ئۆجەلان و هەڵدێر بەشی (٣)
18/07/2025, 16:08 (GMT+1)

میللەتی کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستاندا بەتایبەتی لە ڕۆژئاواو و باکووری وڵات، نابێت تەنیا لەسەر بیناغەی هەڵوێستەکانی ئەمریکا هەنگاو و بڕیارەکانیان بەرتەسک بکەنەوە، یان تەنیا بۆ ڕازی کردنی ئەمریکا و خۆشیرین کردن بڕیاری هەڵەی چارەنووساز بدەن و میللەتی کورد گورگانخوارد بکەن. بێ گومان ئەگەری ئەوە هەیە، کە بۆ ئەوان قۆناغێکی سەختتر چاوەڕوان بێت، بەڵام بەگوێرەی خوێندنەوەی ڕووداوەکان، ناتەبایی و ناکۆکییە ناوەخۆکانی ناوچەکە بێت، کێشمەکێشمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا دەکوڵێت و لە سەرەتایە و چارەسەری بنەڕەتی بۆ نەدۆزراوەتەوە، ناشتوانرێت بەو شێوەیە چارەسەری بنەڕەتی بۆ دۆخی ئەو ناوچەیە بدۆزرێتەوە، ئەوەی دەکرێت و دەیبینین تەنیا کاتییە.
تەبایی هەنووکەی نێوان زلهێزەکانی ناوچەکە و دنیا جێگەی متمانە نییە، هەموویان لەیەکدی لە کەمینن. بێ گومان دواتر هاوکێشەی هێزی گەرمی وەک سوپا و هێزی نەرمی ئابووریی بڕیار بەدەست دەبێت، کە کێ براوە دەبێت و بڕیاربەدەستی یەکەم دەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ و دابەش کردنی پشک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمریکا و زلهێزەکانی ناوچەکە، چەندێک ئەمڕۆ دژی چارەسەری بنەڕەتی بن بۆ پرسی نەتەوەیی کورد، سەد هێندە زێتر خۆیان بۆ ئێران و تورکیا مەڵاس داوە و گەرەکیان نییە، ئەو دوو وڵاتە وەک زلهێزێکی ناوچەیی بمێنن، توانای ئەوەیان هەبێت، بەرەنگاریان ببنەوە، بەڵام ئێستا لە مەسەلەی هاوکێشەی هێزی سەربازیدا یەکلای نەبوونە. لە واقیعدا ئەوەی دەگوزەرێت، جەنگی دەسەڵات و دەستکەوتی ئابووریە، جەنگی مەبادئو بەها بەرزەکان و هاوڕێیەتی و وەفا نییە.
ئیران و تورکیا مەترسی دابەش بوونی وڵاتەکەیان هەیە، وەک ڕۆژی ڕووناک لایان ڕوونە، ئەگەر زلهێزەکانی دنیا لە ناوچەکەدا بتوانن، بۆیان بلوێت و مەترسی ڕووبەڕوو بوونەوەی سەربازی نەبێت، ئەوا تورکیا و ئیران دابەش دەکەن و دەیانکەن بە وڵاتی بچووک بچووکی سەربەخۆیان وەک ئەوەی بە وڵاتە عەرەبیەکانیان کردووە تا ئێستا. زەمینەی ناتەبایی نەتەوەکانی دی نێو چوارچێوەی ئیران و تورکیا، سروشتی سیاسی و دەسەڵاتی حوکمڕانی، دۆخێکی دروست کردووە، کە نەتەوەکانی دی غەیرە کوردیش، لەنێو سنووری دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتانەدا بێزار و بە ئازار بن، چاوەڕێی دەرفەت بن، هەمیشەش کارتن بەدەست ئەمریکا و ڕوسیا و ئەوروپا بۆ تۆقاندنی تورکیا و ئێران. ئەم دۆخە تەنیا قۆناغێکی مێژووی کورتە و تێدەپەڕێت، وەک ئەوەی شا و ئەمریکا لە ساڵی ١٩٧٤دا دژ بە کورد کردیان، دواتر ئەمریکا دوای پێنج ساڵ ئەویشیان بەچەپڵەڕێزانە بدەروەنا بۆ میسر. لەلایەکی دی هەوڵدان بۆ بردنەوەی کات تا ئیدارەی ترامپ کۆتایی دێت، دواتر نادیارە کە چی ڕوودەدا، بۆیە ئەم قۆناغە یاری کردن بەکات و خۆڕاگرتنی گەرەکە. پێویستە لەبری ئاشبەتاڵ، سەرانی هێزە کوردیەکان، ئازایانە هەڵوێستی نێو دەوڵەتی بۆ میللەتی کورد ڕوون بکەنەوە، بڵێن حاڵی حازر گڵۆڵەمان لە لێژیە و دەبێت بڕیاری بەرەنگاری بوونەوە بدەین، لەبری ئەوەی گەریلا بەسەرشۆڕی و بەچاوی گریانەوە خۆیان چەک بکەن.
ئەمڕۆ لەم بارودۆخەی ناوچەکەدا، قەندیل چۆڵ کردن، لەبەرژەوەندیی میللەتی کورد نییە، لەبەرئەوەی تەنیا مەترسی ئەوەی لێ ناکرێت، کە سوپای تورکیا، یان ئێران یان عیراق داگیری بکات، بەڵکو مەترسی ئەوەی لێ دەکرێت، کە هێزی ئیسلامی توندڕەو لە سنووری ئەفغانستان و ئیرانەوە بێنە قەندیل، کە جگە لە تێکدانی ئاسایشی کوردستان، لەگەڵ کاتدا کاردانەوەی خراپیان دەبێت لەسەر پەروەردە کردنی کۆمەڵگەی کوردی، هەڵخەڵەتاندنی گەنجی کورد و خستنیانە ژێر هەژموونی خۆیان.
کورد لە ناوچەکەدا ٤٠ میلیۆنە، واتە خاوەن سەرمایەی مڕۆی بەهێزە و لەسەر ئەرزی خۆیتی و دەتوانێت فشاری جەماوەریی دروست بکات. پەکەکە خاوەن هێزی گەریلایە، ڕۆژئاوای کوردستان، ئەگەر خاوەن هەسەدیش نەبێت خاوەن هێزی چەکداری یەپەگەیە، هەرێم خاوەن هێزی پێشمەرگەیە، ڕۆژهەڵات خاوەن هێزی چەکداری پژاک و چەند هێزێکی دییە، واتە میللەتی کورد ئەگەر تەبا بێت، هێزێکی مەزنی چەکداری هەیە، هەروها لە ڕۆژئاوا و باشوور دەرامەتی نەوت و گاز و دەروازەی گومرگی سنوورەکان هەیە، ئەگەر دزی لێ نەکرێت و بە دڵسۆزی بۆ پرسی نەتەوەیی کورد بەکاربهێنرێت، بۆ خۆی کارتێکی فشاری بەهێزە، واتە سەرانی پارتەکان لەسەریانە ئەوەندە بە ڕۆحی دارمان و پاراستنی بەرژەوەندیی تایبەتی بڕیار نەدەن و میللەتی کورد دیسان گورگان خوارد نەکەن. ئەم بۆچوونە نەمیسالییە و نەتەتەروفی تێددایە نە کردنی مەحاڵە، ئەگەر سەرانی پارتە کوردیەکان مەبەستیان بەرژەوەندیی نیشتمانیی و نەتەوەییە. هێزی کوردی تێکڕا دەکرێت، بکرێت بە کارتێکی فشار لە ناوچەکەدا، هیچی پێ نەکرێت، دەتوانێت یەک گۆڵمەزە بنێتەوە سەگ ساحێبی خۆی نەناسێتەوە و ببێت بە هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی هەموو لایەک. بەڵام پێ ناچێت سەرانی کورد بیانەوێت ئەمە بکەن. هەمیشە گوتراوە، مەڕ بە چەقۆی دەستی شوانی خۆی سەری دەبڕدرێت.
ئەو تورکیایەی کە ئۆجەلان هێشتا لە زیندانە، ئەوجا خەونی بە دیموکراتی بوونی تێددا دەبینێت، لە خۆهەڵخەڵەتاندن بەولاوە هیچی دیکە نییە. ڕاستە ئۆجەلان ٢٦ ساڵە لە زیندانە، بەڵام تاکی وا هەیە لەو تورکیایەدا، تەنیا لەسەر داکۆکی کردنی لەبیروباوەڕێکی جیا، لەسەروی ٤٠ساڵە لە زیندانە و بە هەزاران کەس دی تا مردن لە زیندان بوونە. پارتی کرێکارانی کوردستان بیانەوێت یان نا، ئەم ڕێککەوتنە بێ مەرجە، سەرکەوتنی تورکیا پێشانی دنیا دەدات و بزوتنەوەی ڕزگاری نەتەوەیی کورد بەرەوهەڵدێر دەبات. کورد ئەگەر بە تورکێکی شاخاوی ژێر دەست بناسرێت هیچ جیاوازی نییە، لەوەی کە بە کوردێکی تورکیی ژێردەست بناسرێت، بە باجێکی گەورەی ئاشبەتاڵەوەش. هەزار مەخابن، کە سوود وەردەگرن، لە سادەیی و نەخوێندەواری ئەو میللەتە و خەڵک چەواشە دەکەن!
دەرئەنجام،
بەبێ گەڕانەوە بۆ مێژوویەکی دوورتر لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوو، ئەزموونی ئەو مێژووە سەد ساڵییە سەلماندویەتی کە بزوتنەوەی نیشتمانی و نەتەوەیی کورد لە بیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ، جگە لەوەی کە گیرۆدەی دەستی نەیارانی بووە، دە ئەوەندە گیرۆدەی دەستی سەرکردەکانی ئەو بزوتنەوانە بووە. چەندێک نەیارانی بزوتنەوەی نیشتمانیی و نەتەوەیی کورد، گورزی کوشندەیان وەشاندوە لە لێدانی ئەو بزوتنەوانە و لە سارد کردنەوەی کۆڕی خەبات، شکاندنی ڕۆحی بەرزی شۆڕشگێری لای نوخەبەی بەشدار بوو لەو بزوتنەوانەدا، سەرانی بزوتنەوەکان دە ئەوەندە ڕۆڵیان هەبووە لە داڕمانی ڕۆحیەتی شۆڕشگێری و گیانی بەرەنگاری بوونەوە لای ئەو نوخبە دیاری کراوەدا. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیدا، بزوتنەوەی ڕزگاری نیشتمانیی و نەتەوەیی وکورد، ئەگەر وەک کارت، بەکارهێنارابێت بۆ دەستکەوت و مەرامی سیاسیی و بەرژەوەندیی ئابووریی و خیانەتی لێ کرابێت، ئەوا لەلایەن سەرکردەکانی خودی ئەو بزوتنەوەو شۆڕشانەدا، زۆر زێتر بەکارهاتووە بۆ مەرامی تایبەتی و بەرژەوەندیی بەرتەسک و بیروبۆچوونی ناواقیعانەی سەرکردەکانی شۆڕش و بزوتنەوە و جوڵانەوە سیاسیەکانی میللەتی کورد.
کۆتایی
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان











