<

ئاپۆ ڕاست دەکات

21/06/2025, 20:31 (GMT+1)
ئاپۆ ڕاست دەکات، ئێمەی کورد پێویستمان بە دوڵەت نییە. یان باشتر وایە بڵێین ئێمە شایستەی دەوڵەتێک نین، چونکا هێندە پەرتەوازە و پەرشوبڵاوین، هێندە خۆ خۆر و دژ بەیەکین. خودای ئیسرائیلیش؛ یاڤێ، لە توانایدا نییە بمان کات بە یەک بەرە و بە یەک دەوڵەت.
ئێمە کە تەنها چیاکان هاوەڵمان بوون ئەوا دەستبەرداری چیاکانیش بوین و لەگەڵ جەنگی ئیسرائیل و ئێراندا پەندێکی کوردی ترمان وەخەبەر کردەوە کە لە قازانجی ئێمەدایە؛
(دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە.).
کەچی گڕ گڕ ئاپۆ ئەم پەندەشی بە درۆ خستەوە.
ئەوی ڕاستی بێت من بڕیاری چەکدانانم بە بیرۆکەیەکی مۆدێرن دەهاتە پێش چاو، گووتم ئیدی سەردەمی ژیریی دەستکرد و موشەکی فەتاحە، چ دەکەین بەو شاخانەوە؟ چونکا لەگەڵ مۆدێرنیتێدا ناگونجێت. بەتایبەتیی کاتێک بزنە کێویەکانم دەدی لە بەر نەبوونی سایتە کۆمەڵایوتییەکان و ئەنتەرنێت، بۆ بەسەربردنی کات، پشکیلان و هەڵماقۆ و چاوەشارکێ و خەتخەتێنیان دەکرد، بەدەم قریوەی کچان و کوڕانی شەرمن کە نێرتک و کوزیان وەک نۆن و قەشەکانی مەسیح بۆ ڕۆژی قیامەت هەڵگرتوە.
ئاپۆ کە یەپەگە بە حەشدی شەعبی و پەکەکە بە کلکی ئێران دەناسێنێت، ئیدی تورکیا چاوەڕوانی چ دەکات؟ بۆچی بە زووترین کات مەرەخەسی ناکات و بیکاتە پێشڕەو دژی ئیسرائیل و زایۆنیزم؟ جا ئەو ڕۆژە من چ شوێنێک بدۆزمەوە بۆ ئەوەی کەس نەم بینێ و نەزانێت کە کوردم ! هەر ئاوا بە خشپایی دەبینە گاڵتەجاڕی گچکە بارزانیەکانیش! گاڵتەجاڕی ڕۆشنبیرە قەڵەم فرۆشەکانیش.
تۆ کە خۆت دەخستە ڕیزی فەیلەسوفانی جیهان و گووتەی فۆکۆ و سیمۆن دوبوڤارت دەخستە ناو تێکستەکانتەوە ئێستاکە دختۆ عەلی قەرەداغی بۆتە دەمڕاستت و لەملا و لەو لا باسی تیۆریەکانی دژبەدەوڵەتت بۆدەکات لای سەرکردەکانی باشور...!
ئای! ئای! مامە ئاپۆ! چ پەنێکت پێ داین! چۆن بتسڕینەوە لە مێشکمانا ؟
چۆن توشی گونڕەشی خۆمان بوین!
قوڕی کوێ بکەین بەسەر خۆمانا؟
خۆ هەرچەندە مەحاڵە ئیسرائیل لە توانایدا بێت دەوڵەتی کوردیی بئافرێنێت، بەڵام تەنها بەرپەرچدانەوەی ئەم بیرۆکەیە شەرمێکی هێندە گەورەیە بۆ کوردان کە دەتوانین بڵێین عەرەب ڕاست ئێژن کە دەڵێن کوردان لە قەومی جنۆکەن؟
بەڵام مامە ئۆجەلان خەمی نییە چونکا وەک خۆی دەڵێت ئیسرائیل دەستی پێی ناگات بیکوژێت. کاکە ئاپۆ گیان خەمت نەبێت ئەگەر ئیسرائیل بیەوێت بتکوژێت ئەوا لە ژوری ئیمراڵیدا دەتکوژێت، بەڵام هێشتا کاتی نەهاتوە، هیوادارم بەدەستی خەنجەری کوردێک بکوژرێیت، ئەوسا پرۆژەی دەوڵەتی کوردیی سەرلەنوێ دەبوژێتەوە.
وەک دەبینین تورکیا یەک هەنگاوی نەناوە لە پرۆسەی ئاشتیدا بەڵام مامە ئاپۆ سەد هەنگاوی ناوە و پرۆژەی دەوڵەتی کوردیشی لەگۆڕناوە، کەچی هێشتا ئۆردوگان پەلەی نیە و ئازادی ناکات! دەڵێت نەوەکا ئیسرائیل بە موشەکێکی پيوە بنێ!
چونکا مامە ئاپۆ وەک خۆی دەڵێت:
(تەنیا من دەتوانم ئیسرائیل بوەستێنم و کوردەکان بۆ لای تورکیا ڕابکێشم، ڕێگە لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردیی بگرم.)
خۆ ئەگەر شای ئێران و سەدام و بەشەر ئەسەد و خومەینی و ئۆردوگان و موستەفا کەمال هەر هەموویان هەموو توانای خۆیان خستبوە گەڕ بۆ لە ناوبردنی خەونی دەوڵەتی کوردیی، هەرگیز ئاوا وەک تۆ بە ئاشکرا هاواریان نەکردوە دژی ئاواتی کوردان.
یان ئەوەیە ئەقڵت لەدەست داوە یان ئەم قسانە بۆ تۆ هەڵبەستراون!
خۆ ئەگەر ئەو قسانە هی تۆ بن. ئەوا دەستەواژەیەک نادۆزمەوە شایەنی بەرپەرچدانەوەیان بێت؟ ئەوە نەبێت کە بڵێم: 
بڕوخێ ئەقڵی پیریی….
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان