەسەر بابەتەکە نەبێت و وەک کەسێکی بێ لایەن سەیری ئەم وێنەیە بکەین، ئەوا پیاوێکی دەم بەخەندە دەبینین بە ڕووتی لەسەر باڵندەیەک دانیشتوە، قاچی بە پەتێکی سور بەستراوەتەوە بە باڵندەکەوە و باڵندەکەش زیاتر لە مریشکێک دەچێت و لەسەر بازنەیەک دەسوڕێتەوە. وەک ئەوەی لە یاری (سیرک) دا بێت. لە پشتیەوە پەرژینێکی دیوار و یاڵێک دەبینین، لە پشتی یاڵەکەوە کۆمەڵە کەسێک بە جلکی ئەسکەریەوە سەیری ئەو دیمەنە دەکەن. لە بەشی خوارەوەی تابلۆکە ڕیزێک نەخشی شین تەنها دەوریان وەک دیکۆری یاری سیرکە.
یاری سیرک یاری گاڵتەجاڕیی و پێکەنینە و بە مەبسی بەسەربردنی کاتێکی خۆش کراوە بۆ ئەوانەی دەچن بۆ دیداریی. ئەو کەسانەی سەیری ئاهەنگەکە دەکەن تەنها بینەرن بەشدارییکردنیان بریتییە لە بەسەربردنی کاتێکی خۆش بە پێکەنین و هاوار بۆ ئاهەنگەکە و کلاونەکە.
هونەرمەند ویستویەتی بەم دیمەنە پێمان بڵێت کە گوایە ئەوە ئاپۆیە وەک کلاونێک سواری (کۆتری ئاشتیی) بووە لە ئیمراڵی و گەریلاکانی پەکەکەش وەک بینەر سەیری ئەو دیمەنە دەکەن.
کۆی پێکهێنەکە زۆر جوان کراوە لە ڕووی دەربڕێنی بیرۆکەکە، ئەوە نەبێت نە باڵندەکە لە کۆتری ئاشتی دەچێت و نە پیاوەکە لە ئاپۆ. بڕواناکەم هونەرمەند توانای ئەوەی نەبوبێت نەخشی کۆترێکی ئاشتی بکات، هونەرمەند بۆ گەڵتەجاڕی ئەوەیی کردوە و ئازادیشە. چونکا مریشکی وەک باڵندەیەکی نەرێنی نیشانداوە لەبەر ئەوەی مێێنەیە، کەڵەشێریش هێمایی سەربەرزیی و ئازایاتەیە لە نەستی مرۆڤی گێلدا.
بڕیارەکەی ئاپۆ لە ئیمراڵی کوردانی توشی شۆک کرد، بەتایبەتی کوردانی بەشەکانی تری کوردستان، هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەکرد، وایان دەزانی ڕۆژێک لە ڕۆژان وەک لە فیلمەکانی هۆڵیودا گەریلاکانی قەندیل بە چەکەکانیانەوە بە پێ لە قەندیل دێنە خوارەوە و حوکمی تورکیا دەگرنە دەست و دەوڵەتی کوردستان ڕادەگەیەنن!!!!
جەگە لەوەی کە ووشەی گەریلا کوردی نییە، لە هەمان کاتا وشەی سەردەمێکی دێرینە؛ زاراوەی بزوتنەوە چەپەکانی ئەمەریکای لاتینە و بەسەر چووە. خۆ ئەگەر پیاوانی پەکەکە بۆ ڕزگاریی کوردستان چونەتە قەندیل ئەوا زۆربەی هەرە زۆری کچە گەریلاکانی پەکەکە بە مەبەسی کوردستانێکی ئازاد چەکیان هەڵنەگرتوە بەڵکو خۆ دەربازبوونیانە لە کۆمەڵگەی باوکسالاریی، ئەمەیە هەقیقەت. بۆیەکا دەوڵەتێکی کوردستان بە سنورێکەوە هەرگیز باری ژیانیان سوک ناکات، ئەوەی باری ژیانیان "ئاسودە" دەکات سیستەمێکی دیموکراسیە نەک سنوری وڵاتێك.
هەموو بزوتنەوە چەکدارییەکانی ناوچەکە تووشی گرفت دەبن و لە بازنەیەکدا دەسوڕێنەوە و بە هیچ جۆرێک باری ژیانی دانیشتوان ئاسودە ناکەن و نەیان کردووە، بە پێچەوانەوە کەوتونەتە ناو گەمەیەک لە جیهانیی سیاسیی و ئابوری و بەکار دەهێنرێن لەلایەن زلهێزەکانەوە. باشتر وایە پەرە بدرێت بە کولتور و مێژوو و زمانی کوردی لە چوارچوێوەی سیستەمێکی دیموکراسیدا لە بری سنورێکی خەیاڵی کە مەحاڵە لەم هەل و مەرجەدا.
خۆ ئەگەر لە باشور گرنگیمان بە زمان و بە مێژوو و پەروەردە بدایە ئەوا زیاتر هاندەر دەبوون لە پاراستنی شوناس و کولتووری کوردیی لە بری ڕێفراندۆم و خەیاڵ پڵاوی جیابوونەوە لە ئێراق، سیستەمێکی دیموکراسیش هەرگیز ڕێگر نابێت لە دابینکردنی سیستەمی کۆنفیدراڵی یان سەربەخۆیی لە داهاتوودا.
هەرچۆنێک بێت ژیان و سیاسەت و ڕووداوەکان گشتیان وەک یاریەکی سیرکن و هەڵس و کەوتەکانی مرۆڤ بێ مانا و پێکەنیناوین وەک یاریەکی سیرک، باشتر وایە گەمەیەکی ژیرانە بکەین کە تێیدا زیاتر گرنگیی بدرێت بە مرۆڤ هەتاوەک و یاریەکی خۆتڕێن بۆ چەپڵە ڕێزانی مرۆڤی گێل کە بێ ئاگایە لە ژیانی خەڵکی و لە دەرەوەی یاریەکەوە بڕیار دەدات. ئایا کەس بیر لەو خێزانانەی کوردستانی باشور دەکاتەوە چۆن بژێوی ژیانیان بەسەردەبەن لە بێ مووچەییەدا؟ ئەوانەی زگیان تێرە بیر لە ڕێفراندۆم و دەوڵەتی کوردستان دەکەنەوە.
خۆ ئەگەر ئەوانەی بێ هیوابوون لە یاریەکە و نازانن چۆن خۆیان بگونجینن لەگەڵ سەردەمدا لەبەر ئەوەیە کە بۆ ئەوان مریشک هێشتا هێمای بێ هێزیی و گەڵتەجاڕیی و کەمییە، ئەوەش بۆ دیدی هونەرمەندێک کارەساتە. بۆیەکا تێ ناگەن و نازانن کە دەستەبەرداربوونی چەک لەم کاتەدا کە پەکەکە لەو پەڕی بەهێزییدایە باشترین چارەسەر و مۆدێرنترین بیرۆکەیە و لەگەڵ سەردەمدا دەگونجێت.
((بوێڕیتریین بڕیار و باشترین بڕیار کە ئاپۆ دابێتی بڕیاری چەکدانان بوو بۆ هەتایە.))
------------------------------
بیرمەندێک و نەزانێک
لەبەر ئەوەی برادەرێک پەیوەندی پێوەکردم داوای ڕوونکردنەوەی زیاتری دەکرد لەسەر تابلۆکەی نیزامەدین ئارچی، بۆیەکا جارێکی تر زیاتر ڕوونکردنەوە دەدەم.
***
بەشێوەیەکی گشتیی هونەرمەندانی ڕۆژهەڵاتی ئیسلامیی لاوازن لە گوزارشتکردنیان لە هونەری شێوەکاریا بە تایبەتی بۆیەکاریی. ئەو تابلۆیەی نیزامەدین ئارچیش نموونەیەکی بەدی گوزارشتە.
ئەو کارە بۆیەکارییە بۆمان ڕوون دەکاتەوە چەندە جیاوازیی هەیە لە نێوان بیرمەندێک و نەزانێک، دەڵێم نەزانێک چونکا تابلۆکە بەرهەمی ئەقڵێکی گەوج و نەزان و منداڵانەیە، چونکا هیچ قوڵبونەوەیەکی تێدا نییە ئەگەریش کۆی پێکهێنەکە ژیرانەیە.
هەموومان دەزانین کە بابەتی تابلۆکە ئەوەیە کا ئاپۆ داوای دەستەبرداری خەباتی چەکداریی لە پەکەکە کردوە و پەکەکەش داواکەی ئاپۆی قبوڵ کردووە، هونەرمەندیش زۆر بە گەوجانە گوزارشتی لەم بابەبەتە کردووە وەک بەرپەرچدانەوەی ئەو ڕووداوە مێژوویە گرنگە.
ئەگەر هونەرمەند بوایە ئەوا بابەتەکەی بە هەند وەردەگرت و تابلۆیەکی دەکرد کە بەرهەمی قوڵبوونەوە و تێڕامان بێت، بەڵام لەبەر ئەوەی خاوەنی هزرێکی باڵا نییە پەنای بردۆتە بەر وێنەیەکی سادە و پێکەنیناوی و بێ سەوروبەر.
ئێمە کاتێک ڕۆمانێک دەخوێنینەوە دەبێت نوسەر ڕامی زمانی کردبێت، ئەگەر پڕ بێت لە هەڵەی زمانەوانی و ڕێزمانیی ئەوا ناتوانین ڕۆمانەکە بخوێنینەوە. هونەریی شێوەکاریش بە هەمان شێوەیە؛ لەگەڵ ئەوەشا کە ئازادترین هونەرە لە گوزارشتا بەڵام یاسا و ڕێسای خۆی هەنە، یاسا و ڕێساکانیش لەلایەن کەسێکەوە بڕیاری لەسەر نەدراوە بەڵکو کاتێک ئێمە خاوەنی هزرێکی لۆژیکین ئەوسا بە خۆڕسکانە یاساکان وەدوی لۆژیکێک دەکەون.
هەڵەکەی ئەوەیە کە تابلۆیەکی لە شێوەی کاریکاتۆردا کردووە، لە کاتێکدا هونەری بۆیەکاریی هونەی کاریکاتۆر نییە، واتە کاریکاتۆر زمانێکی تری هونەرە، چونکا ئێمە هەرگیز پێناکەنین لە بەردەم تابلۆیەکدا لەبەر ئەوەی تابلۆ باسی هەقیقەت دەکات و هەقەقەتیش نامان خاتە پێکەنین، بەڵام کاریکاتۆر لایەنی کۆمیکی هەقیقەتە و شڵەکان تێکدەشکێنین بە شکڵی کۆمیک بەمەبسی پێکەنین، لێرەدا شکڵەکان تێکنەشکاون و لە شێوەی تابلۆدا کراون بەڵام بابەتەکەی کردوە بە کۆمیک لەبەر ئەوەی ئاپۆ سواری مریشکێک بوە لەبری کۆتری ئاشتیی. کەواتە دوو پێکهێنی پارادۆکسن، بەو پێیەش دوو زمانی جیاوازن چونکا سواربوونی مریشکێک بابەتی کاریکاتۆرە. ئەقڵی سادە هەر ئەوەی لێ دەوەشیتەوە. پەناش دەباتە بەر ئەقڵی کۆنە پەرستانە وەک چۆن باوە لەو کەڵچەرەدا هەمیشە مێێنە بە بوونەوەرێکی نزم بینراوە. کەواتە ئەوە ئاپۆیە لە بری کۆتری ئاشتی سواری مریشکێک بووە، مریشکیش لە هزری هونەرمەندا چونکا مێینەیە کەواتە نزمە.
وەک چۆن هونەرمەندان بە گێلیی و بە بێ بیرکردنەوە شێرێک دەخەنە تەنیشت کەسایەتیەکەوە وەک هێمای بەهێزی و نەبەردیی، بۆ حیزەڵەیی و گاڵتەپێکردنیش مریشکێک، ئەم جۆرە هێمایانە لە هونەریی شێوەکاریدا جگە لەوەی جێگایان نابێتەوە لەهەمان کاتا هەژاریی هزرن، ئەی ئەم هونەرمەندە گەوجە نازنێت کە پێ کا کا خاوەنی شیعاری ژن ژیان ئازدییە!!!
بمانەوێت و نەمانەوێت ئاپۆ کەسێکی بیرمەندە و گەشتۆتە ئاستێکی میستیک لە بیرکردنەوەدا، چونکا پێی شەرم نییە دوێنێ بە جۆرێک بیری کردۆتەوە و ئەمڕۆ لەگەڵ گۆڕانکاریی جیهان و دەوروبەرەکەی بەجۆرێکی تر و سیاسەتێکی تر پەڕەوی دەکات. بۆیەکا دەبوا هونەرمەند لە ئاستێکی بەرزیی هونەرییدا گوزارشتی لەو بابەتە بکردایە، ئەگەر بە نەرێنی و ڕەخنەش بوایە نەک بە وێنەیەکی نالۆژیک و گەوجانە.
تابلۆکە دەبوو بە تابلۆیەکی نایاب ئەگەر هونەرمەند لەبری مریشکەکە کۆترێکی ئاشتیی بکردایە، کۆترێکی ئاشتیی سپی، مرداروەبوو بە دەستی ئاپۆوە، یان بەهەر جۆرێکی تر کە هونەرمەند گەرەکیەتی هەتاوەکو ڕاستەوخۆ بمانباتە سەر بابەتی ئاشتی کە چۆن گرفتی ناوەتەوە بە بیری هونەرمەند. دەیشی توانی بەهەمان شێوە ئاپۆش بکات بە کلاونێک چونکا پێکهێنەکەی لە شکڵی سیرکێکدا کردووە، بەڵام چونکا هزری لاوازە کۆترەکەی کردوە بە مریشکێک. ئەمەش نزمترین ئاستی هزری هونەرمەندمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت چەندە هونەرمەند گەوجە لە دوو ڕوەوە؛ یەکەمیان ئەوەیە کە خەباتی پەکەکە و ئۆجەلان هەر لە سەرەتاوە ئازادی مێینە بووە و شیعاری ژن ژیان ئازادی هی ئەوانە، کەواتە چۆن هونەرمەند بوێریی ئەوەی هەبووە مریشکێک بە نەرێنی نیشان بدات؟
دووهەم لاوازیی ئەوەیە، لەبەر ئەوەی نەیتوانیوە ئەو بابەتە بە لۆژیکی تابلۆ بکات بازی داوەتە ناو لۆژیکیی کاریاکتۆرەوە کە تەواو دژ بە لۆژیکی گشتیی تابلۆکەیە، واتە دوو جیهانی جیاوازن، دوو زمانی جیاواز. ئەمەش بە مەبەسی ڕاکیشانی سەرنجی خەڵکیە بە شتێکی سادە و (پێکەنیناوی) چونکا هزری سادەیە و نەیتوانیوە بابەتەکە دەوڵەمەند بکات.
هەربۆیە ئەم تابلۆیە جێگای نابێتەوە لە هونەر و لە مێژوودا.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان











