<

(پەکەکە) لە دروستبوونیەوە تا بڕیاری چەکدانان (بەشی یەکەم)

14/06/2025, 20:55 (GMT+1)

سەرەتا:

بەر لە پێنج ساڵ لە وتارێکدا، بە ناونیشانی (کاتێک قەڵەمی خیانەت جوانی لە گەلێک دەسەنێتەوە) باسم لە کاریگەری دروستبوونی (پەکەکە) کرد، کە چۆن توانی کوردی باکور لە لێواری مەرگ رزگار بکات، بەڵگەش بۆ ئەوە ئاماژەم بە راپۆرتێکی قونسوڵی بەریتانی دابوو لە تاران، کەوا چەند ساڵێک بەر لە دروستبوونی (پەکەکە) وا بۆی چووبوون کە کێشەی کورد و بوونی کورد لە تورکیا کۆتایی پێهاتووە، هەموو خۆیان بە تورک دەزانن، ئەو باسەشم بەستبووەوە بە سەردەمی جیاوازەوە، کە خۆم تێیدا بە باکوردا تێپەڕیبووم، یەکێکیان ساڵی 1981 ئەو کاتەی بە خۆم و خێزان و منداڵێکی ساواوە کوردستانمان جێهێشت، بە رێگای باکورەوە (وان، ئامەد و چەند شارێکی دیکەی کوردیی) بەرەو ئەوروپا بەڕێکەوتین. لەگەڵ هەر کەسێکدا بە کوردی قسەمان دەکرد، لێمان دوور دەکەوتنەوە، یان بە تورکی وەڵامیان دەداینەوە. دووەم رووداویش پێچەوانەی ئەوەی یەکەم بوو، کە دوای راپەڕینی ساڵی 1991 ئەم جارەیان لە رێگای باکورەوە بۆ باشوور گەڕاینەوە، سەیرمان کرد خەڵکەکەی بە پێچەوانەی جاری یەکەم ترسیان شکاوە، بە کوردی قسەیان لەگەڵماندا دەکرد.
لە نووسینەکەمدا ئەوەم بەستەوە بەو گۆڕانکارییەی کە پاش دروستبوونی (پەکەکە) بەسەر کوردی باکوردا هات، کوردی ئەو بەشەی نیشتیمان توانی کوردبوونی خۆی وەک ناسنامەی نەتەوەیی لە تورکیا ئاشکرا بکات. هەر لەو دوو نمونەیەدا و بە بەراورد بە راپۆرتەکەی قونسوڵخانەی بەریتانی، ئەوەی سەلماند کە هیچ داگیرکەرێک ناتوانێت بۆ هەمیشەیی ناسنامەی نەتەوەیەکی دیکە بسڕێتەوە، بەڵام بێدەسەڵاتیی و بێهێزی وا دەکات، نەتەوەیەک لە سەردەمێکی نەخوازراودا ناسنامەی خۆی بشارێتەوە و بەو شێوەیە پاریزگاری لە مانەوەی خۆی بکات، نمونەمان زۆرە، لەوانە جووەکانی ئەوروپا و وڵاتە ئیسلامییەکان، کە تا دروستبوونی دەوڵەتی ئیسڕائیلی لە زۆربەی وڵاتاندا بە خراپی مامەڵە دەکران و نەیاندەوێرا ناسنامەی خۆیان ئاشکرا بکەن، هەروەها ئیستاش لە تورکیا بە هەمان شێوە لەگەڵ کوردا رەفتار دەکرێت، لە زۆر شوێنی تورکیا، کورد ناتوانێت وەکو کوردێک خۆی دەربخات. جگە لەوە تا ئەمڕۆش نکۆڵی لە بوونی کورد دەکرێت، تورکێکی وەلبووی سەر شەقامەکان کاتێک کوردێک دەبینێت، هەر هیچی لە دەست نەیەت بە جنێودان و شەقوەشاندن پەلاماری دەدات، دەسەڵاتی فاشستی تورک بە دڕندەترین شێوە مامەڵەی هەر کوردێک دەکات، ئەگەر خۆی بە تورک نەزانێت، پەروەردەی تورک پەروەردەیەکی نامرۆڤانەیە، کاتێک ببینن کەسێک بە زمانێکی جیاوازتر لە زمانی تورکی دەدوێت، کاردانەوەی خراپیان بەرامبەر دەبێت، چونکە لە منداڵییەوە وا پەروەردە دەکرێن، کە دەبێت رقیان لە کورد و ئەرمەن و یۆنانی و هەموو نەتەوەکانی دیکە بێت . بۆیە ئەوانەی لە پشتی دروستبوونی (پەکەکە)بوون ئازایەتییەکی بێ وێنەیان نواند، توانیان ئەو پارتە هەڵسێننە سەر پێ و بە دنیای بناسێنن، بۆ کوردبوونیش وەکو (ئۆجەلان) لە سەرەتای دروستبوونی پارتەکەیدا وتبووی: (کوردبوون گرانە و راکردن لێی نامەردییە). 
سەرەتا پێش ئەوەی بچینە ناو تەواوی باسەکەمان بە پێویستم زانی بە کورتی لە دروستوبوونی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە دەست پێبکەم، بە دوایدا سەرنج و رەخنە و تێبینینەکانی خۆشم لەسەر ئەو پارتە دەخەمە روو:

(پەکەکە) چۆن و کەی دروست بوو؟

• رۆژی27 /1978/11 لە گوندێکی سەر بە ناحیەی “لجێ”ی ئامەد بەناوی “فیسێ” بە ئامادەبوونی 22 کەس کە بڕوایان بە ئایدۆلۆژیا و تیوریی مارکسی/ لینینی بوو، بڕیاریان دا کە پارتی کرێکارانی کوردستان دابمەزرێنن، ئامادەبووان بریتی بوون لەم کەسایەتییانە: 
(عەبدوڵڵا ئۆ*جە*لان*، م. خەیری دورمووش، مەزڵووم دۆغان، دوران کاڵکان، عەلی حەیدەر قەیتان، جەمیل بایک، ساکینە جانسز، کەسیرە یڵدرم، مەهمەت شەنەر، سەیفەددین زوگورلو، باقی قەرار، عەبدوڵڵا کومرال، حوسێن تۆپگدەر، ڕەسوول ئاڵتینۆک، عەلی گوندووز، سوبحی کارکووش، عەلی چەتینەر، فارووق ئۆزدەمیر، مەهمەت تووران، شاهین دۆنمەز، فەلەمەرز تاخاچ و عەباس گۆکتاش).
لەسەرەتای نووسینەوەی بەرنامەکەیان وایان راگەیاند کە ئامانجیان رزگاری کوردستانی گەورە و دروستبوونی دەوڵەتی سۆسیالیستیی کوردی سەربەخۆیە، تا گرتنی (ئۆجەلان)  ئایدۆلۆژیای ئەم پارتە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهات، بەردەوام قسەیان لەسەر  ئازادیی و رزگاری کوردستان دەکرد ، دوای ئەوە ئامانجی (پەکەکە) بەپێی پەیام و نووسینەکانی (ئۆجەلان) کە لە ئەمیراڵییەوە دەینارد، لە سەربەخۆیی کوردستانەوە بوو بە کۆنفێدراڵیزمی دیموکراتی، بنەمای ئەم بیروباوەڕەش، (ئۆجەلان) لە مورای بۆکتشینی جولەکەی ئەمەریکییەوە وەرگرت، کە لە بەشەکانی داهاتوودا قسەی لەسەر دەکەین.
بۆ خاڵی کۆتایی ئەم بەشە بە کورتیی ئەو چەند دێڕەی خوارەوەی بۆ زیاد دەکەم:
ساڵی پار دوو بەڕێز، کە لایەنگری (پەکەکە) بوون لە ئەوروپا، داوایان کرد بمبینن، تا راو بۆچوونی خۆم لەسەر خۆپیشاندان و چالاکییەکانی (پەکەکە) لەگەڵیاندا بگۆڕمەوە، لە شوێنی دیارییکراودا یەکترمان بینی، گفتوگۆکە زیاتر بەرەو ئەو ئاڕاستەیە چوو، کە من لەسەر گرتن و داوای ئازادکردنی (ئۆجەلان) رای جیاوازم هەبوو، بۆ ئەوان یەکەمجار بوو کە ببینن بە بێ پەردە، راستەوخۆ بەرەو رووی کەسێک دەبنەوە، گوێیان لە قسە و بۆچوونی وا دەبێت:
لەویوە دەستم پێکرد، کە ئێوە لە هەموو خۆپیشاندان و کۆبوونەوەیەکتاندا دروشمی ئازادکردنی (ئۆجەلان) بەرزدەکەنەوە، داوا لە تورکیا دەکەن (ئۆجەلان) ئازاد بکات، ئایا دەزانن ئەمە مانای چی دەگەیەنێت؟
یەکەم چاوەڕوانی ئەوە مەبن، کە لەم هەلومەرجەی ئیستادا تورکیا بچێتە ژێر بار و کەسێکی وەکو (ئۆجەلان) ئازاد بکات، چونکە لە فەرهەنگ و سیستەمی فاشستی تورکدا ئازادییەکی وا بوونی نییە، هزری تاکی تورک وا پەروەردە نەکراوە رێگا بدات ئەمە بێتە دی! جگە لەوە گریمان ئۆردوغان بۆ هەر مەبەستێک بێت لە (ئۆجەلان) خۆش دەبێت و ئازادی دەکات، دەزانن ئەمە مانای چی دەگەیەنێت،  ئەو مانایە دەدات کە ئێوە لە رێگای ئازادکردنی (ئۆجەلان)ەوە رووی تورکیا بەرامبەر بە رای گشتی جیهانی دەگۆڕن و جوانی دەکەن، بەوەی کە تورکیا وڵاتێکی دیموکراسییە و رای جیاواز و نەتەوەی جیاواز قبوڵ دەکات، تەنانەت هەرچییەکیان لە رابردوودا بەرامبەر بە کورد کردبێت تەوێڵی تورک و سیستەمەکەی پێ خاوێن دەکەنەوە!  دوای ئەوە وتمان کە (ئۆجەلان)یان ئازاد کرد، ئایا بە بێ مەرج و بەو شێوەیەی کە دەیەوێت دەتوانێت بای باڵی خۆی بدات، بۆ نمونە بچێتە قەندیل؟ یان ئەگەر ئازادیان کرد، بچێتە دەرەوەی تورکیا؟ هەموو ئەمانە بۆ خۆی پرسیارن، ئایا بیر لە وەڵامەکانی دەکەنەوە؟!
ئەمڕۆ (ئۆجەلان) بۆیە دۆست و دوژمنەکانیش ریزی لێدەگرن و خۆشیان دەوێت، چونکە جوانییەکەی لە زینداندا وەرگرتووە، ئەگەر بە مەرجەکانی تورکیا ئازاد بکرێت، ئەو جوانییەی نامێنێت، ئەمە لە کاتێکدایە، کە لە تورکیا ئەگەر هەر کەسێک بۆنی نزیکایەتییەکی بە (ئۆجەلان) و (پەکەکە)وە هەبێت، یەکسەر دەیگرن و  لە زیندانی دەئاخنن، دوایی کەللە سەرەکەی لەناو پاکەتێکدا بۆ کەسوکاری دەنێرنەوە، وەڵامتان چی دەبێت کاتێکلک کەسوکاری ئەو قوربانیی و شەهیدانە ببینن کە (ئۆجەلان) ئازاد کراوە و بە شەقامەکانی ئەنقەرە و ئەستەمبولدا پیاسە دەکات!؟ ئایا ئەوەتان خستۆتە پێش چاوی خۆتان و بەراوردتان کردووە، بەوەی (ئۆجەلان) لە زینداندا بمێنێتەوە باشترە وەک لەوەی بەو مەرجەی تورک بۆی دادەنێت ئازاد بکرێت؟ 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان