<

بانگەوازێک بۆ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک

16/06/2025, 17:54 (GMT+1)
سڵاوێکی کوردستانی،
هەڤاڵانی هێژا، ئەمڕۆ گەورەترین دەرفەتی مێژوو بۆ نەتەوەکەمان، بەتایبەت لە بەشی ڕۆژهەڵاتیدا، ڕەخساوە، بۆ ئێمەی نەتەوەی کورد ئەمە دووەم جارە دەرفەتی لەو چشنە لەم سەد ساڵەدا بۆ نەتەوەکەمان ئامادە بێت، جاری یەکەم لە باشووردا کە ئێمە و ئێوە مێژووە تاڵەکەی دەزانین، من لە سەرەتای نووسینەکانمدا هەمیشە نەبوونی پارتێکی وەک پژاکم لە باشووردا بە هۆی درووستبوونی ئەو بارودۆخە دەزانی کە لە باشووردا بەرهەم هێنرا.
ئێستا لەو دەرفەتەی باشوور کامڵتر و ئامادەتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ئازیز هاتۆتە پێش، هۆیەکانی هەرچی بن، بزووتنەوەی ئازادیخوازیی لە ڕۆژهەڵاتی نیشتماندا، دەبێت بێ سڵکردنەوە بەدەمیەوە بچێت و زۆرترین سوودی لێوەربگرێت، ئایدۆلۆژیا و ئاین و ئەوان بابەتگەلی هەرگیز بە ئەنجام نەگەیشتوو، نابێت ڕێگر بێت لە ئازادکردنی گەلێکی ستەمدیدەی وەک کورددا.
ئەم ئامۆژگارییەی بیرمەندی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد: ( کورد وەک کاروانێکە جەردە دەستی بەسەردا گرتبێت، بۆ ڕزگاربوون، هەرچی بکات لە باش و خراپ ڕەوا و ناڕەوا دروستە و نەکردنی دەبێتە ڕوو ڕەشی)، ڕێگەمان پێنادات بە ناوی هیچ ئایدیۆلۆژیا و بەهانەیەکی کە مرۆڤ لە بیرکردنەوە و بزووتنەوە، دەگێڕێتەوە، خۆمان بخەینە حاڵەتی چاوەڕوانی ئەنجامەکانەوە.
بمانەوێ و نەمانەوێ، دەبێت هەرچی زووترە هەڵوێستمان بەرانبەر بەم بارودۆخە ئاشکرا بکەین، ڕای من وایە کە پژاک وەک بازوویەکی بەهێزی بزووتنەوەی ئازادی خوازیی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی ئازیزدا هەرچی زووتر:

١-  بانگەوازی کاری پێکەوەیی لەگەڵ هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بدات و بە جدی کار بۆ دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەشی کارکردن، بکات.
٢-  لەبەر ئەوەی کە کاتەکەمان هێندە کەمە کە بەرگەی نازکردن و من من و تۆ تۆ ناگرێت، ئەگەر پژاک زانی، حیزبەکانی دی ڕۆژهەڵات خۆ دەخەریکێنن بە شتی لابەلاوە، دەبێت و دەبێت، بە تەنیا خۆی، پشتیوان بە هێزی ئازادیخوازیی وشیار و دلێری ڕۆژهەڵاتی کوردستان،  بەم کارە نەتەوەییە چارەنووسسازە هەڵبسێت و بەو دسپلینە پۆڵاینەی کە هەیەتی،  هەنگاو بەرەو ڕزگارکردنی دەڤەری ڕۆژهەڵات بدات،  هەموو کوردێکی شەرافەتمەندی کوردستانی، پشتیوانی بزووتن و ڕێنماییەکانی پژاکن و بە پیریەوە دەچن.
ئەگەر ئەم دەرفەتە لەدەست بڕوات، ئێمەی کورد، هەڵوێستی یاساییمان دەبێت بەرانبەر سەرکردەیەتی حیزبەکانی کوردستان، لە دادگا نێونەتەوەییەکاندا و بە کرداریش بەرانبەریان دەوەستینەوە.
بڕوای تەواوم بە هێز، هزرکردن و ڕێکخستنەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان هەیە، کە دەزانێت چۆن دەرفەتەکان بە سوودی ئازادی نەتەوەکەمان وەردەگێڕێت.

سەرکەوتوو بێت، بزووتنەوەی ئازادیخوازیخوازیی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، جارێکی دی ژنە و ژیانە و ئازادی.  
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان