<

هاووڵاتی بوون مانای چییە؟!

31/08/2025, 21:31 (GMT+1)
ڕوونکردنەوەیەک و بانگەوازێک بۆ ئەو بەشە لە نەتەوەکە لە دەڤەری باشوور و باوانی ڕۆژهەڵاتیش
لە ڕۆژنامەی (یاساناسانی سوێدsvjt.se )دا پرۆفیسۆر هانس ثۆرنستێت دەنووسێت: بە پێی یاسای تاوان٢:٢ بەشی ١، تاوانێک کە لەلایەن سوێدییەکەوە یا بێگانەیەکەوە کە لە سوێد دەژی، لە دەرەوەی سوێد ئەنجام دەدرێت، دەبێت بە پێی یاساکانی سوێدی و لە دادگایەکی سوێددا، دادگایی بکرێت.

• هاووڵاتی بوونی وڵاتێک چی لە خۆ دەگرێت؟!

١- بە پێی پێناسەی سوێدی: هاووڵاتی بوون پەیوەندییەکی یاساییە لە نێوان دەوڵەت و تاکدا(هاووڵاتی)، کە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لە ڕۆژی لە دایکبوونەوە دروست دەبێت، یا بەهۆی خواستی کەسەکەوە کە دەبێت داوای بکات و مەرجەکانی هاووڵاتیبوونی تێدا بێت. هەبوونی دوو ڕەگەزنامەش مانای ئەوەیە کە کەسەکە  زیاتر لە ڕەگەزنامەیەکی هەیە.
٢- بەپێی پێناسەی بریتانیایی: هاووڵاتی کەسێکە کە بەشێوەیەکی یاسایی سەر بە وڵاتێک بێت و مافەکانی ئەو وڵاتە و ئەرکەکان و پاراستنی ئەو وڵاتەشی لە ئەستۆدابێت و هەبێت.
لەم دوو پێناسەیەدا بۆمان ڕووندەبێتەوە کە: هاووڵاتیبوون هەم مافگەلێک و هەم ئەرک گەلێک دەدات بە هاووڵاتی و دەخاتە ئەستۆیی هاووڵاتییەکانییەوە، جا لە ناو سوێددا بن یان لەدەرەوەی سنوورەکانی سوێددا بن، یاساکانی سوێدی وەک سێبەریان وایە، هەر تاوانێکی پێزانراو کە سوێدییەک لە هەر وڵاتێکدا بە بەڵگەوە ئەنجامی بدات، ئەوا بەپێی یاسای سوێدی و لە دادگاکانی سوێددا، لێپرسینەوەی لێ دەکرێت.
مەبەستی من وردبوونەوەی قووڵ نییە لە ماف و ئەرکەکانی هاووڵاتیدا، بەڵکو من دەمەوێت، کورد بە تایبەت لە باشووردا وشیاربکەمەوە کە ئەو کوردە دەسەڵاتدارانەی کە لە شار و گوند و ناو ماڵ و جێگا گشتییەکانی باشووری کوردستان: فەرمانگە، ماڵ، کۆڵان، ڕستۆرانت، چایخانە، کتێبخانە، سینەما، سەر شەقام، قوتابخانە، زانکۆ، جێکاری مێدیایی، دێر، ئاتەشگە، جەمخانە، کنشت، پەرستگا، مزگەوت، ژێرزەمینە تاریکەکانی زیندانە زۆرە شاراوەکانی باشوور و...هتد، کە ڕەگەزنامەی یەکێک لە وڵاتە ئەوروپاییەکان و ئەمێریکا  و ئەوسترالیا و کەنەدا و نیوزلەند لە باخەڵیاندایە، ئەو مافەیان پێنادات کە لەبەر ئەوەی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتەی دووەمن کە وەک هاووڵاتی قبوڵی کردوون، هەرچی دڵیان خواستی و بیرکردنەوەی دەروونی نەخۆشیان مەیلی بۆ چوو، ئەنجامی بدەن، نموونەیەک دێنمەوە بۆ ئەم باسەم تا ئاسانتر بابەتەکەن بێتە تێگەیشتن:

نموونەکە:

(ئەلف) منداڵی (بێ)یە، کوردێکی باشوورییە، (بێ)ی باوکی بەرپرسێکی  لێخراوی دیاری ناو بزووتنەوەی کوردیی بوو، بەهۆی کارەساتە زۆرەکانەوە کە لەباشوور ڕوویاندەدا لە وڵاتی سوێد بەخێرهێنران وەک هەموو ئەو کوردە باشووریانەی ناچاربوون ڕوو لە وڵاتێکی ئەورووپایی و ڕۆژئاوایی بکەن. لەو سەرەتایانەوە کە کورد هێدی هێدی لە سوێد لە ناو کۆمەڵگای سوێدیدا ڕۆدەچوو، کۆمەڵە کوردییەکان، نزیکەی چالاکترین کۆمەڵەی مەدەنی و کلتووری ناو بێگانەکان بوون، لە کۆبوونەوەکانی ئەم دەستە کلتووریانەدا، کە هەر زووش، پارتە جووداکانی باشووری خۆیان تێخزان و خراپیانکردن، لەو کۆبوونەوانەدا، کوردەکان ڕێزێکی زۆری باوکی ئەلفیان دەگرت، وەک ڕێزگرتن لە خۆیان، بەجێهێنانی دابوونەرێتی کوردەواری و خواستی نەتەوەکە بۆ ئازادی، تا ساڵانی ڕاپەڕین و گەڕانەوەی ژمارەیەکی زۆری کاربەدەستانی ناو شۆڕشی کوردەواری بۆ باشووری کوردستان، خێزانی (کاک بێ) دەگەڕێنەوە بۆ باشوور ئەمجارە وەک کوردێکی سوێدی، واتە هەریەکە لە ئەندامانی خێزانەکە ڕەگەزنامەیەکی سوێدییان لە باخەڵدا بوو، کە وەک هاووڵاتییەکی سوێدی ئیمتیازی زۆری پێدەدان.
ئەم بەرپرسەی ناو شۆڕشی کورد، کە کەوتبۆوە ئەم وڵاتە دوورەی نزیک لە بەستەڵەکی باکووری جیهانەوە، وەک هەموو هاووڵاتییەکی سوێدی چاوی لێدەکرا، دەبوو زمان فێربێت، فێر نەبوو، دەبوو بچێتە قوتابخانە، لەبەر شانی گرانبوو، چوونکە لە پۆلێکدا دادەنیشت، ڕەنگاوڕەنگ لە ڕووی رەگەزەوە، فرە سەخت بوو بۆی، دوایی داوای لێکرا کە بچێتە پراکتیک لە کارخانەیەک، بەرپرسەکەی کە کوڕێکی لاوی سوێدی بوو لەو کارخانەیەدا، کاتێک فرمانی کردنی کارێکی پێدەکرد، ئەم دەمرد و دەژیایەوە و بە کوردی هەزار و یەک جوێنی دەدا، چوونکە ئەم خۆی لە ناو شۆڕشدا فەرمانی دەدا، شەقی دەهاویشت، ئاوڕی لەکەس نەدەدایەوە و قسەی لەکەس قەبووڵ نەدەکرد با بەرانبەرەکەی جووتیارێکی کوردی لە سەر حەقیش بایە!.
دەروازەکە کرایەوە، ڕاپەڕین سەرکەوت، بەعس نەما، کاک(بێ) گەڕایەوە، بێ ئەوەی ئەو ساڵانەی ژیانی لە سوێد، فێری ڕەفتارێکی نوێی کردبێ، بێگۆڕانکاریی لە بیروبۆچووندا، چوونکە دنیاکەی ئەم دنیایەکی بچووکی قۆزاخەیی بوو، کە لەوێدا فەرمانی کردن و نەکردنی کارێک لای ئەم و بەدەست ئەم بوو، ئەوە دنیای ئەو بوو، لەو گۆشە بچووکەی ناو ئەو دنیا بچووکەوە بۆ هەموو ڕووداوەکانی دەڕوانی، پاش ڕاپەڕین و گەڕانەوەی بۆ باشوور دیسان ژیایەوە، سمێڵ و قژی بۆیاخکردنەوە، حیزب پایەیەکی پێسپارد و کرایە بەرپرسێک لەناو ژینگەیەکی هێشتا حیزبی و خێلەکیدا، یەکسەر ناوی عەشیرەتەکەی خۆیانی بۆ ناوەکەی خۆی زیادکرد، چەند ئامۆزا و خزمی دوور و نزیکی خۆی لای خۆی دامەزراند وەک پاسەوانی کەسایەتی خۆی، ئێستا ئێدی ئەم بەرپرسێکی سەر بە حیزبێکی هیچ نەبێت دەسەڵاتداری لەتێکی باشووری کوردستانە و هەموو جوڵانەوەیەکی، بەدوای خۆیدا، جووڵانەوەی هەشت نۆ لاوی تری کوردی سەر بە عەشیرەتەکەی ئەم، دەهێنێت. 
ئەم لاوانە کە دەبوو لاوە کوردێکی پەروەردەکراوی نەتەوەیەکی دابەشکراو بانایە کە بیانتوانیبایە گۆشەیەکی کۆمەڵگای کوردییان لە باشووردا ڕۆشن و بنیات بنایە، ئێستا هەموو ڕۆژانە و توانا و وزەی خۆیان بۆ پیشاندانی شکۆی بەرپرسەکەیان(کاک بێ) تەرخان کردووە و جگە لەم وشانە
(قووربان، جەنابتان، گەورەم، بەڵی قووربان، سەروەرم، ئەمری بەڕیزتانە و...هتد) کە بەشێک لە کلتووری ئاغاییانە و دەرەبەگیانەی کۆمەڵگای ڕابووردووی کوردبوون و کردنەوەی دەرگای ئۆتۆمۆبیل و دەرگاکانی تر، شتێکی تر فێرنەبوون، واتە (کاک بێ) کە کۆنە شۆڕشگێڕ و کۆنە بەرپرسی نوێکراوە بوو، کەوتە دنیایەکی ترەوە، ساڵ ناساڵیک، یان لە ساڵێکدا دووجار و سێ جار، بۆ کڕینی جلوبەرگ، بۆن، سەعات، کەوش، کراسی مارکە، تەشریفیان دەهێنایەوە بۆ سوێد، زۆر جاران خۆیی و کوڕەکەی، چوونکە لە سوێد، دەبوو وەرگێڕێکی لەگەڵدا بایە، کە نهێنگر و باوەرپێکراوبایە، کێش لە کوڕەکەی خۆی باشتر!.
کاک بێ، ئیمزایەکی نوێی بۆ خۆی هەڵبژارد، بە پیتێکی لاتینی دەستی پێدەکرد، وەک بەرپرسێک، بە پاندانی مەرەکەب و بە ڕەنگی سەوز، واژۆیی کاغەزەکانی بەردەمی دەکردن، هەمووشی کاغەزگەلێک بوون کە بۆجێبەجێکردن نەبوون، بەڵکو تەنیا بۆ واژۆکردن و سەلماندنی بەرپرسبوونی ئەو بوون، ئەم رەفتارە بۆشە، هەموو بەرپرسێکی حیزبی- خێڵگەرا لە باشووردا بە هەردوو لەتەکەیەوە لە خۆیانی دەنوێنن.
دیمەنێک لە سەر شەقامی (پۆزەکە): خەڵکە قسە نەستەق و زۆرزانەکانی شاری سلێمانی ناوی ئەو شەقامەی گەڕەکی بەختیاریان وا ناوناوە، چوونکە هەر کە ئیوارە دێت، هەموو ئەو کەسانەی کە ئۆتۆمۆبیلەکانیان بە شایانی ئەوە دەزانن خۆیانی پێوە بابدەن یا وەک سلێمانییەکان دەڵین پۆزی پێوە لێ بدەن دێنە سەر ئەم شەقامە، ڕۆژێک پاشنیوەڕۆیەکی درەنگ لەسەر ئەو جادەیە کە وەک وتم ناویان ناوە پۆزەکە، دوو ئۆتۆمۆبیلی لاندکرۆزەر بە قایمی (خێرا)هاتن، لەبەر دەم سەرتاشخانەکەی کە کوڕێکی گەنجی زۆر ڕووخۆش و ژیر و نازدار سەرتاشی تێدا دەکرد، وەستان، چەند چەکدار لە ئۆتۆمۆبیلەکەی دواوە دابەزین و سەرسووچ و سەرکۆڵانەکانیان گرت و چەکدارێک پاش ماوەیەک دەرگای دواوەی لاندکرۆزەرەکەی پێشەوەی کردەوە، لێپرسراوێکی کەچەڵی لێدابەزی کە پاڵتۆکەی دابوو بەسەر شانیدا و تەماشایەکی لای ڕاست و چەپی خۆی کرد و خۆی کرد بە سەرتاشخانەکەدا، ئەمە (کاک بێ) ی باوکی ئەلف بوو، کە ئیتر لووتی لە ئاسمان دەسوو، بەڵام من و ئەلفی کوڕی و سەدان کەسی تریش دەمانزانی کە ئەم بەرپرسە پاش چەندین ساڵ ژیان لە سوێد تەنانەت نەیتوانی سەرەتاکانی زمانی سوێدیش فێربێت، ئێستا دیسان خۆی لێبۆتەوە بە فسفسپاڵەوانێک کە پێی وایە ئەگەر ئەو بەرپرس نەبێت، ڕەنگە کەلێنێکی گەورە بکەوێتە ناو بزووتنەوەی نەتەوەی کوردەوە.
لاوانی خۆشەویست، کچان و کوڕانی نەتەوەکەم لە باشووردا: ئەو نموونەیە یەکێک لە دەیان و ڕەنگە سەدان نموونە بێت لە بەرپرسی ئاوا قەڵب کە ڕەگەزنامەیەکی ئەوروپاییانەی لە باخەڵدا بێت، بۆیە ئێوە دەبێت ئەوە بزانن کە ئەو پاسپۆرتە ئەورووپاییەی لە باخەڵی سەرکردە و بنکردەی حیزبەکانی باشووردایە، کەلپچەیەکی یاساییە کە سنوور ناناسێت، ئێوە دەبێت ئەو بزانن کە دواکەوتووترین کوردانی ئەورووپا بە شێوەیەکی گشتی کە ناتوانن قۆزاخەی داخراوی بیرکردنەوەیان جێ بێلن و فێری تێگەیشتنێکی مەزنتر ببن، لە ناو بەرپرسە سیاسییەکانی کوردی پەرتەوازەی وڵاتانی ئەورووپادا دەیاندۆزییەوە.
ئێستا کە ئەم بەناو(کوردە ئەورووپاییانە، بەتایبەت لە دەڤەری باشووردا) گەیشتوونەتە حاڵەتی ماخۆلان و هیچ ڕیزێک بۆ کوردبوون و مرۆڤبوونی ئێوە دانانێن و کەی بیانەوێ ژیانتان دەخەنە مەترسییەوە، لەبەر هەر هۆیەکی دەروونی شێواویان، تەنانەت بێسڵکردنەوە لە هەزاران هەزار خەڵکی کوردستانپەروەری شەرافەتمەندی خەڵکی باشوور بۆ نموونە: شاری سلێمانی، پەلاماری یەکتر دەدەن و وەک بینیتان چۆن ناوچەیەکی سەرچناریان کردە گۆمی خوێن و مەیدانی ڕمبازێنی تاقیکردنەوەی چەکەکانیان، ئیتر سنوورێک نەماوە کە بیبەزێنن، بۆیە کوردانی شەرافەتمەندی کوردستانپەروەر لە وڵاتانی ئەورووپا، وەک ڕێزێک لە ئێوە و بزووتنەوەی ئازادیخوازی نەتەوەکە و هەموو قووربانییەکانی ئەو کارەساتانەی کە ڕەفتاری سەرکردەیەتی ئەم حیزبانەی باشوور ڕۆڵی گرنگیان لە ڕوودانیاندا هەبووە/ هەیە، هەموو توانای خۆیان دەخەنە کار بۆ لێپرسینەوەی دادگاکانی ئەورووپا کە کۆمەڵێک هاووڵاتی خۆیان بەرداوەتە گیانی ئەو بەشە لە نەتەوەکەمان لە باشووردا، ئەوان بەهەموو پێوانەکان و بەپێی یاساکانی تاوان لە وڵاتانی ئەرووپادا، دەبێت لێپرسینەوەیان لێبکرێت و لە تاوانەکانیان بکۆڵرێتەوە. ئەوەی گرنگە دەبێت بۆ ئێوە ڕوونی بکەمەوە، هەر کوردێک کە ڕەگەزنامەی وڵاتێکی ئەورووپای هەیە، بە هەر جۆرێک ویستی دەستدرێژی بکاتە سەرتان، شکاتی خۆتان بەرنە باڵویزخانەکانیان لە هەر وڵاتێکی ناوچەکەدا بێت، هیچ جیاوازی نییە، تەنانەت دەتوانن لە ڕێگای ئیمەیڵ و تەلەفۆنەوە دەنگی خۆتان بە باڵوێزخانەکانی وڵاتانی ئەورووپایی بگەێنن، بەڵام دەبێت  ژیر و ویژدان زیندوو بەئەمەک و کوردستانپەروەرانە لە پێناوی ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و بەرگری لە مافی مرۆیی تاکی کورد، ئەم کارە بکەین، دوور لە ڕق، ڕژدبردن، تۆڵە، یا هەر هۆیەکی تری نامرۆیی  و تەنیا لە پێناوی سەروەریی تاکی کورددا کە ئێوە شایان بە ژیانێکی سەربەرزانە، شەرافەتمەندانە و ئازادن. هەوڵ بدەن کە زانیاری دروست و بەڵگەدار بەیەکتر بگەێنن، چوونکە ئێدی نەتەوەکە دەبێت پێکەوە لەسەر مافی مرۆڤبوونی خۆی لە دۆست و دوژمن بێتە دەنگ و خۆی خاوەنداری لە خۆی بکات، دەبێت بزووتنەوەی ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و لێپرسینەوە لە تاوانەکان، بکەینە بزووتنەوەیەکی گشتی هەمەگیر، دەبێت پشتمان ڕاستبکەینەوە، بوێر و شەرافەتمەندانە و لە پێناوی مافی هەمواندا، پێکەوە ببزوێین. 

• بۆ باوانی دەڤەری باشوور و ڕۆژهەڵات

زۆر جاران داوامان لە ئێوەی بەڕیزکردووە، کە بەهیچ جۆر و بۆ هیچ بەهانەیەک، ڕێگە مەدەن منداڵەکانتان نزیکی ئەو ناوەند و کۆڕ و کۆبوونەوانە بکەونەوە، کە بەرپرسانی حیزبی باشووری لێ هەن یا بۆ ڕاوکردنی منداڵەکانتان، کۆڕ و کۆبوونەوە ڕێک دەخەن، لە کۆمپانیا حیزبییەکان 
دایان مەمەزرێنن، بە تایبەت کچەکانتان، مەهێڵن هاوڕێیەتی منداڵانی بەرپرسەکان بکەن، ئەمە هەموو حیزبەکانی باشوور دەگرێتەوە، بە باوەڕدار و بێ باوەڕیانەوە، لەمەرامی پیس و خواستی دەروونی نەخۆشیاندا، هەموویان یەکسانن، جا بە ناوی ئاسمانەوە تەڵەکانیان بنێنەوە یا بە ناوی کوردایەتییەوە، جیاوازییان نییە و یەک ئامانج و یەک خواستیان هەیە، ئێوە سی و چوارساڵە، ڕەفتاری نزم و ئەتواری نامرۆیانە و دژە کوردییان لێ دەبینن، هیچ دەسەڵاتێک لەسەرووی دەسەڵاتی ئەوانەوە نییە، دڵ بە دادگا و یاسای جەنگەڵ خۆش مەکەن، ئێمە نەتەوەی کورد، زەریایەک خوێنی ئازیزترین و باشترین منداڵەکانی خۆمان بەخشی بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی (یاسایی، ئازاد و بەڕێز) بەڵام سووکایەتی، نان بڕین، دەستدرێژی سێسکی، بێسەروشوێنکردن، تیرۆری لاوانی کورد، شەقهەڵدان لە مامۆستای کورد، کوشتنی منداڵی کورد( سورکێو)، تیرۆری ڕۆژنامە نووسان (سۆران، کاوە، سەردەشت، ویداد)، سووتاندنی ژنی کورد( مامۆستا جهیان) و بەندکردنی ئازادیخوازان(شیروان شێروانی) و ئیتر نموونەی زۆری سووکایەتی بە کوردبوون و مرۆڤبوون و ڕابووردووی شکۆداری تێکۆشانی ئێوەمان چنییەوە. 
هەروەها بە تایبەت ڕوو لە باوانی ئازیزی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان دەکەم، کە ڕێگە نەدەن منداڵەکانیان بە تایبەت کچەکانیان ڕوو لە ناوەندە مێدیایییە بەدناوەکانی حیزبەکانی پیاوانی باشووریی بکەن، ئێوە بە شکۆی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی"یەوە چۆن دادەبەزنە ئاستی نزمی ئەو بازرگانییە ڕسواییەی کە هەموو نەنگییەکە و تەنیا هوونەر نییە!!!، تکایە بۆ هەزارەمین جار داوایەکی کوردستانیتان لێ دەکەم، کە کۆچی منداڵەکانتان بۆ باشوور بوەستێنن، لە پێناوی پاراستنی شکۆی کوردبوون و مرۆڤبوونی منداڵەکانتاندا، چوونکە تەڵەکە نەک هەر حیزبی باشووری بەڵکو زۆرجاران سەرکردەیەتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش، هاوبەشی نانەوەی دەبن، لە یەک ڕاستەقینە دڵنیا بن، منداڵەکانتان لەو ناوەندە پیسانەدا هەموو شتێک فێردەبن، ئەوەی کە فێری نابن هوونەر و کوردایەتی و کوردستانپەروەرییە، ئێوە سەرچاوەی هونەر و کلتووری پاکی نەتەوەکەن، ئەو ناوەندانە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی هەموو خوارییەکانن تەنانەت بڵاوکردنەوەی سیخوڕی بۆ دوژمنانی کورد، با منداڵە ئازیزەکانتان ناچار نەبن فێری ملدان و سەرشۆڕکردن و خۆفرۆشی ببن، چوونکە زۆرینەی ئەو ناوەند و کۆمپانیایانە، ناوەندی سیخوڕیی دەوڵەتانی داگیرکەری بەشێکی کوردستانن. 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست