ڕازیبوون بەتواندنەوە
26/08/2025, 10:22 (GMT+1)

ئاشکرایە سرووشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زوڵم و ستەم و سەرکووتکردنە. بەدرێژایی مێژوو نەتەوەکانی ئەم ناوچەیە لەململانێ و کێبەرکێدابوون، هاوتا و هاوئاست لەیەکتریان نەڕوانیوە، هەریەکەیان هەوڵی ملکشاندنی ئەویتری داوە و ویستویەتی هێزی زاڵ بێت. سەرەڕای ناکۆکی و ململانێی تووندی ئەو نەتەوانە لەگەڵ یەکتر، بەڵام لەڕق و کینەیان بەرامبەر بە نەتەوەی کورد کۆک و هاوڕابوون. کوردیان هاوتا نەبینیوە، ویستویانە ژێردەستە و پاشکۆ و بێ ناسنامە و بێ سەروەری بێت. بەداخەوە ئەمەشیان بۆ سەدان ساڵ بۆ چووەتەسەر، کوردیان لەژێر دەستەیی و تاریکیدا هێشتووەتەوە، ئەمانە وەک کۆمەڵێک گورگ و چەقەڵی کەڵبە خوێناوی بەردەوام لەبۆسەدابوون بۆ کورد، هەرکاتێک جوڵەیەک بەئاراستەی سەروەری، بریسکەیەک بەئاراستەی ڕووناکی لەهەر ناوچەیەکی کوردستان دەرکەوتبێ، بەکەڵبەکانیان جەستەی برینداری کوردیان هەلاهەلا کردووە، کۆمەڵکوژییان کردووە و دەستیان لەژن و منداڵیش نەپاراستووە، کوردیان تا ئاستی بێ بەهایی و بێ کەرامەتی و زەلیلی تەواو بردووە.
دیارە ژیانی ژێردەستەیی و زەلیلی، نادادی و نایەکسانی، بێ مافی و بێ بەهایی و بەکەم سەیرکردنیان لەلایەن نەتەوەی سەردەستەوە (تورک، فارس، عەرەب)، بەدرێژایی سەدان ساڵ کاریگەری نەرێنی قووڵی لەسەر کەسێتی تاکی کورد درووست کردووە. وایکردووە تاکی کورد لاواز و بڕوابەخۆنەبوو، لات و کرزۆڵ، تێکشکاو و بێ شکۆ، بێ متمانە و بەگومان، بێ پلان و بێ داهاتوو بێت، لەوەش خراپتر گرێی خۆبەکەمزانی لەناخی تاکی کوردا چەسپاندووە. تاکی کورد بڕوای بەخۆی لەدەستداوە، بەکەم سەیری خۆی دەکات، هەمیشە بەرگی لاتی و داماویی و زەلیلی و چەوساوەیی بەخۆی دەدات، خۆی مات و کرزۆڵ دەکات. دەنووزێتەوە و دەلاڵێتەوە و دەگرێت، بۆئەوەی نەتەوەی سەردەستە (تورک، فارس،عەرەب) بەزەی پێدابێتەوە، دەستدرێژی نەکاتە سەر، لەناوی نەبات و نەیکوژێت، بەڵکو نانێکی پێ بدات، بەپاسەوانێک، خزمەتکارێک، گوێڕایەڵێک، کۆیلەیەک قبوڵی بکات. لەمەشدا نموونەی زۆرمان هەیە لەبنەماڵە و تیرە و عەشیرەتی گەورە کە لەکوردبوونیان ڕایان کردووە و خۆیان کردووەتە (تورک، فارس، عەرەب) بەخزمەتکار و کۆیلە قبوڵکراون، پاشان بەردراونەتە بەر جەستەی برینداری نەتەوەکەی خۆیان و براکانیان خەڵتانی خوێن کردووە.
تاکی کورد لەباشترین حاڵدا و لەبەرزترین ئاستی بەهێزی و بڕوابەخۆبوونیدا، ساویلکە و شەرمنە، ناتوانێت بەدەنگێکی دلێر داوای مافی خۆی بکات، برابچووکە وبانگەشەی برایەتی و ئاشتی گەلان دەدات بەگوێی (تورک، فارس، عەرەب) دا، کە بانگەشەیەکی پووچە، ناسروشتی و ناواقعییە، بەتەواوی لەهەستی خۆبەکەمزانینەوە دێت و کورد ناگەیەنێت بەهیچ. دیارە بانگەشەی برایەتی (کورد و تورک)، (کورد و فارس)،(کورد و عەرەب) بەرئەنجامی تەسلیم بوونی تەواوەتییە، ڕازیبوونە بەژێر دەستەیی و تواندنەوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە کورد ئیرادەی گۆڕانی نەماوە، نائومێد بێ هیوابووە، بێ ئاسۆ و بێ دیدگایە، بەسەرلێشێواوییەوە بۆ داهاتوو دەڕوانێت.
بەبۆچوونی من دەبێت دژ بەو ژێردەستەیی و بێ ناسنامەییە، دژ بەو بێ نرخی و بێ مافییە، دژ بەو بێ بەهایی و بێ کەرامەتییە، دژ بەو نادادی و نایەکسانییەی کە سەدان ساڵە بەردەوامە لەسەرمان، دەبێ ئێمە دەست بگرین بەکورد و کوردبوونی خۆمانەوە. چۆن ڕەشپێستێک ناتوانێت لەڕەشبوونی خۆی ڕابکات، ئەگەر ڕاشبکات، ئەوە سپی پێست ڕەشبوونی ئەو لەیادناکات و بەردەوام بەبیری دێنێتەوە کە ڕەشە، تەنها چارەی ڕەش پێست، ئەوەیە باوەش بەڕەشبوونی خۆیدا بکات. چارەی ئێمەش ئەوەیە باوەش بەکوردبوونی خۆماندا بکەین. پێناس و ناسنامەیەکی تازە خۆمان بدەین، خۆمان لەگرێی خۆبەکەم زانین ڕزگار بکەین، ژێردەستەیی و خزمەتکاری گەلانی تر قبوڵ نەکەین. خەیاڵی سەربەستی و دەوڵەتبوون لەناخی تاک بەتاکی کوردا بئافرێنین.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان











