دەنگی گۆڕستان
15/09/2025, 22:43 (GMT+1)

مەلاکان دەیانەوێت لە گۆڕستانەوە، کۆمەڵگا بەڕێوەبەرن
دەنگێک دێت، لە دووری دوور ڕا، لە ناو قووڵایی گۆڕەکانەوە و بە ناو هەزاران ساڵدا، هێشتا هزرەکان دەبات و ڕوانینەکان لێڵ دەکات و بیرەوەرییەکان دەسڕێتەوە و جارێکی تر لە پێچەڵپێچەکانی ناو مێشکەکاندا سەربووردەیەکی نە دیتراو و لەناویدا نەژیاو وێنە دەکات و دەنووسێتەوە. دوو فاکتەری گرنگ، یا دوو میکانیزمی کار لەسەرکراو ئەم پرۆسەیە بەڕێوە دەبەن:
یەکەم – ترس و بیم
دووەم – مزگێنییەکی خەیاڵی
هەردووی ئەم میکانیزمە، بە هەزاران پاتکردنەوەیان، مێشکەکان یەخسیر دەکەن و هەڵیاندەشێلنەوە و وەک دەیانەوێت بیرکردنەوەی مرۆڤەکە ئاڕاستە دەکەن. دروستتر بڵێم لە قاڵبی دەدەن و توانای جوڵەی لێدەبڕن، چوونکە مرۆڤەکە دەخرێتە ناو قاڵبێکەوە و ژمارەیەکی بێپایانی لە وەڵام بۆ پرسەکان پێدەدرێت و بە فاکتەری ترس و بیم دەورەی دەدەن و ئێدی هەموو پێوانەکانی لەسەر بناغەی ئەو وەڵامانەوە دەبێت کەبە ئامادەکراوی فێریانکردووە و ترساویشە بۆیە ناتوانێ بەدەر لەو وەڵامانە بۆ وەڵامێکی دی(جیاواز)* بگەڕێت. تەنانەت وایان ترساندووە کە ناوێرێ، بە خەیاڵیش بیر لە وەلامێکی دی بکاتەوە، ئەمەش وەک خولانەوەیە لە بازنەیەکدا، کە ئەم خولانەوەیە جۆرێک لە مەستی درێژخایەنی زۆرجاران پڕمەترسییە، هەم بۆ سەر دەروون و جەستەی کەسەکە خۆی هەم بۆسەر ژیانی کەسانی دەوروبەری.
بەڵام مەسەلە مەعنەوییەکان، یا بیرکردنەوە لە "بوون" پێشینەکەی زۆر دوورترە لە ئاینەکان، کەواتە ئاینەکان، شتێکی نوێیان نەهێناوە، بەڵکو وتراوەکانیان، لە بەرگ و کەوڵێکی نوێدا، بە پێی قۆناغ و شوێنی لە دایکبوونەکەیان، بە خەڵک ڕاگەیاندووە. بۆیە کە بۆیان دەڕوانی و لێیان ورد دەبیتەوە، هاوبەشیی زۆریان هەیە، تەنانەت ڕێژە زۆرەکە بە زمانی ئێستا کۆپیکردن و چەسپاندنەوەیەتی
(بە تایبەت لە نێوان بیروبڕوای موسڵمانەتی و یەهودیدا) لە زەمانێکەوە بۆ ئەوەی تریان، هەموو قۆناغێکیش، بەپێی شوێنی لە دایکبوونەکەی، تێکەڵکراوە بە خواستی خەڵکی ئەو شوێنە و داواکاریی و چاوەڕوانی ئەوەی کە ویستەکانیان بۆ بەدیبێنێت، تێکەڵ بە داب و نەرێت و خواستە دەروونییەکانی ئەو کۆمەڵگایە بووە کە بانگەشە ئاینییەکەی تێدا کراوە، لەسەرەتاوە ساکار و تاهاتووە یاساکانی توندتر و زیاتر بووە، چوونکە تێکەڵ بە خواستی دەسەڵات و ویستە دنیاییەکانیش کراوە، تا ئەو ڕادەیەی کە لە زۆر حاڵەتەکاندا بۆتە بەدیهێنانی خواستە دنیاییەکان، لە ئاینێکەوە بۆ ئاینێک گۆڕاوە لەویاندا کەم و لەمیاندا زۆر، تەنانەت ئاینەکان، یا بانگەشەکەرانی ئاینەکە ئەمەی وەک ڕێگایەکی سەرکەوتوو بەکارهێناوە بۆ فراوانکردنی قەڵەمڕەوی ئاینیی/سیاسی خۆی، کە ئیتر بۆتە دەسەڵاتی سیاسی، ئەمە لە ئاینی موسڵمانەتیدا بە ڕوونی دەردەکەوێ، بەر لەویش ئاینی کرستیان و جووەکان، جا هەندێکیان بە تایبەت بەر لە موسڵمانەتیی ئاینی داخراوبوون(یەهودییەت)، واتە بانگەشەیان بۆ نەدەکرد و جگە لەخۆیان کەسیان بانگهێشت نەدەکرد بۆ قبووڵکردنی ئاینەکەیان، بەڵام موسڵمانەتی زۆری تێدا بەکار دێت بۆ سەپاندنی، لەبەر ئەوەش کە ئاینەکان بۆ نموونە موسڵمانەتی ئاینی پیاوەکان بوون، لە ڕووبەرە گشتییەکەیدا، خواست و ئارەزووی دەروونی پیاوەکان ڕووبەرێکی فراوانی ئەم ئاینەیان داگیرکردووە و لێرەدا خواستی دەروونی پیاوانی دوورگەی عەرەبی، قەبیلەی قوڕەیش، هەروەک بەو سەردەمەوە کە بە سەردەمی یەکەمی خەلافەتی موسڵمانان کە پێیان دەڵێن (ڕاشدین)ەوە دیارە کە بە ئاشکرا هەر چوار خەلیفەکە لە تیرەی قوڕەیشن و ئەمەش مشتومڕی خوێناوی زۆری لێکەوتۆتەوە هەر لەو سەرەتایانەوە.
• بیروڕا و ئاین، نەتەوە نییە
ئێمە دەبێت بزانین، کە بڕوای ئاینی نەتەوە نییە و گەل و قەوم و خێڵیش نییە، بەڵکو، سەفەرێکە دەروونی بەتەنیا دەکرێت، ئەو خاوەن پەیامانەی کە سەفەرەکەیان بە تەنیا کردووە باس لە ئەوین و خۆشەویستی دەکەن و دنیایان قورس نەگرتووە و هاندەری سادەژیان و تەنانەت وێڵکردنی ژیانیش بوون، بە پێچەوانەی ئەو خاوەن پەیامانەوە کە خەڵکیان هانداوە بۆ دروستکردنی گرووپ(بە ناوی جووداوە)، هانی کوشتووبڕ، تاڵانکردن، زۆرکردن و فڕاندنیان داوە. چوونکە ئاین وەختێک بووە سیاسەتکردن کە لە کۆتایدا دەبێت بە فەرمانڕانی، ئێدی بەرگێکی ڕەگەزپەرستیی دەپۆشێت، کە دنیا و ژیان و فریودەرەکانی دەبنە خولیای کاربەدەستان، کە تێکەڵ دەبێت بە ستەمکردن و چاوپۆشی لە ستەم و جێگۆڕکێ کردن بە هەق و ناهەق، ئەمانەمان دیووە و لە دووتوێی کتێبە مێژووییەکاندا بۆمان تۆمارکراوە کە چۆن خەلافەت و حکوومەتە ئاینییەکان، شەڕی درێژخایەنی خوێناویان لە پێناوی دەسەڵات و زێڕ و زیو و ژندا ئەنجامداوە، چوونکە مەسەلە مەعنەوییەکان، پرۆسەیەکی زۆر تایبەت، زۆر کەسی و فرە فرەش سەختە بۆ وەسپکردن و ڕاڤە و ووتنەوە و شیکاریکردن، ئەوەی کە نووسراوە و وتراوە و باسی لێوەکراوە لە ئەدەبی ناسراو بە سۆفیزمدا، هەر توێکڵ و قاوغ و ڕووکەشەکەی ئەو سەفەرەیە، کە هێندە جوانە و بۆتە هۆی ئەم هەموو داهێنانە بەرزانە، بڕوانە بەرهەمە ئەدەبیی و دەقە پەخشانییەکانی سوفییەکان.
بەپێی زانستی دەرووناسی مرۆڤ، سێ بابەت دەبنە هۆی گرێی دەروونی زۆر جار مەترسیداری ئاڵۆز بۆی:
١- ئاین
٢- سیاسەت
٣- سێکس
• ئاینی سیاسی، چۆن کار لەسەر کۆمەڵگا دەکات، بۆ گەیشتن بە دەسەڵات؟!
جودا کردنەوەی خەڵک لەیەکتر هەنگاوی یەکەمی ئەم پرۆسەیەیە، کە دەیبات بۆ ڕەگەزپەرستی:
- ژن لە پیاو جوودا دەکرێتەوە، لە جیاتی ئەوەی کە باسی مرۆڤ بکات، باسی ژن و پیاو دەکات، کە لە ئاینی موسڵمانەتیدا، مافی بە پیاو داوە کە دەسەڵات لای ئەو بێت و بڕیاردەر بەسەر ژندا پیاو بێت، بۆ ئەم مەبەستەش، ڕاست یا هەڵبەستراو، حەدیس و گێڕڕانەوەی زۆری بەرهەمهێناوە، تا ئەو ڕادەیە کە تەنانەت ژنی قەناعەت پێکردووە کە ئەم تێگەیشتنە، فەرمانی یەزدانییەوە و خواستی خوایە لە ژن کە ژیان و پەیوەندی لە نێوان ژن و پیاودا دەبێت بەو جۆرە بێت کە نووسراوەتەوە.
- ئەم ئاینە لەو ئاینەی تر بە ڕاستتر دەزانێ و ئەم بە سەروەر و ئەوانی دی بە گومڕا و نەفرین کراو لەلایەن خوداوە دەناسێنێت.
- ئەم مەزهەبە لەو مەزهەبە جوودا دەکاتەوە و ڕاستییەکان دەدات بەم مەزهەبە و خوارییەکان دەخاتە پاڵ ئەو مەزهەبەی تر.
- ئەم لقە لە موسڵمانەتی وباوەڕ جوودا دەکاتەوە لەو لق و باوەڕەی موسڵمانەتی و هەقەکان دەدات بەم لقە و خواری و تەنانەت کافربوونیش دەخاتە پاڵ ئەو لقەی دی.
- ئەم قوتابخانە موسڵمانەتییە بە ڕاست و یەزدانی دەزانێ و ئەوی تریان بە بیدعەتخواز و سەرلێشیواو.
- ئەم ئیمامە بە سەردەستەی ئیمامەکان دەزانێت و ئەوی تریان بە شوێنکەوتووی ئیبلیس و تێکدەری موسڵمانەتی.
- ڕێڕەوی سیاسی خۆی بە تاکە ڕزگارکەری مرۆڤ دەزانێ و هەموو ڕێڕەوەکانی دی سەرلێشیاو و گومڕا و دژی ڕێبازی دروستی خوا پێناسە دەکات.
- لە کۆتایشدا، خۆی بە کۆتایی و گونجاو بۆ هەموو سەردەم و شوێنەکان دەناسێنێت و هەموو بیرکردنەوەکانی پێش خۆی بە سڕڕاوە و ناتەواو و بەسەرچوو دەزانێت.
بەمجۆرە بە دابەشکردنی کۆمەڵگا بەسەر گرووپی جوودادا، کار لەسەرکردنیان ئاسان و کۆنترۆڵ و ئاڕاستەکردنیان ئاسانتر.
زۆرینەی مەلاکان ئەوەی کە باسی دەکەن، دەستوورگەلێکی ئاینێکی تایبەتی تێکەڵ بە چیرۆک و ئەفسانەی گەلانی ڕابووردووە، کە مرۆڤگەلێک وەک تۆ و من لە سەردەمێکی تایبەت و جێگایەکی تایبەت و لە ژێر کاریگەریی و خواستی دەسەڵاتگەلێکی تایبەتدا، بۆ کۆمەڵێک دەستووری نەنووسراوەی گێڕڕاوەیان، نووسیوەتەوە و ئەوە تەنیا ڕوانین و بۆچوونی ئەو مرۆڤگەلەیە بە پێی تێگەیشتنی خۆیان بۆ کتێبەکان(پەیامە نەنووسراوەکان)، دەتوانم بڵێم بۆچوونی سیاسین کە لەژێر فشاردا نووسراونەتەوە، زیاتر ڕا لێبوونی ئەو ئیمام و نووسەرانەیە بۆ پشتیوانی لە دەسەڵات و خەلافەت، خۆ کتێبە نووسراوە موسوڵمانەتییەکان ئەم مەسەلەیە بە ڕوونی باس دەکەن، ئەگەر بیرمەندێکیش، ڕایەکی جیاوازی بووبێت، ئەوا یا ناچارکراوە کە ڕایەکەی خۆی بگۆڕێ و لێی ژیوان ببێتەوە، یا بە فتوای ئیمام و بیرمەندانی دی بەکافریان کردووە و سەریان پەڕاندووە گەلێک جاریش لاشەکەیان سووتاندووە، حەللاج لە سۆفییەکان و ئیبن تەیەمییە لە شەرع نووسەکان، لەم پرۆسەی موکوڕبوون لەسەر ڕای خۆ و ژیوانبوونەوە و فتوای پێچەوانەی ڕای خۆدانەدا، هەم زۆر بەکار براوە هەمیش خەڵات و پایە و ئیمتیاز.
ئەوەی کە باسناکرێت و فیلمەکەی ناگێڕدرێتەوە لە سەر مینبەرەکانەوە، ئەو پەلامارە خوێناویانەیە کە لەسەرەتای بڵاوکردنەوەی ئاینی موسڵمانەتییەوە کرانە سەر خەڵکانێکی سڤیلی بێچەکی میللەتانی دەورووبەری دوورگەی عەرەبی کە بنەبڕکردن و جینۆساید و ڕەشەکوژییەکی فراوانی لێکەوتەوە، کلتوور، ژینگە و ژیانی ئەو میللەتانەیان وێرانکرد، چوونکە ئەو پیاوانەی ئەو خێڵانەی کە بەم تاوانە گەورانە هەستان و خوێن و هەوسی نەفسی بەرچاویانی تاریک کردبوو، پیاوانی سەر بە خێلە دڕەکان بوون. لە ناوچەی دوورگەی عەرەبیدا، جگە لە چەند خێڵی بچووکی بڵاوی دوور لە دوورگەی عەرەبیدا کە دوورە دەست و هێوربوون، خەڵکی ئەو ناوچەیە، کلتوورێکی دڕی خۆپەرستییان هەبوو، کە بەهۆی وشکی و کەم بوونی ماددەکانی ژیانەوە، لە سەر بنچکە گیایەک و تەڕایی بستە زەوییەک دەیانکردە شەڕی خوێناوی، هەروەها دەستدرێژی سێکسی و چاوباشقەڵی و ژنبازیی کلتوورێکی باو و خواستێکی دەروونی بڵاوبوو لە ناو پیاوەکانی دوورگەی عەرەبیدا و لە شیعردا پەسەندی ئەم ڕەفتارانەیان دەکرد، هەر بەو هۆیەشەوە بوو کە عومەری کوڕی خەتاب پەیامهێنەری موسڵمانەتی ئاگادارکردەوە لەو پیاوە چاوباشقاڵانەی هامووشۆی ماڵەکەی دەکەن و سەرنجی ژنەکانی دەدەن، بۆیە پاش ماوەیەک ئایەتی "حیجاب/ آحزاب ٥٩" نووسرایەوە، ئەمانە بوون کە هاتن و پەلاماری نیشتمانی کوردیان دا و هەتا ئێستا وەک داگیرکەرێکی بێڕەحم و دژە مرۆڤ، وڵاتی ئێمەیان داگیرکردووە. جا مەلاکان بە پێی توانای فانتازییان، ئەو ڕووداوانە کە لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی موسڵمانەتییەوە ڕوویانداوە وا بەرجستە و وێنە دەکەن وەک ئەوەی کە دوێنێ ڕوویان دابێت. بۆ نموونە کاتێک کە مەلاکان باس لە ژیانی خێزانی پەیامهێنی موسڵمانان دەکەن و شەڕی زۆر و ڕژدبردن بە یەکتریان دەگێڕنەوە، وا وەسفی دەکەن کە لە خانوویەکی چەند نهۆمی ئێستا و لە شارێکی مۆدێرندا ڕووی دابێت و پەیامبەری موسڵمانانان لێیان زویر دەبێت و دەچێتە نهۆمێکی دی، ئەمە لەسەر مینبەر لە سەدەی بیستویەکدا بۆ خەڵک و نوێژکەرەکان دەگێڕنەوە. زۆرینەی مەلاکان وا باسی "داگیرکردنەکە" دەکەن کە بیری پێڕەوانیان تەفرە دەدات و خەیاڵیان بۆ ئەوە ئاڕاستە دەکات کە ئەو سپایەی کە بۆ نموونە هاتنە کوردستان و کوردستانیان داگیرکرد، هەر یەکەی قورئانێکیان لە باخەڵدا بوو، هەموو ئایەتەکانیان لەبەر بوو، لە ئاوی شەو لایان دەدا و قسەخۆش و پڕ لە میهرەبانی و ڕێزدار و ئارام و هۆشمەند و پڕ لە ژیان بوون، بەڵام ئەم وشانە پێچەوانە بکەرەوە هەمووی ڕاست دەردەچێت: ئەوان پیاوگەلێکی نەخوێندەواری جگە لە دەواری خۆیان و سەرۆکی عەشیرەتەکەی خۆیان زیاتر، ئەلفی شارستانەتیان نەدی بوو و نەبیستبوو، فەرمانیان پێکرابوو، کە هەر پیاوێک دوو شەهادەکەی نەهێنا لە سەری بدەن، ماڵ، سامان، ژن، منداڵەکانی بۆ خۆتان و کە گەڕانەوە پێنج یەکی ئەم تاڵانییە(ئەوان ناویان ناوە غەنیمەت) دەدرێت بە بەیتولمال و ئەوەی دی خۆتان دەبنە خاوەنی و دەتوانن وەک مەیلتان لێیە بەکاریان بێنن بۆ دامرکاندنەوەی مەیلی دەروونیتان و بیان فرۆشنەوە و دەستاودەستیان پێبکەن. خوێنێک ڕژا لە پێناوی بڵاوکردنەوەی ئەم ئاینە دروستکراوەدا کە ئەوسەری دیارنییە، خوێنڕشتن لە کوێ و بیرکردنەوەی گەردوونی ڕێبوارانی ئەو سەفەرە ڕۆحییە بە تەنیا لە کوێ؟!...
کاتێک هزرێک، ئایدیۆلۆجیایەک یا مەرامێکی بە بیرداهاتوو دەبێت/ دەکرێت بە ڕاستەقینەی ڕەها لە لای کەسێک، ئێدی بەرگی توندوتیژی دەپۆشێت و خوێن لە پێناویدا دەڕژێنێت، کاتێک زۆر دێتە کایەوە بۆ سەپاندنی ویستێک، ئێدی ئەو ویستە ئۆتۆماتیکی بەتاڵ دەبێتەوە، چوونکە ئەگەر زۆر یا بوونی سێبەری زۆر لەسەر مرۆڤێک ناچاری قبووڵکردنی ویستێکی نەخوازراوی بکات، ئەوە تەنیا ڕووکەشێکە و پۆشاکێکە کە مرۆڤەکە لەبەری دەکات و ڕەفتاری پێدەکات، لەهەر کرانەوەیەکدا یا لاوازبوون و نەمانی سێبەرەکەدا، ئەو پۆشاکە فڕێدەدات و پێچەوانەکەی دەردەکەوێت کە خواستی ڕاستەقینەی مرۆڤە ستەم لێکراوەکە بووە. من باسی کۆمەڵگای خۆم و نەتەوەکەی خۆم دەکەم، ئێستا سەدەی بیستویەکە، ساڵی دووهەزار و بیستوپێنجە، کە بۆ نەتەوەکەم دەڕوانم، ئەو ستەمگەلەی کە لێی کراوە و ژینگە و سامان و نیشتمانەکەی سووتاندووە، بە زۆری لەلایەن نەتەوەگەلی موسڵمانەوە لێی کراوە، بەڵێ لەلایەن دەسەڵاتگەلێکی کە نوێنەرایەتی ئەو نەتەوانە دەکات، دەزانم پێم دەڵییت کە هەر ئەو دەسەڵاتە لە نەتەوەکەی خۆشی کوشتووە، بەڵێ ئەمە ڕەسمی مێژوویی ئەم ناوچەیەیە کە ئاینێکی تایبەت چۆتە ناو تەنانەت ژووری نووستنی مرۆڤەکانیشەوە، چۆتە ناو خەون و بیرکردنەوە و هەناسەدانیانەوە، ئەمەش بەناوی خواوە کردوویانە بە دەستوور بەسەر خەڵقی خوادا، ئەم سەردەمە بەخوێن دەستی پێکرد چ لەناو خۆیاندا و چ دژ بەوانی تر و بەردەوامیشی هەر خوێن و وێرانییە، سەرەتا کە لاوازبوون و تیرە دژی تیرە و ناوخۆیی بووە، بەڵام کە هێزیان زۆر بوو بە خۆیاندا ڕاپەڕموون، ئێدی ناکۆکییەکانیان کێشایە ناو ئەو گەل و میللەتانەی کە ژیانێکی ئارام و بێوەی دەژیان. کەسیش تاکو ئێستا ناتوانێت و نەیتوانییوە تەنیا یەک بەڵگە بێنێتەوە وەک (پشتیوانە – سەنەد) کە ئەم وتن و کتێب و نووسراوانە، دەقاودەق ئەو وشانەن کە بەسەر زاری پەیامهێنی ئەو ئاینەدا هاتووە؟! مەلاکان باسی بیروڕا و بۆچوونی کەسگەلێکی تایبەتی دەکەن کە بە لایەنی کەمەوە سێ سەد ساڵ لە دوای دامەزراندنی دەسەڵاتی ئەم ئاینەوە لە دوورگەی عەرەبی لە ناو عەشیرەتی قوڕەیشدا بە زمانی ئەوان، نووسیانەوە و ئیتر قسەی ئەوان بووە بەردی بناغەی نەجوڵێنراوی پیرۆزکراوی هەموو ساڵەکانی دوای ئەو ڕووداوە، قسەی مرۆڤ گەلێک کە مرۆڤ بوون وەک تۆ و من، هیچ ئامڕاز، لابراتۆر، نەخشە و بەڵگەیەکی ئارکیۆلۆجی و...هتدیشیان نەبوو کە مەسەلەکانی پێ لێک بدەنەوە، فەتازیا و خەیاڵ و بۆچوون، خواستی دەروونی و دنیایی خۆیان نەبێت لە ڕامانیاندا لە گێڕڕاوەکان و وتراوەکانی سێسەدساڵێک پێش خۆیان سەبارەت بەم ئاینە. من پێم وایە پێشوەچوونی تەکنیکی دیگیتاڵی و هۆشی دەستکرد و ژیریی مرۆڤ، زۆر نابات کە ڕاستەقینەکانی شاردراوە و خۆ لێ نەبانکراو دەردەخات و مێژوومان لە وێنەگەلێکی تردا پیشان دەدەن، بەڵام وەک چەندین جار نووسیومە: ئەگەر ئەم ئاینە بە زمانێکی تر" بۆ نموونە کوردی" بنووسرایەتەوە و وێژەرەکەی عارەب نەبایە، مەگەر بە دەگمەن دەنا عەرەبێکمان نەدەبینی باوەڕ بەم قسانە بکات و ئاوا بەسەربڕینی میللەتانی تر و خەڵقی خوا، بەرگری لێبکات! عەرەبەکان جگە لەم ئاینە شتێکی تریان نەبووە / نییە کە شانازی ئەوەی پێوە بکەن کە پێشکەش بە مرۆڤایەتیان کردووە، میللەتانی تری دەرووبەریان وەک کورد، سریان، ئاشووریی قیبتی و جووەکان وهی تر خاوەن بیرکردنەوەی مەعنەوی باڵا و داهێنەری یاسا و ئاینی یەکتاپەرستی خۆیان بوون، لە ناو کورددا تەنانەت خوادی بە ڕەگەز ژنمان هەبووە. ناهید/ ئاناهیتا کە ئێستاش پەرستگاکەی وا لە شاری کەنگاوەری نزیک کرماشان، بۆیە، ئەگەر ئێمە، ناوی ئەو زانا، فەیلەسووف، هۆنەر، پزیشک، مێژوونووس، فەلەکناس و ماتماتیکزانانە، لە لیستەی موسڵمانەتی جوودا بکەینەوە، عەرەبەکان ڕووتدەبنەوە و شتێکیان نامێنێ کە باسی لێوە بکەن، کە سەر بە شارستانەت و دەوڵەتداریی و مرۆڤپەروەریی بێت، ئەمانەش ڕاستەقینەن کە لە کتێبەکانی خۆیاندا نووسراوە، بۆیە ئەوان وشەی " ئومەی ئیسلامیان" داهێنا کە بمانەوێ و نەمانەوێ، بۆ موسڵمانە ڕەشۆکەکە، ئەو وێنەیە لە زەیندا دەنەخشێنێ، کە چوونکە پەیامهێنەرەکە عەرەب بووە، ئێدی هەموو شتێ بەناوی عەرەبەوە تەواو دەبێت و ئەوانن کە دەبێت سەروەری ئەم ڕەوتە ئاینیە بن و زمانی ئاینەکەش عەرەبییە و خواش بە عەرەبی دەپەیڤێ، کەواتە بەرەنجامەکە هەر بۆ ئەوان و سەروەرییەکەی ئەوان تەواو دەبێت و تاکو ئێستاش لەمەدا، بەڕاستگەڕاوە بۆیان، هەڵبەت بەرانبەر بە میللەتانی بندەستیان وەک ئێمە کە تەنیای تەنیاین، دەنا بەرانبەر بە هێزە زلەکان و دەسەڵاتە قەبەکان، چاو بەژێر و گوێ لە مست و سەرشۆڕن!.
• کارایی و توانای مێشکی مرۆڤ
زۆر جار لە مەلاکانی دەبیستین کە فڵانە ئیمام و پێشەوای ئاینی، زۆر زیرەک بووە و لە دەساڵیدا قورئانی لەبەر بووە!. ئێدی دەیان شیکاریی بۆ ئەم توانایە دەکەن، کە خودا ویستوویەتی بۆ ئەم مەبەستەی ئامادە بکات و...هتد.
بەڵام کە بۆ کارایی و تواناکانی مێشکی مرۆڤ دەڕوانین، لەبەرکردن و وتنەوەی زارەکی، لە پلەبندی تواناکانی مێشکدا، لە ڕیزی خوارەوەی پلە بەندییەکە دێت، مێشکی مرۆڤ، ئامڕازێکی خوددادادی هێندە بە توانا و ژیرە کە لەبەرکردنی دەقێک، لەهەرە ڕووکەشەکانی تواناکانییەتی، لەو کاراییە گرنگانەی کە تا ئێستا هەستیان پێکراوە، بەهۆی مێشک خۆیەوە، بۆ نموونە:
١- کارایی کەشف و دۆزینەوە.
٢- کارایی گفتوگۆ و بەڵگەهێنانەوە.
٣- کارایی داهێنان.
٤- کارایی لێکدانەوە.
٥- کارایی پەیبردن.
٦- کارایی شیکردنەوە.
٧- کارایی مۆنتاجکردن.
٨- کارایی دەستنیشانکردنی هەڵە.
٩- کارایی ڕاستکردنەوە.
١٠- کارایی وەڵامدانەوەی دەستبەجێ.
١١- کاراییە هوونەریی و تەکنیکییەکان.
ئەمانە و هەزاران کارایی و ژیریی تر کە بە پلەی زۆربەرزتر وان لە پێش کارایی لەبەرکردن و وتنەوەی زارەکییەوە. بۆیە لەبەرکردنی قورئان بە ئیمتیازی مەزن دانانرێت و ئەوە مەلاکانن کە ئەم توانا لاوازەی مێشکیان لە پێڕەوەکانیان زلکردووە و وەک ئیمتیازێکی یەزدانی بە خەڵاتی خودای دەزانن بۆ ئەو پێشڕەوانەی ئاینی موسڵمانەتی.
• منداڵان و لەبەرکردنی قورئانی عەرەبی بە زاراوەی قوڕەیشیان
قورئان، کە ساڵانێکی بەدرەنگەوە پاش ڕاگەیاندنی، نووسراوەتەوە و لە بیستەکانی سەدەی ڕابووردوودا، لەلایەن دانشگای ئەزهەرەوە وەک بەرهەمێکی چاپکراوی فراوان، بەناو دەوڵەتانی موسڵماندا بڵاوکرایەوە لەم شێوە و قەوارە و نەخشانەدا، پێ لەبەرکردنی بۆ منداڵی عەجەمی، وەک کوتەکێک بکێشی بەسەریدا وایە، چوونکە زۆرینەی موسڵمانان کە ئاخێوەری زمانی عەرەبیشن، سەریان تەقەی دێت لە خوێندنەوەیدا بۆیە داوێنگیری ئەو لێکدەرەوانە دەبن کە بە ناوبانگن لە مێژووی کلاسیکی موسڵمانەتیدا، وەک تەبەری، هەر بۆیەشە چەندین و چەندین لێکدانەوەی بۆ کراوە و هێشتا بۆیان هەڵنایەت کە مەبەست لە وشەگەلێکی ناو قورئان چییە؟! دەی تۆ وەرە مێرمنداڵیکی کوردی عەجەمی(یا بە قەوڵی خۆیان بەچکە موالییەک)، بخەرە ژێر فشاری ئەم وشە گران و سەختانەوە، لە حاڵێکدا کە هێشتا زمانی دایکی خۆی بەباشی نازانێ و وتنەوەی ئەو وشە سەختانەش کە هی عەرەبانی تیرەی قوڕەیشن** و هەزار و ئەوەندە ساڵێکیش بە سەریدا تێپەڕ بووە و لەگەڵ زمانی دایکیدا لە بارەی فۆنەتیک و شێوازیی خوێندنەوە و ئاخێوەریی کوردیدا ئاسمان و ڕێسمانێکە، لە زۆرکردنێک لەو منداڵە لەلایەن باوانییەوە، چی دی بە منداڵەکە فێر ناکات. بیرمەندی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێت: فەقێیەک لە مزگەوتی کویێ چەندی کردی نەیتوانی فێر بێ بڵێ: "مەثلا میثالێکت بۆ بهێنمەوە لە امثلەی مختلفە"، سوور بوو لەسەر هێندی کە دەیگوت: "ئەسەلە سەرە پەسیرەیەکت بۆ بهێنمەوە"... ئاوایە دوو گەشەی زمانیی جیاواز و دوو ئامادەییە بۆ ئاخاوتنێکی تایبەت بە کلتوورێکی تایبەتمەند کە فاکتەری زۆری جەنەتیکی و کۆمەڵایەتی و پاشخانەکانی بیرکردووە ڕۆڵیان هەیە لە خاراودانیاندا.
نموونەیەکی دی، ئەو بابەتانەی کە لە قورئان و لێکدراوەکاندا بۆی هاتووە، نە لەگەڵ جیهانی پاکی منداڵاندا دەگونجێت، نەیش بابەتگەلێکن کە منداڵ لێی تێ بگەن، "ئەلف ڕاء میم"، هەموو عەرەبیزان و کۆنە لێکۆڵەرەکان و تازە بانگخوازەکان لە دەوری دەخولێنەوە و کەس لەم خولانەوەیەدا نە بەخاڵی سەرەتا گەیشتن و نە خاڵی کۆتاییان پەی پێبرد، بۆیە هەزار شیکاری جوودا هاتنە گۆڕێ و پێڕەوانیان خستۆنەتە ناو توونی بابایەکی بێ سەر و بنەوە و دوا لێکدانەوەی مەلایەکی میسریم گوێ لێ بوو دەیگوت: ئەو پیتانە، کۆدی وای فایەکەی بەهەشتن، وا بزانم بە ژیریی پێڕەوەکانی ڕادەبووارد!.
ئەمە جگە لەو ترس و بیم و تۆقاندنەی کە هەموو بەڵانسە دەروونییەکانی منداڵ دەشێوێن بەیەکدا.
- واز لە منداڵەکەت بێنە با سەرەتای زانستەکانی ئازموونی بخوێنێت و کاراییەکانی مێشکی بە زانستەکان بگەشێنەوە و سەرەتاکانی فیزک، کیمیک، ماتماتیک، زمانەکان، هوونەر و وردبوونەوەکان فێربێت، تا ئەو دەمەش توانای لێک جووداکردنەوە و ڕامان و شەن و کەوی بابەتەکان دێنە دەستییەوە و توانای هەڵبژاردنی دەخەمڵێ و ئەگەر خۆی مەیلی لێ بوو، دەتوانێ لقێکی ئاینی هەڵبژێرێ و پیشەی مەلایی بۆخۆی بکاتە چارەنووسی ژیانی( ئێستا مەلایەتی بۆتە پیشەیەکی باش، بەبەروارد سەبارەت بە نەتەوەکەی خۆمی دەڵێم، دەنا مەلایەتی بەزۆری لە پەراویزی دەسەڵاتە سیاسییەکەدا ژیاوە، لەگوند سەر بە کۆبوونەوەکانی ئاغا بووە و لە شار سەر بە حەرەمی پاشاکان، جگە لەوانەی لەگەڵ خۆیان و نەتەوەکەیان و مرۆڤایەتیدا ڕاستگۆ بوون، ئەوانەیان بڕواکەیان سەری دان بە فەتارەت!.).
- شوێن بانگەشەی سیاسی و کۆکردنەوەی لایەنگر و زلکردنی حیزبی ئیسلامی ئیخوانی سیاسی مەکەوە، مەرامی ئەوان لە دۆڵێکە و مەرامی منداڵەکەت لە دۆڵێکی دی، ئەوان گەرەکیانە لە ئایندەدا منداڵەکەت بکە پەیژەی سەرکەوتن بۆ سەربانی دەسەڵات. سەرەتا دەبێت منداڵ ژیانی منداڵی بژێت، بکەوێت و هەڵسێتەوە، شەڕ بکات و ئاشبێتەوە، برسی بێت و تێری بکەیت، لە پەیوەندییە خێزانی و خۆشەویستی باوان و هاوڕێ و خزمان و کۆمەڵگا وردبێتەوە، یاری بکات و هەڵبەزێتەوە، نەخۆش بکەوێ و چاک بێتەوە، شین و شایی ببینێت، وەک منداڵێک، بترسێ تا ئازایی و بوێری تاقی بکاتەوە، بە کورتی و بە کوردی، وەک منداڵیک گەورە ببێت، خۆی کەشفی کۆمەڵگا و یاساکانی بکات و باران و بەرد و چەم و خڕ و نزار گوڵ و دڕک بناسێ، دڵی بدۆڕێنێ تا فیری ئەوینی بکات، بلەرزێ و لە خۆشیاندا بە پێکەنین بکەوێتە سەر گازەرەی پشتی، لێ گەڕێ با بژی، باڵی لێپەیدا ببێت، ئەو مرۆڤێکی تازە هاتووە دەیەوێ کەشف بکات، کەشفی خۆیی و کەسانی دی، وازی لێبێنە با قوولەکانی قافی ناو بیرە تازەگیرساوەکەی فەتح بکات، وازی لێ بێنە شانازییەکانی پیشانی هاوڕێکانی بدات، وازی لێبێنە شەرم بکات تا فێری بوێری ببێت، دەرگای بڕوابوون بەخۆی لەسەر کڵۆم مەکە، ئەو منداڵێکە هەموو دنیاش بۆ ئەو وەک گۆیەک وایە، دەشێ ئەگەر شەقێکی تێهەڵبدا وەک ئەوەیە ئەستێرەیەکی لە ئاسمان داگرتبێ، بێ خەیاڵیی و هاوارەکانی لێ بەعەیبە مەگرە، ئەوە دنیای ئەوە مافی خۆیەتی چۆن دەیهەوێ با وا تێیدا بێت و کەشفی بکات، تۆ میهرەبانێکی هاوڕێی بە، ڕێگای کەشف و وردبوونەوەکانی بۆ ئاسان بکە تا ئەو ببێتە مرۆڤێک کە هەموو مرۆڤەکانی خۆشبووێت.
کلتووری کوردی بەو هێرشانەی کە کرایە سەری و کوشتارێکی بێژماریان لێکرد و ژن و کچەکانی سەبی کردن و منداڵەکانی وەک کویلە فرۆشتنەوە و وەک هەر شمەکێکی بێ گیان و هەست ئاڵوگۆڕی پێوەکردن، وەک شەبەیخوونی لێ کرابێ و بەر شەوارە کەوتبێ، سەرەتا خوێناوییەکەی سامی پێگرت و بۆ ماوەیەکی درێژ بیرکردنەوەی تاساند، تا ئەو سەردەمەی کە مرۆڤە چاکەکانی نەتەوەکە لەو سامە پڕ لە کارەساتە و ئەو خورپە ئیفلیجیی هێنە، هاتنەوە سەر هۆش، کار لە کارترازابوو، بابەتە نامۆ هاتۆکە، ڕەگی بە گیان و بیرکردنەوەی زووربەدا بڵاو ببوەوە، هەر ئەوەندەیان توانی کە پاشخانە ڕۆحییە کوردییە کلتوورییەکە کە مێژوویەکی زۆر دوورتری لەو ئاینە نوێیە هەبوو بگەشێننەوە و سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆیان ڕابکێشن، ناچار بوون بە کوردییەکی واڵا لە میانەی لاواندنەوەی هەندێ لە بابەتە ئاینییەکانەوە، جووڵەیەکی کوردیانە بخەنە ناو ڕۆحی ماتەم چەشتووی کارەساتەکەوە کە بەسەریان هاتبوو، ئەو دەمە ئەدەبێکی لە ڕووکەشدا سەر بەئاین و لە ناوەرۆکدا پەیامێکی کوردیانە بخوڵقێنن کە مەحوی ئاوا ڕۆحی نەتەوەکەی لاواندەوە و پەیامەکەی پێڕاگەیاندن:
" لەسەرخۆ چوونە، شەیدابوونە، قوڕ پێوانە، سووتانە
هەتا مردن، مەحەببەت ئێشی زۆرە ڕیزی لێ دەگرم"
ئێدی ئەم وشیاربوونەوە ڕۆحییە کوردییە لە قۆناغێکەوە بۆ ئەوی دی، ئەڵقەکانی بوونە زنجیرەیەک کە هێدی هێدی پرسەکانی زیاتری دەکرد و ئەم شۆڕەسوارانەی ئەم مەیدانە سەختە، هەم بۆ ڕیزگرتن لە بیروڕای زۆرینەی خەڵک و بۆ خەمخۆریی کە هەموو شتێک لە دەست نەچێت، مەلا کوردستانییە شەرافەتمەندەکان قۆناغێک چوونە پێشەوە و خاک و خۆشەویستی نیشتمان و نەتەوەیان هێنایە ناو کۆڕە ئاینی و زیکرە ڕۆحییەکانەوە، جوامێری وایان تێدا هەڵکەوت کە بەهاوار پەیامی خۆی بۆ نەتەوەکە ڕاگەیاند، کاک ئەحمەدی موفتی زادە دەڵێت:" ئێمە بەر لەوەی موسڵمان بین کوردین، کوردبوون بوونی ئێمەیە و موسڵمانەتی بڕوای مەعنەویمان" کە دەشبینێ زۆرینەی مەلاکان بە دنیاوە خەریکن و نەتەوەکە گومڕا و سەرگەردان دەکەن، دەڵێت:" دەست بخەنە دەستی شەیتانەوە، دەست مەخەنە دەستی زۆرینەی مەلاکانەوە". ئەم پێناسەیەی کاک ئەحمەد زۆرینەی مەلاکانی ئەم سەردەمەی بەتایبەت باشووری کوردستان دەگرێتەوە، کە بوونەتە بانگدەری دەردی خەڵکی تر و وەک (مستەعرەبێک-لێرەدا کوردێکی موالی خۆ بە عەرەبزان) زۆر جاران خۆیان و نەتەوە و ئازارە نەبڕاوەکانی نەتەوەکەیان لەیاد چۆتەوە و لە بڵاوکردنەوەی خورافە و چیرۆکی ئەفسانەیدا، بوونەتە حەکایەتخوانی ئەو بابەتانەی نامۆیی و خۆ بەکەم زانین و چەواشەکاریی برەو پێدەدەن و ئاهێکی خەڵکانی تر، کە بەشێکن لە مەکینەی داگیرکردنی دەڤەرێکی کوردستان، بە هەزاران برینی قووڵی دڵی دایکە کوردێکی بێپەنا دەگۆڕنەوە، خۆیان وڵات و نیشتمانیان لێ زەوتکراوە و بۆ زەوتکردنی درۆینەی نیشتمانی خەڵکی تر دەکڕوزێنەوە، بابەتگەلێک بۆ پێڕەوانیان دەگێڕنەوە کە نزیکەی هیچ پەیوەندییەکەی بە نەتەوەکەی خۆیانەوە نییە، چوونکە لەوەی نەتەوەکەی خۆیان سەختتر نییە، ئایا عەرەبەکان بە بیست و دوو دەوڵەت و ئاڵا و سپا و ئابووری زەبەلاحیانەوە، چاوەڕێی کوردێکی موالی دەکەن کە فەلەستینیان بۆ ڕزگار بکات؟! لەمەدا چی دەستی کورد دەکەوێ؟! لە ناو هەموو خەلقی خودادا، کورد لە هەموویان ستەملێکراوتر و وێرانتر و نیشتمان بە سوتکماککراوترە، ئێدی ئەم گریان و پاڕانەوەیە بۆ خۆشیرینکردن لای عەرەب، یا دەچێتە قاڵبی دووڕوییەوە یا مەئمورییەتیەکی خۆڕاییە بۆ داگیرکەرانی نیشتمانی کورد.
ئێمەی کورد کە لەهەموو کارەساتە خوێناوییەکانی بەرۆکی گرتووین، تەنیای تەنیا بووین، نە ئاوڕێکیان لێداینەوە، هیچ نەبێت وەک نەتەوەیەکی بە زۆرینە موسڵمانی شافیعی مەزهەبی نەوەی سەلاحەددین و نە لەبەر ئەوەی هیچ نەبێت مرۆڤ بووین و خەڵقی خودا و ستەممان لە کەس نەکردووە و کوتەکی زۆرمان خاکی کەسی نەکرتۆتە سووتماک، بووینە مەیدان و لابراتۆری ڕژێمگەلێکی ئیسلامی خۆ بادەر بە کلتووری موسڵمانەتییەوە، زۆرینەی ئەو سەربازە موسڵمانانەی کە لە ناو سپایەکی موسڵمانی داگیرکەری خاکی کوردستاندا چالاکیی سەربازییان دەنواند و منداڵی کوردیان دەکووشت و مزگەوتی کوردییان بە قورئانەکانییەوە دەسووتاند، پاش ئەم چالاکییانەیان، دەچوونە سەر کانییە داگیرکراوەکانی گوندە سووتاوەکانی کوردستان و دەستنوێژیان دەگرت و نوێژیان بۆ خوا دەکرد!.
• حەماس و بەرهەمهێنانی تاوانگەلی مرۆیی بەرانبەر منداڵانی فەلەستین وئیسرائیل
من ئێستا لە زۆرینەی مەلا و بانگخوازی موسڵمانی کورد دەپرسم: ئێمە بۆچی و لە پای چیدا خەمخۆری تاوانێک بین کە حەماس ئەنجامی داوە؟! بۆچی ئەو هەستە لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا بەرهەم بێنین کە خۆی بە قەرزارباری حەمساوییەکان بزانێ و ویژدانی ئازاری بدات کە ئەگەر هاوکاری غەزەنەکات و باربۆیان بۆ کۆنەکاتەوە؟!
- خاڵی یەکەم، لەهەر چوار قوڕنەی دنیاوە، دۆلار و هاوکاری بەسەر فەلەستیینییەکاندا ڕژاوە/دەڕژێت، ئەوان دەروونێکی شیواویان هەیە و هەمیشە دەکڕوزێنەوە، ئەو هاوکارییە جیهانی و ئەو هەموو دۆلارە بۆ کوێ دەچێت و چ گرووپ و ڕێکخراوێکیان دەیخوات، ئەوە کاری فەلەستینییەکان خۆیانە کە لێپرسینەوەی لێ بکەن.
- خاڵی دووەم، من شەرم لە کوردبوون و کوردەواریی خۆم دەکەم، کە دەبینم منداڵیکی کورد لە ڕۆژهەڵات برسییە، باوکێک لەبەر نەداریی کۆڵبەریی کرد و شەهیدکرا و دایکێکی کورد تۆزێ ئارد و تۆزێ دۆشاوی تەماتە شک دەبات و دەیکاتە "شلەی ئاردی سوور" بۆ منداڵە باوک شەهیدکراوەکەیان، بۆ ئەنجامی تاوانێک بکوڕزێمەوە و هاوار بکەم و شانازی بەوەوە بکەم کە باربۆم بۆ فەلەستینییەکان کۆکردۆتەوە و سەرکۆنەی کوردێک بکەم کە هاوبەشی هاریکاریی کارەکەی من ناکات، وەک مەلا عەلی وتی: هەر کوردێک هاوکاری غەزەنەکات، کوردبوونەکەی دەکەوێتە گومانەوە! مەلاعەلی لە خۆی نەپرسی: کاتێک کوردیان ئەنفال کرد، عەرەبایەتی و موسڵمانەتی کەس کەوتە گوومانەوە؟! بە خودی ئەویشەوە بەر لەهەر کەسێكی دی!.
من بەئەرکی کوردەواریی خۆمی دەزانم بەر لە غەزە سەردانی ڕۆژهەڵات بکەم، بەر لە منداڵێکی غەزە سکی منداڵیکی کورد تێربکەم، من شەرم دەکەم، بەلای ماڵێکی وێرانی کوردیدا تێپەڕم و بیرلە غەزە بکەمەوە، من لە چاوی چاوەڕوانی منداڵێکی کوردەوە بۆ باوکە نەگەڕاوەکەی لە سەفەری کۆڵبەریدا، منداڵێکی غەزە دەبینم کە چاوڕێی باوکی دەکات، نەک پێچەوانەکەی، من لە ئێوە ڕاستگۆترم، بۆیە هەردووکیانم خۆشدەوێ و ئەمیان کە تەماشام دەکات و هەنسک هەڵدەدا و برسییەتی و لێم نزیکە، ویژدان و ڕێڕەوی سرشک و مرۆیی و ڕەوشتیم فەرمانم پێدەکات فریای کەوم و بەجێی نەهێڵم بۆ هەڵگرتنی ئاکامی تاوانێکی گەورەی مرۆیی کە حەماس بەرهەمی هێناوە.
ئێمە لە "دۆزەخی ئەنفال"دا، نە هاوکاریی، نە پشتیوانی و نە هاورێکمان لە " برایانی موسڵمان" و " ئوممەی ئیسلامی" نەبینی و نەبیست، تەنیای تەنیا، دەسەڵاتێکی نەتەوەیەکی موسڵمان کە نوێژی دەکرد و بەڕۆژوو دەبوو و دەچووە حەجیش، دۆزەخی ئەنفالی بۆ داگیرسانین و منداڵەکانی کوردی تێدا سووتان، نە حەماس و نە قاعیدە و نە ئەزهەر و نە کۆڕبەندی عەرەبی و نە ئەنجومەنی زانایانی موسڵمان و نە ڕۆشنبیرێکی عەرەب و توورک و فارس چرکەیان نەکرد!
دوو ملیار چاو، تەماشایان دەکرد و نەیان بینی، دوو ملیار گوێ هاواری سووتانی منداڵانی کوردیان ژنەفت و لێی بێدەنگ بوون! ئایا ئەوە ئەرکی هەمیشەیی ئێمەیە هەر لەبەر ئەوەی لەسەر موسڵمانەتی حساوکراوین! عەرەبەکان هەر کارگەلێکی نابەجێ و نامرۆیی و هەوەسبازییان کرد، ئێمە بەناوی برای موسڵمانمانەوە، سزابدرێین و کۆمەڵگاکەمان بشیوێنین و کورد تاوانبار بکەین؟!.
نەخێر، لە پای ئەو هەموو ستەمە هەزارساڵییەی لە کورد کراوە، لەپای منداڵانی شەهیدکراوی هەڵەبجە، لە پای منداڵانی سووتێنراوی ئەنفالەکان، کۆمەڵکوژی شڕناخ، فتوای جیهادی خومەینی دژ بە کورد و ڕژێمە ئیسلامییەکەیی و زنجیرە نەبڕاوەکەی لە سێدارەدانی کچان و کوڕانی کورد لە ڕۆژهەڵات، لە پای داگیرکردنی عەفرین و سازدانی داعشی توورک بۆ سەربڕینی کوردەکانی ڕۆژئاوا، لە پای سەبی کردنی ژنانی ئێزیدی لە باشووری کوردستان و هەزاران هەزار تیرۆر و سووتانی ژینگە و دزینی کەرەسەی خاوی نیشتمانی کورد، ئەم پێسنیازە بۆ مێژوو بۆ نەتەوەکەم دەکەم:
• قەرەبووی هەزار ترلیۆن دۆلاریی یا بە ئەندازەی ئەوە زێڕی پاک 1000x(1000000)3
کورد مافی خۆیەتی کە لەسەر ئەو ستەم و زۆرەی کە لێی کراوە داوای قەربووکردنەوە بکات لەو ناوەند و وڵاتانەی خۆیان بە خاوەنی موسڵمانەتی دەزانن، وەک دانیشگای ئەزهەر، وڵاتی قەتەر، کۆمەڵەی ئیخوانی موسلمین، ئەو ڕێکخراو و حیزب و گروپانەی کە سەر بە ڕەوتی ئیسلامی سیاسین، کوردی بن یا ناکوردی، کۆڕبەندی عەرەبی، شورای هاوکاری ئیسلامی و ئەنجومەنی زانایانی موسڵمان... تورکیا، ئێران، سووریا و عێراق، خودا نەی نەیفەرمووە ئێوەم خەڵق کردووە کە پیاوی کورد بکوژن و ژن و کچەکانیان سەبی بکەن و نیشتمانیان داگیربکەن و ژینگەکەیان ژەهراوی بکەن، پێی وتوون خەڵقم کردوون کە ئەو میللەتە و میللەتانی دی لە ناو خۆتاندا یەکتر بناسن، هەمیشە لە بەختی نابەختی کورد، زۆرینەی مەلا کوردەکان کە ئەم ڕاستیانە دەزانن کەچی پاساوی بۆ دێننەوە و ئەوانمان لێ دەکەن بە فریشە، لە حاڵێکدا ئەوەتەی ئەو بزووتنەوەیە لە دوورگەی عەرەبییەوە دامەزراوە خوێن و کوشتوبڕ ناسنامەکەی بووە و لەم خوێن و کوشتنەشدا بەشی شێریان داوە بە کورد. بۆیە نەتەوەی کورد دەبێت مەزبەتەیەکی نەتەوەیی واژۆ بکات و داوای لایەنی کەم هەزار ترلیۆن دۆلار یا بەنرخی ئەوە زێڕی پاک بکات، نزیکترین ڕێگاش بۆ گەیاندنی ئەم مەزبەتە نەتەوەییە ئەوەیە کە نوێنەرانی کورد مەزبەتەکە بدەنە دەست د. عەلی قەرەداغی کە بارەگاکەی لە شاری سلێمانییە و خۆی سکرتێری ئەنجومەنی هاوکاری وڵاتانی موسڵمان و ئەنجومەنی زانایانی موسڵمانە....
................
سەرنجەکان/
*جیاواز، بۆ پیشاندانی لێکنەچووەکانی دوو شتە لە خاڵێکدا یان لە چەند خاڵێکدا، پاشگری "تر" وەرناگرێت، ئەو پاشگرە کە پلەی بەراوردکارییە دەچێتە سەر ئاوەڵناو لە کاتی بەراوردکردندا وەک:
جوان- جوانتر/ کورت- کورتتر/ دوور- دوورتر و بەو شێوەیە، بۆیە هەڵەیە ئەگەر وتمان "جیاوازتر"، لە دوای ڕاپەڕینەوە لەبەر ئەوەی بەرەڵایی هەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵگای باشووری گرتەوە جگە لە جەردەیی و کرمۆڵبوون، کە ئەوان بە ڕیکخراوەیی دەکرێن، لە ناویاندا بەتایبەتی و بە مەبەست زمانی کوردی، ئەوا لەو کەناڵە زۆرانەی کە پارەی خەڵکیان تێدا خەرج دەکرێت و هەریەکەیان بە جۆرێک ماستاو بۆ لایەنێکی ناوخۆ و یان دەرەکی داگیرکەران دەکات، کەمێکیشیان لە نەزانینەوە، زۆر وشەی کوردیان گۆڕیوە و یاری بە ڕیزمانی کوردی دەکەن، پێشکەووتن لە زماندا دیاردەیەکی پێویستی دروستە و قۆناغەکان و داهێنانەکان لەگەڵ خۆیاندا زمانیش دەجوڵێنن و داهێنانی تێدا دەکەن، بەڵام ئێمە لە سایەی سەرکردەیەتی حیزبەکانەوە، خۆ کۆمەڵگایەکین هەر گەندەڵی و هیچ و پووچیمان بەرهەمهێناوە و بۆ دواوە گەڕاوینەوە، ئێدی چۆن بڕوا بەوە بێنین کە پێویستە دەسکاری زمانەکەمان بکەین، هەر کاتێ توانیمان مرۆڤی کوردستانی بەرهەم بێنین ئەوساش پێویستمان بە بە فراوانکردن و داهێنان دەبێت لە زمانەکەماندا، ئەویش لەلایەن ئەکادیمیایەکی بەرزی زمانناسییەوە، نەک پێشکەشکاری نەخوێندەواری نەزانەوە کە زمانی دایکی خۆی بە تەواوی نازانێت.
** قووڕەیش، ناوەندی دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری سیستەمی بەرێوەبەرێتی ئیسلامە و قورئان بە زمانی ئەوان گێڕڕاوەتەوە و پاش سێ سەد ساڵێک دوای مەرگی دامەزرێنەکەی نووسراوەتەوە، هەموو خەلیفە چنگ بە خوێنەکانی کە پێیان دەڵێن( خولەفای ڕاشدین) سەر بەم تیرەیە بوون و لە دوای مەرگی پەیامهێنی موسڵمانەتی، خەڵکی زۆرتر کە خۆیان بە شایستەی دەسەڵاتی خەلافەتی سیستەمەکە دەزانی، لێیان ڕاستبوونەوە و شەڕی خوێناوی مەزن لە نێوانیاندا هەڵگیرسا و خەڵکێکی زۆری تێدا کوژرا کە دوژمنانی موسڵمانەتی هەرگیز ئەوەندەیان لە موسڵمانەکان نەکوشتووە!.
*** هاوتەریب، ئەم وشەیەش لە داهێنانە سەقەتەکانی مێدیا و سیاسەتە لە باشوور. لە لقی ئەندازەی سەر بە زانستی ماتماتیکدا، کە باسی هێڵ و گۆشە و جۆرەکانی هێڵ و پەیوەندیان پێکەوە دەکات و شتی زیاتریش، لەم لقەی ماتماتیکدا، ئەگەر دوو هێڵمان هەبێت کە هەتا درێژببنەوە بەیەکر نەگەن و لەهیچ خاڵێکیشدا یەکتر نەبڕن، بە زمانی شیرینی کوردی پێی دەڵێن: دوو هێڵی تەریب بەیەکتر، ئێدی نازانم هاوتەریب مەبەستیان چییە و نموونەکەیان چییە بۆ ئەم سەقەت وتنە و ئەم سەقەت کردنە؟!.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان











