(پەکەکە) لە دروستبوونیەوە تا بڕیاری چەکدانان (بەشی دووەم)
16/06/2025, 18:34 (GMT+1)

لە بەرنامەی هەرێمە یەکگرتووەکانی کوردستاندا کورتەیەک لە مێژووی 500 ساڵی رابردووی کوردستانمان بۆ دەگێڕێتەوە، سەبارەت بە پهیمانی سایكس بیكۆ دەڵێت: له نێوان ڕۆژهكانی 10 بۆ 17ی مانگی 5 ساڵی 1916 دا، كه هێشتا گهرمهی شەڕی جیهانیی یهكهم بوو، دیپلۆماتی ئینگلیز به ناوی (مارك سایكس) و دیپلۆماتی فهڕهنسی به ناوی (جۆرج بیكۆ) پاش دانووستاندنێكی درێژخایهن ههر دوولا لهسهر ئهوه ڕێككهوتن، کە پهیمانهكه ناو بنێن (سایكس-بیكۆ). ئەم پەیمانەش بریتی بوو لە دابەشکردن و جێبەجێکردنی نەخشەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کوردستان کرا بە چوار پارچەوە، پاش دوو ساڵ دوای ئەو پەیمانەش (مێجهر نوێل) نوێنهری دادوهری دهرهوهی بهریتانیا له 01 / 11 / 1918 له بهردهركی سهرای سلێمانی بە زمانی فارسی ڕاسپاردهی (ئێدوارد ویڵسن)ی بۆ خهڵكی سلێمانی خوێندەوە. (خوێندنەوەی ئەو راسپاردەیە بە زمانی فارسی پەیامی ئینگلیزەکان بوو، کە دابەشکردنی ناوچەکە هیچ شتێکی بۆ کورد تێدا نییە، کورد وەکو نەتەوەیەکی جیاواز لە نەتەوەکانی ناوچەکە هیچ دەستکەوتێکی نابێت، چونکە وەکو نەتەوە حیسابی بۆ نەکراوە، هەرچەندە پاساوی زۆر کەس ئەوەبووە، کە بۆیە بە فارسی ئەو راسپاردەیە خوێندراوەتەوە، چونکە زۆربەی ئەفەندی و خوێندەوارەکانی ئەو سەردەمە زمانی فارسییان زانیوە).
هەروەها دەڵێت: بهشكردنی خاكی كوردستان و خهڵكی كورد به چوار پارچهوە و بهسهر چوار دهوڵهتی جیاوازدا، بەتایبەتی له ڕووی كلتوور و زمان و فهرههنگ و نهریت و... هتد.ـەوه. وایکرد زلهێزەکان بتوانن لە بەرامبەر ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانەدا، لە ناوچەکەدا کێشەی کورد وەک کەرەستەیەک بەکاربهێنن، هەروەها ئەمیش بۆ فشارخستنە سەر ئەو دەوڵەتانە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی و ئابوری، بەتایبەتی لەدوای کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم، کە تا ئێستاش یەک لە دوای یەک بەردەوامییان هەیە.
ئەوەی سەرەوە بەشێکە لە ناوەرۆکی ئەو بەرنامەیە، کە من بە شێوازی نووسینی خۆم هەندێک بڕگەم هێناوە، بە دەستکارییەوە بۆ نووسینەکەم گونجاندوومە، لێرە بەدواوە وەک دەستپێکی بەشی دووەم بۆ نووسینەکەم، دێمە سەر ئەو بەشەی، کە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و بەدوایدا جەنگی جیهانی دووەم، دابەشبوونی کوردستان بەسەر چوار وڵاتانی تورکیا و ئێران و عیراق و سوریا، کە نەک تەنیا ناوی کوردستان و کوردیان لە سەر هەموو نەخشە و مێژووی ناوچەکە سڕییەوە، بەڵکو دوای ئەو دابەشکردنە ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانەش دەستیان کرد بە جینۆسایدی کورد، زۆربەی کوردیان لە شارە کوردییەکان راگواستەوە ، ئەو شارانەیان کرد بە شاری نەتەوەی سەردەست، لە نمونەی حەڵەب، رەققە، موسڵ، کەرکوک، خانەقین، دیالە، ورمێ، هەمەدان، ئەسکەندەرونە و زۆر شاری دیکە، تەنانەت زۆر لە ناوە دێرینە کوردییەکانی ناوچە و شارەکانیشیان گۆڕی.
ئەم دەوڵەتە داگیرکەرانە بەوەشەوە نەوەستان لەناو خۆیاندا یەکیان گرت بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی کۆمۆنیستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە هاوکاری بەریتانیا و پاکستان پەیمانی بەغدادیان پێکەوە لە 24ی شوباتی ساڵی 1955 واژوو کرد، هاوپەیمانییەکە هەرچەندە سەربازیی بوو، بەڵام لەهەمانکاتدا ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر ناڕەزایەتییەک کە لە بەشێکی کوردستانەوە ئەگەر سەری هەڵبدایە هاوکاری یەکیان دەکرد. پەیمانەکە (عێراق، تورکیا، ئێران، پاکستان و شانشینی یەکگرتووی لەخۆگرتبوو). هەروەها پەیمانێکی تریش لەنێوان عێڕاق و ئێران و ئەفگانستان و تورکیا واژوو کرا بەناوی پەیمانی سەعدئاباد لە ساڵی 1938 یەکیک لە خاڵەکانی پەیوەندی بە کوردەوە هەبوو کە نابێت هیچ لایەنێک پشتگیرییان بکات. دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بۆ ئەو مەبەستەش لەو هاوپەیمانێتییەدا یەکیان گرت، نەیانویست بە هیچ شێوەیەک کورد لەناو نیشتیمانی داگیرکراوی خۆیدا جوڵە بکات. تورکیا زیاتر لە هەموو بەشەکانی دیکە، کوردی قڕدەکرد و دەیچەوساندەوە، هیچ وڵاتێک دەنگی لێوە نەدەهات، بە پێچەوانەوە لەسەرکوتکردن و کوشتن و ژینۆسایدی کورد تەنانەت یارمەتی تورکیاشیان دەدا.
لە بەرنامەی هەرێمە یەکگرتووەکانی کوردستان دا، کە ئیستا لەبەردەستمدایە، هۆکارێکی سەرنجڕاکێشی تر باس دەکات، ئەویش هۆکاری نەبوونی یەکڕیزیی و یەکنەگرتنی کوردە، دەڵێت: هێنان و زاڵبوونی ئایدیۆلۆجی نوێ و نامۆ، بهسهر خهڵكی كوردستاندا و دروستبوونی ئەو هەموو حیزب و پارتیی و رێکخراوە سیاسییانە، ههموویان بوونەتە پاشكۆی ئهو دهوڵهته داگیركهرانه، وشەی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانەیان بۆ ناوی ڕێکخراو و پارتەکانیان لکاندووە بە ناوی کوردستانەوە، كه سهدان ساڵه نهتهوهی كورد جینۆساید دهكهن، جگە لەوەی زۆربوونی ئەم هەموو رێکخراوە سیاسیی و حیزبانە وەهای کردووە کۆمەڵگای کوردی یەکگرتوو نەبێت، کوردیان بە سەر چەندین گروپی جیاوازدا دابەشکردووە، ئەمە لە کاتێکدا کە دەبوو وەک ئەزمونی گەلانی ژێر دەستە، تەنیا یەک رێکخراو هەبوایە و ئامانجی سەربەخۆیی و یەکریزیی و یەکگرتوویی بوایە. لە ناو کوردستانێکی گەورەدا و لەناو ئەو سیستەمەی کە دەوڵەتی کوردی بەڕێوەی دەبات، ئەوسا فرە حیزبی و رێکخراوی سیاسیی و هەرچی بیروباوەر و ئایدۆلۆژیایەکی جیاواز و ئازادە بوونیان هەبوایە، نەک بەم شێوازەی کە هەیە بۆ پەرتەوازەکردن و دژایەتیکردنی خەڵکی کوردستان، کە هەریەکە لەناو ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانەدا بە دەنگی جیاوازەوە ململانێ لەگەڵ یەکتردا بکەن. نمونەمان لە باشووردا زۆرە کە بەردەوام رێکخراوی سیاسیی و گروپی دژ بە یەکتری تێدا دروست دەبێت، تەنانەت ئیسلامییەکان و سەلەفییەکان، کە گەورەرترین دوژمنی سەرسەختی کوردن، بە دەیان رێکخراوی ئاینی جیاوازیان هەیە و هەر یەکەیان لە ئاوازێک دەخوێنن، ئەمەش سیاسەتێکە داگیرکەران هەوڵ دەدەن، کورد چەندین رێکخراوی سیاسیی دژ بە خۆی دروست بکات، تا ماڵی کورد یەکگرتوو نەبێت. ئەمڕۆ بە پاڵپشتی دوژمن و داگیرکەران، زۆربەی کۆمەڵگای کوردیی بەسەر ئەو پارت و رێکخراوانەدا دابەش بوون، هەر کەسە خۆی کردووە بە لایەنگری یەکێک لەو پارت و رێکخراوە سیاسیی و ئاینیانە، بۆ بەڵگەی قسەکانمان، دەچینە لای ئەو بەشە داگیرکراوەی سوریا، کە چۆن لەو بەشەدا و لە داستانی کۆبانییدا کورد یەکگرتوو بوو، بەردەوام لە شەڕی بەرگرییدا سەرکەوتنی مەزنی بەدەست دەهێنا، ئەمەش بووە مەترسی بۆ داگیرکەرەکان بەتایبەتی بۆ سەر دەوڵەتی تورک، ویستی لە رێگای پارتییەوە (ئەنەکەسە) بخەنە ناویانەوە، بە بیانووی ئەوەی دەبێت رێگا بەمانیش بدرێت بەناوی دیموکراتیی و کۆمەڵێک دروشمی ئازادی و دەنگی جیاوازەوە، وا بکەن ئاژاوە و یەکڕیزی کورد لەو بەشەدا تێک بدەن.
(پە*کە*کە)ش کە هەر لەسەرەتاوە و پاش راکردنی (ئۆ*جە*لان*) بۆ سوریا، ئیتر بە پراکتیک وازی لە ئامانجی رزگاریی کوردستان هێنا، تەنانەت ئەو بەشەی سوریا، بە نیشتیمانی کوردی نەدەزانی، بەو مەبەستەش لە هەرەمی رێکخستەنەکانی خۆیدا بەناوی رێکخراوە هاوپەیمانەکان، کە دروستیی کردبوو، بۆ هەر پارچەیەک لەو بەشە داگیرکراوانە و لە رێگای هەیکەلی رێکخستنەکانییەوە چەند رێکخراوی دیکەی دروستکرد، بەپێی ئەو وڵاتە داگیرکەرانە جیاکرانەوە، لەوانە: (KCK) (PJAK) - (PYD) (YPG)... هتد، (بە دوور و درێژی لە بەشەکانی دیکەدا بە بەڵگەوە قسە لەسەر ئەمەش دەکەین).
من لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە کە کاریگەری بۆ سەر یەکێتی کورد هەیە، دژی ئەو هەموو پارت و رێکخراوانەم کە لە ئامانجە گەورەکە خۆیان پەیوەست دەکەن بە وڵاتە داگیرکەرەکانەوە، خۆیان دوور دەخەنەوە. رەخنەکەشم هەر لێرەوە سەر هەڵدەدات، کە نەدەبوو (پە*کە*کە)ش بۆ رێکخستنی خۆی چاوی لە سیاسەتی پارتە کوردییەکانی دیکە و ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانە بکردایە، بەڵکو تەنیا یەک دەنگ و یەک رێکخراو و یەک پارتیان هەبووایە، ئامانجیشیان بۆ یەکڕیزیی و سەربەخۆیی کوردستان ئاشکرابوایە.
چاوەڕوانی بەشەکانی دیکە بن
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان


















