<

جیاوازی لە نێوان کەسی (ناپاک) و (خائین)دا چییە؟

07/09/2025, 15:44 (GMT+1)
دۆستێکی بەڕێزدەڵێت: (خائین و ناپاک: یەک شتن. خائین عەرەبییە و ناپاکیش کوردییە.) بۆیە بە پێویستم زانی قسە لە سەر جیاوازی ئەو دوو وشەیە بکەم، روونی بکەمەوە، کە لە رووی زمانەوانیی و فەلسەفییەوە (خائین) و (ناپاک) هەندێک جیاوازییان هەیە. ئەگەر هەندێک کەس وشەی (ناپاک) بە (خائین) لێکدەدەنەوە، ئەوا لێرەدا هەوڵ دەدەم رۆشنایی بخەمە سەر جیاوازییەکانیان.
لە عەرەبییدا ئەم دوو وشەیە (طاهر) و (خائن) ، بە کوردیی (طاهر) واتای (پاک)، یان (خاوێن، پاکژ). 
خائن لە کوردییدا بە خائین دەنووسرێت. هۆکاری بەکارهێنانی هەمان وشە پەیوەستە بەو مێژووەوە، کە ئیسلام لەگەڵ خۆیدا خستوویەتە ناو زمانەکەمانەوە.
 لە کوردییدا پێچەوانەی (خاوێن، پاک، پاکژ) کە دەبێتە: (ناخاوێن، ناپاک، ناپاکژ)، لە بری ئەوانە کورد (پیس) بەکار دەهێنێت. هیچیان مانای تەواوی خائین ناگەیەنن، تەنیا وشەی ناپاک نەبێت، کە هەندێک لە نووسەران کردوویانە بە واتای کەسی خائین، کەسی خائین، تەنیا پیس و گڵاو نییە، زۆر لەوە گەورەترە کە بە ناولێهێنانی بە ناپاک پێناسەی بکەین، ئەویش لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:

یەکەم: (پاک) و (خاوێن):

• ئەم وشەیە بە واتای: پاکی، بێگەردیی، دووربوون لە پیسیی و گڵاوی. بۆ پێداهەڵدان و پێناسەی خاوێنی لەش، هەروەها بۆ خاوێنی گیان (رەوان) بەکار دێت، وەک دەگوترێت: (فڵانەکەس دڵی پاکە) یان (نێتی پاکە). جگە لەوە (پاک) مانای ئەرێنیشی هەیە، بۆ ناسینی کەسێک دەگوترێت: نێتی پاک بێت، ئەویش کاتێک ئاماژە بە دڵسافیی و بێتاوانی کەسێک دەکرێت.

(ناپاک):

ئەم وشەیە تەواو پێچەوانەی ئەو هەموو خەسلەتانەی سەرەوەیە.
کەسێک کە پاک نەبێت، واتا پیس، گڵاو، دڵرەق، نێت خراپ، رک و کینەهەڵگر،... هتد.
---------------------------
2 . لە بری خائین بە کوردی (خیانەتکار)یش بەکار دێت: وشەکە لە عەرەبییەوە وەرگیراوە.
خائین، ئەو کەسەیە کە خیانەتی کردووە، کاتێک دەگوترێت خیانەتکار، واتای ئەوەش دەگەیەنێت کە کەسێک پیشەی خیانەتە و بەردەوامە لە خیانەتکردن.
• کەسی خائین و خیانەتکار، بۆ پێناسەکردنی ئەو کەسانە بەکار دەهێنرێن، کە خیانەت لە گرێبەستێکدا دەکەن، پەیمانێکدا ، کە داویانە بۆ دەستکەوت و بەرژەوەندی خۆیان لێی پەشیمان دەبنەوە، وەک گرێبەستی هاوسەرگیری، یان سیاسیی و کۆمەڵایەتی، وەکو خیانەتکردن لە نیشتیمان و لە نەتەوە.
• ئەگەر خیانەت بەرامبەر بە کەسێک بکرێت سزاکەی جیاوازترە کە بەرامبەر بە نیشتیمان و گەل دەکرێت.
• خیانەت وشەیەکی نەرێنییە، پێچەوانەی ئەوەی سەرەوەیە، ئاماژەیە بە خراپی رەوشت و نەمانی متمانە. 
هەردوو وشەکە بەشێکی لێکنەترازراون لە پێناسەی موراڵ. موڕاڵ هەموو ئەو خەسڵەتانە دەگرێتە خۆی، هەر بۆیە سزای خیانەت گەورەترە لە سزای ناپاکی. چونکە ناپاک واتای تەواوی کەسایەتییەکە دەگەیەنێت، بەڵام خائین لە ڕێگەی فێڵ و شکاندنی پەیمانەوە، واتای تێکچوون و نەمانی موراڵ دەگەیەنێت.

دووەم: پێناسەی خائین و ناپاک لە ڕووی فەلسەفییەوە

1. پاک، یان خاوێن:
کاتێک (پلاتۆ) باس لە پاکی دەکات، مەبەستی لە چاکە و جوانی دەروونییە (مەبەست لەو چاکە و جوانییە سروشتییەیە).
 لە تەسەوفی ئیسلامیدا: پاکی بە ناخەوە بەستراوەتەوە. مرۆڤی پاک ئەو کەسەیە، کە لەش و ڕۆحی خاوێن بێت. لە تەسەوفی ئیسلامییدا هەردووکیان تێکەڵ کراون.
لە ڕووی فەلسەفییشەوە: "پاکی" ئەوەیە، کە لە نێوان بەهای (ڕاستیی و چاکە)دا، هاوسەنگییەک رابگیرێت.
2. خائین، (هێمایە بۆ نەمان و لەدەستدانی موراڵ) وەک نموونە شکاندنی پەیمانی کۆمەڵایەتی (کۆنتراکت)، کە لە لای ئەم دوو فەیلەسوفە (ڕووسۆ/هۆبز): خیانەت نەمانی متمانەیە و هەروەها واتای پاشگەزبوونەوە لەو پەیمان و گرێبەستەیە، دەگەیەنێت، کە هەموار کراوە.
• لە لای نیچە، کەسی خیانەتکار ئەو کەسەیە، لە "بەها بەرزەکان" دوور کەوتۆتەوە، ئەویش بەهۆی ترس یان بەرژەوەندی تایبەتی خۆی.
• لە ڕووی فەلسەفییەوە کەسی خیانەتکار، لەگەڵ دەروونی خۆیدا ناکۆکە، چونکە دەزانێت، بەڵام نایەوێت پابەند بێت بە بەها جوان و بەرزەکانی کۆمەڵگا و کۆمەڵایەتییەوە، هەرچەندە کەسی خائین بە رووکەش وای پیشان دەدات، کە کار لەسەر ئەوە دەکات، تا لە خەڵکی بگەیەنێت، گوایە کەسێکی دڵسۆز و نیشتیمانپەروەرە. لە نمونەی سەرکردە و دەسەڵاتدارانی باشوور.

لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بڵێم، کە من زۆر جار وشەی: خائین و ناپاک بۆ دەسەڵاتی هەرێم و (پارتەکانی باشوور) بەکار دەهێنم، هەر لە خۆڕا ئەو وشانەم نەخستۆتە نێو نووسینەکانمەوە، من بە وشیارییەوە دەزانم لە کوێدا و بۆچی بەکاریان دەهێنم. هەردوو وشەکە بە پێی هەڵسەنگاندن و تێگەیشتنی خۆم بەتەواوەتی دەمەوێت وێنەی ئەم سەرکردانە پیشان بدەم، لەگەڵ ئەوانەی کە پشتگیرییان لێدەکەن.

تێبینی:

 ئەو باسەی لەسەر جیاوازی ناپاک و خائین. بەهۆی ئەم نووسینەی خوارەوە، هاتووە.
-----------------------
- هەر کەسێک، پشتگیریی لە بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی و شێخ جەنگی بکات.
- هەر کەسێک پارتیی بێت، یان یەکێتیی. گۆڕان بێت، یان ئیسلامیی سیاسیی و سەلەفی، یاخود ئەندام و لایەنگری نەوەی شادزبێت.
- هەر کەسێک بە شان و باڵی بەرپرسێکدا هەڵبدات.
- هەر گزیرێک بە باڵای وەزیرێکدا بێتە خوارێ.
هەموو ئەمانە با رەخنەش بگرن، را و بۆچوونی جیاوازیان لەسەر رووداوەکان هەبێت، قسەی گەرم و زلیش بکەن، ئەمانیش بەشێکن لە سیستەمی ئەو دەسەڵاتە، چونکە بەردەوامی بە مانەوەی ئەو خائینانە دەدەن.
- ئۆپۆزیسۆنی راستەقینە، ئەو دەنگەیە، کە دژی هەموو ئەوانە بێت و هەڵوێستی بەرامبەریان هەبێت، بە نمونە نەک تەنیا دژی پاڤێل بێت و بەشان و باڵای لاهوردا هەڵبدات، بچێتە سەر گۆڕی بارزانی و نەفرەت لە تالەبانی و برایم ئەحمـەد بکات! قسە بە بەرپرسێک بڵێت، بەڵام بەرپرسێکی دیکە بە پیاوچاک بزانێت. ئەمیان بە جەلاد و ئەویتریان بە قوربانیی دابنێیت. 
ئەوانەی کە لەناو دەسەڵاتدان، وەزیر بن، یان ئەندام پەڕلەمان، بارزگان بن، یان چەک لەشان، بە پێناسەی تەواویی خیانەت، هەموویان خائین و ناپاکن، نەفرەتیان لێبکەن، نەک بە شان و باڵیاندا هەڵبدەن.
ئەگەر دەتەوێت بزانیت واتای شەرەفی نەتەوەیی یانی چی، بۆ ئەوەی ویژدانی خۆت ئاسودە بکەیت ستایشی هیچ کامیان مەکە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست