<

بنەچەی کێشەکان لای کاکە هونەر تۆفیق

23/07/2025, 16:47 (GMT+1)
دوای ڕۆشنبیرە (بندیوارەکان) کە بە ئەقڵ و ئاراستەی دەسەڵات دەدوێن، ئینجا نۆرەی ڕۆشنبیرە (بنفەیسبوکەکان)ە کە بە ناڕاستەوخۆ بەلای ئیخوان و سەلەفیزم و داعشدا دەیشکێننەوە. خۆشیان وەک تيکۆشەرێکی کورد دەناسێنن. ئیدی بۆچی ڕەخنە لە عەلی قەرەداغی دەگرن کە بۆتە دەمڕاستی جۆلانی؟

خۆ ئەگەر کاکە هونەر کورد نەبوایە!

کاکە هونەر تۆفیق لە بری ئەوەی کەسەکە تاوانبار بکات کە ڕمەکەی هاویشتوە، ڕمەکە تاوانبار دەکات کە چۆتە جەستەی بێ تاوانەکەوە.
خۆ گێلکردن لە هەقیقەت دەرئەنجامی ڕق و کینەیە کە بەرچاومان لێڵ دەکەن و ڕاستیەکان دەشارنەوە، هەر ئاواش کاکە هونەر وەک خەڵکی عەوام ئیمپریالیزم و زایۆنیزم دەکاتە سەرچاوەی هەموو نەهامەتیەکان.
هەر ئاواش ژینۆسایدکردنی دروزەکان وەک تۆڵەسەندنەوەی داعشەکان دەبینێت کە گوایە دروزەکانی ئیسرائیل دوژمنایەتی ئیسلامیەکان دەکەن بۆیەکا ئەوانیش تۆڵە لە دروزەکانی سوریا دەکەنەوە! 
ئەی  ئێزیدیەکان چ تاوانێکیان کردبوو کاکە هونەر؟ 

خۆ ئەگەر کاکە هونەر کورد نەبوایە!

 لە دیمەشق چەند کوردێک دەستگیکراون و بێ سەروشوێنن، لەبەر ئەوەی بە کوردیی دواون. ئەی ئەمەیان تۆڵەی چییە کاکە هونەر؟ 
ئەوەی فەلەستینیەکان لە ئۆپەراسیۆنی گەردەلوی ئەقسا کردیان بەرامبەر بە ئیسرائیلیەکان، یەپەگە بیکردایە بەرامبەر  بە تورکیا ئەوا کاکە هونەر نەیدەتوانی جارێکی تر بە کوردی بدوێت ئەگەر بۆ بەرگریکردنیش بێت لە تورک و لە داعش. کاکە هونەر نایەوێت وەک کورديک ئەم ڕاستیانە بزانێت، بێ ئاگایە لەوەی کە بەشداریەکی کارا دەکات لەگەڵ تاونەکانی داعش.
جیهانی ئیسلامی وەها پەروەردە کراوە نەک تەنها ئیسلامیستەکان بەڵکو لە سەدا نۆد و نۆی موسڵمانان خەڵکی ناموسڵمان بە پیس و گڵاو دەزانن، ئەم ئەقڵیەتەش بۆتە کولتورێک بە بێ ئاگایی پەیڕەوی دەکرێت وەک چۆن نانی دەستی ئێزیدیەکان بە پیس دەزانن و نایخۆن. 
بنەچەی کێشەکان لە تێکستی قورئاندان، بەڵام کاکە هونەر جینۆسایدی نازیەکان و شەڕی کۆلۆنیالیزم دەخاتە هەمان ئاستی تاوانی ئیسلامیەکان لە کاتێکدا ئێمە دەتوانین کارە چەوتەکانی مرۆڤ ڕاستبکەینەوە وەک چۆن ئەوروپا دژی تاوانی کۆلۆنیالیزم و نازیسم و مەسیحیەتیش دەوەستێتەوە بەڵام کێ دەتوانێت دژی گووتەکانی خودا بوەستێتەوە؟ بە تایبەتیی کاتێک خەڵکی عەوام خەتمی تێکستەکان دەکەن بە شانازیەوە،  بەڵام ئەڵمانیەک بۆی نیە شانازی بە نازیسمەوە بکات. 

ئەمەیە هەقیقەت کاکە هونەر

کاکە هونەر نازانێت کە بە کارایی بەشداریی دەکات لە تاوانەکانی داعش و تف دەکات دەمووچاوی کچۆڵەیەکی ئێزیدی کە لاقە کراوە لە لایەن داعشێکی چەپەڵ و بێ مێشکەوە. 
خۆ ئەگەر کاکە هونەر تۆفیق کورد نەبوایە ئەوا دەمانگووت بۆی هەیە ئاوا بدوێت چونکا نازانێت کوردبوون چییە بە بێ ئەوەی باسی ئێزیدیبوون بکەین.

نووسینەکەی هونەر تۆفیق، کە کاک سەردار رەخنەی لێگرتووە:

بنەچەی کێشەکان  (هونەر تۆفیق)

ئەوەی ئەتکی دورزیەکی بێ چەک دەکات داعشە .
ئەوەی ئیستفزازی عەرەبێکی موسڵمان دەکات داعشە .
ئەوەی ناکۆکی ئیسرائیل /تورکیا لە سوریادا تەرجەمەی جەنگ دەکات داعشە...
ئێمە هەر ئەو دیمەنانە دەبینین کە باڵا دەستەکانی میدیا نیشانمان دەدەن ، بەڵام لەپشت ئەوانەوە ، بنەچەیەکی تری داعشانە هەیە ، کە داعشی ئیسرائیلی بەرپای کردووە و ئێستا لەگەڵ داعشەکانی جۆلانی بەریەک دەکەون . 
دڕترین لیوای سوپای ئیسرائیلی لیوای جۆلانیە ، کە زۆرینەی پێکهاتەکەی بریتین لە دورزیەکان. 
لەغەزەدا کاتێک ماڵێک بەسەر عەرەبە موسڵمانەکاندا خاپوور دەکەن ، سەربازە خۆبەخشە دورزیەکانی سوپای ئیسرائیل ، شایی بۆدەگێڕن .
 ئەم دیمەنانە لە یادوەری عەرەبە موسڵمانەکاندا دەمێنێتەوە و کینە و تۆڵەیان تێدا دەچێنێت .. 
لەو نێوەندەدا ، تورکیا  ئەو هەستی تۆڵەیە بەکاردەهێنێت و هانی داعشە لایەنگرەکانی خۆی دەدات ، ناوچەی نفوزی ئیسرائیلیەکان لەسوریادا بشێوێنن .
 ئیسرائیلیەکانیش هانی داعشە دورزیەکانی خۆیان دەدەن ، ناوچەی نفوزی ئیسرائیل بگەیەنن بە روبەری تورکەکان .
 لەنێوان ئەو داعشە تورکی و ئیسرائیلیەدا ، خەڵکی بێ گوناهی عەرەبی موسڵمان و عەرەبی دورزی بونەتە قوربانی . 
ڤیدیۆکەش بەشێک لە خۆشی ئەو سەربازە دورزیانەی ئیسرائیلە ، دژ بە عەرەبە موسڵمانەکانی فەڵەستین هەمیشە لە ئاهەنگ گێڕاندان .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست