<

لەگەڵ ئاپۆ، بەبێ ئاپۆ

30/06/2025, 14:34 (GMT+1)

پێشکەشە، بە "ژنی گریلای دلێری کورد" بە ژنانی دلێری بزووتنەوەی" ژن... ژیان... ئازادی"

پارتی کرێکارانی کوردستان، لە مێژووی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەی کورددا، گرنگترین ڕۆڵ و فراوانترین کاریگەریی لەسەر هەموو ڕەوتە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکەی نەتەوەکە بووە، لە بەراوردێکی وەک کورد دەڵێ سەرپێیشدا بێت هەموو پارتەکانی کوردستان بەلایەک، پەکەکە بە تەنیا بەلایەک لە ڕووی چالاکی و ڕووبەری تێکۆشانەکەیەوە . پەکەکە بەشێکی گرنگ و زۆر زیندوو و چالاکی نەتەوەی کوردە. 
بەڵام وەکو بزووتنەوەیەکی کوردیی و وەکو بەرپرسیارێتییەک کە لە ئەستۆی گرتووە و لە کۆتایشدا وەک ڕەوتێکی سیاسی کە لەئەنجامدا گەیشتۆتە دەرئەنجام گەلێکی تایبەتی سیاسی سەبارەت بە  چارەسەری پرسی کورد، زۆر ئاسایی، پێویستییە و دەبێت، بخرێتە ژێر زەڕەبینی لێکۆڵینەوە، شیکاریی و ڕەخنە لێگرتنەوە. ئەمە سەبارەت بەم پارتە لە هەموو پارتەکانی دی پێویستترە، چوونکە پارتەکانی دی زۆرینەیان پارتی کلاسیکی ماوە بەسەرچوون کە بیر و فەلسەفە و هزرێکیان نییە کە شایان بە لێکۆڵینەوە بن، بە زۆری میراتی حیزبگەلێکی لەمەو بەرن کە لەسەر ئەو میراتییە قەوارەی یەک لە دوای یەکو بە پیتێک لێک جوودا و لەم بابەتانەیان دروستکردووە، ڕابووردووی تێکۆشانیان لەبەر چاون و بەشێک بوون لە بزووتنەوە ئازادیخوازییەکە، لە هەمانکاتدا نەتەوەکە سەرنجی زۆر ورد و هەستیار و ڕەخنەی تووندی لەسەریان هەیە و سەرکردەیەتییەکانیانی خستوونەتە(خانەی دادگای گەل)ەوە لەبەر زۆر لە ڕەفتارە دژ بە نەتەوەییەکەیان، لەوێنەی بەیکدادانی کورد و کورد، ڕێنوێنی لەشکری دوژمنانی نەتەوەکە بۆ سەر دڵی نەتەوەکە و تەنانەت پەنابردن بۆ لەشکری داگیرکەرانی کوردستان بۆ لێدانی لایەنێکی تری کوردی، (لە بەشی حەوتەمی فۆڕمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردن دا، کە بە ناچاری و لەبەر ڕووداوە خێراکان، دەستم لەسەر هەڵگرت و لە بەشی شەشەمیدا وەستام، باسی مەترسی حیزبی کوردی دەکەم بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی کورد و کاتی ئەوە هاتووە کە نەتەوەکە داوا لە حیزبەکان بکات یا بەجددی مل بە داخوازیی نەتەوەکە بدەن، یا خۆیان هەڵبوەشێننەوە و دەسبەرداری نەتەوەکە بن تا ڕێگای خۆی وەدۆزێ چوونکە سەردەمی حیزبی کوردی بەسەر چووە و مانەوەیان مەترسی گەورەی هەیە.....بۆ بەشی حەوتەم).
پارتی کرێکارانی کوردستان ڕەوتێکی نوێی کارکردن و تێکۆشانی کوردستانییە کە بەر لەو، بەو فراوانییە ئەم چالاکییە کوردستانییە لەهیچ گرووپ و حیزبێکی تردا نەبینراوە، لەسەر کاغەز زۆر شت وتراوە، بەڵام پارتی پەکەکە، زیاتر پارتی کارکردن بووە لەوەی کە پارتی قسە و دروشم و زۆر جاران دروشمی بریقەدار بووبێت.
پەکەکە لە سەخترین بارودۆخدا گۆمە وەستاوەکەی شڵەقاند، وەک خۆیان دەڵێن: ئەوان لە گۆڕستانەوە دەستیان پێکرد، دەبوو خوێنی خۆیان بکەن بەبەر مردووەکاندا، زۆرینەی کوردەکان لە باکووری داگیرکراودا دەقیان بە توورک بوونەوە گرتبوو، لێی ڕاهاتبوون، لێیان ببووە ڕاستەقینە و چەند پشتی خۆیان لە یاد چووبۆوە، بەخواروخێچیش بایە پێیان چاتر بوو کە بە توورکی بپەیڤن وەک لەوەی بە زمانی دایکی خۆیان، هێندە توورک زەدە ببوون کە وایان دەزانی ئەو قسەیەی توورکە فاشییەکان بۆیان هەڵبەستبوون، کە جگە لە توورکی کێوی، میللەتێک نییە لە توورکیادا ناوی کورد بێت، ڕاستییە و حاشا هەڵناگرێت!!!. پارتی کرێکارانی کوردستان هەر لەسەرەتاوە هەوڵی دا کە ئەم خواریانە ڕاستکاتەوە و ئەوەی وەک تاوان دژ بە مرۆڤایەتی لە قاودا، کاری بنەڕەتی لەسەر کلتوورکرد، بەتایبەت کە ساڵی ١٩٨٤ گریلاکانی چوونە هەرد و کێوەکان و شەڕی دەستەویەخەیان لەگەڵ جەندرمە کرد و خەڵک تەرمی بێگیانی ئەوانی لەسەر عەرەبانەی تراکتۆرەکانی سپای فاشی توورک بینی کە بە گوندەکاندا دەیان سووڕاندنەوە، هێندەی دی بە خۆیی و پاشخانی کوردی خۆی ئاشنا بوو، فێربوو کە پرسیار لە نەژادی خۆی بکات، بەدوای هۆکانی کوژرانی لاوەکانیدا بگەڕێت، ڕۆژنامەکانی پایتەخت و ئەستەمووڵی سەر بە ڕژێمی فاشی، بە مەرامی چاوترساندنی خەڵک و بڵاوکردنەوەی ترس لە حوکوومەت و لەشکری فاشی تورک و دەزگای میت لە لاپەڕەکانی یەکەمینیاندا وێنەی گریلا کوژراوەکانیان چاپ دەکرد، سەرچاوەیەکی خۆڕایی بڵاوکردنەوەی دەنگوباسی تێکۆشانە کوردستانییەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان بوون و مەرامەکەیان بە پێچەوانەوە بە سەر خۆیاندا شکایەوە. با ئەوان وەک تیرۆریست باسیان کردبان، دایکی کورد لاوەکەی خۆی دەناسییەوە و دەیزانی لە پێناوی چیدا گیانی بەختکرد، یەکێک لە نیشانەکانی ئەو بەرگرییە بەردەوامە توندەی نەتەوەکە کە هەرگیز هەدای نەداوە، یەکێک لە نیشانە گرنگەکانی بوونی ستەمێکی درێژخایەنی لە زۆر بواردا ئاماڵ جینۆسایدی ڕژێمە داگیرکەرەکانی دەڤەرەکانی کوردستان بوون.
زۆر گرنگە بە زانستی و وردکراوە لە مێژووی ئەم بزووتنە و خاڵەکانی وەرچەرخانی هزرییان بکۆڵرێتەوە، بە شێوەیەکی بێلایەن، تاکوو بتوانرێت وانەی گرنگ و بنجی و خاڵی ناتابەیان ئەگەر هەیان بێت، لەگەڵ مەرامی نەتەوەکەدا لە ڕەووتی تێکۆشانی ئەم بزووتنەوەیەدا بەرجەستەبکرێت و وەک کە بوون/ هەن و کاریگەریی بوونەکەیان بۆ نەتەوەکە ساغ بکرێتەوە. قسەی لابەلا و سۆزداریی و هیوای بەتاڵ و حەسرەتی ناڕیالیستی نابێتە لێکۆڵینەوە لە هزر و تێکۆشانی فراوانی بزووتنەوەکەی پەکەکە. 
کاک کەمالی هێژا لە کوردستانپۆستدا دەستی بە لێکۆڵینەوەیەکی جوان و بەجێ کردووە سەبارەت بە مێژووی ئەم پارتە(بزووتنە شارستانییە)، ئەوە سەرەتایەکی باش و ئاڕاستەیەکی درووستە، کە ئەو پارتە وەک خۆی بە خوێنەرانی دەناسێنێت، بەڵام لە کۆتایدا بیروڕای هێژا کاک کەمالە، بەو مانایەی کە دەتوانرێت و هەرواشە کە ڕای تریش سەبارەت بەم بابەتە هەبێت، ئەوەش ژینگە درووستەکەی گفتوگۆی بنیاتنەرە کە دەبێت ببێتە ڕۆشنبیرییەکی فراوان و بەشێکی گرنگی (کلتووریی گفتوگۆ)ی نێوان کورد و کورد، چوونکە ئێمە دەزانین و برینەکەی ئازارمان دەدات، کە مەلایی و جەلالی چ بەڵایەکیان بەسەر کوردا هێنا و چۆن وێرانبوونەکەیان تا سەر ئێسقان ڕۆنا تا ڕادەی ئەوەی کە کورد لە کۆتایی سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا، هێشتا ئامادەیی ئەوەی تێدا بێت، کە دەست لە کوردێکی تر بوەشێنێ، خەیاڵ بۆ ئەوەتان نەبات کە من کوردم پێ فریشتەیە، نا، بەهۆی سیاسەتی مەیموونبازیی سەرکردەیەتی حیزبی کوردییەوە، بەتایبەت لە باشووریدا(بە شێوەیەکیشی لە ڕۆژهەڵاتیشدا- کەمتر) بەرانبەر بە حیزبی ئەوبەری، لاوی کوردیان گەیاندە پلەیەک لە بێباکی بەرانبەر کوردەکەی ئەولا و ئەملا حاڵەتگەلی وایان لە خۆیان پیشاندا کە لە دڕەندەیان تێپەڕاندووە!!!، من مەبستم تیرۆری هزر، ڕەفتار و فیزیکی ڕێکخراوە، کە بە پلان ئەنجام دەدرێت و بەرۆکی حیزبەکانی بەتایبەت باشوور دەگرێتەوە، هەیانە هاوبەشی کردارەکەن و هەیانە بە ئامادەکردنی ژینگە میدیایی و کلتوورییەکە هاوبەشی تیرۆرکردنەکەن، لە خوارەوە وردی دەکەمەوە. 
یەکێک لەو بابەتە زۆر لەسەر وتراوانەی کە ڕووبەڕووی پارتی کرێکارانی کوردستان کراوەتەوە، مەسەلەی نووسین و وتراوەکانی ڕێبەری ئەو پارتە(ئاپۆ)یە، جا کورد بۆ شکاندنی کورد، هەمیشە دەست بەخەنجەر و بیرکردنەوەی وەک هەورەبرووسکە(هەورەتریشقە) دەنگ دەداتەوە، لە داهێنانی وشەی سەیر و سەمەرە و ناشایان و نا شیاودا داهێنەرێکی بێ وێنە و کارایە!!!. ئەگەر مەسەلەکە لە دەرەوەی بازنەی پارتایەتی تەماشا بکەین، پیاوێکی کورد دەبینین، نە قاچاغچی بووە، نە دەرمانفرۆش و هەرزە و شەقاوە و سامانپەرست و پلەویست و تەمایاری تایبەت بووە، نا، پیاوێکی تا سەر ئێسقان بە نەژاد و بە ڕەفتار و بە کردار نموونەیەکی بەرجەستەی مرۆڤێکی کوردی ڕەسەن بووە کە وتوویەتی: نا، "نا"یەک کە بە دوای خۆیدا بزووتنەوەی هێناوە، پرسیاری گەورەی دروستکردوە و بیرکردنەوەکانی جوڵاندووە، ئەم جۆرە مرۆڤە کوردانە، ناخۆشەویست و دەبنە ئامانجی تیر و تانە و تەشەر و لە پلە کۆتاییەکەشیدا، ونکردن و تیرۆرکردنیان. ئێستا لێم دەپرسن: ئەی بۆچی گرتیان و نەیانکوشت؟! پرسیارێکی بەجێیە، هەن دەڵێن: دایان نابوو بۆ ئەوەی ئەمەی ئەمڕۆی پێ ئەنجام بدەن، ڕەنگە وابێ!!! هەن دەڵین: مانەوەی خزمەتی بە دوژمن کردووە، ئەمەش ڕەنگە وابێ، هەن دەڵین: هەر دەسکردی خۆیان بووە و کارەکەی بە کوشتدانی لاوانی کورد بووە، ئم، ئێ، چی تر؟! زۆری تر و زۆری تریش... 
" ...پشتم دەبەست بە ئەشقی زەردەشت بۆ کشتوکاڵ و دۆستایەتی ئاژەڵان، ئیلهامم لە مانە و ڕاستینەکانی کۆمەڵگا وەردەگرت و دەستم بەکارەکانم دەکرد. کردنەوەی ئەکادیمیایەک، پێکهێنانی هەرەوەرزییەک و کردنەوەی کارگەیەک ڕێگای لەپێش چیدا واڵا دەکرد؟ ئاوەدانکردنەوەی ئەنجوومەن و کۆنگرەکانی دیمۆکراسی گشتی گەل، بۆ بەدیهێنانی ئەمانە جگە لە خودی تاک هیچ بەربەستێکی دیکەی جددی نییە، تەنیا ئەوەی پێویستە، تۆزێک کەرامەتی کۆمەڵایەتی، تۆزێکیش عەشق و ئاوەزە".
لەم دەقە پێنج دێڕییەی ئاپۆدا، دەتوانین ڕێکارەکانی ئەو دەستنیشان بکەین، باس لە عەشق دەکات بۆ خاک کە یەکێک لە سەرچاوەکانی ژیانە، باس لە زانست دەکات بە شێوە دامەزراو و ڕێکخراوەکەی، کە نموونەیەکی جێزانست ئەکادیمیایەکە، کە خەڵکانێک بەرهەمدێنێ دەتوانن کارخانەسازبن، ئەمەش ڕێگا بۆ وشیاریی خەڵک واڵا دەکات کە بۆ بەڕێوەبردنی خۆیان و کۆمەڵگاکەیان بیر بکەنەوە، بۆ ئەمانەش کەسانێک دەبێت بەرهەمبهێندرێن و پەروەردەبکرێن، کە کەرامەتی مرۆڤ بوون بۆیان گرنگ بێت تا بە عەشقەوە هزریان وەگەڕبخەن بۆ پێشخستنی خۆیان و کۆمەڵگە. 
ئەمەیە ئەو مرۆڤە کوردەی هێشتیانەوە و نەیانکوشت و هەڵیانگرت بۆ ئەوەی ئەمڕۆ، ئەمەیە ئەو مرۆڤە کوردەی کە دەسکردی خۆیان بوو، ئەمەیە ئەو مرۆڤە کوردە یاخییەی کە لە خزمەتی دوژمنانی کوردا بوو، ئەمەیە ئەو مرۆڤە کوردەی کە کارەکەی تەنیا بە کوشتدانی لاوانی کورد بوو بە کچان و کوڕانیانەوە!!!.
ئاپۆیان نەکوشت چوونکە: دوژمنانی کورد، ئەزموونی سەرکردەیەتی سیاسی لەوەبەری کوردیان هەبوو، کە بە نەمانی سەرکردە، پارت و شۆڕش و ڕێکخراو و تەنانەت بەشێکی زۆری نەتەوەکەش فەوتان و نەمان، وایان خەیاڵکردەوە کە ئاپۆش لە جنسی ئەوانە و دوای زیندانی کردنی ئێدی بزووتنەوەکەی دەبێتە تۆزی بەر با و نەتەوەکەش خۆی ڕادەستی ئەوان دەکات، بەڵام پێچەوانەکەی هاتەبەرهەم، نەک هەر لە باکووری کوردستان، بەڵکو بزووتنەوەکەی تەشەنەی کرد و بە فراوانی خاکی نیشتمان فراوان بوو، چوونکە بیری ئەو تەنیا شۆڕشی چەکداری و بەرهەڵستیی چەکدارانە نییە، شەڕی چەکداریی لای پارتی کرێکارانی کوردستان، شەڕی سیاسەتە بۆ بەکارهێنانی چەک لە دوا پلەی لە توانادا بووندا، مەسەلەیەکی کرۆکییە بۆ پاراستنی تاکی کورد، پێی دەڵێن: "هێزی پاراستنی جەوهەریی"، لای ئەو ڕەوتە باوەڕ وایە لە هەموو بار و دۆخێکدا کورد دەبێت سپایەکی بەهێزی هەبێت بۆ پاراستنی نەتەوەکە، ئەمە کرۆکی مەسەلەی چەک و بەرهەڵستی و شۆڕشی چەکدارییە، کەواتە هەمیشە هزرگەلێکی ڕاهێنرا و مرۆڤگەلێکی ئامادەکرا و کە لەماوەیەکی کەمدا دەتوانن خۆیان ڕێک بخەن وەک گریلایەکی مەشق دیتوو بۆ پارێزگاری لە نەتەوەکە لەناو کۆمەڵگای کوردەواریدا دەبێ هەبن، ئەمەش پێویستی بە دەیان ڕێکخستنی دی هەیە کە ئەڵقەکانی زنجیری پاراستنی نەتەوەکە پێک دێنن. 
مەبەستی ئەم پێشەکییە بەلق و پۆپەی من لە پلەی یەکەمدا، شیکردنەوەی هەندێ لایەن بوون لە ڕوانگەی خۆمەوە بۆ لایەنگەلێکی بزووتنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان، هەروەها و بەتایبەتی دەمەوێت کەسایەتی گریلا وەک دیم و ژنەفتم بگێڕمەوە و وێنە بکەم، ئەو دەربڕینە ناشایان و نەشیاوانەی سەبارەت بەم "ڕێبەرە تاک و نایابانەی ناو کۆمەڵگای کوردەواری" خوێندومەتەوە، بەتایبەت سەبارەت بە "ژنەگریلا دلێرەکان" لەهەندێ کوردم بیستووە کە لە لوتکەی زمانپیسی و جوێنفرۆشیدان، وەک پەیمان حەیدەری، لە هەندێ دەزگای سیخوڕخانەیی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانم بیستووە وەک دەزگاکای میت و ئیتلاعات و لە هەندێ لایەنی کوردی و دەزگای پیسی هەواڵگریان وەک پاراستنی  بنەماڵەی مەلای قیادەموەقەتە و هەندێ پەیج و کەسایەتی کاسەلێسی سێبەرم ژنەفتووە.

• ژینگە لای گریلاکانی ئازادی

پرێنسیپێکی پەیڕەوکراوە چ پاراستنی چ گەشەپێدانی کە هەموو زیندەوەرەکانی ناوی جێگایان ببێتەوە و دەرفەتی بژێویان هەبێت و بشتوانن بێ سڵەمینەوە لە مرۆڤ، تێکەڵاوی کۆمەڵگاکان ببن و هەست بەوە بکەن کە مرۆڤ دەیەوێت هەڤاڵەتیان بکات، ئازارنادرێن و چ لە ڕووی بەدەنی و چ لە ڕووی دەرونییەوە کۆسپ و تەگەرەیان بۆ دروست ناکەن و نابنە هۆی ئازاردانی بەچکەکانیان. 
لە باشووردا کە دوو ماڵبات خاوەندارێتی دەکەن و لە هەولێری پایتەختی بە تەنتەنە و سەنسەنە و بۆینباخ و قات و جامانە و مۆدێلی سلیکۆنی و باڵەخانەی بەرز و بەرپرسانی حیزبی و قومارخانە و تیاترۆخانە* و ئۆتۆمۆبیلی دوا مۆدێلدا و ژنان و منداڵانی هەوسار پچڕاوی زۆر لە بەرپرسانی حیزب ، کە ئینتەرنێت و مەوادی هۆشبەر و بە دەیان کەناڵی تەلەڤزیۆنی و هەزاران مزگەوت و ڕادیۆ و ناوەڕاستی دەسەڵاتی داسەپاوی دەڤەری باشووری کوردستانیشە بە خۆیی و شەمەندەفەرە داڕزاوەکەی حوکوومەتە شەق و شڕەکەیەوە، بە ڕەسمی سێ دینار دەدرێت بەهەر کەسێک کە سەگێک بکوژێ، کەواتە بوونی ئینتەرنێت نەک ئازاردانی گیانلەبەرەکانی نەوەستان، بەڵکو بووشە هۆی بەخشینی خەڵات بۆ کوشتن و وێرانکردنی ژیانی چەندین بەچکەی بێ سەرپەرشتیار، کەواتە ئەگەر هەر ماڵێک لەو شارانەی باشوور خاوەنی مانگی دەسکردی خۆشیان بن، نەک تەنیا ئینەرنێت، ئەوا هیچ لە حاڵی خۆیان و لە حاڵی ژینگە و گیانلەبەرەکانی تریش ناگۆڕن، ئەگەر کێشە و گرفتەکانی ژینگە، نەبووبێتە کلتوور و پرانسیپی پەیڕەوکراوی بە جددی کاربۆکراو، بۆیە گریلاکانی کوردستان، هەڤاڵبەندیان لەگەڵ گیانلەبەرانی چیاکانی نیشتمان لەبەر نەبوونی ئینتەرنێت نییە، بەڵکو بڕوا، بەشێکی بنجی و کلتوورێکی پەیرەکراوە کە پەیوەندییەکان دەخاتەوە ناو چوارچێوەی خۆیان و بەڵانسە شێواوەکە ڕێک دەکاتەوە و تەرازووە سەنگەڵاکە هاوتا دەکاتەوە. بەم پێیە گریلاکانی ئازادی نیشتمان، لە پێناو ڕەخساندنی تێگەیشتنێکی دروست لە یاساکانی ژینگە، کە بێگوومان کاریگەریییان لەسەر گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیش دەبێت، ئەگەر ژیان وەک یەکەیەکی لێک دانەبڕاو تەماشا بکەین و بۆی بڕوانین، تێکۆشانی فراوانی خۆیان کردووە. پلار و تەشەردان لە گریلاکانی ئازادی کە لەبەر نەبوونی ئینتەرنێت خۆیان بە یارکردن لەگەڵ گیانلەبەرەکان خەریکاندووە، تێگەیشتنێکی زۆر لاوازە و بنەمایەکی نییە و لەگەڵ لۆجیکی تێکۆشانە هەرە باڵاکەی ئەواندا ڕێکنایەتەوە و قسەیەکی هەرواییە لەو قسانەی کە بەسەر زماندا دێن!!!.  بوونی ئینتەرنێت بۆ ئەوان وەک بانگکردنی فڕۆکەکانی فاشستی توورک بوو، کە ئێمە لێرەین و وەرن و بمانکوژن، لەو چاوپێکەوتنەی کە کەناڵی "العربیة" لەگەڵ ئەوان ئەنجامی دا و من وتارێکم لە کوردستانپۆستی هێژادا لەسەر نووسیوە، ئەو پرسیارەیان لێکردن و ئەوان وتیان:" ئێمە خۆمان بە ئازادبوونی کوردستان بەخشییوە" و خاوەنی شتێکی تایبەتی نین بۆ خۆمان و تەنیا دەریچەی پەیوەندیشمان بە جیهانەوە ڕادیۆیە، ئەمەش وەلامێکی زۆر شارستانانەیە لە تێگەیشتنی ئامڕازە تەکنیکییە سەربازییەکانەوە دێت، خەباتی ئەوان ڕووداوێکە خوێناوی و لەسەر زەوی ڕوودەدات، نەک لە باڵۆنە هەواییەکانی فەیسبووک و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی دیدا، دوژمنان بۆ نەمانی ئەوان تەنانەت ورچی تایبەتی ڕاهێنراویان بەکاردەهێنا کە جی پی ئێسی تایبەتیان لەمل و لەدەست کردبوون بۆ دۆزینەوەی گریلاکان، ئایا دەچێتە عەقڵێکی ساغەوە، ئەم ئازادیخوازانە هێندە بێکار و لەبەر نەبوونی ئینتەرنێت، ئەو بایەخە گەورەیە بە ژینگەی خۆیان و ژینگەی ئاژەڵانیش بدەن، کە هەر یەک ژینگەی هاوبەشە و لێک جوودا ناکرێنەوە؟! یاخوود ئەوە فراوانی بیرکردنەوەیە هەر لە سەرەتای بزووتنەوەکەیانەوە کە بە پانوپۆڕی لە ڕاستکردنەوەی هەموو خوارییەکاندا ڕۆبچن و چاکیان بکەنەوە، بۆ بنیاتنانی سەرەتای کۆمەڵگایەکی تەندروستی شایان بە نەتەوەی کورد و شارستانەتە دێرینە دزراوەکەی!!!. گریلایەکی ئازادی لەهەر جێگایەکی ئەم دنیایەدا بێت، هەڵوێستی هەمان هەڵوێستە سەبارەت بە بنەڕەتەکانی ژیانی مرۆڤ، بۆیە لەو جێگایەی ئەوانی لێن ڕوخساری ژیان زۆر گەشاوە و تەبایی نێوان یەکەکانی پێکهاتەکانی ژیان دەگاتە لووتکە، بۆ مرۆڤی وردبینی بەتەنگەوەهاتوو، تا ئەو ڕادەیە ئاشکرا دەبێت، کە خەباتی گریلا کوردەکانی بزووتنەوەی ئازادیی لە وێنە گەورەکەیدا، بە بزووتنەوەی (یەکێتی بوون) زیاتر دەچوێنێت، تا "بزووتنەوەیەکی ڕەقهەڵاتووی سیاسی بۆ ماوەیی"، کە لە باروحاڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە شوێنێک گەیشتووە و دەستی بە دەمی دەگات و ڕۆحی لە شڵەقاندنی گۆمە وەستاوەکەی سیاسەتی مەیموونبازیی کوردی چووە و بەهەموو بزووتنێک زارەتەرەک دەبێت، بێگوومان ئەمە لەگەڵ ئەو بزووتنە بەردەوامەی گریلای ئازادیدا، پێکناگەنەوە و ئاسانترین ناوقەدبڕیش بۆ ڕەواندنەوەی ئەو ترسەیان، پەنابردنە بۆ تۆمەتی بێ جێ و وشەی زبری ناشرین و جوێنی داهێنراو، بەتایبەت، کە پیاوی کورد" زرتەبۆری دۆڕاوی هەموو شکستەکانی مێژووە ناشرینەکەیان" بەتایبەت لە باشووری خێڵ خێڵۆکەدا، کە لە هەشتاکاندا بە تەواوی لە مێشکی خەڵکدا سڕڕابۆوە و لە پاش بە دەسەڵات گەیشتی سەرکردەیەتی دوو خێڵە گەورەکەی باشوور، جارێکی دی بۆ زیندووکردنەوەی، بودجەی ملیاریی بۆ سەرف کرا، پیاوی تێکشکاوی خێڵ – حیزب، ناتوانن باوەڕ بە چاوی خۆیان بکەن، کە" ژنانی دلێری کورد"، ڕێبەرێتی بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەیان لە ئەستۆ گرتووە و وا هەست دەکەن کە لە شان و شەوکەتی ئەوانیان کەمکردۆتەوە و پیاوەتی!!! ئەوانیان ڕووشاندووە، بۆیە بەو جۆرە سەبارەت بە "ژنانی دلێری کورد" دەدوێن و ئەو نەخۆشییە دەروونییە کەونارایە لێی پیسکردوون و دەیانەوێت بەهەر نرخێک بووە کۆمەڵگای پیاوانەی ئەوانی سەردەست تێیدا، وەک خۆی بهێڵنەوە و دژ بە هەموو بزووتنێکی هزری دەوەستنەوە، لە ماوەی ئەم سی و چوارساڵەدا، سیناریۆیی شکاندن و وردکردنی بەتایبەت ژنی کوردمان، گەلێک بینی لە ژێر فەرمانڕانی خێڵ-حیزبی موقەلیدی مەقامی موعەزەمی ڕەهبەریی و حیزبی بەعسدا!!!.
لەو خانمە دکتۆرەیەی خەڵکی سلێمانیم ژنەفتووە کە دەیگووت: " باوەڕم بە چاوی خۆم نەدەکرد، کە پێست، قژ، باڵا، چاو، ورە، دڵسۆزیی بۆ هەڤاڵانی خۆیان، لەکوێوە لەناو ئەم ژنە کوردانەدا هەڵقوڵیوە، کە نە خواردنیان خواردنە و نە ڕۆژەکانیان ڕۆژگاریی ئاسایی ژنانی تری شارەکانی کوردستانە، ئێمە بەو هەموو نەشتەرگەریی جوانکاریی و دەیان کیلۆ بۆتۆکسەی کە لە لەشمان ئاخنییوە، چەندە بڵح و بێ قەوارە و ناشرینین، لە چاو ئەم ژنە چیاییانەدا!!! کە هێشتا هەڤاڵی ساغیان دەستی هەڤاڵی برینداری سووتاوی چەکی کیمیاوی بەکارهاتووی فاشستی توورک دەگرێت و دێنە لای من و داوام لێدەکەن، کە بەشێک لە پێستی لەشی هەڤاڵە ساغەکە لێبکەمەوە، تا جێ برینی سووتانی هەڤاڵێکی تری پێ چارەسەر بکەم، ئەی خوایە ئەمانە کێن و لە کوێوە هاتوون؟!!!". 
ئەوە وێنەی "گریلای ئازادیی" بە پرانسیپ و وشیار و دڵسۆزی مەسەلەی ئازادیی نەتەوەکەیەتی، 
نە " مەریمی عەزاران" کە خۆیان بۆ زەماوەندکردن لەگەڵ " عیسای مەسیح" دا هەڵگرتووە و نە لەبەر نەبوونی فەیسبووک و تیکتۆک و ئێکس، خوویان داوەتە یاریکردن لەگەڵ گیانلەبەرەکانی چیاکانی نیشتمان، ئەوان نەوەی باوانێکن کە بۆیەکەمین جار لە ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤدا، گیانلەبەری کێووی هەمان ئەم چیایانەی وڵاتی کوردەواریان ڕام کردن و پێکەوە لە کۆمەڵگا نیشتەجێکاندا، بژێوی مرۆڤیان دۆزییەوە و یاساکانیان نووسیەوە و ژیانی سەرەتایی شارستانەتی مرۆڤایەتیان بنیات نا. ئێمە کە لە خۆمان و لە شارستانەتی خۆمان و لە تواناکانی خۆمان و لە هزر، ژیرێتی و توانای بیرکردنەوەی "ژنانی دلێری" خۆمان بە گوومان بین، دەبێ لەوەش بێگوومان بین، کە ناتوانین ئەم ڕەفتارە مرۆییە باڵایانەی "ژنانی دلێری گریلای کورد" هەرس بکەین و بۆمان قووت ناچێت و بە ساویلکەیی بۆچوونەکانمانەوە، بە دوای شوێنێکدا دەگەڕێین کە خۆمان لە " کوردبوون" دابماڵین و کەوڵێکی دی بپۆشین تا کەس نەمان ناسێتەوە کە کوردین!!!. لەبەر تۆیە، سەرچاوەکە تێکۆشانی بەرزی تۆیە، ئەی "ژنی گریلای دلێری کورد" کە لەم دنیایەدا هەموو بەرزییەکان، گرد و گردۆڵەن بەرانبەر بڵندیی "سەری بەرزم بە تۆوە".    

• ئاپۆ

بیست و حەوت ساڵە، کوردێکی بەجەستە دیلی، فاشیستی ئیسلامی توورکە. ئەو مرۆڤە و وەک هەموو مرۆڤێکی دی نەخۆش دەکەوێت، دەخەوێت، دەخوات، دەجوڵیتەوە(لە ڕووبەرێکی بچووک)دا، خەمباردەبێت، بوێری پیشاندەدات، بەرگری لە بیری خۆی دەکات سەبارەت بە نەتەوەکەی، خەو دەبینێت، شیکاریی دەکات، دەنووسێت، دەزانێت چاودێریی دەکرێت، ئەشکەنجەی دەروونی دەدرێت، لە ناکاو بۆ چەند ساڵ لەهەموو دنیای دەرەوەی دادەبڕن، بیر لە هەڤاڵانی دەکاتەوە، بە قووڵی بە بیرەوەرییەکانی خۆیدا دەچێتەوە، هەموو خەسڵەتەکانی مرۆڤێکی کوردی تێدایە، دەزانێت: "کورد بوون سەختە بەڵام ڕاکردن لێی نامەردییە"، بۆیە لێی ڕاناکات بەڵکو بەرگری توندی لێدەکات، خۆی نموونەی بەرجەستەی تێکۆشانی هەڤاڵەکانییەتی، ئەو لە سەرەتاوە بڕیاری دا مردووەکان زیندوو بکاتەوە، ئێستا خۆی، ژیانی، ڕۆژەکانی پێشکەش بە بەردەوامی ڕەوتی تێکۆشانی بزووتنەوەکەی دەکات بەشێوەی جوودا، بەڵام پیرۆز نییە، ئەو بۆیە بەڕێز و قەدرگران و شایستەیە، چوونکە جوامێرێکی شایان بەنەتەوەکەی خۆیەتی و ئێستا لەژێر ستەمی دڕندەترین دوژمنی دێرینەی نەتەوەکەیدایە، هەر بۆیەش نەتەوەکەی فرە هەستیارە بەرانبەر بەو ئاخافتن و لێدوان و گفت و نووسینانەی بەناوی ئەوەوە لە ئیمرالییەوە دێنە دەرەوە، بەر لەوەی هێزەکانی دنیای دوون گەلەکۆمەکی لێبکەن و ڕادەستی فاشیستی توورکی بکەنەوە، لە گرتە ڤیدۆییەکانیدا، ئەوەی چەند پات دەکردەوە، کە ئەگەر خۆی یا هەر هەڤاڵێکی تریان دەستگیرکران، ئێدی تا ئازاد نەبن، قسە و گفت و لێدوانیان نابێتە ڕێنمایی بۆ هەڤاڵانی کە لە دەرەوەن. قسەی دەماودەم کە لەو سەرەتایانەوە لەگەڵ براکەی یا ڕەنگە پارێزەرەکانیشی لێی دەگێڕدرایەوە، تا ڕادەیەک دەکرێت بە قسەی ئەو بزانرێت. ڕ.ئاپۆ خۆشی دەزانێت، لەهەموو کەس باشتر دەزانێت، چوونکە ئەو(بابەت)ە گرنگ و کلیلی و کۆدە هەڵنەهێنراوەکەیە بۆ میت و دەسەڵاتی توورکی، کە هەموو وتە و نووسین و شیکارییەکی دەخرێتە ژێر مایکرۆسکۆپی دەزگای بێڕەوشتی میتەوە و دەسەڵاتی ئیخوانی سیاسی حوکوومەتی توورکەوە. ئێمە نابێت چاوەڕوانی مەحاڵەکان لە دیلێکی بیست و شەش ساڵ بەندکراوی چاودێریکراوی بیستوچوار کاژێریی بکەین، بەو هەموو ڕوودا و بیرکردنەوە قووڵانەی لە مێشکیدا دێن و دەچن لە ژێر ئەشکەنجەیەکی دەروونی بەردەوامدا. بۆیە چاکتر وایە بنەما بنجییەکانی کە هەڤاڵانی خۆی لەسەر پەروەردەکردوون، وەک بنەما بنەرەتییەکان بپارێزین و بەپێی بارودۆخەکە بۆ گەشەکردنیان لەهەوڵی بەردەوامدا بین تا توانای مانۆری سیاسی گونجاوترمان تۆکمەتر بکات، توورک ئەگەر لە توانایاندا هەبێت، خەونەکانیشی تۆمار دەکەن، چ بگات بە نووسین و لێدوانە ئاشکراکانی، ئێمە نازانین کە ئایا بواری ئەوە هەبووە کە نهێنی گەلێک بە کەسوکاریدا، یا پارێزەرەکانیدا بنێریتە دەرەوە، یا نا!!!. دەشێتیش لە ماوەی ئەم هەموو ساڵانی تەیناییەدا ڕێگای نوێی کەشف کردبێ بۆ گوێزانەوەی جۆری تێکۆشانەکە، کە شیکاریی نوێی بۆ وێنە گەورەکە کردبێت و بە دەرئەنجامگەلێکی نوێ گەیشتبێت، لە کاتێکدا کە دوژمن دەلاقەیەکی کردبێتەوە، کە سامی گۆڕانکاریی لە ناوچەکەدا ناچاری ئەو کارەی کردبێ، بەڵام لەبەر ئەوەی کە بەرپرسیارێتی ئەو (ڕ.ئاپۆ) بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەییە لە نەتەوەیەک کە زەریای خوێنی بۆ ئازادی داوە، دەبێت بەدەمییەوە بچێت، ئەگەر بشزانێ کە دەشێ ئەم دەلاقەکراوەیە گەمەی دەسەڵاتی سیاسی دەوڵەتی توورکیش بێت.
ماڵێک دەبێت بە دێیەک، دێیەک دەبێت بە گوندێک، گوندێک دەبێت بە شارۆچکە و شارۆچکەیەک بە شارێک. کەسێک بە تەنیا دەبزووێت، دەبێت بە بزووتنی دێیەک، بزووتنی دوو کەس دەبێت، بە بزووتنی گوندێک، بزووتنی گوندێک دەبێت بە بزووتنی شارۆچکەیەک و بزووتنی شارۆچکەیەک دەبێت بە بزووتنی شارێک، لەم پرۆسەیەدا، نە ماڵی یەکەمی دێیەکە دەبێتە ماڵی کۆتایی شارەکە و نە بزووتنی یەکەمی کەسەکە دەبێتە بزووتنی کۆتایی شارەکە. هەر قۆناغیک یاسای گەشەی خۆی بەرهەمدێنێ، کاتێک ئەم پرۆسەیە دەچیتە قاڵبی کارکردنی مرۆڤ بە مرۆڤەوە، پرۆسەکە فرە ئاڵۆز دەبێت، بیر، هزر و لێکدانەوەی جوودا دروست دەبن، کە ئەگەر مەرامیان دروست و دڵسۆزانە بێت، دەبیتە مایەی گەشەیەکی دروست کە ڕەنگە پرۆسەکە لەوە خێراتر بکات کە لێی چاوەڕوان دەکرا، بەڵام هەندێ جاریش خێرایی پرۆسەکە ئاڵۆزیی نوێ دەخوڵقێنێ و توانای زیاتری دەوێ بۆ کۆنترۆڵکردنی دەنا دەبێتە ئاژاوە و ژاوەژاو، تێکۆشانی کورد بۆ ڕزگاریی نیشتمانەکەی تووشی هەمووئەو حاڵەتانە بووە، ئەو کەسانەی کە "نەتەوەکەیان" وەک سەرچاوەی یەکەمی توانا بەدەستهێنان و چالاکییەکانیان قبوڵ کردووە، هەمیشە سەرکەوتووتر بوون بۆ دەسنیشانکردنی چارەسەری قۆناغە جووداکانی پرۆسەکە، بەڵام مرۆڤە و توانای سنووردار و خاوەنی سیستەمێکی ئاڵۆزی تەن و دەروون، کە لەهەر سات و ئانێکیشدا ئەگەری تێکچوون و کەمبوونەوەی توانای بیر و لێکدانەوەی دروستی، هەیە. لەهەموو حاڵەتەکانی چاوەڕوانیمان لە کەسێکی وەک "ئاپۆ" نە پاڵەوانبازییە و نە مانەوەی هەمیشەیی، بەئازادی بیبینینەوە یا تەرمەکەی لەسەر شانمان بە ئەوپەڕی ڕێزەوە هەڵگرین، ئەو وەک هێمایەکی شایان لەناو نەتەوەکەی ئێمەدا، بەڕێز و دیارە و بیست و حەوتساڵ زیندانی تەنیایی ئەو تەوژمێکی بەگوڕە کە تێکۆشانی نەتەوەکەی وا قایم و تۆکمە کردووە هیچ هێزێک ناتوانێ بۆ پاشەوەی بگێڕێتەوە، چوونکە هەر ڕۆژێک کە تێدەپەڕێ توانای هزرکردنی نەتەوەکە زیاتر و فراوانتر دەکات. 
ئێمە دەزانین کە تێکشاندنە زۆرەکانی سەرکردەیەتی سیاسی کوردی، کە لە دەواری خێڵیان تێنەپەڕاندووە، خەڵکانێکی زۆری وردکراوی دەروون ناجێگیریان خوڵقاندووە، پارتی کوردی لە زۆر حاڵەتیدا بوویە سەرچاوەی هەڵهێنانی ڕق، کینە، دڵپیسی و دڕدۆنگی تاکەکانی ناو لایەنە جووداکان لەیەکتر، چوونکە ئەوە ئەو ژینگەیە بوو کە ئەوانی وەک سەرکردە و بەرپرس و دەسەڵاتدار دەهێشتەوە، نموونە هێندە زۆرە کە هەموومان دەزانین ماکی ئەو لێکدانەوە خوار و لارانەی خەڵکانێکی زۆر کە ساڵانێک لەناو بزوتنەوەکەشدا سەر بە لایەنێک و تاقم و دەستەیەک بوون لە کوێ ئاو دەخۆنەوە. 
تێکۆشانی ئەم جوامێرەی کورد، بەشێکی جوان و گەشاوەی مێژووی تێکۆشانی ئازادیخوازیی نەتەوەکەمانە، کە جێگای داخ و ئەفسوسی زۆرە، ئەو قووربانی دانەی ئەو وا  بێبایەخ تەماشا بکەین و پێمان وابێ، ئەوەی ئەو ئەنجامی دا و خۆشی پێشکەش کرد، کارێکی سانا و لە باوکییەوە بە میرات بۆی ماوەتەوە!!! ئاپۆ سەنگینترین لێپرسراوی تێکۆشانە مێژوویەکەی کوردی لە ئەستۆ گرت، لە ژینگەیەکدا وتی "نا" کە هەناسەدان بە کوردیش قەدەغەبوو، بەڵام ئێستای ئەو ژینگەیە دەبینین، کە "ژنی دلێری کورد"، بە ئاشکرا و بەدەنگی بەرزی کوردانەوە، لە سەر ئاڵای هەرێمی کوردستان" کە کەسێک چیرۆکێکی درۆینەشی بۆ هەڵبەست" دەچێتەوە بە گژ فاشییە توورکەکانی ناو پەرلەماندا. ئەوە بەرهەمی ئەو تێکۆشانە کوردستانییەی " ژنی گریلای دلێری کوردە" کە هەم چاوی فاشیستەکانی شکاند و هەم بوێری دا بە ژنی کورد کە بانگی ئازادیی کورد، لە پەرلەمانی توورکاندا هاوار بکات. دوژمن دوژمنە و ئاپۆ لە هەموو ئێمە باشتر ئەوان ناس دەکات، بەڵام ڕێگای تریش زۆرن کە تێکۆشانی ئازادیخوازیی نەتەوەکە بیگرێتە بەر، بە پاراستنی پرێنسیپە کرۆکییەکان، لەگەڵ ئاپۆ، بەبێ ئاپۆ، چوونکە سەرچاوەکە هەر یەک سەرچاوەیە، ئەویش سەرچاوەی یەکەمینە کە "نەتەوەکەیە". 

..............

سەرنج/

*تیاترۆ، بەیادی شاعیری ڕند و یاخی نەتەوەی کورد، فایەق بێکەس، کە لە شیعری "داد لە دەست تیاترۆ" دا دەڵێت:
خەیاڵ و عەشقی تیاترۆ فایەقی کردووە پەرێشان
مەراق و دەردی کەم بوو، ئەویشی هاتە سەر شان
جاران غەمی ورگم بوو، ئێستا لەوەش ترازا
تالیبی بەزم و ڕەزمم، مائیلی چالغی و کەمان
نازانم هەوڵی چی دەم، هەوڵی قووت و ئیدارە
یاخود بۆ پارەی تیاترۆ، بکەومە ساختە لێدان 

تیاترۆ:

 ژنێکە کە پیشەی یاری و سەماکردن و گۆرانی وتن بێ لە ناو پیاواندا... فەرهەنگی خاڵ
لە زمانی ئەو سەردەمە کۆمەڵایەتییەی شاری سلێمانیدا، وشەی تیاترۆ بۆ ئەو جۆرە ژنانە بەکارهاتووە، دەنا من دەزانم کە تیاترۆ لە وشەی گرێکی Theatron وە هاتووە کە بەمانای شوێنێک بۆ بینین دێت، لە سوێددا دەبێت بە Teater و بە ئینگلیزیش دەبێت بە Theater  بەکوردیش دەبێتە: شانۆ
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست