دەڵێی، دوانەی باوانێکن ئیسلامی سیاسی و چەپەکان
13/07/2025, 20:21 (GMT+1)

بیرمەندی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێت:" تامەزرۆم بمخوێندایەوە لە جیاتی ئەوەی نادرشای ئەفشار وڵاتەکەمان پێشێل بکات، سپای کورد ڕاو و تەراتێنەی لە دەوروبەری ئەسفەهان و تاران بکردایە، کاشکی مێژووی ئێمەش وەکو هی میللەتانی دیکە ڕووڕەش بوایە بە کاری دەسەڵاتدارانە و لە خۆبایی بووانە".
دوای لێدانی توندی ئیسرائیل لە ئێران، زۆر لایەنی ئێرانیی و (کوردیی ئیرانچی) ناچارکرد کە ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆیان ئاشکرا بکەن، چوونکە بینیان مەسەلەکە جددییە و ترسی لەرزاندنی سنوورەکەی دەکرا.
من مەبەستم چەپی کوردییە، کوردێک بۆ ئەوەی بتوانێت ڕاژەیەک بە مرۆڤی کورد بکات، دەبێت سەرەتا کورد بوونی خۆی بۆ خۆی ساغ بکاتەوە، کۆمەڵگاکەی خۆی ناسیبێت و شارەزایی لەو یاسا کۆمەڵایەتیانەدا هەبێت کە کۆمەڵگاکەی دەبزوێنن، لەم حاڵەتەدا کەمتر تووشی گومڕایی و سەرگەردانی دەبێت و کەمتریش خەڵک تووشی گومڕایی و سەرگەردانی دەکات(ئەزموونێکی فرە تاڵمان لەگەڵ تاقم و دەستە کوردییەکان هەیە بەهەموو ئاراستەکانیانەوە). کەواتە لە ئەنجامی ئەو ناسینەی کۆمەڵگاوە، کە بێگوومان کۆمەڵە پەیوەندییەکن لە ڕووی کوردێتی(هەموو لایەنێکی سەر نەتەوەی کورد)، ئابووری و ئەگەر هەبێت هەستی سیاسییەوە، ئەو کەسە دەگاتە بنەماگەلێكی گشتی کە ڕووداوەکانی پێ دەپێوێت. گرفتێکی سەرەکی و هەرە لە پێشی ناو پارتە چەپەکان، مەودای زۆری نێوان سەرکردەیەتییەکانیان و ئەو نەوە نوێیەیە کە لە ئان و زەمانێکی تردا دەژین، یانی دوو دنیا و دوو دنیابینیمان هەیە، کە گرووپی یەکەم(سەرکردەیەتیە کۆنەکان) دەیانەوێت ئەو هاوکێشە و قاڵب و شێوانەی کە خۆیان لەسەری ڕاهاتوون و شێوازی بیرکردنەوەی ئەوانی دروستکردووە، بە زۆری زۆرداریی بیسەپێنن بەسەر ئەو نەوە نوێیەدا. نەوەی نوێش ئەوەی قبوڵ نییە و زۆرجارانیش تەشقەڵەی پێ دێت. من بۆ نووسینی ئەم وتارە چوومە سەر کەناڵی یوتیوبی دوو پارتی کوردی ڕۆژهەڵاتی، یەکێکیان حیزبی کۆمۆنیستی ئێران! یا لقی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران !!! کۆمەڵە، ئەوی دیان کەناڵی یوتیوبی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی/ ئێران، بوو. کەواتە ئەم دوو حیزبە هەم ئێرانین هەمیش کوردی ئێرانچین، ئەمە وەک قسەیەکی خراپ وەرمەگرن، ئەوان هەم بە ناو و هەم بە کردار خەریکی خزمەتکردنن بەو بیروڕا و بۆچوونە کە ماوەی بەسەرچووە و کڕیارێکی کەم ئاوڕی لێ دەدەنەوە.
لە کەناڵی کۆمەڵەی کاک سەی برایمدا( لە کوردستاندا وا ناسراوە حیزبەکان وەک کۆمپانیایەک بن بە ناوی سکرتێری یەکەمەوە خەڵک تۆماریان دەکات، کۆمەڵەکانیش ئەوەندە زۆرن ئەگەر وا نەبێت، ناسینەوەیان سەختە و لە ڕاستیشدا خەڵک ناهەقیان نییە، سکرتێر زۆربەی جاران و لە زۆر هەڵوێستدا - وەک خاوەنی حیزب ڕەفتار دەکات – کاتی نووسینی ئەم وتارە کە تەماشای کەناڵەکەی ئەوانم کرد، بەرنامەیەکیان هەبوو بە ناوی – لەگەڵ هەڵسوڕاوان!- گفتوگۆیەک بوو لەگەڵ ئەندامێکی لیژنەی ناوەندی کۆمەڵە کاک کەریم ئەمانی لەسەر شەڕی ئیسرائیل و ئێران شیکردنەوەی دەکرد، لەو وێنەیەدا کە دامناوە دەبینن تا خوولەکی ٣٨ لە بەرنامەکە( ماوەی بەرنامەکە ٤٨ خولەک بوو) بە تەنیا سێ کەس بووین، پێشکەشکارەکە، کاک کەریم و من، ئەمە حیزبێکی سەرتاسەری ئێرانە، باسەکەش باسێکی گرنگی ڕۆژە، کەسێکیش باسی دەکات، کە بە هەموو پێوانەکان، ڕای حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانە، تەنیا یەک کەس ٣٨ خوولەک گوێی بۆ گرتووە ئەویش منم و منیش نە چەپم و نە کۆمەڵەم، ئایا ئەم پێوانەیە ئەوەمان پێناڵیت کە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران قەبارەکەی چەندە؟!!! تەنانەت هەوادار و ئەندامەکانی خۆشیان بایەخ بە بەرنامەکانیان نادەن و گوێیان بۆ ناگرن کە حیزبەکەیان چی دەڵێت!!! لە چەند ڕووەوە شیکاری بۆ دەکەم:
یەکەم- ئەم حیزبە بەشێکە لە میراتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کاک فوئاد، چەپ یا کۆمۆنیستیش بووبێت، سەرەتا کورد بوو و کوردستانی. ئەوەش تێگەیشتنە دروستەکەیە، کە ئێمە بەر لە هەر شتێک کوردین، چوونکە کوردبوون، بوونی ئێمەیە، شتەکانی دی بە دوای ئەودا دێن.
دووەم- لەسەر ماندووبوون و خوێن و زەحمەتی ژنان و پیاوانی کورد لە ساڵی ١٩٧٩ وە ماوەتەوە.
سێیەم- ئەو کاتانەی کە پێشمەرگەکانی ئەم حیزبە، گیانفیداییان دەکرد و سەرکردەکانی شەهید دەبوون، فارسەکان هەر ئێرانی بوون و کوردەکانیان بە جووداخواز دەزانی و، ئەوانەشی کە چەپی فارس بوون لێیان ناڕازی و دژیان بوون چوونکە پێیان وا بوو ئەم مارکسییە کوردانە، یاخی بوون و لە ئێراندا هەر دەبێت، حیزبی سەرتاسەری ناوەندەکەی فارسی بێت و مەسەلەی نەتەوایەتی لە ئێراندا نییە، بەڵام لە ئەمەریکای لاتین و فەلەستین مەسەلەی نەتەوایەتی لاتینییەکان و عەرەبەکان هەیە کە ئیسرائیل خاکی عەرەبەکانی داگیرکردووە و بەم جۆرە ستەمیان لێ دەکات!!!.
چوارەم- ئەم حیزبە پرسی بە نەتەوەکە نەکرد کە: ئایا ماڵباتی شەهیدانی کۆمەڵە!!! ئێوە ڕازین بەوەی کە مێژووی تێکۆشانی کوردستانیی ڕۆڵەکانتان، دڕێژە پێ بدەین لە حیزبێکی سەرتاسەری ئێرانیدا، کۆمەڵەش بکەین بە بەشێکی بچووکی ئەو حیزبە ئێرانییە؟!! لە حاڵێکدا کە (ئەوەڵم تۆی ئاخرم تۆی) چۆنی دەپێوی و چۆنی دەبینی، حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی کاک سەی برایم، ئەو کۆمەڵەیەی لێ داببڕی، هەر لە خۆیەوە دەپووکێتەوە، کورە ئەی هاوار کەی و لەکام پێچ و قۆرتی مێژوودا، فارس ڕازی بووە/ دەبێت، کە حیزبێکی کۆمۆنیستی کوردی، نوێنەرایەتی ئەو بکات؟!.
پێنجەم- ئەم ئەزموونە لە باشووری کوردستان زۆر لە مێژە شکستی هێناوە، زۆرینەی ئەندامانی چالاکی حیزبی شوعی
(کە بە عەرەبی پێی دەڵێن شیوعی، کورد دەیکوردێنێ و پێی دەڵێت شوعی، وەک بە یوسف دەڵێت وێسف و بە یۆنان دەڵێت وێنان، ئەوە جارێک لە یاخسەمەر، لە گفتوگۆدا کەسێک لەسەر ئەوەی سەددام لە کوەیت دەگەڕێتەوە یان نا؟ گوتبووی: ئیحتلامە بگەڕێتەوە، پێیان وتبوو کاکە مەڵێ ئیحتلام بڵێ ئیحتمال، زۆر جوان وەڵامی دابوونەوە وگوتبووی: ئاخر من بە کوردی قسان دەکەم)، جا زووربەی ئەندامانی چالاکی حیزبی شوعی عێراقی و چەندین سکرتێریان و زۆرینەی چالاکییەکانیان لە کوردستان بوو، کەچی بەناوی حیزبی شوعی عێراقەوە تەواو دەبوو، هەر دانیان بەوەدا نەنا کە حەقی وایە حیزبێکی کوردی شوعی بۆ کوردستان دروست بکەن. ئەم حیزبەی کا سەی برایمیش بە هەمان ڕێچکەدا دەڕوات، لەگەڵ ئەوەدا چ لە سەردەمی شادا و چ لە سەردەمی ئاخووندەکاندا ئەم ئەزموونە زۆر زەقە لە ئێراندا هەیە، کە فارس جەماعەت هەرگیز دان بە حیزبی کوردیدا، چ مارکسییەکەی بێت، چ دیمۆکراتەکەی بێت، ناهێنن و ناهێنن!!!، خۆ بەزۆر نییە براکانم!، تکایە لێم زویر نەبن من بەکوردی و بە دەنگی بەرز ڕاکانی خۆم دەبێژم.
ئەزموونی کورد لەگەڵ چەپی ئێرانی، کۆمۆنیستی ئێرانی، دیمۆکراتی ئێرانی، شاپەرستی ئێرانی، بۆرژوای ئێرانی، خوردەبۆرژوای ئێرانی، سەرمایەداری ئێرانی، دینداری ئێرانی، بێدینی ئێرانی، ڕۆشنبیریی ئێرانی، فیئۆداڵی ئێرانی، کۆمپرادۆری ئێرانی، ژنی ئێرانی و پیاوی ئێرانی و...هەموو تشتێکی ئێرانیدا، لارە و خوارە و نایەتە تێگەیشتن بۆ ئێرانییەکان(فارسەکان) هۆکار زۆرە بۆ ئەمە:
ئ- فارسەکان پێیان وایە کە پلەیەک یان چەند پلە وان لە ژوور نەتەوەکانی تری ئێرانەوە!!!.
ا- ئەو نەخشەیەی کە بە (نەخشەی پشیلەکە ناسراوە) لە ئاسمانەوە دابەزییوە بۆیە پیرۆزە!!!.
ب- هەرچی لەو وڵاتەدا دێتە نووسین، نواندن، نەخشاندن، ڕانان، تەلارسازیی، گەمەکردن و زۆرانبازیی، فارسین!!!.
پ- زمانی(لەهجەی فارسی) تەنیا لەهجەیەکە کە بتوانێ ئەم حاڵەتی ئێرانیی بوونە دەرببڕێت، بە هونەر و ئاین و کۆمەڵایەتییەکەیەوە!!!.
ت- پاشاکانی ئێران، شاهنشا بوون و ناوناوبانگیان بە دنیادا بڵاوبۆتەوە و هێمای دێرینی شارستانەتی! ئێران و ئێرانیی بوونن!!!.
ج- ئیتر شتگەلی خەیاڵ بڵاویی زۆری تر لە پاڵەوانبازیی و مەرزی پڕگەوهەر و ئەو فکر و بیرانەی لە کوردیدا پێی دەڵین مەسەلەکەیان گەیاندۆتە پلەی خۆهەڵکێشان و فشەکردن.
جا ئێستا ئەوەی ئەوان دووریانە هەڵی ئەوەشینمەوە:
١- لە ئێراندا نەتەوەگەلی زۆر دەژین، لەوانە کورد، بەلووچ، ئەرمەن، عەرەب، ئازەری، تورکمان، جوو، ئاشووری، سریانی، لە ئەسفەهان و شیراز و جەهرومیش(ئوستانی فارس) فارسەکان دەژین ئەگەر شیعرەکانی سەعدی و حافز وەک بەشێکیش لە مێژوو چاولێبکەین و...هتد.
٢- ئەو نەخشەیەی ئێستای ئێران، نەخشەی پشیلەکە، خواست و بڕیاری سەرمایەداریی و هێزی براوەی جەنگە جیهانییەکانە و نەک هەر پیرۆز نییە، بەڵکو مایەی شەرمەزارییە کە چەپێکی فارس(نەنگتر لەوە، چەپێکی کورد)، ئەو نەخشەیە بە ڕەسمی بناسێت و بەرگریی لێبکات!!! ئەوە هێڵ و خەتخەتێنێکە بەسەر دڵی وڵاتانی زۆر نەتەوەدا کێشراوە، بۆ ئەو نەتەوانە نەک پیرۆز نییە، بەڵکو پیس و ناشرین و هێمای ستەم و داگیرکاریی و نادادپەروەرییە و دەبێت درەنگ یا زوو هەڵبوەشیتەوە و خاکی ئەو نەتەوانە ڕزگاریان ببێت لە داگیرکاریی دەسەڵاتی ناوەندیی فارسیی نەتەوەی سەردەستی داگیرکەر.
٣- ئیتر ئەو سەردەم و زەمانە گوزەشت کە تەنیا دەنگی بیستراو دەنگی ڕادیۆی تاران بێت و تەنیا وێنەی دیتراو وێنەی شا و شابانو بێت لە سەداوسیمای ئێرانەوە. حەوت ملیار مرۆڤ هەیە، بەلای کەمەوە، چوار ملیار ڕادیۆ و کەناڵی تەلەڤزیۆنی هەیە، ئەوەیە هێز کە باڵ دەبەخشێ بە تاکەکانی مرۆڤایەتی کە تەنیا خۆیان لێپرسراوی دەربڕینی خۆیان بن و کەس بیریان بۆ نەکاتەوە، نە شاو نە ما، نە سەرۆک و نە مەرۆک، خۆی و موبایلەکەیی و دنیابینی خۆی، پایەدار بێت ئازادی مرۆڤ، ئازادی بە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتێکەیەوە. ئێدی کەس ناتوانێ کلتووری کەس بدزێت و مۆری خۆی لێبدات و مێژووی بۆ وەنووسێ و نازی پێوە بکات و لافی پێوە لێبدا و درۆکەی ئاشکرا نەبێت!!! بۆیە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆر بە سانایی هەڵدەوشێتەوە و ئەم هەڵوەشاندنەوەیەشی لە ناوەوە ڕا دەستپێدەکات، زۆر لەوە ئاسانترە کە فارسەکان بیری لێدەکەنەوە، چاوەڕێ بن، منیش چاوەڕێم، پێکەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو درۆ گەورە مۆنتاجکراوە کە ناوی ئێرانە.
٤- هیچ کەس وەک کاک ئەحمەدی موفتی زادە، ئەم پاشایانەی ئێرانی شی نەکردۆتەوە، ئەو دەڵێت: " لە پاشاکانی ئێران فاسدتر، ژنبازتر و هەتیوبازتر و تلیاکی و سەرسەریتر نەبووە، پاشاکانی ڕۆم زۆر لە پاشاکانی ئێران شەریفتربوون". کاک ئەحمەد لە وتاراتانێکیدا لە زانکۆی تارانی سەردەمی شادا، کە زۆرینەی مێژوونووسانی فارس، سەرە زلەکانی ئەدەبیاتی ئێرانی، وەک قەزوینی و خانلری و ئەمانە لە کۆڕەکەدا بوون، بەدەنگی دلێرانەی جوامێرێکی کوردەوە، ئەم وشانە لە زاری هاتنەدەر، هەر لەوێشدا بوو کە باسی ئەدەبیاتی فارسی کرد و وتی فارس بەر لە هاتنی موسڵمانەتی، لەم دوو دێڕە شیعرە زیاتریان نەبووە:
اهوی وحشی در دشت چگونە بو دا
کە ندارد یار و بی یار چگونە رودا
ئەم قسەیە ڕاستە، هەموو سۆفییە بەناوبانگ و زانا و فەیلەسووفەکانی کۆمەڵگای ئێرانی وەک حافز، سەعدی، عەتار، ئیبنوسینا و فەیلەسوفی مەزنی کوردیش سورەوەردی دوای هاتنی موسڵمانەتی گەشانەوە، تەنانەت حافز لە یەزیدی کوڕی موعاوییە دێرە شیعر قەرز دەکات و لەگەڵ شیعری خۆیدا تێکهەڵکێشی دەکات:
یا ایها الساقی ادر کاسا و ناولها
کە عشق اسان نمود اول، ولی افتاد موشکلها.....
کاک ئەحمەد و منیش باسی مێژوو دەکەین وەک خۆی، پەیوەندی بە ئیسلام و بیری موسڵمانەتیەوە نییە، ئەمە ڕیالی ئەوە سەردەمە بووە، بە فارس ناگۆڕڕێت، هیچ نەبێت ئیتر ئەو سەردەمە بەسەرچوو کە مێدیا و ڕاگەیاندن تەنیا لە ژێر کۆنترۆڵی حوکوومەتە تاکڕە و دیکتاتۆرەکاندا بێت، ئەمە سەردەمی ئازادیی مرۆڤە، مرۆڤیش چۆنچۆنایی لەگەڵ ئەم ئازادییە ڕەهایەدا مامەڵە دەکات، ئەوە باسێکی دییە.
٥- فارسی، کە بیرمەندی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵیت: " لەهجە ڕەسمییەکەی زمانی کوردییە"(قسەی مامۆستاش بۆ ئێمە بەڵگەیە، چوونکە خۆی دەفەرموێت:" ئەمەی من بۆتان باس دەکەم، خوێندنەوەی دەفتەری هەزار ساڵەی کوردە، نە باسی ڕووداێک و کەسایەتییەکی تایبەت".) گومانی تێدا نییە، کە هەشت نۆ میللەتی ڕەسەنی ئەو ناوچەیە لە خەمڵاندن و نووسین پێیدا و خزمەتکردنیدا(چوونکە زمانی دایکییان قەدەغەبوون)، سەدان ساڵە تێکۆشانی بۆ دەکەن، من هەندێ نموونەی کوردی باس دەکەم، لە نووسین و وەرگێڕاندا:
- مەنسوور یاقووتی چیرۆکنووس و شاعیر( دەمەوێت باسێک بۆ مێژوو بنووسم کە من لە کاک مەنسووری یاقووتیم بیستووە لە ماڵی خۆیدا لە کرماشان: لە ساڵەکانی هەشتاددا، لەو ساڵەدا کە هەڵەبجە بۆردوومانی کیمیاویی کرا من و چەند هاوڕێی هونەرکار لە کرماشان بووین، چووینە سەردانی کاک مەنسووری یاقووتی کە ماوەیەکی زۆر نەبوو لە زیندانی موسڵمانە فاشییەکانی فارسی ئێرانی ڕزگاری ببوو، هێشتا قەواڵەی ماڵەکەی لای بەناو داداگای ئینقلابی ئیسلامی کرماشان دەستیان بەسەردا گرتبوو، هەر کاتێ زیندانێکیان ئازاد دەکرد، دەبوو بارمتەیەک دابنێ، بێگوومان بۆ کاک مەنسوور ئەوەشی بۆ زیادکرابوو کە هەفتەی جارێک دەبوو خۆی نیشانی ئیتلاعات بدات و واژۆیان بۆبکات کە لە کرماشان ماوە. کاک مەنسوور حەوساڵ و شەش مانگ لە زیندانی فاشییەکانی ئێراندا بوو، ئێمە پرسیارمان لێ کرد کە بۆچی بەکوردی نەینووسییوە و چیرۆکەکانی فارسین؟! گێڕایەوە وتی: لەو سەرەتایانەوە لەگەڵ عەلی(دەروێشیان)، محەمەد، لاری و چەند نووسەری تری کرماشان کۆبووینەوە کە بە کوردی بنووسین یا بە فارسی، لە ئەنجامدا گەیشتینە ئەو باوەڕە کە ناتوانین بە زمانی کوردی ئەوەی دەمانەوێ دەریببڕین، تا کە لە زیندان بووم، ڕۆژێک پێشمەرگەیەکی دیمۆکراتیان هێنایە ژوورەکەی ئێمە، ئەو پێشمەرگەیە لەباشوور مابۆوە و هەندێ شیعری "شێرکۆ بێکەس" لەبەر بوون، کاتێک بۆی خوێندمەوە و گوێم لەو کوردییە بوو، بۆم دەرکەوت کە ئێمە لە سەرەتاوە هەڵەبووین، پاش ئازاد بوونم، لاوێکی سنەیی هەندێ لە شیعرەکانی شێرکۆی وەرگێڕابووە سەر زمانی فارسی، هێنانی بۆ من کە تەماشای وەرگێڕانە فارسییەکەی بکەم، بەو لاوەم گووت: ئەم شیعرانە ئەگەر وەک شێرکۆ وتوونی، بتوانرێت بکرێت بە فارسی، ئەوا لەناو شێعری ئێراندا شۆڕش دروست دەکات، ئێمە لە سەردەمی حافزیی شیرازییەوە تا ئێستا وێنەی شێعری ئاوا ڕەنگینمان لە لە شیعری ئێرانیدا نەبووە.
- عەلی ئەشرەف دەروێشیان ڕۆماننووس و لێکۆڵەری ئەدەبی و زمان
- د. وێنس ئیبراهیمیی ڕەخنەگری ئەدەبی و ڕۆماننووسی بەناوبانگ
- محەمەدی قازی وەرگێڕی هەرە لەپێش و یەکەمی وەرگێڕان بۆ فارسی لە چەند زمانی ئەورووپاییەوە.
- لاری کرماشانی ڕۆمان نووس.
- محەمەد عەلی ئەفغانی ڕۆماننووس... هتد.
لە هونەری مۆزیکدا:
- شەهرام نازری کە بۆوەی زیاتر ڕایبێنن لەسەر خزمەتکردن بە کلتووری خۆیان پێی دەڵێن سوڵتانی ئاوازی ئێرانی!!!. لە حاڵیکدا کە زۆرینەی میلۆدییەکانی میلۆدی جەمخانەکانی ئەهلی حەقن.
- بیژەن و هەمو خوشک و براکانی و گرووپەکەیان کامکارەکان.
- ڕەوانی شاد حسەین یوسف زەمانی کە ئاوازەکانی ئەلبوومی "بوی باران"ی شەجەریان هی ئەون.
- سدیقی تەعریف دەنگبێژ و خاوەنی ئەلبوومی " شیدائی" کە ئاوازی هەرە شیرینی کوردی " حەریر حەریرەی" برد بۆیان و بە فارسی بۆی چڕین!!! بۆ ئەو ئاوازە غەریبە لە وڵاتی داگیرکەران پڕ بەدڵ غەمگینم. ئەمانە لە وێرانییەکانی نەتەوەکەی منن، کە داگیرکردن و پارچەکردن و نکوڵی نەتەوەیی و نازونوکی نەتەوەی سەردەست، باعیسی بوون، ئێدی خۆتان هەموو ئەو کارەساتانەی بەسەر کلتوور و زمانی ئەو هەشت نۆ نەتەوەیەی تری ناو ئەو وڵاتە مۆنتاجکراوەدا دەتوانن لەبەر زەینتاندا بەرجەستە بکەن.... .
ئێمە کە لاو بووین و مەسەلە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان سەرنجیان ڕادەکێشاین و لە مامۆستاکانمان کە دەمانزانی شوعی بوون دەپرسی سەبارەت بە سەرمایەداری، زایۆنیزم، شوعییەت، مارکس، سۆڤیەت، ماوتسی تۆنگ، شۆڕش، فەلەستین و ئەو باسانەی ئەو سەردەمە باویان هەبوو یا دەمان بیستن و بۆ وەڵامەکانیان دەگەڕاین، وەڵامی هەندێ مامۆستا ئەوە بوو کە ئێوە هێشتا زووە بۆتان لە ڕاگرتنی بەڵانسی شەڕی سارد تێبگەن، کە بریتی بوو لە کێبەرکێی نێوان بەرەی ئەمەریکای سەرمایەداریی مرتجع!!! و بەرەی سۆڤیەتی پێشکەوتخواز بە گفتی مامۆستا شوعییەکانی ئێمە، هەتا ئێستا چەپەکان لەو سنووری بیرکردنەوەیەیان تێنەپەڕاندووە، ناوەرۆک هەمان ناوەرۆک، لە کڵێشەی جوودادا.
وتیان ئەم شەڕەی نێوان ئیسرائیل و ئێران شەڕی دوو دەوڵەتی پاشڤەرۆخوازە و شەڕی میللەتان نییە، باشە:
- چۆنچۆنایی ئەگەر میللەتان شەڕ بکەن، دەبێت بە شەڕی پێشکەوتنخوازان؟!.
- ئێوە کە دەڵێن " نا بۆ شەڕ"، مەبەستان ئەوەیە، چوونکە شەڕەکە لە نێوان دوو دەوڵەتدایە و لە نێوان دوو میللەتدا نییە؟!
- دەی خۆ دەیان ساڵە میللەتان لەگەڵ ڕژێمەکاندا شەڕیانە و ئێوە هەرگیز نەهاتە سەر جادەکان و نەتان وت نا بۆ شەڕ؟!
- بەعس کوردی ئەنفالکرد و ئێوە نەتان وت نا بۆشەڕ؟!
- حوکوومەتی فاشی توورک چەندین جار کۆمەڵکوژیی کوردەکانی کرد و ئێوە نەتان وت نا بۆشەڕ؟!
- ئەو هەموو کچ و کوڕەی کورد لە ئێرانە جوانەکەتاندا ئیعدام دەکران/ دەکرێن و ئێوە نەتان وت/ناڵین نا بۆشەڕ؟!
- ئەوە چەندساڵە شەڕە لە ئۆکرانیا و ئێوە نەتانوت نا بۆ شەڕ؟!
- لە سووریا، لە عێراق، لە لوبنان، لە ئەفگانستان، لە یەمەن، لە سوودان، لە لیبیا، لە سارای مەراکیش، لە چەندین دەوڵەتی ئەمەریکای لاتین، لە وڵاتانی ئەفەریقا و....هتد چەندین ساڵە شەڕە کەچی ئێوە نەتان وت نا بۆ شەڕ، مرۆڤ ئەگەر باوەڕی بنجی بە پرانسیپێک هەبوو و تێکۆشانی بۆ کرد، بۆی گرنگ نییە شەڕ لە کوێ بێت، ئەو دژی دەوەستێتەوە، بەڵام بۆ ئێوە هەر لەگەڵ سنوورەکانی ئەو نەخشە پشیلەیە کەوتە لەرزین، دەنگی ئێوە بەرز بۆوە و وەک ئاشتیخواز و پەیامبەری ئاشتی، هاتنە سەر جادەکان و هەزار پاساویی سەیر و سەمەرەتان هێنایەوە، کە ئەم شەڕە شەڕی دوو دەوڵەتی ئیرتجاعییە و لەبەر ئەوە:" نا بۆ شەڕ"، هەندێ ڕاستەقینە هەیە کە بەر لە دەرکەوتنی و سەرهەڵدانی ناگیرێت لەوانە: شەڕی میللەتان بۆ ئازادی و دیاریکردنی مافی چارەنووسیان وەک خۆیان دەیانەوێت، ئەم جۆرە دەنگانە ڕەنگە: پرۆسەی ئازادی نەتەوە داگیر و دابەشکراوەکان لە ناویاندا کە زۆر زەقە ئازادی و دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بە دەنگی خەڵکی خۆی کە نەتەوەی کوردە، رابگرێت و تەگەرەی بۆ دروست بکات، بەڵام ئەم جۆرە دەنگە ناشایانانەی وەک " نا بۆ شەڕ" ناتوانن ببنە بەربەستی هەمیشەیی سەر ڕێگای ئازادبوونی نەتەوە داگیرکراوەکانی ئێران لە ناویاندا نەتەوەی کورد.
- ئەگەر باسی ئاشتی و گەلان و دادپەروەریش دەکەن، ئەوە ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان، بۆ مانگێک دەچێت، بانگی ئاشتی و پێکەوە ژیانی گەلان دەکات، نەمانبینی کە ئێوە وەک هێزی چەپ بێنە سەر جادە و بڵێن:
" بەڵێ بۆ ئاشتی لە نێوان گەلانی توورکیا" دا، خۆ ئەوانیش پارتێکی کرێکارین و تەنانەت تا ڕادەیەکی زۆریش چەپ و سوسیالیزمن، بۆ نەهاتن؟!.
سەرەتایەکی زۆر بنجی و بنچینەیی هەیە کە هەر نەتەوەیەک لەهەر کات و ئان و زەمانێکدا، خوازیاریی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بکات، بێ یەک و دوو لێکردن، دەبێت پشتیوانی لێبکرێت و خۆبەڕیوەبەریان تا پلەی جوودابوونەوە لێ بسەلمێنرێت، خۆ لە دێر زەمانەوە ئەو ناوچەیە چەندین شارستانەت و دەوڵەت و فەرمانڕانیی تێدا هەبووە، بەر لەوەی بەخواستی سەرمایەداریی و ئیرتجاعی جیهانی ئەم دەوڵەتنەتەوە مۆنتاجکراوەی لە سەر قووت بکرێتەوە لەو ناوچەیەی کە نیشتمانی دەیان نەتەوەیە و ناویان ناوە ئێران.
ئایا ئەم ئێرانەی ئێوەمانان، چی بە مرۆڤایەتی بەخشیوە کە شایان بەوە بێت، نیشتمانی خەڵکی تر داگیربکات، زەوییەکەی بە یەکپارچەیی بمێنێتەوە؟!
ئەو دەوڵەتنەتەوەیەی کە ئێوەمانان بۆی دەکڕوزێنەوە، کامە داهێنانی زانستی بە مرۆڤایەتی بەخشی تا ئێستا بۆی نیگەران بین نەبا لەبەر یەک هەڵوەشیتەوە؟!
هەڵوەشاندنەوەی ئێران، هەڵوەشاندنەوەی هەناردەکردنی تیرۆریی جیهانییە، وەستانی لەسێدارەدانە، بەستنی دەرگای کارخانەکانی موشەکسازیی مەرگهێنە، لە بنەڕەتدا هەڵوەشانەوەی ئێران مانای وەستاندنی خوێن و مەرگی هەشت نۆ میللەتانی داگیرکراو، ژیانەوەی ئازادیی دەیان میلیۆن مرۆڤ، خۆ بە دەیان و سەدان کارخانەی داهێنانی دەرمان و ڤاکسین و دروستکردنی ئامێرە تەکنیکییەکانیان نییە کە هەر ڕۆژەی لە گۆشەیەکەوە بۆ ئاسایش و ئاسانکردنی ژیانی مرۆڤایەتی لە هەوڵ و تەقەلادا بن!!!. ئەم تافتەی جودا بافتەیەی ئێوەمانان توانای بەڕێوەبردنێکی سەردەمیانەی شایان بە نەتەوەداگیرکراوەکانیان نییە، نەتەوە داگیرکراوەکان هەموو جۆرەکانی نەتەوەی سەردەستیان تاقیکردنەوە، بەڵام ئاکامەکەی هەر هەر هەمان ئاکام بوو، جا لە دەسەڵاتدا بووبن یا لە گرووپ و دەستە و تاقمی پێشکەوتخواز یا پاشکەوتنخوازدا، شاکانیان، موسەدەق، دیسان شاکانیان، گرووپەکانی توودە و فەدایی، ئەوە هەر لە کۆتایشدا هەر بە پشتیوانی توودە و چەپ و فەداییەکان، کە کەوتبوونە ناو خەیاڵاتی " دژە سەرمایەداریی" ڕژێمێکی ئاینی سەر بە سەدە تاریکەکانیان بۆ ماوەی چل و شەش ساڵ، سوار کۆڵی خەڵک کرد، مەگەر وانەبوو؟!.
مرۆڤ هەرچی بێت، بۆ نموونە چەپ بێت، خۆ ئەوە ئاشکرا و بەڵگە نەویستە، کە چەپێکی کورد، ئەگەر گومڕاو سەرگەردان نەبووبێت لەناو گێژاوای تیۆرییەکاندا، باشتر دەتوانێت لەناو خەڵکی کورددا چالاکی مرۆیی بکات، لە چەپێکی نا کورد، چوونکە زمانەکە دەزانێ، ئاشنایە بە کلتووری نەتەوەکەی و خەڵکەکەی لێی تێدەگەن، ئەمە هەر بەو جۆرەیە بۆ چەپێکی عەرەب، جوو، سریانی، ئاشووری، ئەرمەنی، بلووچی و...هتد.
ئێوە خۆتان ناو ناوە: شوورای کۆمۆنیست و چەپەکانی کوردستان/ئێران، شوورا ناوێکی سەر بە بیری موسڵمانەتییە، هەر بۆ گۆڕانکاریش بایە، وشەیەکی ترتان وەدۆزیبا هی ئەم سەردەمە بایە، مارکس یەکێک لە سەرچاوەگرنگەکانی کە بۆ نووسینی کتێبی سەرمایە سوودی لێوەرگرت، ئەو ڕاپۆرتە فەرمیانە بوون کە پشکنەرە دەوڵەتییەکان سەبارەت بە حاڵ و باری کرێکاران بۆ دەزگا حوکوومییەکانیان ئامادە دەکردن، ئێستا سەدەی بیست ویەکە، ئەو ڕاپۆرتانە کەڵکیان نەماوە، چوونکە کرێکارانی کارخانەکانی وڵاتانی سەرمایەداریی، مافگەلێکیان بۆ چەسپێنراوە کە مارکس خەوی پێوە دەبینی، ئایا تۆ دەتوانی کرێکارێکی سوێدی قەناعەت پێ بکەیت، کە پاچێک یا چەکوشێک هەڵگرێت و ئەو کارخانەیەی کاری تێدا دەکات، بڕمێنێ؟! بیرمەندی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵیت:" خوێڕیترین ئامرازی بەرهەمهێنانیان کردە دروشمی خۆیان، داس و چەکووش"!.
پرۆلیتاریای کورد و نەتەوەکانی تری ئەو دەڤەرەی ئێمە، بەر لەوەی لەدایک بن، سەردەمیان بەسەر چوون، ڕۆبۆت و ئامرازی ژیری کارکردنی دیکە جێگایان گرتنەوە، بۆیە دەڵیم، ڕاپۆرتەکانی ناو کتێبی "سەرمایە" کاتیان بەسەر چووە، دەبێت، پەیوەندی گەلێکی ئێستایی بدۆزینەوە لە نێوان پێشوەچوونی خێرای تەکنیکەکان و چارەنووسی مرۆڤدا. ئیدی ئێوە دەبێت بێنە سەر جادەکان و بڵین " نا بۆ ڕۆبۆتەکان لە کارخانەکاندا"، بۆچی یەخەی ئەو نەتەوانەی ئێرانتان گرتووە و لە هیچی نەبوو سەرمایەداری ئێرانی و پرۆلیتاریای خەیاڵیی ئێرانی دەخوڵقێنن، ئایا هەر بۆ ئەوەیە تیۆری ناو کتێبان بە ڕاست وەگەڕێ؟!!!. ئاخر ئێران و سەرمایەداریی!!! لەو ناوچەیەدا حوکوومەت گەلێک هەیە حوکوومەتی خێڵە، لەدەوری ئەم حکوومەتانە کەسانێک کۆدەبنەوە و پایەکانی ئەو حکوومەتانە قایم دەکەن و هەقدەستێ وەردەگرن، لە فۆڕمی زەوی بەتاڵان، پەیمانکاریی هەوانتە، سەڕافخانەی گۆڕینەوەی دراوی قورس، کە پشکێکی دەچێتەوە گیرفانی فەرمانڕانەکان، ئێستا لە ئێراندا بۆ نموونە: پزیشک هەر پزیشک نییە، بەڵکو جووجەڵەخانەی هەیە، دۆلارفرۆشی هەیە، تەلاری ئاهەنگەکانی هەیە، کلینیکی پاشنیوەڕوانی پزیشکی هەیە، پەیمانی لەگەڵ چەند دەرمانخانە بەستووە کە دەرمانەکانایان بۆ ساغ بکاتەوە، لە عاشوورا و تاسووعاشدا قوڕ ئەپێوێ و شتی عەجیب و غەریبیش ئاودیوی عێراق دەکات و....هتد، تۆ ئەمە ناو دەنێیت سەرمایەدار؟!. ئەوەش کاری بۆ دەکات پرۆلیتار؟!!!.
ئەم سوێدە، دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان چەپی ژیری سوێدی لە فۆڕمی سوسیال دیمۆکراتیدا وسەرمایەداری داهێنەری سوێدی بنیاتیان نا، وێرانیان نەکرد... هەر کارخانەیەکی سوێدی کە لە سەرەتاوە دوکانێكی بچووک بووە بە پشتیوانی حوکوومەت و داهێنانی بیری سەرمایەداران، بوونەتە کارخانەی مەزنی وا کە ئێستا لە سەدان وڵاتاندا لق و پۆپیان هەیە!!! حیزبەکانی نە وێرانیان کرد و نە سوێدیەکانیان هاندا بۆ وێرانکاریی، بەڵکو ژیانیان بە هەموو شتێ بەخشی و ئاوەدانییان بە ڕەنج و ماندووبوونی دڵسۆزانەیان گەیاندە هەموو کون و قوژبنێکی سوێد!!! حیزبایەتی و نیشتمانپەروەری و بەکارهێنانی سەرمایە و بیری کۆکردنەوەی سەرمایە، هەمووی پێکگەیشتن و خەڵکێک و وڵاتێکی ئاوەدانیان بەرهەمهێنا کە بەهەزاران هەزار خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستیشیان لەگەڵ خۆیاندا کردەهاوبەش و خوشکبەش و برابەش، هەر جێگای شەرمەزاریی و تەنانەت قێزبوونەوەشە، کە باسی شارستانەتی ئێران و توران بکەیت و خەڵکەکەی خۆی بۆ بەخێو نەکرێت و بیانکات بەبار بەسەر ئەم میللەتانەوە!.
قسەیەک لەمەڕ ڕەفتار و مۆڕاڵی مرۆڤەوە
باوانی ئێمەی کورد وتەیەکی ژیکەڵەی جوانیان هەیە، وتوویانە: " کانییەک ئاوی لێ دەخۆیتەوە بەردی تێ فڕێ مەدە"، ئەم فڕێنەدانی بەردە بۆ ناوئەو کانییەی کە ئاوی لێ دەخۆینەوە، بە پێچەوانەوە لە ژمارەیەکی زۆری ئەو خەڵکەی پەنایان بۆ ئەم وڵاتانەی ڕۆژئاوا هێناوە لە ترسی فەرمانڕانەکانی خۆیان، بەراست گەڕاوە.
هەموو ئەندامانی شورای چەپەکان و کۆمۆنیستە ئێرانییەکان، وەک ئەو خەڵکەی دی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتوونەتە ئەم وڵاتانە، لەبەر چاومانە کە هەموو پێویستییەکانی ژیانێکی باشتر لە باشیان بۆ ئامادەکردوون و لە هەموو بوارەکاندا دەرگای پێشوەچوونیان بۆ کردوونەتەوە، تەنانەت ئەو کۆنفرانسەی کە ئێوە لە ستۆکهۆڵم بۆ "نا بۆشەڕ" گرتان و لەتاو لێدانی ئیسرائیل لە ئێران پەشۆکابوون، بە ناڕاستەوخۆ، بە پشتیوانی و یارمەتی حوکوومەتی سوێد بەڕێوە چووە، ڕاستە کە هەندێک لە ئێوە کار دەکەن و حەقدەست وەردەگرن، بەڵام هەم دۆزینەوەی کارەکەتان و هەم پاراستنی مافەکانتان و خزمەتی خۆڕایی تەندروستیتان و پشتیوانی خوێندنی زمانی دایکیتان بە منداڵەکانتان وسەدان خزمەتگوزاریی تری بینراو و نەبینراو، بەهۆی ئەو یاسای دەستەبەری ژیانێکی باش بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە سوێد دەژین دامەزراوە، کە هەردەوڵەتی سەرمایەداریی سوێد یاسای بۆ داناوە و بەیاساش بە تووندی پارێزگاریی لێ دەکات. بۆیە ڕاستروایە کە بەپێی سەرەتاییەکانی مرۆڤ بوون و ئەرکی مرۆڤ بوونمان، سەر بەهەر بیروباوەڕێک بین، ڕێز لە ماندوبوونی نەتەوەی سوێد بگرین کە سەد بەرانبەری هەموو ئەو فەرمانڕانانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خزمەتیان بە مرۆڤەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و بەڕاستی لە وڵاتی دووەمماندا ئازاد و ڕێزلێگیراویشین، دەتوانین زۆر بە ئازادی بیروڕای خۆمان ئەگەر چی ڕەخنەی توندیش بێت لە سیستەمی سوێدی، دەرببڕین، بۆ نموونە: ئێوە شورای چەپەکان و کۆمۆنیستەکانی ئێرانی..... سبەی ئەگەر بتانەوێ خۆپیشاندانێکی سەر بە کۆمۆنیستیش ڕێک بخەن، ئەوا دەوڵەتی سوێدی بۆ پارێزگاری لە یاسای " ئازادی ڕا دەربڕین" هاوکاریتان دەکات و دەستەی پاراستنیشتان بۆ دەڕەخسێنێ، خۆ ئیوە ئەم یاسایانە دەزانن، ئەوە ئەگەر لە ئێرانی تافتەی جودا بافتەی ئێوەدا یا لە فەلەستینی حەماسدا، خەڵک داوایەکی وای هەبێت، دەوێرێ لەبەر خۆشییەوە بە چرپە باسی بکات؟! هەر گوومانی کۆمۆنیستی بوونتان سەری دەدان بە با، ئێمە هەموومان ئەگەر لە سوێد نەبووینایە، ڕەنگ بوو ئێستا ژمارەیەکی زۆرمان لەسێدارە دراباین، یا لە کونجی زیندانێکدا چاوەڕێی ڕۆژی لە سێدارەدان باینایە، یا لەبەر نەداری ڕۆژی سەدجار بەرانبەر بە منداڵەکانمان تەریق باینایەوە، بۆیە ڕەوا نییە و کارێکی سەر بەمۆڕاڵی بەرزی مرۆیی نییە، بەرد فڕی مەدەنە ئەو کانییە ڕۆشنەی ئاوی لێ دەخۆنەوە.
بیروڕای من لەسەر ئەو شەڕە
شەڕی ئیسرائیل شەڕی مان و نەمانە، لەسەر پارچە زەوییەکی وەک کورد دەڵیت: بە ئەندازەی قنگەجنۆکەیەک، لەو قەراغ ئاوانەی دەریای ناوەڕاستدا، دەورە دراو بە دەوڵەتانی ٢٢ دەوڵەتی داغ لە دڵی عەرەبی، کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٥٦ ملیۆن کەسە، لە حاڵێکدا کە دانیشتوانی ئیسرائیل ٨،١ ملیۆن کەسە لەوانەش پێنج یەکیان عەرەبن، ڕووبەری ئیسرائیل لە چاو سوێددا ٪٤،٥ی ڕووبەری سوێدە، لەو ٤٥٦ ملیۆن کەسە کە لە دەوڵەتە عەرەبییەکاندا دەژین، بەلایەنی کەمەوە سێ سەد ملیۆن عەرەب، بە توندی و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دژی بوونی ئیسرائیلن، ئەمە جگە لەو وڵاتانەی تری غەیرە عەرەبی کە موسڵمانن و دژی بوونی ئیسرائیلن، پاکستان، ئێران، ئەفگانستان، ئەو وڵاتانەی موسڵمانی قەوقاز، توورکەکان، ئێدی موسڵمانانی زۆرتریش، بۆیە ئیسرائیل ناچارە کە هەمیشە ئامادە و ئاگادار بێت، ئەگەر لە بەرگری لە خۆی غافڵ بێت، ئەنفالیان دەکەن، چوونکە لەشکری موسڵمانەکان پێشینەی ئەنفالیان هەیە و نوێترینیان لە سەدەی بیستدا ئەنفالەکانی باشووری کوردستان بوون دژ بە نەتەوەی کورد، کە چەپەکان نقەیان لێوە نەهات و بە زمانیاندا نەهات بڵێن" نا بۆ ئەنفالی کوردەکان"!!!.
ئیسرائیل تاکە دەوڵەتی دیمۆکراسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەو زەبروزەنگەی نەبێت، وەک پۆڕی خورا و بە مردوویی فڕێی دەدەنە بیابانی سیناوە، ئەوە نییە کە ئێران ٤٦ ساڵە هاوار دەکات لەسەر نەخشە دەیسڕینەوە و فڕییان دەدەینە ئاوەوە، ئەی چی بکات؟! چاوەڕێ بێت کە گسکی لێبدەن و ژنەکانیان سەبی بکەن و پیاوەکانیان سەربڕن و ژن و منداڵەکانیان بکەنە کۆیلە؟!!! من باسی ئەو حاڵە ریالیستییە دەکەم کە نەتەوەکانی داگیرکراوی ژێر چنگۆڵەی داگیرکەری عەرەبی چەشتوویانە. زۆرترین داهێنەرانی زانست و فەلسەفە و دنیابینی و ڤاکسین و دەرمانە گرنگەکانی کە بەشێکی زۆری مرۆڤایەتیان لە مردن ڕزگارکردووە، سەر بەنەتەوەی جوو بوون/ هەن، مارکس و ئینگلسیش هەر جوو بوون. بەهێزیی ئیسرائیل پێویستییەکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دامرکاندنەوەی حەزی کوشتوبڕی خەڵکانی ئەو ناوچەیە، بەتایبەت کە لەم شەڕانەی دوایدا، ئیسرائیل شکۆی لەسەر خوێن بنیاتنراوی عەرەبەکان و لەسەر فشە بنیاتنراوی فارسەکانی ورد و خاش کرد و لوتبەرزیانی دابەزاند بۆ نزیکەی سفر و چاویانی شکاند کە نەتوانن وەکی جاران چاو لەو نەتەوە داگیرکراوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سوور بکەنەوە، ئەم کارەی ناڕاستەخۆ ئەنجامدا، بە لێدانیان و نابووتکردنی زەڕاتخانەکانیان، جا چەپەکان بیانەوێ و نەیانەوێ(کە دیارە دەیانەوێ) بەو هەڵوێستەیان، خزمەتێکی گەورەیان بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و لەگەڵ ئەو ڕژێمەدا لەژیر یەک چەتردا بەرگریان لە مانەوەی ئەو درۆ گەورە مێژووییە کرد کە ناوی نراوە ئێران..... .
پەیوەندی فەلەستینییەکانیش لەگەڵ هێتلەر و نازییەکانی ئەڵمانیا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هاتنی شێخ ئەمین حوسێنی لە فەلەستینەوە بۆ ئەڵمانیا و دروستکردنی یەکەمین مزگەوت لە ئەڵمانیادا، کە پاشان هێتلەر: سووپایەکی گەورەی چەند هەزار سەربازیشی بۆ دروستکرد لەو موسڵمانانەی لە ئەوروپا دەژیان- لە پاشاندا خەڵكی تریش لە وڵاتە عەرەبییەکانەوە پەیوەندیان بەم سپایەوە کردووە - چوونکە ئەوان زۆر سەرسام بوون بە هێتلەر و تەنانەت دامەزرێنەری
" کۆمەڵەی برایانی موسڵمان" حەسەن بەننا، کە خۆی وەک موڕشیدی ئەو کۆمەڵە ناساندوە، ئەو وشەی مورشیدە هەر وەرگێڕڕاوی وشەی FÜHRUNG فیوهرونگ، ئەڵمانییە کە تایتڵی هێتلەر بوو، دۆستایەتی
ئەمین حوسێنی و هێتلەر لەوەوە بوو کە هەردولایان دژ بە هەبوونی جولەکە بوون و دەیانویست کە هەموویان لە ناوبەرن، یەکگرتنەوەی هەڵوێستی چەپەکان و ئیسلامییەکان زۆرجاران وا دەکات، کە ئەم یەکگرتنەوەی هەڵوێستە، ڕاپێچی ناو دنیای نازییەکانیشت بکات.
تا شەشی ئۆکتۆبەریش هەموو ڕۆژێک بە هەزاران فەلەستینی بۆ بژێوی ژیانیان دەچوونە ئیسرائیل و ڕێزیان لێگیراوە و هەقیان نەخوراوە، بەڵام دوای دەستپێکی جەنگ، حەمساوییەکان(چەکدارانی سەر بە حەماس) تەنانەت ئەو ڕۆژنامەوانە جووەشیان (شەهید) کرد کە ماڵەکەی لەسەر سنووری غەزە ئیسرائیل بوو، دەگێڕنەوە هەر ئەم ڕۆژنامەوانە بەتەمەنە، هاوکاری سەدان فەلەستینی و منداڵی فەلەستینی کردووە و لەسەر گیرفای خۆی بردوونی بۆ خەستەخانەکانی تەلئەبیب بۆ چارەسەرکردنیان، دەبینی مەترسییەکە چەندە گەورەیە لەسەر بوونی جووەکان لەو خانووە قنگە جنۆکەیەدا کە ناوی ئیسرائیلە!!!. جا چەپەکان و کۆمۆنیستەکان، دەبوو لەهەر کەس زیاتر لۆژیک میوانیان بایە و ئەمانیش میوانی لۆجیک بانایە بەپێی بانگەشەی خۆیان!!! دەبوو زانیبایان کە دوژمنایەتی عەرەب لەگەڵ جوو پەیوەندی بە ئاو و خاک و مرۆڤەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە بیرکردنەوەی ئاینییەوە هەیە، ئەگەر هەموو دەروبەری ئیسرائیل چۆڵەوانی بایە، ڕۆژێک لە یەمەنەوە یا ئێرانەوە هەر ڕۆکێتیان پێوە دەنان، ئەوەندە ملیار موسڵمان ئەوەندە سەدان ساڵە هەموو ڕۆژێک لە پێنج نوێژدا نزای نەمانی جووەکان دەکەن، ئەوە کۆنە کۆن.
عەرەبەکانی فەلەستینیش، ساڵانێکی زۆرە بوونەتە کاڵایەکی ڕەواجدار بۆ بازرگانی پێوەکردن، هەروەک چۆن گەلانی تری زۆریش بوونەتە ئەم کاڵا بەنرخە لە پرۆسەی بازرگانی شەڕدا، لە ناویاندا کوردەکان، بۆیە شەڕی میللەتان لەگەڵ دەسەڵاتە زاڵکراوەکان و نەتەوە زاڵکراوەکان بەسەریاندا و دابەشکردنیان بەسەر دەوڵەتنەتەوەی تردا، شەڕێکی ڕەوا وناچاریی و بۆ بەرگرییە لە بوونی خۆیان، شەڕی جوو لە زۆر حاڵەتیدا لەترسی ئەو مەترسییە شاراوانەن..... .
مامۆستای بیرمەندی کوردەواری مەسعوود محەمەد، سەبارەت بە تێکبەردانی خەڵک دەفەرموێت:" شیووعییەت و ڕەگەزپەرستی و جیاوازی ئاین و ئەوان جۆرە دەمار هەڵبڕەوەی پێوەندی تەبایی نێوان خەڵق و خوا، تێکڕایان کوێرکردنەوەی شەقامی پێکەوە هەڵکردنی -تعایش- مرۆڤ بە ئەستۆوە دەگرن: ئێمە دەبێت هەموو ئەو بەهانانەی خەڵق بەشەڕ دێنن تاوانبار بکەین، هەر چەند نیاز و داوایان لەسەر بنەمای ڕاست و دروستیشەوە هەڵستابێت. بەکارهێنانی دندان و چەنبۆڵە لە ڕەوتی ئادەمیزاددا تەنها لە حاڵەتی خۆ پارێزی و لەسەرکردنەوەی ستەمدیدە ڕەوایە".
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان


















